40 ساڵه‌ په‌كه‌كه‌ باجی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ده‌دات

شه‌ڕی قەڵای شەقیف.. ئه‌و ڕووداوه‌ی ئیسرائیلی كرده‌ دوژمنی په‌كه‌كه‌

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2023.10.14 07:09 PM
1640 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

لەم رۆژانەدا و لەگەرمەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، پرسی رۆڵی موساد لە گرتنی ئۆجەلاندا خەریکە ببێتەوە باسی رۆژەڤ.
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا موساد هیچ رۆڵیکی هەبووە لە گرتنی ئۆجەلاندا؟
بەگوێرەی بەرپرسە باڵاکانی پەکەکە بەڵی ئیسرائیل رۆڵی هەبووە لە گرتنی ئۆجەلاندا. بۆ نموونە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا، کە لەساڵی ٢٠١٧ ئەنجام دراوە، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی رێبەری ئەو حیزبە، تەئکید لە بەشداری موساد لەو پیلانە نێودەوڵەتییە دەکات، کە بەگرتنی ئۆجەلان کۆتایی هات.
بۆچی ئیسرائیل لەو پیلانە نێودەوڵەتییە تێوەگلاوە؟
بەشێک لە وەڵامی ئەو پرسیارە لەهەمان دیداری بەڕێز قەرەسوو دەردەکەوێت کە لەگەڵ یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا ئەنجامی داوە. قەرەسوو دەڵێت هەر لە سەرەتای دامەزراندییەوە، پەکەکە دژایەتی ئیسرائیلی کردووە و هەر لەدامەزراندنیشییەوە پەکەکە شان بەشانی فەلەستینییەکان دژی ئیسرائیل جەنگاوە.
یەکەم جەنگی مەیدانی پەکەکە
لە ئەدەبیاتی پەکەکەدا، ئەو تەڤگەرە یەکەم فیشەکی لە ١٥ی تەباخ (ئاب)ی ١٩٨٤ لەلایەن مەعسوم گۆرکماز ناسراو بە فەرماندە عەگیدەوە تەقێنرا. پەکەکە لە فەرهەنگی سیاسیی خۆیدا ئەمە وەک “فیشەکی یەکەم” و دەسپێکی خەباتی چەکداری ئەو تەڤگەرە ناساندووە. ئەگەر ئەمە یەکەم فیشەکی تەڤگەر بێت کە لەسەر خاکی کوردستان و بەڕووی داگیرکەری تورکیدا تەقێنرا بێت، ئەوا بەتەئکید یەکەم فیشەکی ئەو تەڤگەرە نییە.  

