ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. گۆڕانکارییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان لە 2023 دا

سوپا شاكه‌لی 2023.03.16 10:36 PM
1286 جار خوێندراوەتەوە

سوپا شاكه‌لی

نوسه‌ر و توێژه‌ر
ماسته‌ر له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گۆڕانکارییەکان بە ئاڕاستەیەکی دژ یەک ڕوو لە زیاد بوونن و وا دەردەکەوێت کە ئاستەنگ و بێ متمانەییەکی گەورە لە نێوخودی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستتا بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت و هەر یەک لە لایەنەکانیش دەیانەوێت بارودۆخەکە بە بەرژەوەندی خۆیاندا بشکێننەوە.
 لە ئێستادا چەند بەرەی جیاواز لە ڕۆژهةڵاتی ناوەڕاستدا هەن، کە هەر یەکەیان لە چەندین خاڵی کرۆکدا جیاوازن، هەرچەندە ئەکرێت بە شێوازێکی تر هاوبەش بن بە نموونە لە نێو بەرەی وڵاتانی کەنداو، کە بە بەرەییەکی کاریگەر و بەهێزن لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئيمارات و وڵاتی سعودیە و وڵاتی قەتەڕ بە چەند ئاراستەیەکی جیاواز و لە چەند گۆشەیەکی جیاوازەوە لە سیاسەتی دەرەوەی ناوچەکە دەڕوانن و هەڵوێستیان لە مەڕ زۆر لە بابەتەکان جوودایە و بگرە وا ئەبینرێت کە دوو بەرەی تەواو جوودان لە بڕیاردان دا و لە هەمان کاتتدا ئەبینین هەمووشیان لە یەکبەرە کۆ دەبنەوە.
لە لایەکی دیکەوە بەرەی وڵاتانی تورکیا و ئێران کە بە دوو وڵاتی هاوبەرە دادەنرێن، لەمەڕ قەیرانی سووریا و چەندین پرسی تر لە ئاڵۆزییەکی یەکجار قووڵدان لەگەڵ یەکتر و ناتوانن تا ڕادەیەکی زۆر خاڵی هاوبەش بۆ کارکردن بدۆزنەوە و تەنانەت پەیوەندییەکانیان لە هەندێک پرس دا وەختە بگاتە لێواری لێکترازان و بەتایبەت پرسی سووریا وەک دیارترینیان کە سەرچاوەی ئاڵۆزی ئەم پەیوەندیانەش چەندین گۆشە نیگای جیاواز لەخۆ دەگرێت.

سوریا بووه‌ته‌ چه‌قی ململانێكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

 بەرەیەکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە سەرەتای دروست بوونیەوە تا ئێستا لە کێشمەکێش و ناکۆکیەکی مێژوویی و نەتەوەیی و ئاینی تێپەڕیووە کە وڵاتی ئیسرائیلە و بارودۆخەکان بە هەر جۆرێک بێت بەرەی دژ بە ئیسرائیل هەمیشە بەرەیەکی گەرم و پڕ جمووجوڵە. 
لە ناوخۆی وڵاتی ئیسرائیلیش بە هەمان شێوەی بەرە دژ بە یەکەکان ناکۆکی و دوو بەرەکیەکی یەکجار گەورە هەستی پێ دەکرێت لە ئێستا دا کە خۆی لە خۆیدا ئەمە بە مەترسیەکی گەورە دادەنرێت کە ئیدی ئەم بەرەیە وەک پێشوو بە بە هێزی نەمێنێتەوە.
لە کاتێکدا وڵاتانی هاوپەیمانی وڵاتی ئیسرائیل چیتر مەیلیان بۆ پشتیوانی ئیسرائیل نەماوە یان وڵاتی ئیسرائیل بە پارێزەری بەرژەوەندیەکانیان نابینن وەک پێشوو و هێندی مەژغولی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیانن لە ڕۆژئاوای ئەوروپا لەسەرو بەندی قەیرانی ئۆکرانیا دا کە ڕاستەوخۆ ڕۆژئاوای ئەوروپای خزاندۆتە جەنگەکەوە و ئەمریکاش ناڕاستەوخۆ دژایەتی وڵاتی ڕووسیا بە بەرژەوەندی خۆی ئەبینێت.
 لە لایەکی ترەوە وڵاتی ئێران لە ئێستادا بە تەواوی خۆی یەکلاکردۆتەوە بە دژایەتی کردنی ئیسرائیل و ڕاستەوخۆ بە مەترسی پێشاندانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا و کارکردن بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتی ئیسرائیل لە ڕێگایی وڵاتان و گروپەکانی هاوپەیمانانی لە ناوخۆی وڵاتی سوریا و یەمەن بە تایبەتی بەکارهێنانی پێگەکانیان. 

