چاره‌نووسی كورد له‌سه‌ر هێڵی ئاسنى به‌سره‌ ـ ئه‌وروپا

پرۆژه‌ی تێكدانی هیلالی شیعى.. ئه‌و شه‌ڕه‌ گه‌وره‌ چییه‌ یه‌خه‌ی كوردستان ده‌گرێت؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2024.06.27 08:26 PM
2156 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

+ دوای 510 ساڵ، شەڕی چاڵدێران لە بەرگێکی مەرگەساتتردا لە ساتەوەختی دووبارە بوونەوەدایە.
+ خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل، پەراوێز دەخرێت و دەبێت بە دەروازەیەکی لاوەکی.
+ بە تەواوبوونی هێڵی ئاسنی بەسڕە_موسڵ _ بەندەری جەیهانی تورکیا، هیلالی شیعەی ئێران تێک دەچێت.
+ وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ دڵدانەوەی تورکیا ئاسانتر و بێ کەستریان لە کورد دەسناکەوێت، کە بیکەنەوە بە قوربانی ململانێکانیان.
+ کورد بەهۆی دووربوونی لە فەلسەفە و زانستە مرۆڤایەتییەکان، خاوەنی بیرکردنەوەی خۆی نەبووە و هەمیشە ڕۆڵی مقاشی پێ دراوە.
+ پێشینی دەکرێت، ئەمجارەشیان شەڕی بە وەکالەتی ئێران و تورکیا لەسەر خاکی کوردستان قۆناغی کارەساتبارتر بەخۆوە ببینێت.
هێشتا ئێران سەرقاڵی تۆڵەی دوورگەی "ئەبوو مووسا"یە لە تورکیا، کە نێوەندگیر و ئاسانکاری کرد بۆ ئیماڕات تا چین لە کێشەی ئەو دوورگە پڕ خێرەدا، دژی ئێران پشتگیری ئیماڕات بکات. ئەوا کێشەی ڕێڕەوی بەسڕە_موسڵ_بەندەرەی جەیهان ـ ئه‌وروپاشى هاتەسەر.
تورکیا دەیەوێت لەڕێی درووستکردنی هێڵێکی ئاسنەوە بەندەری جەیهانی تورکی بە بەندەری بەسڕەوە ببەستێتەوە.
بە تەواوبوونی ئەو ڕاڕەوە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلی هەرێمی کوردستان، لە دەروازەیەکی سەرەکییەوە دەبێت بە دەروازەیەکی لاوەکی. بەڵام دیارە کاربەدەستانی هەرێم لەبەر بەرژەوەندی پشکی کۆمپانیا تایبەتەکانی خۆیان لەو هێڵە بازرگانییەدا، وەک هەمیشە بیریان لای بەرژەوەندیی گشتی نەمابێت.

نه‌خشه‌ی پرۆژه‌ ڕێگای گه‌شه‌پێدانی ستراتیژیی (رێگای حه‌ریری عێراقی)

ئێران دەزانێت ئەو ڕاڕەوە هیلای فکری و بازرگانی ئێرانی شیعە تێک دەدات و دایدەبڕێت لە سووریا و لوبنان و فەڵەستین.
لەبەرامبەردا دەبێت بە سەرچاوەیەکی داهاتی باش و ئەوەدانکردنەوەی ناوچە سوونەنشینەکانی عێراق.
ئێران لە ڕێگای هێزەکانی نزیک بە خۆی لە عێراق و سووریا و لوبنان و فەلەستین و یەمەنەوە ڕێگا نادات ڕێسێکی چل ساڵای لێ بکرێتەوە بە خوری.
ئەوەی پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە بە پلەی یەکەم، دۆخی کوردە لە چوارچێوەی عێراقدا.
ئێران لە عێراقدا لە هەوڵی بەکارهێنانی چەکێکی کاریگەر و کەمتێچووە بۆ تێکدانی پڕۆژەی ڕاڕەوی بەسڕە ـ موسڵ ـ بەندەری جەیهانی تورکی، ئەویش یەکخستن و بەکارهێنانی هێزە کوردییەکانە دژی گەلەکۆمەکی تورکیا و وڵاتانی سوونی.
درووستکردنی ئەو ڕاڕەوە گرنگی تایبەتی هەیە بۆ بوژانەوەی ئابووریی تورکیا، بۆیە تورکیا تەواوی هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە، بەڵام بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکەی و لەناوبردنی ڕێگریکاران، پێویستی بە ڕێگاپێدان و نیەتپاکی و پشتگیری وڵاتانی ڕۆژئاوایە.

"بە با بێت یان بە باران لە تەمەنی بەفر کەم دەبێتەوە" وڵاتانی ڕۆژئاواش بەدوای قوربانییەکی ئاساندا دەگەڕێن کە نزیک و دوور لێکەوتەی خراپی نەبێت بۆ ئەو بانگەشە دیموکراسییەی کە خۆیان بە پێشڕەوی دەزانن. ئەوەتا بۆ نیشاندانی نیازپاکیان چاو دادەخەن لە ئاستی کوشتار و ئاوارەکردنی زیاتری کورد و سوتاندنی خاکی کوردستان لە باشوور و ڕۆژئاڤا.

