پلانی ئێران بۆ كورد له‌ عێراق و سوریا چى تێدایه‌ ؟

ململانێیه‌كی نوێ.. ئێرانییه‌كان له‌ بۆسه‌دان بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ توركیا

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2024.06.12 11:00 PM
5051 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

هاوژین نه‌وزاد
تا نیووەی یەکەمی ساڵی 2023 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و ئیمارات 47 ملیار دۆلاری تێ پەڕاندبوو. بە کۆی گشتی چین لەگەڵ وڵاتانی دیکەی کەنداو قەبارەی بازرگانیان گەیشتبووە 168 ملیار دۆلار. کەچی لە هەمان ئەو ماوەیەدا قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئێرانی دۆستی ستراتیژیدا تەنها حەوت ملیار و نیوو دۆلار بووە! ئەو ڕێژەیە بەراورد بەو بەروارەی ساڵی 2022  سەدا 8 کەمی کردووە.
ئەمانە مەترسی بوون و هەر زوو ئێرانییەکان هەستیان پێ کرد. پێشبینی گۆڕانکاری نەرێنیان دەکرد لە مەیلی چینی دۆستیاندا.
ئەو چاوەڕوانییە زۆری نەخایەند و چینی دۆست، له کێشەی دوورگەی "ئەبو موسا" سێ لایەنەی نێوان (ئێران، ئیماڕات، سعوودییە)دا پشتی ئێرانی بەردا و ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە ئیماڕات کرد، ئەمەش واتا پشتیوانی لە سعوودییە.
ئێرانییەکان بە شێوازی دیبلۆماسی، نیگەرانی خۆیان گەیانده پەکین، بەڵام هەڵوێستی پەکین نەگۆڕ بوو.

ئێران بێ چارەسەر مایەوە، دەیزانی لە بەرامبەر چیندا جیا لە چەکی دیبلۆماسی هیچ چارەیەکی دیکەی نییە، چونکە چین یەکێکە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، مانەوەی چین وەکوو دۆستێک لەو ئەنجومەنەدا بۆ ئێران زۆر بە بایەخە. هەروەتر لە کۆڕبەندی ئابووریی شەنگەهای کە ئێران وەکوو کڵاوڕۆشنەیەکی هیوا لێ دەڕوانێت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە ئابوورییەی کە چەند ساڵێکە بەرۆکی گرتووە، چین قسەی یەکلاکەرەوە دەکات لە بڕیاری کۆڕبەندەکەدا.

نه‌خشه‌ی سێ دوورگه‌ جێگه‌ ناكۆكه‌كه‌ی نێوان ئێران و ئیمارات

لەو ڕەهەندەشەوە ئەگەر ئێران لەڕێی توانا سەربازییەکانییەوە خۆی بە زلێهزی ناوچەکە بزانێت، بەڵام لە ئاستی توانا سەربازییە سەردەمییەکەی چیندا، باس نەکردن و نمایشنەکردنی ئەو کارتە باشترە لە باسکردنی.
هەروەها ئێران بیری لەوەش کردووەتەوە ئەگەر بیەوێت بە سەرزارەکیش دژی چین هاوسۆزی بۆ تایوان دەرببڕێت، چین دەتوانێت تەنها بە پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێراندا، هێندەی دیکە قەیرانە ئابوورییەکانی لێ قوڵتر بکاتەوە.

ئێرانییەکان دەزانن چینییەکان ئامادەن لە پێناوی بەرژەوەندی ئابوورییاندا، تکا و تەکلیفی نزیکترین دۆستیان کە ڕووسیایە ڕەت بکەنەوە، بە نموونە کاتێک پۆتین چەندین جاران ڕایگەیاند ڕووسیا و چین گیانێکن لە دوو جەستەدا، و فەرمانی دا تا نەوتی ڕووسیا بە نرخێکی زۆر کەمتر بدرێت بە کۆمپانیا چینییەکان. 
هەموو ئەو هەوڵانەی ڕووسیا لەو پێناوەدا بوو کە چین یارمەتی سەربازی پێشکەوتوو پێشکەشی ڕووسیا بکات؛ بەو یارمەتییانە شەڕی ئۆکراین لەبەرژەوەندی ڕووسیا یەکلا دەبوویەوە، بەڵام شی جی پینگی سەرۆک، لە پێناوی مانەوەی پەوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، تا ئێستا بەدەم داواکارییەکەی پۆتینەوە نەهاتووە.

