جەنگی درۆنەکان و جیابوونەوە لە سەنگەر

جوگرافیای جەنگی نوێ.. چۆن درۆنەکان شێوازی جەنگیان گۆڕی؟

بـه‌هـرۆز عـیـزه‌ت 2024.02.27 12:01 AM
1024 جار خوێندراوەتەوە

 ‏‎بە درێژایی مێژوو، تایبەتمەندی جەنگەکان  گۆڕانکاری بنەڕەتیان بەسەرداهاتووە هەر بوویە ئاشنابوون و ئاگابوون و زانینی گۆڕانکارییەکان و پێشبینیکردنیان گرنگییەکی ژیانی هەیە. جەنگ بەشێوە کلاسیەکیەکە لەوسەردەمدا بەئەندازەیەکی یەکجار زۆر ماناکەی لەدەستداوە  تایبەتمەندی و خەسڵەتی جەنگەکان تەواوگۆڕاون.
‏‎یەکێک لە گۆڕانە گرنگەکان  زیادبوون فراوانبوونی جەنگی شارەکانە ئەگەر چی کە ئەمە شتێکی نوێ نییە بەدرێژایی مێژوو بونیان هەبووە،ئەما دوای جەنگی دژە تیرۆر ئەو جۆرە جەنگانە زۆر زیاتربوون وە لەو چوارچێوەشدا شاهدی جۆریکی نوێ لە جەنگی شارین لەوسەردەمدا  کە چەکە پێشکەوتوەکان بەتایبەت درۆنەکان نەقش و ڕۆڵی یەکلاکەرەوە و سەرەکیان تێدا هەیە !
‏‎ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆنەکان )لە شەڕە ناوخۆییەکان و ململانێ ناوچەییەکان و چالاکی و ئۆپەراسیۆنە سەربازیی و هەواڵگرییەکان ئاماژەیە بۆ بەهای درۆنەکان لە شەڕەکانی داهاتوودا.
‏‎درۆنەکان پەنجەرەیەکی بێ سابەقیان بەڕووی جەنگی مۆدێرن دا کردۆتەوە.
‏‎یەکەم بیرۆکەی بوردمان کردنی ئاسمانی  بەبێ سەرنشین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٣٩، کاتێک سەربازانی نەمسا بە باڵۆنی بێ سەرنشین کە تەقەمەنییان تێدابوو هێرشیان کردە سەر شاری ڤێنیس.جێگای سەرنجە  بەشێک لەو باڵۆنانە گەیشتنە ئامانجەکانی دوژمن .بەڵام زۆربەیان بە هۆی گۆڕانی ئاراستەی با گەڕانەوە بۆ هێڵی هێزەکانی خۆیان و پێگەکانی هێزەکانی نەمسا یان بۆردومان کردەوە!.
‏‎دواتر هەنگاو دوای هەنگاو تا گەیشت بە فرۆکە و پیشەسازی فڕۆکە فراوانبوو تا گەیشت بەو سەردەمە کە سەردەمی درۆنەکانە کە دەبینین کە شیۆازی جەنگیان گۆڕیوە !

‏‎لەدوای جەنگی دژ بە تیرۆر بە سەرکردایەتی ئەمریکا،درۆنەکان نەقشی گرنگ و یەکلاکەرەوەیان هەبوو لە مەیدانی جەنگ و ئۆپراسیۆن و چالاکی و نێچیرەکان ئێتر لەوکاتەوە بەشێوەیەکی فراوان لەلایەن ئەمریکا لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی جیهان، 
‏‎لە پاکستان، سۆماڵ، یەمەن، عێراق، ئەفغانستان و سوریا بەکاردەهێنریت .
‏‎سەرەتا تەنیا دەوڵەت بەهێزەکان خاوەنی بوون بەڵام لەئیستادا زۆرێک لەدەوڵەتان تەنانەت ئاکتەر نادەوڵەتیەکان ومیلیشیا و بزوتنەوە رزگاریخۆاز و گروپە تیرورستیەکانیش خاوەنی درۆنن . کەواتە ڕۆڵی درۆنەکان  لە جەنگدا لە هێرشی سنوردار و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە گۆڕا بۆ بەشداریکردن لە شەڕی باڵاتر. 