قه‌ڵای شه‌قیف ـ 1982

لە راستیدا یەکەم جەنگ و یەکەم تەقەی پەکەکە و یەکەم پۆلی شەهیدی ئەم حیزبە لە باکوری کوردستان و لە دژی داگیرکەری تورکی نەبوو، بەڵکو لە دژی ئیسرائیل و یەکەم پۆلە شەهیدی پەکەکەش، لەسەر دەستی سوپای ئیسرائیل بووە. ئەم شەڕە لە لوبنان و بەدیاریکراویش لە قەڵای شەقیف ئارنوونی بیقاع و لە حوزەیرانی ١٩٨٢ دا روویداوە. بەگوێرەی دیدارەکەی قەرەسوو لەم شەڕەدا ١٣ گەریلای پەکەکە شەهید بوون. هەر ئەم شەڕەش بووە هۆکاری سەرەکی بەشداریکردنی ئیسرائیل لە گرتنی بەرێز ئۆجەلان. بەواتایەکی تر، پەکەکە و رێبەرەکەی باجی ئەم شەڕەیان دا.
 بۆچی ئۆجەلان باجی ئەم شەڕەی دا؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە تیشک بخەینە سەر سێ تەوەری جیاواز.
تەوەری یەکەم:
رۆڵی فیعلی پەکەکە و زیانەکانی ئیسرائیل لەو شەڕەدا
بەگوێرەی سەرچاوەکان، لەکاتی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ دەشتی بیقاع سێ هێزی سەرەکی لەو ناوچەیەدا هەبوون، سوپای سووری و لوبنانی و رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین. لەبەردەم هێرشەکەدا هەر سێ هێز کشانەوە. بەڵام لەسەر خواستی فەلەستینییەکان دەیان گەریلای پەکەکە و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کەمی فیدایی فەلەستینی لە  قەڵای شەقیف ئارنووندا دەمێننەوە. گوایە بەبیانووی پارێزگاری کردن لە کشانەوەی هێزە سوری و لوبنانی و فەلەستینییەکان داوا لە گەریلاکانی پەکەکە کراوە تا لەو قەڵایەدا بمێننەوە و سەرەنجام گەریلاکان تووشی شەڕیکی خوێناوی و نابەرابەر دەبن و زۆربەشیان دەبنە قوربانی، هەندێکیان شەهید و ئەوانی تریش بەدیل دەگیرێن.
ئایا لە واقیعدا ئەم پلانە جەنگییەی بەرەی رزگاری خوازی فەلەستینی  وسورییەکان چەندە تەڵەیک بووە بۆ گەریلاکانی پەکە/کە، تا ئێستا رۆشن نییە و هیچ لیکۆڵینەوە و توێژینەوەیەک لەو بارەیەوە نەکراوە.
رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە، ئیسرائیل بۆردوومانێکی خەستی ئەو قەڵایە دەکات و رۆژی دووەمیش هێرشی مەیدانی دەکاتە سەر قەڵاکە. لێرەدا گەریلاکانی پەکەکە بەرخۆدان دەکەن و ١٣ گەریلا لەم دوو رۆژەدا شەهید دەبن و باقییەکەیش بەدیل دەگیرێن. ئیسرائیلییەکانیش ژمارەیەکی زۆری سەربازانییان لەو قەڵایەدا دەکوژرێن. زیانەکان هێندە کاریگەربووە، سەرۆکی ئەوسای ئیسرائیل سەردانی شوێنی شەڕەکە و بەدیاریکراویش قەڵاکەی کردووە، بەکورتی ئیسرائیل گەریلاکانی پەکەکە بە بکوژی ئەو سەربازانە دەزانێت. لە روانگەی پەکەکشەوە، ئەم شەڕە هێندە گەورەوە بووە کە بەگوێرەی توێژەری میسری ئەمیرە التەحاوی، کە لە توێژینەوەیەکیدا بەناوی ئاراستە دەرەکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە ١٩٩٨دا بڵاویکردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات  کە بەرێز ئۆجەلان جارەهای جار لەوتار و چاوپێکەوتنەکانیدا شانازی بە بەشداری هێزەکانی لە جەنگی بەرگری لوبنان دژی ئیسرائیل و بەتایبەتیش جەنگی قەڵای شەقیف ئارنوون داکردووە.

