بۆچی نه‌ته‌نیاهۆ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ و به‌هێزبوونی حه‌ماسه ؟

نیویۆرك تایمز.. زانیاریی سه‌یری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ نهێنییه‌كانی ئیسرائیل و حه‌ماس ئاشكرا كرد

ره‌نج نه‌وزاد 2023.12.11 02:39 PM
2247 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

ئەمرۆ ڕاپۆرتێکی گرنگ بڵاوکرایەوە لە نیویۆرک تایمز، کە پشتگیری زۆریک لەو شیکردنەوە سیاسیانە دەکات سەبارەت بە پەیوەندی ئیسرائیل و حەماس  دژ بە دۆزی فەڵەستین. لە سەرەتای ئەم جەنگەوە لە چەندین نووسینمدا بە وردەکارییەوە ئاماژەم بەو شیکردنەوە و ئارگۆمێنانە کردوە. بەڵام ئەم ڕاپۆرتە، وەک زۆرێک لە ڕاپۆرتەکانی نیۆیۆرک تایمز و واشنتۆن پۆست...، بە بەڵگە و سەرچاوەی دەستی یەکەوە ئەو وردەکارییانە دەخاتە ڕوو. 
بە گشتی ڕاپۆرتەکە ئیحراجییەکی گەورە بۆ ناتانیاهۆ درووست دەکات لەناو ئیسرائیل، هاوکات چەواشەکارییەکانی حەماس و قەتەریش ئاشکرا دەکات. لە خاڵە گرنگەکانی ڕاپۆرتەکە (لینکەکەی لە کۆمێنتە):
١. ناتانیاهۆ لەگەڵ مانەوە و بەهێزبوونی حەماس بووە (بەڵام نەک زۆر بەهێز)، ئەمەش بۆ درووستکردنی دووبەرەکی و هاوسەنگی لە نێوان حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستینی. بە ئامانجی دوورخستنەوە و لاوازکردنی چارەسەری دامەزراندنی دوو دەوڵەتی و، کەمکردنەوەی فشار لەسەر ناتانیاهۆ بۆ دانوستانکردن لەسەر ئەو چارەسەرە کە دەسەڵاتی فەڵیستینی بە پشت بەستن بە یاسای نێودەوڵەتی و ئیمزای ئیسرائیل بانگەشەی بۆ دەکات. 

بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل

٢. ترسی سەرەکی ناتانیاهۆ بەهێزبوونەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینییە کە نوێنەری فەرمی دۆزی فەڵەستینە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو مەترسییە، بەهێزبوون و مانەوەی حەماس لە غەززە چارەسەرە. ناتانیاهۆ خۆی وتویەتی هەبوونی دوو رکابەری بەهێز (واتە فەتح و حەماس) کارێکی بە سوودە. چونکە ڕوونە ئەو دووانە دژایەتی یەکتر دەکەن و یەکتر لاواز دەکەن، لە ئەنجامدا ئیسرائیل فشاری کەمتر لەسەر دەبێت.
٣. ناتانیاهۆ نەک تەنیا ڕازی بووە بە ناردنی پارە لە قەتەرەوە بۆ حەماس، بەڵکو پشتگیری لێ کردوە و قەتەری هانداوە کە بەردەوام هاوکاری حەماس بکات. 
٣. لە مانگی نۆی ئەمساڵ، واتە مانگێک پێش هێرشەکەی حەماس، سەرۆکی مۆساد دێڤید بارنیا لە قەتەر بووە و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆبووەتەوە. بەرپرسە قەتەرییەکان لێی دەپرسن ئایا ئیسرائیل دەیەوێت قەتەر بەردەوام بێت لە ناردنی پارە بۆ غەزە؟ سەرۆکی مۆساد دەڵێت بەڵێ.
٤. هەموو کات بەرپرسانی قەتەر و هاوشانی چەند ئەفسەر و بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە یەکەوە بە جانتای پڕ دۆلارەوە چوونەتە غەززە. 

