پیاوه‌ هه‌واڵگرییه‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

هاکان فیدان.. گۆچانى پیریی ئه‌ردۆغان و كلیلداری داهاتووی توركیا

د.محه‌مه‌د هادیفه‌ر 2023.07.26 03:03 AM
807 جار خوێندراوەتەوە

د.محه‌مه‌د هادیفه‌ر

لێكۆڵه‌ری سیاسى

شاره‌زاى كاروباری نێوده‌وڵه‌تی

لەسەرەتای دەسەڵاتدارێتیی پارتی داد و گەشەپێدانەوە تاوەکوو ئێستا شایەتحاڵی ئامادەبوونی بەردەوام و هەندێک جاریش خۆشاردنەوەی ماناداری هاکان فیدان-ی تەمەن ٥٤ساڵ وەزیری دەروەی نوێی تورکیا لە دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتەداین.
لە هەموو وڵاتێکدا پاش هەڵبژاردن گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەرایەتی باڵای نیشتمانیدا پرسێکی ئاساییە. بەڵام پێکهاتەی ئیدارەی نوێی تورکیا پاش هەڵبژاردنی ۲٤ی ئایار لەو وڵاتە و هەڵبژاردنەوەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و هەڵبژاردنی دەموچاوێکی ئەمنی وەکوو هاکان فیدران بۆ پۆستی سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسیی تورکیا ئاوڕی ژمارەیەک زۆر لە شرۆڤەکارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. پرسی دەست نیشان کردنی وەزیری نوێی دەرەوەی تورکیا ئەوندە گرینگە کە تەنانەت بابەتی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغانی کەمڕەنگ کردەوە. دیاردەناسیی ئەم شەخسە پێویستی بە پڕۆسەی دوو دەیە لە مێژووی سیاسیی ئەخیری تورکیایە کە لە درێژەدا ئاماژی پێدەکەین.
لەسەرەتای دەسەڵاتدارێتیی پارتی داد و گەشەپێدانەوە تاوەکوو ئێستا شایەتحاڵی ئامادەبوونی بەردەوام و هەندێک جاریش خۆشاردنەوەی ماناداری هاکان فیدان-ی تەمەن ٥٤ ساڵ وەزیری دەروەی نوێی تورکیا لە دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتەداین. ناوبراو لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا چووەتە ناو قوتابخانەی سەربازی و وردەوردە قۆناغەکانی پلەبەرزکردنەوەی تێپەڕان و وەک سەربازێکی خاوەند داهاتوو لە ئەرکانی سوپای تورکیا دەرکەوت. بەڵام لە ساڵی ٢٠٠١ و هاوکات لەگەڵ دامەزرانی ڕەوتی داد و گەشەپێدان لەلایەن عەبدوڵڵا گول، ئەحمەد داودئۆغڵو و ڕەجەب تەییب ئەردۆغانەوە، بە شێوەیەکی نهێنی سوپا بەجێدەهێڵێت و لە زانکۆی میریلاند لە ئەمریکا، لە بواری زانستە سیاسییەکان و لقی کۆڵینەوە لە دەزگای هەواڵگری وڵاتانی ڕۆژئاوا دەست بە خوێندن دەکات و پاشان پاشان لە ساڵی ٢٠٠٦ تێزی دکتۆراکەی لەسەر "ڕۆڵی تەکنەلۆژیاى ڕاگەیاندن لە تێپەڕاندنی بەڵێننامە نێونەتەوەییەکان"، پێشکەشکرد.

