دواى ڕاوه‌ستانى جه‌نگى عێراق- ئێران له 8 ئابى 1988، عێراق توشى ته‌نگژه‌ى ئابورى هات، له‌ناوخۆشدا ناڕه‌زایی‌و بێزارى خه‌ڵك په‌ره‌ى سه‌ندبوو بۆ ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕان بۆ ڕوخاندنى ڕژێم، بۆ داپۆشینى ئه‌و شكسته ئابورى‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ى كه به‌سه‌ر حكومه‌تى عێراقدا هاتبوو، حكومه‌تى عێراق بڕیارى داگیركردنى كوێتى دا، له 2 ئابى 1990 داگیریكرد( 1). داگیركردنى كوێت كاردانه‌وه‌ى هه‌رێمى‌و نێوده‌وڵه‌تى به‌دواى خۆیدا هێنا‌و ته‌نانه‌ت كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژى 12 كانوونى دووه‌مى 1991 بڕیارى به‌كارهێنانى هێزى له دژى عێراقدا( 2)، مۆڵه‌ت به عێراق درا كه تا 15/1/1991 له كوێت بكشێته‌وه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق گوێیان به‌م داوایه نه‌دا، بۆیه ئه‌مه‌ریكا‌و هاوپه‌یمانه‌كانى له‌شه‌وى (16-17/1/1991) هێرشى ئاسمانیان بۆ سه‌ر عێراق ده‌ستپێكرد، هه‌تا ڕۆژى 26/2/1991 به‌رده‌وام بوو، له ئه‌نجامدا عێراق له كوێت ده‌ركرا‌و زه‌ره‌رو زیانێكى گه‌وره‌ى گیانى‌و ماددى‌و مه‌عنه‌وى به‌ر سوپاى عێراق كه‌وت( 3)، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له (15/2/1991) داواى له خه‌ڵكى عێراق كرد كه له‌دژى (سه‌دام حسێن) ى دیكتاتۆر ڕاپه‌ڕن‌و بیڕوخێنن(4 )، ئه‌مانه‌و چه‌ندین هۆكارى دیكه، چ نێوخۆیی‌و چ ده‌ره‌كى بو به‌هۆى ئه‌وه‌ى ڕاپه‌ڕین له عێراق و باشورى كوردستان ده‌ست پێبكات(5 ).
سه‌ره‌تا ڕاپه‌ڕین له ناوچه‌كانى باشورى عێراقدا له 28 شوباتى 1991 ده‌ستی پێكرد(6 )، له ناوچه‌ى عه‌مماره‌و زۆرنگاوه‌كانه‌وه به‌ره‌و به‌سرا‌و ناوچه‌كانى دیكه( 7)، دواتر شاره‌كانى ناسرییه، سه‌ماوه، دیوانیه، كه‌ربه‌لا‌و نه‌جه‌ف‌و شاره‌كانى دیكه‌ى گرته‌وه( 8).
سه‌باره‌ت به باشورى كوردستان ( باكورى عیراق)، سه‌ره‌تا ڕاپه‌ڕین له شارى ڕانیه‌وه ده‌ستیپێكرد له 5/3/1991، هۆكارى ده‌ستپێكردنى ڕاپه‌ڕین له ڕانیه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كه سه‌ركردایه‌تى سیاسى به‌ره‌ى كوردستانى وه‌ك یه‌كه‌مین شوێن ده‌ستنیشانى كردبوو كه ڕاپه‌ڕین له وێوه ده‌ست پێبكرێت له‌وباریه‌وه نه‌وشیروان مسته‌فا (1944-2017) نوسیویه‌تى :"ئێمه ڕانیه‌مان هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ى ڕاپه‌ڕین له‌وێوه ده‌ست پێبكرێت، چونكه باره‌گاكانى ئێمه نزیك بوو له‌و ناوچه‌یه، هه‌روه‌ها ڕانیه ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستى كوردستانى عێراقه‌وه، ئێمه بێجگه له ناوچه‌ى ڕانیه نه‌مانده‌توانى له هیچ شوێنێكى تره‌وه هێزه‌كانمان به‌ره‌و هه‌ولێر بجوڵێنین"(9 ). جگه‌له‌وه‌ش جیاواز له قه‌زاكانى دیكه، رانیه تاكه قه‌زا بوو له‌و سنوره‌دا كه تێك نه‌درابێت و دانیشتوانه‌كه‌ى ڕانه‌گوێزرابێت، به‌و شێوه‌یه له ڕۆژانى (5-6/3/1991) شارى ڕانیه‌و چه‌مچه‌ماڵ‌و بازیان‌و ئۆردوگاكانى ده‌وروبه‌رى سلێمانى له ڕ‌ژێمى به‌عس پاك كرایه‌وه، ئه‌مه‌ش بوارى هه‌ڵهاتنى سه‌رباز و پیاوانى ڕ‌ژێمى له ناو شارى سلێمانیدا نه هێشته‌وه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو به‌شێكى زۆریان به دیل ده‌گیرێن ، ئه‌وانه‌شى به‌رگرییان كرد كوژران ( 10).