ئێرانییه‌كان به‌ ئاسانی رێگه‌ناده‌ن ڕێسێکی چل ساڵَه‌یان لێبکرێتەوە بە خوری


کاریگەرترین لایەنی پشتیوانیش لە دۆزی کورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، بریتین لە حیزب و ڕێخراو و کەسایەتییە چەپەکان، بەڵام ئەمڕۆ ئەوان لە لاوازترین دۆخی ژیانی سیاسیاندان و ڕێژەی لایەنگر و دەنگدەریان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو دابەزین چووە!

ئەو شەڕە چاوەڕوانکراوە، کە ئێستا سەرەتاکانی بەدیار کەوتووە، خۆی دەبینێتەوە لە: تەقاندنەوە و سوتاندی ئەو بیرەنەوت و پاڵێوگە و بازاڕ و مۆڵ و گەنجینانەی سەرچاوەی داهاتن بۆ لایەنە نزیکەکانی نەیارەکەیان.
ئەوەشی گریمانەیە بۆ ڕۆژانی دادێ بریتییە لە: زیندووکردنەوەی داعش و هاوشێوەکانی، فڕاندن و تیر؛ۆر، شەڕی مەزهەبی، شەڕی خێڵە کورد و عەرەبە سنوونەکانی سنووری موسڵ و دواتریش سەرکێشان بۆ شەڕی کورد و عەرەب.
له کۆتایشدا، وێران بوونی سەرخان و ژێرخانی ئابووریی هەرێم، کە هەرێمی کوردستان بە پەنجا ساڵ دەخاتە دواوە.
لە ناکۆکی ئەم دوو دووژمنە مێژووییەدا، کورد وەکوو هەموو قۆناغەکانی ڕابردوو، دۆڕان بەشی دەبێت، لەبەر چەند هۆکار:
ـ شەڕە "ئەودیوو سنوور"ەکە لەناو خاکی کوردستان دەبێت، هاوشێوەی شەڕی چاڵێدان!
ـ هێزە کوردییەکان بە دابەشبوویی یاریپێکراوی سەرەکی هەر دوولایەنی شەڕکەرن.
ـ هێزی چەکداری پاراستنی هەرێمی کوردستان، بە هۆی دەستوەردانەکانی بیست ساڵەی پارتی و یەکێتی وەکوو دوو هێزی پێشڕەوی کورد، هێندە بێ دیسپلین و ناتەبان، کە توانای بەرگری و پاراستنی خۆشیان نابێت، چ بگات بە پاراستنی سنوور و ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی گرووپی تیرۆرستی ئامادەکراو و شەڕی خێڵ و ئاخۆران و بخۆران.

كورد له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری پرۆژه‌ و پیلانى وڵاته‌ ئیقلیمیه‌كان ده‌كات


ـ وەک هەمیشە زۆرینەی پارتە کوردییەکان لە باشووری کوردستان، کە ڕێخراوەی کۆمەڵگای کوردیین، سەرقاڵی کۆکردنەوەی دۆلار و شاخ داگیرکردنن، ئەوەی ئاگاداری نەبن سیاسەتی نیشتمانییە.
ئەم سەرلێشێواوییەی سیاسەتی کوردی لە ئێستادا، بیرخەرەوەی ئەو بەیتە شیعرەی هێمنی موکریانییە، کە بۆ دۆخی ئەمڕۆشمان زۆر گونجاوە، کە ساڵی 1977 نووسیویەتی: 
"لە مەیدانی شەڕانخێوی خەباتی قەڕنی بیستەمدا
سەرم سووڕما کە ئەسپی سووکەسواری کوردی بۆ وەستان
وەڵامی دامەوە پیرێکی ئازادەی جهاندیدە:
خەتای سواران نەبوو پێش سوارەکانمان قورس و ناوەستان"
ـ تاکی کوردیش کە کاری لەسەر کراوە بۆ بە سووک ڕووانینە ناسنامە کوردییەکەی، ناتوانێت هیچ بانگەواز و کۆدەنگییەکی نیشتمانی کۆی بکاتەوە.
ـ هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش لە باشوور، هێندە لاواز و بێ‌ئاگان لە فکر و دنیابینی سیاسی، کە توانای سوودوەرگرتنیان نییە لە هیچ دەرفەت و قۆناغێک بۆ گۆڕینی واقیعی سیاسی ئێستا.
ـ لە سەد و پەنجا ساڵی ڕابڕدووە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، کورد ئاگاداری فەلسەفە و زانستە مرۆڤییەکان نییە، بگرە هەندێکجار وەکوو کارێکی نەفرەتلێکراو  و سەرلێشواو باسی کردووە، ئەنجامەکەی ئەوەیە کورد خۆی نەناسیووە و خاوەنی ڕوئیایەکی تایبەت بە خۆی نەبووە و نییە، تا لەڕێگای ئەو ڕوئیاوە، ژیرانە دۆست و پشتیوانی بەهێزی دەرەکی پەیدا کردبێت، لە فێڵ و تەڵەکەبازی دووژمنەکانی خۆی بپارێزێت.
بۆیە کورد هەمیشە گرەوی لەسەر ئەسپی دۆڕاو کردووە. لە گۆی زەویدا ئەوە کوردە دەبێت بە پشتیوان و هاوسۆزی ئەو لایەنانەی کە دۆڕاوی شەڕ و بارودۆخی سیاسین! وەکوو: فەڵەستین، ئەرمینیا، ئەمازیغییەکانی باکووری ئەفریقا، هێزه چەپەکانی ڕۆژئاوا.
هاوژین نه‌وزاد


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