هاكان فیدان به‌ گه‌نجی له‌ كۆلێژى سه‌ربازیی

ناوبراو لە دوو دەیەی ڕابردوودا هاوڕا بووە لەگەڵ گۆڕانکاری کردن لە وێژمانی تورکیا، هەر بۆیە تێگەیشتنێکی باشی هەیە لە پێکهاتەی دەسەڵات لەم وڵاتەدا. کەسایەتیی سیاسی ئەو لەسەرپشتگیری کردنی پارتی داد و گەشەپێدان لەسەر بنەمای دوکتورینی "قووڵایی ستراتیژی" دکتۆر ئەحمەد داودئۆغڵۆ پێکهێنرا، ڕۆڵی تورکیای لە پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان وەک بنەمای سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و مامەڵەی تورکیا لەگەڵ ناوچەکە و جیهان لەگەڵ ئەم پارتەدا ئەزموون کردووە. پارتێک کە بە جەختکردنەوە لەسەر توانا پۆتانسێلەکانی ئەم وڵاتە لە بواری جوگرافی و شوناسی مێژووییدا بە ناساندنی ئەنقەرە وەک دەسەڵاتێکی جیهانی بە دروشمی "گرژیی سیفر لەگەڵ دراوسێکان" دەسەڵاتی لە تورکیا بەدەستەوە گرت.
لە ساڵی ٢٠٠٦ سەرپەرشتیی پێشکەش کردنی سیمپۆزیۆمی دەریای ڕەش و ئاسایشی دەریایی کرد لە لایەن دەریاوان "جێم گۆردنیز" بە دوکتورینی "نیشتمانی شین"، دوکتورینێک کە دواتر لەلایەن دەریاوان "جیهاد یایچی" بە هێڵکاری ئاوە خاکییەکانی ڕەفەی کیشوەری و ناوچەی ئابووری تایبەتی تورکیا بە بەکارهێنانی توانای ئاوەکانی دەوروبەری ئەم وڵاتە تەواو بوو. بە پێی ئەم بیروڕایە، دکتۆرینی "گرژیی سیفر لەگەڵ دراوسێکان"ی داودئۆغڵو لە خاڵی سفرەوە دەستی پێکرد و بە کردەوە ئەو هزرەی خستە پەراوێزەوە. هەرچەندە دکتۆرینی نیشتمانی شین ئاستەنگی خۆی لەبەردەم هەبوو و بە ئاسانی جێبەجێ نەکرا، بەڵام ڕێبازی لیبڕاڵیی "قووڵایی ستراتیژی"ی دکتۆرینی ئەحمەد داوودئۆغڵو هێشتا بنەمای زۆرێک لە گۆڕانکارییەکان لە سیاسەتی دەرەوە و گەشەسەندنی ئابووری تورکیایە، لەوانە پرۆسەی ئاشتی نێوان حکوومەت و پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا، کە فیدان لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٥ بەڕێوەی برد. هەر خۆیشی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە کۆتایی هاتنی پڕۆسەی ئاشتی.
ناوبراو قۆناغە جیاجیاکانی بەڕێوەبەریی لە پۆستی باڵیۆز و کارمەند بوون لە ڕێکخراوی وزەی ناڤۆکی و هەروەها تیمە ئەمنییەکان تێپەڕاند. فیدان خزمەتەکەی لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (MET) و بە پشت بەستن بە توانا باڵاکانی خۆی لە پێکهاتەی ئەمنیی تورکیادا درێژە پێدا و بەخێرایی لە هەواڵگریی تورکیا پلەکانی بەرز بوویەوە. پرسی سەرەکیی تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، کە هاکان لە ساڵی ۲۰۰۸ تا ۲۰۱۵، بە ئامانجی چەک کردنی ئەم پارتە، پڕۆژەی دانوستانی پەیڕەو کرد تا ئەو ئاستەی بە دامەزرێنەری "بەڕێوەبەریی شاراوە" و "لێبوردەیی ئاشکرا" لەگەڵ پەکەکە ناسراوە، چونکە شوێنی دزەکردنی ئەو بە ڕوونی لە هەموو شوێنێکی PKKدا دیارە، بۆیە دەکرێت بگوترێ ڕۆڵی میت لەناو پەکەکە زۆر بەهێزترە لە ڕۆڵی سەرکردەکانی ئەو حزبە، تا ئەو ئاستەی کە ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت ئەگەر بڵین ئەم حزبە دابەش کراوە بە "پەکەکەی ئۆجالان" و "پەکەکەی هاکان". سڕینەوەی ئامانجداری بەشێک لە کادیرانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و یاری کردن بە کارتی ئەم حیزبە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات لە سووریا و باکووری عێراق هەموویان بەڵگەن لەسەر دزەی بەتەواوێتیی میت-ی تورکیا لەناو پەکەکەدا.