له ڕۆژى 6 ئازارى 1991 بارودۆخى شارى سلێمانى ئاڵۆزى زۆرى به‌خۆیه‌وه بینى، مه‌فره‌زه‌كانى ئه‌من، ڕێگه‌یان له ئۆتۆمبیل‌و پیاده‌ش ده‌گرت كه به‌ره‌و بازاڕ بڕۆن، هێزى چه‌كدار به چڕى له بازاڕى شارى سلێمانیدا بڵاوه‌یان پێكرا، چه‌كى دۆشكه‌و بیكه‌سیان پێ‌بوو، ئه‌و چایخانانه‌ى كه خه‌ڵكى زۆر ڕویان تێده‌كرد له‌لایه‌ن ده‌زگا نهێنییه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌وه داوایان لێكرا كه دایخه‌ن‌و له‌ناو بازاڕدا هاتوچۆ نه‌كه‌ن، هه‌موو پیاوانى ده‌وڵه‌تیش خرانه حاڵه‌تى ئاماده‌باشیه‌وه(11 ). بۆ ئێواره‌ى هه‌مان ڕۆژ به پێچه‌وانه‌ى ڕۆژانى دیكه‌وه زۆر زووتر دوكانى بازاڕه‌كان داخران‌و شه‌قامه‌كان چۆڵ بوون، چه‌ندین سه‌رباز‌و پۆلیس له‌به‌ر ده‌ركى سه‌را ده‌بینران كه لوله‌ى چه‌كه‌كانیان له شه‌قامه‌كان كردبوو ئاماده‌بون بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكى له ناكاو( 12). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ر له ئێواره‌ى 6 ئازار یه‌كه‌مین خۆپیشاندانى لاوان له كۆڵانه‌كان‌و شه‌قامه‌كاندا به شێوه‌ى په‌لاماردان‌و هه‌ڵاتن ده‌ست پێكرد، چه‌كدار‌و پۆلیس‌و ئه‌منى حكومه‌ت ته‌قه‌ى هه‌واییان ده‌كرد‌و بڵاوه‌یان به خۆپیشاندانى لاوان كرد‌و كشانه‌وه بۆ ناو كۆڵان‌و ماڵه‌كانیان( 13). بۆ كۆنتڕۆڵكردنى بارودۆخه‌كه دام‌و ده‌زگاكانى حكومه‌تى به‌عس چه‌ندین پلان‌و ڕێوشوێنى تایبه‌تیان گرته به‌ر له‌وانه: هه‌ر له ڕۆژى 6 ئازارى 1991، پارێزگارى سلێمانى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى به سه‌رۆك فه‌رمانگه‌كان كرد‌و له وێدا هه‌ڕه‌شه‌ى توندى كردبوو، كه ئه‌گه‌ر خۆپیشاندان بكرێت ئه‌وا به گولله وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه(14 ).
