ده‌رباره‌ی ناكۆكییه‌كانی ئه‌لبورهان و حه‌میده‌تی

شه‌ڕی ژه‌نراڵه‌كان له‌ سودان.. چەند وانەیەکی گرنگ بۆ كوردستان

ره‌نج نه‌وزاد 2023.04.16 01:09 AM
861 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

هەڵکەوتەی جوگرافی سوودان بایەخێکی گەورەی هەیە لە ڕووی جیوپۆلەتیکیەوە، باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەڕوانێتە سەر دەریای سوور و لە نێوان هەردوو گەرووی باب المندب و نۆکەندی سوێسە، کە ڕێگەی سەرەکی هاتوچۆی کەشتییەکانە لە نێوان دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، هیندستان، ناوچەی کەنداو بۆ ئەوروپا بە پێچەوانەوەش.
گرنگترین ڕێڕەوی دەریاییە لە جیهاندا. دەریای سوور لە ڕووی جوگرافیەوە سەر بە ئۆقیانووسی هیندییە، لە ڕووی جیوپۆلەتیکەوە سەر بە ناوچەی هەژموونی هێزی دەریایی ئەمریکایە.
 لە ١٩٥٦ سوودان سەربەخۆیی وەردەگرێت لە بەڕیتانیا. وەک زۆر دەوڵەتی تر، هاوشێوەی عیراق و ئێران تورکیا و ئەسیوپیا... سوودانیش لەسەر بناغەیەکی هەڵە درووست دەکرێت، لە چەندین گروپی مرۆیی جیاواز و ناکۆک لەگەڵ یەکتر دەخرێنە چوارچێوەی دەوڵەتێک.
 لە پرسی سوودانیش بەڕیتانیا، هاوشێوەی پرسی دەوڵەتی عیراق، تاوانبارێکی سەرەکییە. ئەو کاتیش دانیشتووانی باشووری سوودان نایانەوێت بچنە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە نوێیە، بەڵام  بەڕیتانیا بە باشی دەزانێت هەموویان بخاتە ناو ئەو چوارچێوەیە، هەر بۆیە دوای جەنگێکی خوێناوی چەندین ساڵە، باشووری سوودان سەربەخۆیی وەردەگرێت لە ٢٠١١. 
سوودان کە درووست دەکرێت لە سەدان ڕەچەڵەک و هۆز و زمان و کولتوری جیاواز پێکدێت، دەوترێت ١١٤ زمانی جیاوازی تێدایە، زیاد لە ٥٠٠ شێوەزار.
 جیاوازی کۆمەڵایەتی و دانیشتووانی سوودان، وەک عیراق نییە کە لەسەر بنەمای شیعە و سوونە و کورد بێت، بەڵکو لەوێ بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای ڕەچەڵەکە، بۆ نموونە عەرەب و ئەفریقی، پاشان لەسەر بنەمای نەتەوە و هۆز و ناوچە و زمانە.
ئەو دەوڵەتانەی وەک سوودانن، بۆئەوەی بەردەوام و سەقامگیربن، پێویستە سیستەمێکی دیموکراسی و خۆشگوزەرانیەکی ئابووری هەبێت، وەک بەرژەوەندییەکی گشتی بۆ ئەوەی ئەو  هەموو ناکۆکی و جیاوازییە کۆبکاتەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا، سوودان زۆر دوورە لەوانەوە. کەواتە ئەم جۆرە دەوڵەتانە دەکەونە بەردەم سێ بژاردە: دابەشکردنی دەوڵەتەکە، شەڕی ناوخۆ، یان حوکمێکی دیکتاتۆری لایەنێک یان گروپێک کە بە زەبری هێز ئەوانی تر ملکەچ بکات. مێژووی سوودان بریتییە لەم سێ قۆناغە. 