توركیا و روسیا و ئێران به‌رده‌وام زیاتر له‌یه‌كتر نزیكده‌بنه‌وه‌

هەروەها وڵاتی ئێران بە ئاشکرا سوودگۆڕکێ لە پەیوەندیی و پاڵپشتییە سەربازییەکانی بۆ وڵاتی ڕووسیا بینیووە بە وەرگرتنی پاڵپشتی و پەرەپێدان بە چەکی ئەتۆم بە ڕادەیەک لە دواین سەرچاوەکان ڕایانگەیاندراوە کە ڕێژەی کارەکانی بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆم بۆ هەشتا و پێنج لە سەد دا بەرزبووەتەوە و نایشارنەوە کە ئەم پرۆسەیە لە بەردەوام لە گەشەسەندندایە.
وڵاتی ئێران پێیواییە کە ناکۆکیەکانی ڕۆژئاوا و قەیرانی ئۆکرانیا ئەکرێت بە دەرفەتێکی گرنگ ببینرێت بۆ وەچنگخستنی چەکی ناوەکی. لە وەها بارودۆخێکدا وڵاتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە بە تەواوی ئامانجەکانی لە ناوخۆی وڵاتی ئێران دیاری کردوون بە پێی هەندێک لە سەرچاوە فەرمییەکان لە نزیک یان دوور دا ئامانجەکان ئەپێکرێن و ناهێڵدرێت کە وڵاتی ئێران خاوەندارێتی وەها چەکێک بکات کە گرەنتی مانەوەی هەژموونی دەکات بۆ چەندین دەیەی دیکە و ئەبیێتە وڵاتێکی پڕ مەترسی بۆ نەیارەکانی لە ناوچەکەدا بە تایبەت ئیسرائیل. 

ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران ئاماده‌ ده‌كات

 لە هەمانکاتدا ڕۆژئاوا ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی سزا و ئابڵۆقە ئابووریەکانی بەسەر وڵاتی ئێراندا تووند تر و بەهێزتر ئەبن لە دواهەمین پێشهاتیشدا دابەزاندنی ڕێژەی بەردەستی دۆلار بوو بۆ وڵاتی عێراق، کە ئەمەش بە ڕاستەوخۆ بە لێدان لە ئابووری وڵاتی ئێران هەژمار دەکرا و لە ئەنجامدا بە دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی کۆتای هات. 
وڵاتی ئێران لە ئێستادا بە هۆکاری دابەزینی بەهای دراوەوە بە قورسی ئەناڵێنێت کە ئەکرێت ئەمەش وەک پاشهاتێک بۆ سزا سیاسی و ئابوورییەکانی سەر ئەو وڵاتەوە دابنرێت لە مەڕ نەوەستانی لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی دا.
لە ئێستا نازانرێت کە چەندی تر بارودۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە ئەتواندرێت قبووڵی ئەو بارودۆخە سەختە بکات. 
لەم نێوەندەدا بەرەی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتی تورکیا نایانەوێت ڕاستەوخۆ بەژداربن لە ئاڵۆزییەکاندا و  بەڵکو ئەیانەوێت هەریەکە و بە جۆرێک سوودمەندبن لە ئەگەری دژوار بوونی بارودۆخەکە، وەک دەڵێن سوود بینین لە هەڵەی هەردوو بەرەکە کە ساڵانێکی دوور و درێژە بە دەست پەیوەندیە ئاڵۆزەکانیانەوە ئەناڵێنن، ئەکرێت دروستبوونی ئاڵۆزی و کێشمەکێش بە سوودی ئەم بەرانەی دیکە تەماشا بکرێت و دابنرێت. بە بەرچاوڕوونی ئەم لێکدانەوەیانە ئەتوانین پێشبینی ئاڵۆزتر بوونی بارودۆخی پەیوەندییە سیاسیەکان بکرێن لە نێوان بەرە دژ بە یەکەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