قه‌ڵای شه‌قیف ـ 1982


هەر بەهۆی زیانەکانی ئەم شەڕە بۆ ئیسرائیل و رۆڵی بەرچاوی گەریلاکان لەو شەڕەدا، ئیسرائیلییەکان پەکەکەیان کردە ئامانی تۆڵەسەندنەوە و تەڤگەری خستە ناو لیستی دووژمنەکانییە. ئەمەش لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە جگە لەوەی لە ٤٠ ساڵی رابردوودا ئیسرائیل لەزۆر بواردا و لەدژی تەڤگەری باکور هاوکاری سەربازی و موخابەراتی و لۆجیستی تورکەکانی کردووە. ئەم شەڕەش هۆکاری سەرەکی بووە، ئەگەر تاکە هۆکار نەبووبێت، بۆ بەشداری کردنی ئیسرائیل لە پیلانی گرتنی ئۆجەلان و رادەستکردنەوەی بە تورکەکان.
تەوەری دووەم: 
کەلتوری خاوەندارێتی کردن و پیرۆزکردنی تاکی جوولەکە.
رۆژی ٣ی نیسانی ٢٠١٩، لەمەراسیمێکی شکۆمەندانەدا، روفاتی سەربازێکی ئیسرائیلی کە لەهەمان جەنگی لوبنانی ساڵی ١٩٨٢دا کوژرابوو، گەڕاندەوە ئیسرائیل. بەمجۆرە، ئیسرائیل دوای هەوڵ و کۆشش و خەرجکردنی سامانێکی زۆر و گرتنەبەری رێگای جۆاوجۆری موخابەراتی و دیپلۆماتی و دانووسان، دوای ٣٥ ساڵ توانی روفاتی ونبووی سەربازێکی کوژراویبدۆزێتەوە و بگڕێنێتەوە ولاتەەکی. ئەم نموونەیە یەکێکە لە دەیان و بگرە سەدان نموونەی لەو جۆرە کە ئاماژەیە بۆ خاوەندارێتی کردن و بەرزراگرتنی ژیان و شکۆ و بوونی تاکی جوولەکە لەلایەن دەوڵەتی ئیسڕائیلەوە. لەم روانگەیەوە، ئیسڕائیل لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە هەموو ئیمکاناتی دەوڵەتی خستۆتە خزمەت پاراستنی ژیان و شکۆ و کەرامەتی هاوڵاتییانی. شێوازێکی بەرجەستەکردنی ئەم خاوەندارێتی و شکۆمەندییەی هاوڵاتییەکانی کەلتوری تۆڵەیە. هەر کاتێک ئیسرائیل هاوڵاتییەکی یان سەربازێکی دەکوژرێت، هەوڵ دەدات چەند قات زیاتر تۆڵەی کوژراوەکەی بکاتەوە و بۆ ئەوەی بەلایەنی بەرامبەر بڵێت ژیانی تاکێکی ئیسرائیلی چەند قاتی ژیانی ئێوە بەنرختر و مانادار ترە. بۆ تێگەییشتنی زیاتری  ئەم کەلتوورە، پپێویستیمان بە تێگەییشنە لە کەلتووری قیساس یان تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل، کە ئەمەش تەوەری سێیەمی ئەم بابەتەیە.
تەوەری سێیەم: 
کەلتووری قیساس و تۆڵە سەندنەوە
ریشەی کەلتووری تۆڵە سەندنەوە لە سیاسەتی دەوڵەتی ئیسرائیلیدا دەگەڕێتەوە بۆ تەعالیماتەکانی کتێبی پیرۆزییان، واتە تەورات و کتێبە پیرۆزەکانی ترییان. لە ئایینی جووەکاندا تۆڵەی خوێن وەک فەرمان یان رێگە پێدراوێکی ئایینی دەبینرێت. تۆڵەی خوێن، واتە قیساس یان کوشتنەوەی بکوژ، لەسەر بنەما و رێسای ددان بە ددان و چاو بە چاو،  بەشێکە لە رێنمایی و فەرمانەکانی تەورات. هاوشێوەی ئەم تەعالیماتانە لە قورئانی موسوڵمانەکانیشدا دەبینرێت، کە ماف دەداتە خانەوادەی کوژرا و تا بکوژی رۆڵەکەیان بکوژنەوە. 
ئەم رێسایەی تۆڵەی خوێن یان قیساس، لەگەڵ سەرهەڵدانی جوڵانەوەی زایۆنیزمدا، بەدیاریکراویش لە ساڵی ١٩١١دا، ئاراییش دەکرێتەوە و دوو ئاڵوگۆڕی گرنگ لە یاسای قیساسدا دەکەن. ئاڵوگۆڕی یەکەم  قیساس فۆرمێکی مۆدێرنەی دەکرێتە بەر و دەخرێتە ناو سیستەمی سیاسییەوە. بەگوێرەی یاساکانی زایۆنیزم، خانەوادە چیتر بەرپرس نییە لە تۆڵەی خوێن (قیساس)، بڵکو شۆرمەیە. شۆرمە، ئەو موئەسەسەیە کە دەسەڵاتی چاودێری و ئەرکی پاراستنی جوولەکەکان و مومتەلەکاتییانی هەیە. شۆرمە بەرپرسە لە کوشتنەوە یان تۆڵە سەندنەوەی هەر کوژراوێکی جوولەکە. 
هەموارکردنێکی تری زایۆنییەکان بۆ یاسای قیساس، ئەوەیە تەنها لە پرسی کوشتن دا پەنا بۆ تۆڵە و رێسای قیساس ببەن.

شارۆن سه‌ردانی قه‌ڵاكه‌ ده‌كات دوای گرتنی له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ ـ 1982


دەوڵەتی ئیسرائیلی، هەمان رێسای قیساس، پەیڕەو دەکات. بەڵام بەهەموار و ئەپدەیتی زیاترەوە. دەوڵەتی ئیسرائیلی، لەسەر بنەمای تەوەری دووەم، واتە خاوندارێتی کردن و بەرزراگرتنی ژیان و شکۆی تاکی جولەکە، لە پرسی قیساسدا، هەنگاوێک لە قیساسی تەواتی و سیستەمی شۆرمەی زایۆنی واوەتر دەچێت. بەواتایەکی تر، بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی تاکی کوژرا و سەلماندنی پیرۆزتر بوون و بەرزتر بوونی تاکی ئیسرائیلی، هەمیشە زێدەڕۆیی کردووە لە تۆڵەسەندنەوەدا، ئەمش لە پەرچەکرداری ئیسرائیل بەرامبەر هێرشە خوێناوییەکەی ٧ی ئۆکتۆبەردا بە ئاشکرا دەبینرێت. دووەم، فاکتەری کات هیچ لە پرسی یاسای قیساسی ئیسرائیل کەم ناکاتەوە. ئەمەش لە کۆمەڵیک جووڵە و کردەی ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرجەستە دەبێت. لەوانەش، بەدواداچوون و شوێنپێهەڵگرتن و راوەدوونانی ئەو سەرباز و ئەفسەرە ئەڵمانییانەی کە بەشداری هۆلۆکۆست بوون کە تا ئێستاش بەردەوامە، ئەمە سەەڕای تێپەڕ بوونی زیاتر لە ٧٠ ساڵ بەسەر رووداوەکەدا.
پرسی بەشداری موساد لە گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا، دەکرێت لە چوارچێوەی ئەم سێ تەوەرەی سەرەوە تێبگەین.
دوا پرسیار ئەوەیە، رۆڵی موساد چی بوو لە گرتنی ئۆجەلاندا؟