به‌شیر 1989 به‌ كوده‌تایه‌ك هات و 2019 به‌ كوده‌تایه‌ك لابرا


کاتێک لە ساڵی ٢٠١٩ بەشێکی زۆری خەڵکی سوودان بە پشتگیری سووپا عومەر بەشیری دیکتاتۆریان دوای چەندین دەیە لە دەسەڵاتدارێتی لابرد و سوودان کەوتە قۆناغێکی نوێ. ئەنجوومەنێکی کاتی دامەزرا کە لەسەر بنەمای فیفتی بە فیفتی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە نێوان سوپا و سیاسییە مەدەنییەکان دابەشکرا.
 سەرۆکی سوپا ''عبد الفتاح البرهان'' بووە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگرەکەی بووە محمد حمدان دقلو ناسراو بە "حمیدتی" کە سەرۆکی هێزەکانی پشتیوانی خێرایە (قوات الدعم السریع). واتە هەبوونی دوو هێزی چەکدار، دانەیەکی سووپای سوودان، ئەوی تر هێزەکەی "حمیدتی".
 ئەم کەسایەتییە "حمیدتی" لە عەرەبەکانی ناوچەی دارفورە، لە ساڵانی نەوەتەکان سەرقاڵی بازرگانیی حوشتر و مەڕوماڵات بووە لە نێوان سوودان و لیبیا و چاد، پاشان هێزێکی چەکدار درووست دەکات لە ئەندامانی هۆزەکەی خۆی بۆ پاراستن و باج وەرگرتن لە کاروانە بازرگانییەکانی سەر سنووری ئەو سێ وڵاتە. 
هەروەها چەندین کێڵگەی ئاڵتوون و سامانی سروشتی لە ژێر دەست بووە و بازرگانی پێوە کردوە. پاشان میلیشیاکەی بەناوبانگ دەبێت و عومەر بەشیر لە خۆی نزیکی دەکاتەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٣ لە شەڕی دارفور میلیشیاکەی "حمیدتی" لە ژێر ناوی هێزی "الجنجوید" پاڵپشتی عومەر بەشیر و سوپای سوودان دەکەن لە کاولکردن و کۆمەڵکووژی دانیشتووانی دارفور. ئەم هێزە لە ساڵی ٢٠١٣ بەفەرمی دەکرێت و ناوی لێ دەنرێت "قوات الدعم السریع" و عومەر بەشیر پلەی سەربازی فەریقی یەکەم بە "حمیدتی" دەبەخشێت و بۆ پاراستنی خۆی پشت بەو هێزە دەبەستێت. بەڵام لە ٢٠١٩ ئەو هێزە دژی عومەر بەشیر هەڵگەرایەوە. 
هەر لە ٢٠١٩ەوە ''عبد الفتاح البرهان'' و "حمیدتی" هاوپەیمانی یەکتر بوون. هەردووکیان دەترسان لەوەی هێزە مەدەنییەکان دەسەڵاتی بگرنە دەست، هەر ئەم ترسەش هەردووکیانی کردبووە هاوپەیمان. چونکە بەشێکی زۆری سوودانییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوایان دەکرد کە حوکمی سەربازی کۆتای بێت و دەسەڵات بدرێتە هێزە مەدەنییەکان. 

حه‌میده‌تی و ئه‌لبورهان، دۆستی دوێنێ و دوژمنی ئه‌مڕۆ


هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠٢١ هەردوو سەرکردە سەربازییەکە بە یەکەوە کودەتایەکی تر دەکەن و ئەنجوومەنە کاتییەکە هەڵدەوەشێننەوە و سەرۆک وەزیران لادەبەن و هێزە مەدەنییەکان دەخەنە دەرەوەی گەمەکە.
 پاش ئەو کودەتایە، لەبەرئەوەی هێزە سیاسیە مەدەنییەکان پەراوێز خران، ئیتر تەنیا البرهان و حمیدتی مانەوە، ئینجا ململانێ لە نێوان هەردووکیان درووست بوو. 
دوای ئەو ڕووداوانە دووبارە خۆپێشاندان و فشاری دەرەکی درووست دەبێت، تا ماوەی پێشوو سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لەگەڵ هێزە سیاسییە مەدەنییەکان ڕێککەوتنێکی تر دەکەن کە دەسەڵات بگوازێتەوە بۆ دەسەڵاتێکی مەدەنی و کۆتای بە دەسەڵاتی سوپا بهێنرێت و هەروەها سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا یەک بگرنەوە و ببنە یەک هێزی نیشتیمانی. 
دەبوو ئەو ڕێککەوتنە لەم ماوەیەدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام البرهان ئامادە نەبوو جێبەجێی بکات و دەسەڵات بگوازێتەوە بۆ هێزە سیاسییەکان، لە بەرامبەردا حمیدتی داوای دەکرد ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و کۆتای بە حوکمی سەربازی بهێنرێت. گوایە هێزە سیاسییەکان بەڵێنیان بە حمیدتی داوە کە پشتگیری ئەو دەکەن لە بەرامبەر البرهان ئەگەر دەسەڵاتیان بکەوێتە دەست.
 هۆکارێکی تری ناکۆکی نێوان هەردوو سەرکردە سەربازییەکە بریتییە لە پرسی یەکگرتنەوەی هێزە چەکدارەکان. 
حمیدیتی پێیوایە ئەگەر هێزەکانی یەکبخاتەوە لەگەڵ سووپای سوودان ئەو کات البرهان دەسەڵاتی زیاتر دەبێت و ئەمیش چەکداری نامێنێت و ئەگەر زۆرە ڕادەستی دادگا بکرێت لەبەر تاوانەکانی لە دارفور و گەندەڵی و چەندین تاوانی تر. هاوکات البرهان ڕازی نییە کە حمیدتی ببێتە سەرکردەی هەموو سوپای سوودان، چونکە خودی البرهانیش تێوەگلاوە بەچەندین تاوان و گەندەڵی ئەگەر هێزی نەمێنیت دەکرێت ڕاپێچی دادگا و زیندان بکرێت. هاوکات سوپای سوودان دان بە پێگەی حمدیتی نانێت، چونکە هەرگیز لە سوپا نەبووە و تەنیا سەرۆکی میلیشیا بووە و پلە سەربازییەکەشی لە لایەن سوپاوە پێینەدراوە.