له شه‌وى 6-7/ئازارى 1991 حكومه‌ت بۆ كۆنتڕۆڵكردنى بارودۆخه‌كه، له‌ناو شاردا‌و به شه‌قامه گشتییه‌كاندا به سه‌یاره گه‌ڕا‌و به بڵندگۆ قه‌ده‌غه‌كردنى هاتووچۆى ڕاگه‌یاند( 15)، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ى بڕیارى حكومه‌ت تا به‌یانى هه‌ڵسوڕاوان‌و جه‌ماوه‌رى خه‌ڵك له جموجۆڵدا بوون سه‌ردانى یه‌كتریان ده‌كرد، خه‌ریكى خۆ ئاماده‌كردن‌و په‌یداكردنى چه‌ك بوون( 16).
جێى ئاماژه‌یه كه (ئیزگه‌ى ده‌نگى گه‌لى كوردستان)( 17)، ڕۆڵێكى به‌رچاوى له ڕاپه‌ڕیندا هه‌بوو، له‌مباریه‌وه ئازاد چالاك به‌ڕێوبه‌رى ڕادیۆى ده‌نگى گه‌لى كوردستان له‌وكاته‌دا ده‌ڵێت:"پێش ڕاپه‌ڕین كاك نه‌وشیروان مسته‌فا چه‌ندین وتار‌و نوسینى به پێزى بۆ ناردین، كه تایبه‌ت بو به زانیارى له‌سه‌ر سوپاى عێراق‌و ژماره‌و جۆرى چه‌ك‌و شوێنه گرنگه‌كانیان، داواى لێكردین كه ئاماده‌بین بۆ ڕاپه‌ڕین‌و وتارى حه‌ماسى له ڕادیۆوه بخوێنینه‌وه‌و هانى جه‌ماوه‌ر بده‌ین بۆ ڕاپه‌ڕین‌و وره‌یان به‌رز بكه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌ستمان كرد به ئاماده‌كردنى مارشى سه‌ربازى‌و هاندانى جه‌ماوه‌ر بۆ ڕاپه‌ڕین"(18 ).
ڕادیۆى ده‌نگى گه‌لى كوردستان به‌رده‌وام جه‌ماوه‌ر‌و شانه چه‌كداره‌كانى ناوشارى سلێمانى ئاگادار ده‌كرده‌وه‌و بانگه‌وازى ده‌كرد‌و ده‌یووت (له زمناكۆوه بۆ ئازاد 1720. . . 7ى مانگ زه‌ماوه‌ند بكه‌ن ئێمه‌ش ده‌گه‌ینه لاتان)(19 )، جگه‌له‌وه‌ش ڕادیۆى ده‌نگى گه‌لى كوردستان بانگه‌وازى بۆ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان كرد، داواى ڕێكخستنى ڕیزه‌كانیانى ده‌كرد، داواى له چه‌كدارانى ڕ‌ژێمى به‌عس ده‌كرد كه به‌رگرى نه‌كه‌ن‌و خۆیان به ده‌سته‌وه بده‌ن‌و له‌به‌رامبه‌ردا گیانیان پارێزراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بانگه‌وازى ئاشتبوونه‌وه‌و لێبوردنى چه‌كدارانى سوپاى عێراق چه‌ندجارێك به زمانى عه‌ره‌بى‌و كوردى خوێندرایه‌وه( 20).