سه‌رۆكی چین و ئیمارات له‌ هۆڵی گه‌ل ـ په‌كین ـ 2024.5.30

پۆتینیش لە دۆخێکی تەواو نیگەراندایە و زوو زوو باسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دێنێتە مەیدان، تا لە لایەکەوە فشار بخاتە سەر چین، کە ئەگەر ڕووسیا پەنا بۆ چەکی ئەتۆمی ببات، ئابووریی جیهان کە چین پێکهێنەرێکی سەرەکییەتی، زیانێکی زۆری بەردەکەوێت.
ناچار ئێرانییەکان کە ئەم بڕیارەی چینیان لەسەر ئەو دوورگە گرنگەیان زۆر لە لا گران بوو، کەوتنە تۆڵەکردنەوە لەوانەی ئەو کێشەیان درووست کردووە. کە ئەو لایەنەش تورکیا و ئەردۆگان بوون بە پلەی یەکەم.
ئێران سەرەتا لە ناوخۆی خۆیەوە دەستی کرد بە لە سێدارەدانی هەموو ئەو بەندکراوە مەزهەبییانەی کە لەسەر داوای ئەردۆگان چەندین ساڵ بوو بڕیاری لە سێدارەدانیان وەستێنرا بوو.

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەم دواییەی وڵاتەکەشیدا، لەو شارانەدا کە دانیشتوانەکەی تێکەڵەیەکن لە کورد و تورک، زۆرینەی بەربژێرە کوردەکانی سەرخست و ڕێژەی کورسی تورکەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەیدا کەم کردەوە. هەروەها لە شارەکانی کرماشان کورسی کوردەکانی زیاد کرد و کرماشانی بە یەکجاری دایە دەستی نوێنەرانی کوردی ڕژێمەکەی.
لە دەرەوەش، تۆڵەکردنەوەکە بە شێوازێک بوو، کە لە شادەماری نیگەرانی تورکیای دا.
ئێران ئاسانکاریی بۆ کوردەکانی باشووری کوردستان کرد و فشاری لە حکومەتی ناوەندی عێراق کرد کە بگاتە نیمچە ڕێکەوتنێکی ئابووریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان. لەم دواییەشدا هانی حکومەتی هەرێم و پارێزگا کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دا (کرماشان و سنە و ورمێ) کە پەرە بە پەیوەندییە ئابووریی و کلتوورییەکانی نێوانیان بدەن.

ده‌نگدانی خامنه‌یی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایان ـ 2024.3.1

هەروەها ئەو فشارەشی لە حکومەتی عێراق کرد، کە ڕێژەی سوپای عێراقی لە سنووری شەنگال کەم بکاتەوە، تا هێزەکانی یەپەشەی نەیاری تورکیا زیاتر دەست ئاوەڵا ببن و خۆیان بەهێزتر بکەن.
ئێران بەوانەوە نەوەستا، لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریاشدا، لە ناوچەکانی دێرەزوور جموجۆڵە چەکدارییەکانی هۆزە نزیکەکانی خۆی بە ڕێبەرایەتی ئیبراهیم هەفڵ ڕاگرت، کە دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات نزیک بە ساڵێکە لە پێکدادانی ناوبەناوندان.
هەروەها لە جوڵەیەکی شۆکهێنەردا بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا پێشنیار دەکات بۆ ئەندامانی حیزبی بەعسی سووریی، کە دەبێت دەست بە دانووستان بکرێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. (هەر چەند ڕەنگە ئێران لەمەیاندا سەرکەوتوو نەبێت، بەوەی ئێرادەی دیمەشق هێندەی لەژێر فرمانی مۆسکۆدایە، هێندە لەژێر کاریگەری تاراندا نییە.)
ئێران، بەم کارانە چەند خاڵێکی ئەرێنی بەدەست دێنێت:
یەکەم: تورکیا ناچار دەکات، بیر لەوە بکاتەوە مەیل بداتەوە بە وڵاتانی ڕۆژئاوا. کە ئەمەش تورکیا تووشی گرفتی بێ متمانەیی زیاتر دەکات لە لای ڕووسیا بۆ کێشەکانی قەفقاز و سووریا و بازرگانی گازی سرووشتی، کە لە داهاتوودا بە زیانی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی تورکیا تەواو دەبێت.
دووەم: لە ئاستی ناوخۆدا بەو ستراتیژە کورتمەودایانە، تا ئەندازەیەک متمانە دەگڕێنێتەوە بۆ کوردی وڵاتەکەی، کە ئاستی ئەو متمانەیەی کورد بە دەسەڵاتی ناوەندی تاران لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی پایزی ساڵی 2022 دا نزیک ببووەوە لە سفر!
تاران چاوەڕێ دەکات لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیدا، ڕێژەی بەشداری کورد زیاد بکات.

شاری سنه‌ ـ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

سێیەم: هەنگاوی دۆستایەتی ئێران و حکومەتی هەرێم دەبێتە مایەی سەقامگیری زیاتر بۆ سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران.
چوارەم: نزیبکوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، دەستی تورکیا لە عێراق کورت دەکاتەوە. هەرچەند تورکیا چەند جار لە زاری وتەبێژی حکومەتەکەی و وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگرییەوە، بە ئاشکرا ئەوەیان ڕایگەیاندووە، لە ئۆپڕاسیۆنی ئەمساڵیان بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پشتیوانی ئێرانیان بەدەست هێناوە، بەڵام هیچکام لە بەرپرسانی تاران، ئاماژەیان بە شتی وا نەکردووە و ڕەنگە ئەو قسانەی تورکیا لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا بێت دژی کورد نەک زیاتر.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