فیدان ڕازگری نهێنییه‌كانی ئه‌ردۆغانه‌

فیدان هەر لە سەرەتای خوێندنەوە سەرنجی لەسەر هێزی دیپلۆماسی بوو، هەر بۆیە لە کورتەی تێزی ماستەرەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە تورکیا هەواڵگریی خۆی بەهێزتر بکات بەنیازی سیاسەتێکی دەرەکی بەهێزتر، چوونکە پشتبەستن بە هەواڵگریی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ناتۆ کێشەخولقێنە".
ناوبراو پێی وایە هەمیشە زانیاریی باش، بڕیارێکی باشی لێناکەوێتەوە، بەڵام زانیاریی نادروست یان ناتەواو بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی شکستهێنان لە سیاسەتی دەرەوەدا.
یەکەمایەتیی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا بریتین لە؛ بووژاندنەوەی هزری عوسمانی-زم بە ئامانجی گەڕاندنەوە جوگرافیای ئیمپراتۆریەتی ڕابردوو، تەڤڵ بوون بە یەکێتی ئەورووپا و لە پرسی ناوخۆییشدا بابەتی کورد و هەروەها زیاتر کردنی کاریگەریی تورکیا لە ناوچەی قەفقاز، کە هاکان فیدان لە هەموو ئەم بوارانەدا خاوەن بڕیارە.
ناوبراو یەکێکە لەو بەڕێوەبەرانە نایابەی کە لە هەموو پرسەکانی پەیوەست بە تورکیا تێدەگات و بە کرداری کاری تێدا کردووە. دەتوانرێت وەکوو بونیاتنەری ئاشتەوایی ناوی لێ‌ببرێت کە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە گەڕاندۆتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ سعوودیە، میسر و ئیمارات هەنگاوەکانی دەبینرێت. تورکیا بەدوای دیپلۆماسییەکی بەهێز و هەمەلایەنەدا دەگەڕێت، کە فیدان وەک دیزاینەر و جێبەجێکاری ئەو دیپلۆماسیەتە سەیر دەکرێت.
هەرچەندە کە پرسیاری قووڵ و کۆن لەبەردەم حکوومەتی ئاک پارتی و بەڕێوەبەرە ئەمنییەکەی واتا هاکان فیدان-دا، هەیە، کە هێشتا وەڵامێکی باوەڕپێکراو بۆیان نەدراوەتەوە. ئەو پرسانە بریتین لە بەرگری کردن و پشتیوانی لە داعش، کوشتنی نهێنیی خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعوودی لە تورکیا، مامەڵەکردن لەگەڵ بزووتنەوەی گولەن و سەرکوت کردنی کوودەتاکەی حوزەیرانی ٢٠١٦، مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی فەلەستین وەک بەشێک لە خاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی؛ ئەم بابەتەنە هێشتا ناڕوونن و هزری سیاسیی ئەم وڵاتە هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە، بەجۆرێک کە نە دەتوانێت عوسمانیگەریی نوێ سنووردار بکات و نە ئیرادەیەکی جیددی هەیە لەبرامبەر ئیسرائیلدا.

فیدان كاریگه‌ی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست هه‌یه‌

تورکیا هێشتا نەیتوانیوە هاوسەنگی لە نێوان هزری ئیخوانیی حکوومەتەکەی و دکتۆرینی "نیشتمانی شین" لە دەریای ناوەڕاست لەگەڵ میسر وەک کاریگەرترین وڵات لەم ناوچەیە دەریاییەدا دروست بکات. هەڵبەت لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئاماژەکان بۆ گەڕانەوەی پەیوەندیی لەگەڵ میسر و دابەزینی هزری ئیخوانی لە ناوخۆی وڵاتدا دەرکەوتوون.
شوێنەپای فیدان لە زۆرینەی ڕووداو ئەتنیکی و ئایینزاییەکانی وڵاتانانی دەوروبەری تورکیادا دەبینرێت. ناوبراو جاروبار دزەی ئامانجداری کردۆتە ناو "میحوەری بەرگری" و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی تارانی کردووە و لەگەڵ شەهید سولەیمانی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بیروڕای گواستۆتەوە جووڵە ناوچەییەکانی ئەوی کۆپیی کردووە بۆیە هەندێک جار دەڵێن تێڕوانینی فیدان نزیک لە ئێرانە.
کەسایەتیی سیاسیی فیدان پێچەڵاوپێچ و تەمومژاوییە، ناوبراو لە هەموو پێشهاتەکانی ناوچەکەدا توانای هەیە و پسپۆڕە بە تایبەت جوگرافیای مرۆیی کوردەکان و قەفقاز و سووریا باش دەناسێت. لە پرۆسەی دانوستان لەگەڵ سووریا و ڕووسیادا ڕۆڵی هەبووە. فیدان هەر لەسەرەتای کارکردن لە "میت"دا بیرۆکەی دەرچوون لە پەردەی ئەمنیی لە سەردا بووە. ساڵی ۲۰۱۲ لەلایەن دادگای کۆمارییەوە بانگهێشت کرا بۆ ئەوەی وەک تۆمەتبارێک لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و تۆمەتبارکرا بە سازان لەگەڵ تیرۆریستەکان.
ئەم هەنگاوەی دادگا مشتومڕێکی زۆری لە تورکیا دروست کرد و بوو بە قەیرانێکی گەورە لە وڵاتدا تاکوو لە کۆتاییدا ئەردۆغان ناچار بوو ڕایبگەیەنێت "فیدان لینەی نهێنییەکانی منە و لەبری ئەو لێپرسینەوە لە من بکەن". ئەم هەڵوێستە یەکلاکەرەوەیەی ئەردۆغان بووە هۆی هەموارکردنەوەی یاسای دادگاکانی دادوەری تورکیا سەبارەت بە پارێزبەندی یاسایی لەسەر بەرپرسانی پلە باڵای دەزگای هەواڵگری.