له‌پاڵ ڕادیۆى ده‌نگى گه‌لى كوردستان كه زمانحاڵى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان بوو، (ده‌نگى كوردستانیش) كه زمانحاڵى (پ. د. ك) بوو له پێش ڕاپه‌ڕین له ڕێگه‌ى ئه‌و وتارانه‌ى كه بڵاوى ده‌كرده‌وه، كه تایبه‌ت بوو به تاوانه‌كانى ڕ‌ژێمى به‌عس ده‌ورى خۆى هه‌بووه( 21)، به‌ڵام له كاتى ڕاپه‌ڕیندا ڕادیۆى ده‌نگى گه‌لى كوردستان سه‌ركه‌وتووترین ڕۆڵى بینى له هه‌موو ڕادیۆكانى دیكه چالاكتر بووه، زۆرترین گوێگرى هه‌بوو( 22)، ئه‌و كه‌سانه‌ى كه له ڕادیۆى ده‌نگى گه‌لى كوردستان جۆش‌وخرۆشیان به‌به‌ر خه‌ڵكدا ده‌كرد‌و جه‌ماوه‌ریان بۆ ڕاپه‌ڕین هانده‌دا، بریتى بوون له (باست حه‌مه‌غه‌ریب، شوان كابان، چیا‌و چالاك، زێره‌ڤان) ئه‌مانه وه‌ك بێژه‌ر كاریان ده‌كرد‌و وتار‌و هه‌واڵ‌و بانگه‌وازه‌كانیان به زمانى كوردى‌و عه‌ره‌بى‌و توركمانى ده‌خوێنده‌وه، هه‌ریه‌ك له ئازاد جوندیانى، مامۆستا عه‌بدولره‌حمان، عه‌باس به‌درى، مه‌حمود ڕه‌زا) وه‌ك نوسه‌ر‌و داڕێژه‌رى هه‌واڵ كاریان تێدا ده‌كرد‌و ڕۆڵى به‌رچاویان هه‌بوو، ئه‌وانه‌ى له به‌شى هونه‌رى ئه‌و ڕادیۆیه كاریان ده‌كرد (ڕێدار، به‌ختیار، مامۆستا محسن، كرمانج‌و پشتیوان زبێر) بون( 23).
سه‌باره‌ت به ئاماده‌كارى‌و جموجۆڵى ڕێكخستنه‌كانى حزب‌و پارته‌كان پێش ڕاپه‌ڕین، له شارى سلێمانیدا هه‌ر لایه‌نه‌و به پێى توانا‌و قه‌باره‌ى خۆى ئاماده‌كارى بۆ 7/3/1991 كردبوو، سه‌باره‌ت به یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان، سه‌ره‌ڕاى ده‌ستگیركردنى به‌شێكى زۆر له ئه‌ندامانى ڕێكخستنه‌كانى، به‌ڵام جارێكى تر توانیان خۆیان ڕێكبخه‌نه‌وه‌و درێژه به‌كاره‌كانیان بده‌ن، لێپرسراوى یه‌كه‌مى ڕێكخستنه‌كانى (ى. ن. ك) پێش ڕاپه‌ڕین له شارى سلێمانیدا هه‌ر یه‌كه له (ئاكۆ محه‌مه‌د وه‌هبى‌و خالید ڕه‌زا) بون، كاره‌كانیان له ڕێكخراوى سلێمانى هه‌ڵده‌سوڕاند، جگه‌له په‌یوه‌ندى كردن به سه‌رۆك جاشه‌كان‌و چه‌كداره‌كانى سه‌ر به حكومه‌ت، چه‌ندین شانه‌ى چه‌كداریان له ناو شارى سلێمانى دروستكردبوو به‌ناوى (شاڵا‌و)، شانه‌كان له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌كه له (حه‌مه نورى، ئه‌حمه‌دحه‌مه ڕه‌شید) سه‌رپه‌رشتى ده‌كران (24 )، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین په‌خشكراویان بۆ ئه‌ندامان ناردووه، تێدا چۆنیه‌تى ده‌ست به‌سه‌رداگرتنى دامه‌زراوه‌كانى ڕژێم‌و پاراستنى به‌ڵگه‌نامه‌كان ڕوون كراونه‌ته‌وه(25 ).