دوای ئەو ناکۆکیانە، سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا پەلاماری یەکتریان دا و خەرتومی پایتەختی سوودانیان کردە گۆڕەپانی شەڕ. ئەم شەڕە کە ترس هەیە بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی و درێژ بڕوات، هۆکارە گشتییەکەی بە دڵنیاییەوە هۆکاری مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کولتوری و ئابوورییە کە پەیوەندی بە سروشتی ئەم وڵاتەوە هەیە، بەڵام هۆکارێکی سەرەکی بریتییە لە قۆرخ نەکردنی هێزی چەکدار لە لایەن دەوڵەتەوە و هەبوونی دوو هێزی چەکدار یا زیاتر لە وڵاتێکدا. 
ئەم دۆخەی سوودان ئەوە پێشاندەدات کە پرسی یەکگرتنەوەی هێزە چەکدارەکان لە وڵاتێکدا پرسێکی چەند ئاڵۆزە و ئامادەن شەڕی ناوخۆ پەرپا بکەن بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە پڕۆسەی یەکگرتنەوە. 

ده‌رگای ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی به‌ڕووی سوداندا له‌سه‌ر پشته‌


دەرئەنجامی شەڕەکە چی دەبێت؟ جارێ ڕوون نییە ئایا شەڕەکە کەی و چۆن کۆتای دێت. هەردوو سەرکردە سەربازییەکە نزیکن لە بەرەی ئیماڕات و سعوودییە و میسر. ئیماڕات و سعوودییە سەربازی هەردوو هێزەکەیان بەکارهێناوە لە شەڕی یەمەن لەبەرامبەر پێدانی پارەیەکی زۆر بە هەردوو سەرکردەکە، دەوترێت لە شەڕی لیبیاش بەشدار بوونە و شەڕیان بۆ بەرژەوەندییەکانی بەرەی ئیماڕات و سعوودییە کردوە.
 لە ئێستادا هەر سێ دەوڵەت داوایان لێدەکەن دۆخەکە ئارام بکرێتەوە و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ. هەر چەن دەوترێت حمیدیتی زیاتر نزیکە لە ئیماڕات و سعوودییە، البرهان زیاتر لە میسرەوە نزیکە.
ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوا دەکەن شەڕەکە بوەستێنرێت. ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، ئەوا وەک زۆربەی شەڕە ناخۆییەکان، هەر بەرەیەک دەچێتە پاڵ دەوڵەتێک یا چەند دەوڵەتێکی تر و ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستتێوەردانی دەوڵەتانی تر و کردنی سوودان بە گۆڕەپانی شەڕێکی بە وەکالەت لە لایەن چەندین دەوڵەتەوە، هاوشێوەی لیبیا و یەمەن و سووریا.
 لە ئەگەری هاتنی ئیسلامییەکان، بە تایبەت ئیخوانییەکان، بۆ ناو هاوکێشەکە و بیانەوێت دۆخەکە بقۆزنەوە، چونکە ئەم دەنگۆیە هەیە، ئەوا ئیسلامییەکان بچنە پاڵ هەر بەرەیەک لەو دوو بەرەیە، ئەوا ڕاستەوخۆ بەرەی ئیماڕات و سعوودییە و میسر پشتگیری بەرەکەی تر دەکەن دژ بە ئیسلامییەکان.
 ڕووسیا لە ڕێگەی هێزەکانی ڤاگنەر ئامادەیی هەیە لە ئەفریقیا، ئەگەر دەستتێوردان بکات، ئەوا ئەمریکاش دێتە ناو هاوکێشەکە، یاخود لە ڕێگەی بەرەی ئیمارات و سعوودیەوە ئامادە دەبێت.
 هەموو ئەم ئەگەرانە، هۆکارە سەرەکییەکەی هەبوونی زیاد لە یەک هێزی چەکدارە لە وڵاتێکدا، هەر کات زیاد لە هێزێکی چەکدار هەبوو لە وڵاتێکدا، ئەوا هیچیان هێزی وڵاتەکە نین و هەمیشە ئامادەن شەڕی ناوخۆ درووست بکەن و پاشان ببنە بەکرێگیراوی هێزی دەرەکی لە پێناو مانەوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