هەستیاریی ئەم بابەتە بۆ حکوومەت لە ئاستێکدا بوو کە ئەردۆغان فەرمانی دا دەقێکی هەموارکردنەوەی یاساکە هەر لەو شەوەدا بنووسرێت و ڕەوانەی سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی بکرێت و لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا ئەم حوکمەش بخرێتە ناو یاساکە: "هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بەرپرسانی پلە باڵای "میت" بانگهێشتی دادگا بکات بەبێ مۆڵەت و هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکوەزیران".

هاكان فیدان خه‌ریكه‌ كارێزمای ئه‌ردۆغان ده‌شارێته‌وه‌

لەم دۆسیەیەدا پەنجەی تۆمەت بۆ دادوەرێکی بەڕەچەڵەک کورد و لایەنگرانی فەتحوڵڵا گولەن درێژ کرایەوە کە هەردووکیان لە ڕیزی ئەو کەسانەدا بوون کە لەلایەن هاکان فیدانەوە زەبریان بەرکەوتبوو. هەرچەندە ئەم یاسا نوێیە بەرگرییەکی تەواو لە دەزگای میت بوو، بەڵام ئامانجی سەرەکیی یاساکە دروست کردنی پارێزبەندی هەمیشەیی بۆ فیدان بوو، بۆ ئەوەی هەواڵگریی تورکیا هەمیشە خۆی بە قەرزاری هاکان بزانێت.
 ئەم پەسەندکراوەیە بە جۆرێک گوزارشت لە ڕۆڵی سەرەکیی هاکان فیدان دەکات لە مانەوەی حکوومەتەکەی ئەردۆغان. کاتێک فیدان بوو بە سەرۆکی میت، ئیهود باراک، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ ئەم دەست نیشان کردنە گۆڕانکارییەکی مەترسیدارە چونکە فیدان لە ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ کاتێک لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا کاری دەکرد لایەنگری ئێران بوو، لە وەڵامی ئەم هەڵوێستەدا فیدان لە ساڵی ٢٠١٣ بە میدیاکانی تورکیای ڕاگەیاند: بۆ یەکەمین جار لە جیهاندا حکوومەتێک (ڕژێمی زایۆنی) کاردانەوەی هەبووە بەرامبەر بە دەست نیشان کردنی بەرپرسی هاواڵگریی وڵاتێکی دیکە، چونکە ئەوان نەیاندەویست من ببمە سەرۆکی دەزگای میت.
ئێستا هاکان فیدان بە ئەزموونێکی دەوڵەمەند و توانای ئەمنی بەرفراوانەوە، وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا دەست نیشان کراوە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی ماندوویش توانی بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی فیدان بۆ ماوەی هەشت ساڵی دیکە لە کۆشکی "ئاک سارای"دا دابنیشێتەوە، ڕکابەرە بەهێزەکانی ئەردۆغان بە دیاری پارتی کۆماریخوازی گەل  گۆڕەپانەکەیان لە بەرژەوەندیی ئەردۆغان لەدەست دا.
لە ئێستاشدا دۆخی تەندروستیی ئەردۆغان بارودۆخی سوڵتان محەمەدی شەشەم دێنێتەوە بیر بەڵام بەم جیاوازییەوە کە "سوڵتان ڕەجەب" خۆی کلیلدارەکەی خۆی هەڵبژاردووە لە حاڵێکدا سوڵتان محەمەدی شەشەم ئەم دەسەڵاتیە نەبوو و ئێستا هاکان-ی گەنج و بەئەزموون جگە لەوەی کە گۆچانی دەستی پیریی ئەردۆغانە، بووەتە شوێنی باوەڕ و نهێنییەکانی ناوبراو و هەموو ئەمانەش ئاماژەن بۆ گەیشنی هاکان فیدان بە "ئاک سارای"


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