له 6/3/1991 (كاوه‌ى مامه عه‌به) له ژێر ناوى نهێنى (سته‌م) نوسراوێكى بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ناردووه به نازناوى (مه‌ولود) تێدا زۆر به وردى شوێنى باره‌گاكانى حزبى به‌عس‌و جه‌یشى شه‌عبى‌و هه‌مو ئه‌و مه‌فره‌زانه‌ى به‌عسى كه به ناو شاردا ده‌گه‌ڕان بۆ ترساندنى خه‌ڵك خستبووه ڕوو، هه‌ر له نووسراوه‌كه‌دا هاتووه :"(هێزه‌كانى ئێمه) ئاماده‌ن بۆ ڕاپه‌ڕین، په‌یوه‌ندیان به هه‌موو بنكه‌كانى پۆلیسه‌وه كردووه، هێزه‌كانى ڕژێم تۆقیون‌و نا‌وێرن هیچ بكه‌ن، ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێ به‌رگرى له خۆیان بكه‌ن، دڵنیابن هه‌مومان شه‌هید بین كه‌مه له پێناوى سه‌ركه‌وتنى یه‌كجاره‌كى ڕاپه‌ڕیندا‌و هه‌مومان وه‌ك سه‌ركرده‌كانمان دروشمى گه‌وره‌و هه‌میشه‌ى كه‌م ژیان‌و كه‌ڵ ژیانمان هه‌ڵبژاردووه"( 26).
جگه‌له ڕێكخراوى سلێمانى، هێڵه‌كه‌ى دیكه‌ى ڕێكخستن كه (جه‌مال شێخ نورى) سه‌رپه‌رشتى ده‌كرد خه‌ریكى خۆ ئاماده‌كردن بون بۆ ڕۆژى 7/3/1991، هه‌وڵیانداوه كه كه‌س‌وكارى شه‌هیدان‌و خه‌ڵكى شۆڕشگێڕى شارى سلێمانى كۆبكه‌نه‌وه‌و په‌یوه‌ندیشیان به شانه چه‌كداره‌كانه‌وه كردووه بۆ ڕۆژى ڕاپه‌ڕین( 27). سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش یه‌كێتى شۆڕشگێرانیش، كه رێكخراوى تایبه‌ت به خۆیان هه‌بوو، ته‌واوى ئه‌ندامه‌كانى خۆیان خستوه‌ته حاڵه‌تى ئاماده باشییه‌وه، به‌ماوه‌یه‌ك پێش راِپه‌ڕین، به دوو نوسراوى جیاواز یه‌كێكیان له رێكه‌وتى (22/11/1990) ئاڕاسته‌ى رێكخستنه‌كانى شۆڕشگێڕان كراوه له ناو شارى سلێمانى، داوا ده‌كات كه ڕێكخسته‌كانیان فراوان بكه‌ن و په‌یوه‌ندى به پیاوانى ڕژێم و جاشه‌كانه‌وه بكه‌ن و ئاماده‌یان بكه‌ن بۆ كاتى پێویست، هه‌ر له‌و نوسراوه‌دا باس له‌وه‌كراوه كه ڕه‌نگه بارودۆخى عێراق به‌ره‌وه شڵه‌ژران بڕوات، بۆیه داوا له ڕێكخسته‌كان ده‌كات كه خۆیان به‌هێز و ئاماده بكه‌ن، له نوسراوێكى تردا كه له ڕێكه‌وتى(15/2/1991) كه ئاڕاسته‌ى ڕێكخراوى (17ى زمناكۆ)ى شۆڕشگێڕان كراوه، له‌و نوسراوه‌دا چه‌ندین ڕێنمایى بۆ ڕێكخستنه‌كان نێردراوه سه‌باره‌ت به ئاماده‌كارى بۆ ڕاپه‌ڕین ، ڕاى گه‌یاندووه تۆڵه سه‌ندنه‌وه قه‌ده‌غه‌یه، تاڵانكردن قه‌ده‌غه‌یه، ده‌ست بردن بۆ فه‌رمانگه حكومییه‌كان قه‌ده‌غه‌یه( 28)، له دواى ئه‌و نوسراوانه‌ش رێكخستنه‌كانى شۆڕش گێران چه‌ندین كۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجام داوه و ئه‌ندامه‌كانیان له ڕودانى ڕاپه‌ڕین ئاگادار كردووه‌ته‌وه و به‌رنامه‌ى خۆیان داناوه، له ڕۆژى 7/3/1991 دا له پاڵ ڕێكخستنه‌كانى دیكه و شانه چه‌كداره‌كانى ناو شاردا له ئازادكردنى شارى سلێمانیدا به‌شدار بوون( 29)، ته‌نانه‌ت ڕێكخستنه‌كانى شۆڕشگێران له‌ڕاپه‌ڕین و ئازادكردنى ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى سلێمانیشدا به‌شدار بوون، له ئازادكردنى (به‌كره‌جۆ) و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنى سه‌ربازگه‌ى (عه‌ینه)دا ڕۆڵى دیاریان هه‌بووه( 30).