‏‎درۆنەکان لە ئێستادا :
‏‎ بوونەتە چەکێکی کارا و کاریگەر لە جەنگی مۆدیرندا، جۆر و تایبەتمەندیی و مۆدێلی جۆراوجۆریان هەیە. 
‏‎وە لە بواری جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێن. بەتایبەت بواری سەربازیی و هەواڵگریی.
‏‎درۆنەکان تەکنەلۆژیای بەرزن کە لە دوورەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن بە نوێترین تەکنەلۆجیای سەردەم تەیارکراون و تایبەتمەندی جۆراوجۆر و تایبەتیان هەیە .بەپێی ئامانجەکانیان .
‏‎ کە بۆ ئامانجی جۆراوجۆر  بەکاردەهێنرێن. لەلایەن دەزگا هەواڵگری و سەربازییەکان پلانیان بۆ دادەنرێت و جێبەجێ دەکرێن لە دژی ئامانجە گرنگەکان کە لەسەر بنەمای هەواڵگری دەستنیشانکراون کە بەپێی زانیارییەکان لەڕێگەی چەندین سەرچاوەوە وەرگیراون، لەنێویاندا مرۆیی و تەکنولوژیی .
‏‎ئەگەر چی هەر لەسەرەتایی بەکارهێنانیان بەشێوەیەکی فراوان لە جەنگی دژ بە تیرۆر چەندین ڕەخنەی بەدوای خۆیدا هێنا. چوون درۆنەکان لە جەنگی شارەکان بەکاردەهێنران بۆ کوشتنی تاکەکان یان لەناوبردنی ئامانجەکان لەناو خاکی وڵاتانی دیکەدا، ڕەخنە و پرسیاری گرنگ و جۆراوجۆری وڕوژاندووە. 
‏‎-لەوانە مەسەلەی سەروەری دەوڵەتان .
‏‎-قۆرخکاری و بەکارهێنانی هێز ،بەرامبەر بە تاکەکانی ناو دەوڵەتانی دیکە، هەندێک کات بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی شەڕ.
‏‎-لەگەل مەسەلەی کاریگەرییە تەکنەلۆژی، دەروونی، ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و یاساییەکان،جگە لە کوژرانی خەڵکیکی زۆری مەدەنی بێتاوان لە ئەنجامی هێرشی درۆنەکان.

بنكه‌یه‌كی فرۆكه‌ی درۆنی فه‌ره‌نسی ـ نایجه‌ر ـ ئه‌فریقا

‏‎-وە بێمتمانەیی و ترس و نادڵنیایی زیادبوونی قوربانیانی مەدەنی و هەڕەشە بۆ سەرسیستەمی وڵاتان .
‏‎ -بەجۆریک هەندێک  بەکارهێنانی درۆنەکان بە کاڵبوونەوەیی سنوور و چوارچێوە یاساییە کارپێکراوەکان - یاساکانی مافی مرۆڤ، یاساکانی جەنگ و یاسای کارپێکراو بۆ بەکارهێنانی هێزی نێوان دەوڵەتەکان..وێنادەکەن.
‏‎ -ئەمە سەرەڕای ئەوەی فراوان بوونی ئەو شێوازە لەجەنگ چارەسەرکردنی ململانێکان لە ڕێگەی ئاشتیانە قورستر دەکات  و ئاشتی و ئاسایشی جیهان بە شێوەیەکی جدی دەخاتە مەترسییەوە.
‏‎لە ئێستادا زیاتر لە ٨٠ وڵات خاوەنی  تەکنولوژیایی درۆنن  بەڵام زیاتر بۆ مەبەستی سیخوڕی بەکاریان دەهێنن. ڕەنگە دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت کاتێک ئەم وڵاتانەش دەست بکەن بە بەکارهێنانی درۆنەکان  بۆ ئامانجگرتن.ئەمە سەرەڕای ئەوەی بڵاوبوونەوەی درۆنەکان لە نێوان ئەکتەرە توندوتیژەکانی نادەوڵەتیدا نیگەرانییەکی بەرچاوە. 
‏‎توانای کڕین، بەردەستبوون و سادەیییان سەرمایەیەکی گرنگ بۆ گروپە نادەوڵەتییەکان، لەوانەش گرۆپە تیرۆریستیەکان .
‏‎درۆنە نوێیکان وردە وردە زیرەکتر دەبن و ناتوانرێت دەستنیشان بکرێت، ئەمەش ڕەنگە بەشێوەیەکی جددی  هەڕەشەی نوێ بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان و سەقامگیری دروست بکات.
‏‎جوگرافیای جەنگی نوێ:
‏‎ئەم شەڕەی کە درۆنەکان تێدا بەکاردەهێنرین ،جوگرافیایەکی جێگیر نییە.
‏‎دەتوانێت لە هەر شوێنێکدا بجوڵێت، لە هەر شوێنێک کە ئامانج و گومانێک هەبوو  زۆرجار سنوورانەکان دەبەزێنن بەبێ گوێدانە ئەوەی ناوچەی مەدەنی بێت یان ناوچەی نیشتەجێبوو،
‏‎جەنگی درۆنەکان :
‏‎جوگرافیایی جەنگ بە شێوەیەک پێناسە دەکاتەوە کە بۆشاییەکی دیار لە یاساکانی جەنگدا ئاشکرا دەکات یاساکانی جەنگ سنوورێکی دیاریکراویان هەیە بۆ ئەوەی کە لە کوێدا کارپێدەکرێت.
‏‎ئامانجە ڕەواکان:
‏‎درۆنەکان  ئامرازی کوشندەن لە دژی هەر ئامانجێکی خوازراو. بەڵام پێوەرەکان چین بۆ ناسینەوەی کەسێک و گروپێک ...وەک ئامانجێکی شەرعی بۆ لێدانی درۆنەکان ؟ چۆن ئەم ئامانجانە لەسەر زەوی دەستنیشان دەکرێن، کێ پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوان ئامانجی ڕاستەقینەن!!.
‏‎بێگومان هەموو ئەوانە لەژێر رۆشنایی زانیارییە هەواڵگرییەکان پراکتیزە دەکرێن.بەڵام مەرج نیە هەمووکات ئەو زانیارییانە و ئەو هێرشانە دقیق بن !!