خالید مه‌شعه‌ل و شێخ ته‌میم میری قه‌ته‌ر


٥. لە ٢٠١٧ کاتێک کۆمارییەکان لە کۆنگرێس دەیانەوێت سزای قەتەر بدەن بە هۆی سیاسەتەکانییەوە، ئیسرائیل وەفدێک دەنێرێت بۆ بەرگریکردن لە قەتەر و ڕێگرتن لە دەرکردنی سزاکان. چونکە ئیسرائیل پێیوایە قەتەر ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە غەززە و لای حەماس. ڕوونە ئەو ڕۆڵە دەبێت لە سوودی ئیسرائیل بێت!
٦. ناتانیاهۆ لە لایەن بەشێک لە نەیارەکانییەوە لە ناو ئیسرائیل وەک هۆکارێک دادەنرێت بۆ ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر، چونکە هەمیشە پشتگیری کردوە لە سیاسەتی مانەوە و بەهێزبوونی حەماس کە بتوانێت غەززە حوکم بکات.
٧. لایەنگرانی ناتانیاهۆ پێیانوایە کە بەهێزبوونی حەماس و حوکمکردنی غەززە لە لایەن ئەوانەوە، هاوکاری ناتانیاهۆی کردوە کە خۆی بدزێتەوە لە دانوستانی ئاشتیانە بۆ جێبەجیکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی. چونکە دابەشبوونی فەڵەستین لە نێوان غەزە و کەرتی رۆژئاوا، لە نێوان حەماس و فەتح پاساوێکە بۆ ناتانیاهۆ کە بانگەشەی ئەوە بکات کە لایەنێک نییە لەگەڵی دانیشێت لەسەر پرسی فەڵەستین.
وەک لە نووسینەکانی پێشتر ئاماژەم پێکردوە، ئیسرائیل حەماسی درووست نەکردوە، حەماس وەک بزوتنەوەیەکی ئیخوانی  ڕەگی لە فەڵەستین بۆ پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل دەگەڕێتەوە، بەڵام سیاسەت و فکر و تێڕوانینی حەماس بۆ دۆزی فەڵەستین و ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین... بەئەندازەیەکی سوودی گەیاندوە بە ئیسرائیل و زیانی لە دۆزی فەڵەستین داوە، ئەگەر خودی مۆسادیش حەماسی درووستبکردایە هەر ئەوەندە زیانی بۆ فەڵەستین و سوودی بۆ ئیسرائیل دەبوو. 

چه‌ند چه‌كدارێكی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس ـ غه‌ززه‌

هەر بۆیە ئەگەر ئیسرائیل بزانێت  لابردنی حەماس لە دەسەڵاتدارێتی غەززە، دەبێتە مایەیی یەکخستنەوەی کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا لەژێر دەسەڵاتی فەڵەستینی و، بەهێزبوونی حکومەتی فەرمی فەڵەستین، ئەوا زۆر ئەستەمە ئەو هەڵەیە بکات. ئەو کات هەوڵدەدات بەڕێوبردنی غەزە بداتە دەسەڵاتێکی نێودەوڵەتی یان عەرەبی، یاخود کۆمەڵگەی نێشتەجێبوون لە بەشێک لە غەززە، بە تایبەت لە باکووری کەرتەکە درووست بکات و هاووڵاتیانی غەززە دەربکات... یاخود دوای کاولکردنی تەواوی غەززە، بە هەندێک ڕێککەوتن، ڕێ بە حەماس دەدات بمێنێتەوە، یان دۆخێکی نا سەقامگیر و هەڵواسراو درووست دەکات بۆ ماوەیەکی درێژ...

https://www.nytimes.com/2023/12/10/world/middleeast/israel-qatar-money-prop-up-hamas.html?fbclid=IwAR1RC4e2NIrB0O9m7GsPa6wcWFjTvsQ4xWEut-nch-31Tm8RR5efqCdDY7Q

 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