(ی. ن. ك) به‌رنامه‌یه‌كى چڕ‌و ئاماده‌كارییه‌كى ته‌واوى بۆ ڕۆژى ڕاپه‌ڕین كردبوو، سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانى ناو شار ئاگاداركرابونه‌وه و ئاماده‌كرابوون بۆ ڕۆژى ڕاپه‌رین، له‌م نێوه‌نده‌دا ژنانى ئه‌ندام له رێكخستنه‌كانى ناوشاردا، ڕۆڵى به‌رچاویان گێراوه شان به‌شانى پیاوان و پێشمه‌رگه‌كان به‌شداربوون له پێش ڕاپه‌ڕین و له ڕۆژى ڕاپه‌ڕینیشدا، هه‌ر له ده‌ستنیشانكردنى شوێنه‌گرنگه‌كانى ڕژێم له ناو شار و چاره‌سه‌ركردنى برینداران له ڕۆژى ڕاپه‌ڕیندا، ئاماده‌كردنى خۆراك و هاوكارى كردنى پێشمه‌رگه( 31). له‌لایه‌كى دیكه‌وه (حسك) یش جگه‌له ڕێكخستنه‌كانى ناو شارى سلێمانى له 24/2/1991 (جه‌لال حه‌مه ڕه‌شید) به مه‌فره‌زه‌یه‌كه‌وه ده‌نێرێته‌وه ناو شارى سلێمانى بۆ چاودێریكردنى بارودۆخه‌كه‌و ئاماده‌كار بۆ ڕاپه‌ڕین(32 ). حزبى شیوعى عێراقیش شانه چه‌كداره‌كانى بۆ كاتى ڕاپه‌ڕین ئاماده‌كرد بوو، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندى له نێوان (حشع) و (ى. ن. ك) هه‌بوو ئاماده‌بوون بۆ ڕاپه‌ڕین( 33). به ماوه‌یه‌كى كه‌میش پێش ڕاپه‌ڕین (ڕه‌وتى كۆمۆنیست) شانه‌ى چه‌كدار‌و كۆمیته‌ى ڕاپه‌ڕینى له شارى سلێمانیدا دروست كردبو، له گه‌ڕه‌كه‌كانى شارى سلێمانى كۆمیته‌ى ڕاپه‌ڕین پێكهێنرابوو، له‌وانه: گه‌ڕه‌كى (خه‌بات، سه‌رشه‌قام، گۆیژه، هه‌واره‌به‌رزه، مه‌جیدبه‌گ، شێخ محێدین، سه‌ركارێز، گاوران، ئیبراهیم پاشا)، ده‌ستیان كرد به كۆكردنه‌وه‌ى چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نى‌و ئاماده‌كارى بۆ ڕۆژى ڕاپه‌ڕین( 34). له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ڕێكخستنه‌كانى (پ. د. ك)و بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى شانه چه‌كداره‌كانیان له ناو شارى سلێمانیدا ئاماده‌كرابون، بۆ ڕۆژى ڕاپه‌ڕین‌و له ڕۆژى 7/3/1991 به‌شداریان له ڕاپه‌ڕینى شارى سلێمانیدا كرد( 35).