سه‌ربازێكی ئۆكرانی درۆنێكی بچوك بۆ سه‌نگه‌ره‌كانی ڕوسیا هه‌ڵده‌دات

‏‎بەدەستهێنانی هەواڵگریی متمانەپێکراو و وورد و کرداری ئەرکێکی قورسە کە دەزگایەکی هەواڵگری بەزەحمەت بەدەستی دەهێنێت و بەمەش بەرپرسیارێتی زیاتر دەخاتە سەر سەرکردایەتی سیاسی بۆ حوکمدانی ژیرانە و بە وریایی بەکاریبهێنێت. 
‏‎بێگومان ئەو زانیارییە هەواڵگرییەی کە بۆ ئەنجامدانی هێرشی درۆنەکان ئامادە دەکرێن ، ڕەنگە تاڕادەیەک زۆر وورد و دقیق بن !بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا دروست نین!.
‏‎جەنگی درۆنەکان و جیابوونەوە لە سەنگەر:
‏‎جەنگ یا ئۆپەراسیۆنەکانی درۆنەکان پێشکەوتنێکی ناوازەن بە بەکارهێنانی ئامێری تەکنیکی کە لە دوورەوە ڕێنمایی دەکرێن لەدووری هەزاران میل کە دانیشتوون. دوور لە سەنگەرە گەرمەکانی جەنگ ، لەناو ئاسوودەیی پارێزراو و ئارام لە ژوورێکی ئۆپەراسیۆن . 
‏‎ئەم دورکەوتنەوە  فیزیکییە لە بەرەکانی جەنگ لە جەنگی مۆدێرن و  کوشتنی مرۆڤ وەک یارییەکی ڤیدیۆیی لێکردوە ، بە شێوەیەک کە پیرۆزی و ڕێزگرتن لە ژیانی مرۆڤ ناهێڵێت .وە بێبایەخکردنی تەواو بە ئازار و ئازارەکانی ئەو کەسانەی کە بەبێ هۆکار دەبنە قوربانی .
‏‎ ئەم دابڕانە جەستەییەی جێبەجێ کەرانی ئۆپەراسیۆنەکان  یان بەڕێوەبەرانی درۆنەکان ، کە ڕەنگە هەرگیز لە دەرەوەی وڵاتەکانی خۆیان نەبووبن و ڕەنگە هەرگیز هیچ کۆمەڵگایەکی دیکەیان نەناسیبێت، پێدەچێت جەنگ وەک یارییەکی ڤیدیویی ببینن ، بێهەست بە کاریگەرییە مرۆیی و دەروونییەکانی لەسەر مرۆڤایەتی و کۆمەڵگا. 
‏‎ بۆ ئەوان تەنها شاشەیەکە  کە هیچ هاوارێک نابیستن، خوێن نابینن، شایەتحاڵی هیچ ئازارێک نین و بۆنی هیچ دوکەڵێک ناکەن. ئەم جۆرە جەنگە لە دوورەوە زیاتر و زیاتر پەرە بە کوشتن دەدات بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر و زیاتر . لەبەرامبەریشدا  هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانی جێبەجێ کار  دروست ناکات .
‏‎قوربانیانی جەنگ:
‏‎هەموو وڵاتان لە هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانییاندا هەستیارن  بەرامبەر بە سەلامەتی و پاراستنی گیانی سەربازەکانی خۆیان .چوون جەنگەکان دوای خۆیان چەندین کاریگەری خراپ بەجێ دەهێلن کاریگەری دەروونی جددی لەسەر میللەتان دروست دەکەن . 

ئه‌ردۆغان ئیمزا له‌سه‌ر درۆنێكی به‌یره‌قداری توركی ده‌كات

‏‎بویە وڵاتە پێشکەوتوەکان لەو سەردەمدا زیاتر پەنا بۆ ئەو چەکە سەردەمیان ئەبن بەتایبەت درۆنەکان بۆ ئەوەی  لە مەترسییەکانی بەرەکانی جەنگ دووربن .
‏‎ئەگەر چی خەلکی مەدەنی بی تاوان یەکجار زۆر لەو هێرشانە دەبنە قوربانی بەڵام چون سەربازەکانی خۆیان پاریزراون  زۆربەیان ئاسوودەن پێی.بەبێ هیچ تێچووێکی مرۆیی بۆ دەستدرێژکار. 
‏‎تەکنولۆژیای درۆنەکان  و دژە درۆنەکان  بووەتە ئامرازێکی گرنگ لە بەرەکانی جەنگی مۆدێرن و دەرئەنجامی ململانێکان تادێت بەندە بە باڵادەستی ئەم سیستێمانەوە. 
‏‎بەتایبەت لەم دواییانەدا لەجەنگی دووەمی قەرەباخی ئازەربایجان وە جەنگی حەماس وئیسرائیل و روسیا و ئۆکرانیا زۆر بەفراوانی بینیمان .


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