یاسر عه‌ره‌فات و چه‌كداره‌كانی فه‌تح

هەندێک کەس وای وێنا دەکەن کە ئەوە موسادە ئۆجەلانی گرتووە و رادەستی تورکیای کردووە. ئەم وێناکردنە درووست نییە. هەروەک، بەرێز قەرەسوو لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا دەڵێت، ئیسرائیل لەو موئامەرە نێودەوڵەتییەدا کە دژی ئۆ/جەلان بەرێخرا بەشدار بوو. بەواتایەکی تر، ئیسرائیل یەکێکە لە بەشدارەکان، نەک تاکە لایەن، لە گرتنی ئۆ/جەلاندا. 
لەراستیدا، سی ئای ئەی ئەمریکی رۆڵی سەرەکی لە گرتن و رادەسترکردنەوەی ئۆجەلاندا هەبووە. لە بێ شانسی کورددا، لەکاتی چوونی ئۆ/جەلان بۆ کینیا، ئەو وڵاتە بە ێکەوت ببووە لانەی سی ئای ئەی.بەهۆی رووداوێکی تیرۆریستییەوە کە لە پایتەختی ئەم وڵاتە روویدابوو، زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەو رێکخراوە بۆ بەدواداچوونی ئەو کارە تیرۆریستییە لە کینیا بوون. لێرەدا ئەندامانی سی ئای ئەرکی شوێنپێهەڵگرتن و دۆزینەوە و رادەسترکردنەوەی بەرێز ئۆجەلانییان پێدەسپێردرێت. رڵی موودا لەم پرۆسەیەدا، زیاتر لە دوو قۆناغدا بووە. یەکەم، کاتێک ئۆجەلان هێشتا لە سوریا بوو و موساد لەوێ هەنگا و بەهەنگاو شوێن پێی هەڵدگرت.. دووەم قناغیش لە کاتی گەییشنی بۆ کینیا، لەرێگای هەندێک جولەکەی کرمانجی زانی سەر بە موسادەوە، توانییان تەئکید لە هاتنی ئۆجەلان بۆ کینیا بکەن.

ئۆجالان له‌ كاتی فڕاندنی له‌ كینیاوه‌ بۆ توركیا ـ 1999.2.15


وانەیەک کە دەبێت لەم روداوە کاریگەرانە فێر ببین ئەوەیە کە گەلانی ژێردەستە و بەتایبەتیش کورد، هەمیشە نێچیرە ئاسانەکەن و کردنەکۆچی قوربانی کورد بێ تەکلیفترین جۆری قوربانییە. زۆر گرنگە هێز و لایەنە کوردستانیەکان لە پەیوەندییان لەگەڵ هێز و وڵاتە هەرێمییەکاندا بەر لەنانی هەر هەنگاوێک، تەماشای ئەو تەڵە  مینانە بکەن، کە ئەو هێز و وڵاتانە بۆ کوردییان ناوەتەوە. ئەگەر رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی تەکلیفی مانەوی گەریلاکانی پە/کەکەی لە قەڵای شەقیف ئارنوون نەکردبوایە، گەریلاکان توشی ئەم جەنگە  لابەلا و ناوەخت و نا بەرابەرە نەدەبوون و رەنگە ئۆ/جەلان و تەڤگەریش نەبونایە ئامانجی تۆڵە سەندنەوەی ئیسرائیلییەکان و تورکەکانیش نەدەبوونە سوودمەندی سەرەکی ئەو شەڕەی لە قەڵای شەقیف ئارنووندا کرا.

د.ئارام ڕه‌فعه‌ت


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