دواى ئاماده‌كارى ڕێكخستن‌و شانه چه‌كداره‌كانى سه‌رجه‌م حزب‌و لایه‌نه‌كان ڕۆژى 7/3/1991 ڕاپه‌ڕین له هه‌موو لایه‌كه‌وه له شارى سلێمانیه‌وه ده‌ستى پێكرد، پێشتریش شانه چه‌كداره‌كانى (شاڵا‌و) و سوپاى ڕزگارى كوردستان (سرك) پلانى ئازادكردنى سه‌رجه‌م گه‌ره‌ك‌و شه‌قامه‌كانى سلێمانى داده‌نێن، شاره‌كه دابه‌ش ده‌كه‌ن به‌سه‌ر سێ قۆڵدا:
قۆڵى یه‌كه‌م: گه‌ڕه‌كى سه‌رشه‌قام، سابونكه‌ران، خه‌بات، چوارباخ، سه‌ركارێز، گاوران، گردى سه‌یوان.
قۆڵى دووه‌م: گه‌ڕه‌كه‌كانى دور الامن، كارێزه‌وشك، مه‌جیدبه‌گ، مامۆستایان، توى مه‌لیك، گۆیژه، كانێسكان، مه‌ڵكه‌ندى، هه‌واره‌به‌رزه، ئیسكان، ئازادى نیشتیمان.
قۆڵى سێیه‌م: گه‌ڕه‌كه‌كانى شێخ محێدین، كاره‌باكه، به‌ختیارى، شه‌هیدانى سه‌رچنار، زه‌رگه‌ته، رعایه شه‌باب، گه‌ڕه‌كى معمل ( 36).
به‌مشێوه‌یه، شارى سلێمانى به‌سه‌ر سێ قۆڵدا دابه‌شكرا‌و به‌ره‌به‌یانى 7/3/1991 كاتژمێر 7ى سه‌رله‌به‌یانى ڕاپه‌ڕین له فولكه‌ى ده‌ستاڕه‌كه‌وه ده‌ستى پێكرد، له‌مباره‌یه‌وه (محه‌مه‌د فه‌ریق حه‌سه‌ن) ده‌نوسێت:"كاتژمێر (7، 15) خوله‌كى به‌یانى ڕۆژى 7/3/1991، (دڵشاد كوێستانى) شاعیر‌و هونه‌رمه‌ندى شێوه‌كار گه‌یشته ده‌ستاڕه‌كه‌و هه‌ندێك لاو له‌وێوبوون، خۆیان دابووه په‌نا، هه‌ندێكیان بێ چه‌ك بوون‌و هه‌ندێكى تریشیان چه‌كیان پێ بوو، كاتێ دڵشاد كوێستانى گه‌یشته ئه‌وێ ئه‌و فه‌زایه‌ى پڕ له شعرى شۆڕشگێڕى كرد، داواى له كچان‌و كوڕانى گه‌ڕه‌ك كرد بڕژێنه سه‌ر شه‌قام، هه‌ر خۆشى نه‌وتى په‌یداكرد‌و هه‌رچى تایه هه‌بوو ئاگرى تێبه‌ردا، دواتر لاوه‌كانى دواى خۆى خست‌و به گوتنه‌وه‌ى شیعر‌و سرود‌و هوتافه‌وه ده‌یان لاو سه‌ره‌و ژوور به ڕێكه‌وتن، له لایه‌ن هێزه‌كانى حكومه‌ته‌وه ته‌قه‌یان لێكرا‌و وه‌ڵامیان درایه‌وه، به‌مشێوه‌یه ڕاپه‌ڕین له سلێمانى ده‌ستی پێكرد"( 37)، به‌ڵام (ئازاده ڕه‌ش) ده‌ڵێت:"دواى چه‌ك كردنى چه‌كدارێكى جه‌یشى شه‌عبى من دوو فیشه‌كم ته‌قاند‌و سه‌رجه‌م شانه چه‌كداره‌كان گه‌یشتنه ئه‌و شوێنانه‌ى بۆیان دیاریكرابوو، ئه‌وه‌بو ڕاپه‌ڕین‌و په‌لاماردان بۆ سه‌ر دام‌و ده‌زگاكانى حكومه‌تى به‌عس له ده‌ستاڕه‌كه‌وه ده‌ستى پێكرد"( 38).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا (جه‌مال شێخ نورى) ناوى چه‌ندین كه‌سى دیكه ده‌هێنێَت كه به‌ره‌به‌یانى 7/3/1991 له ده‌ستاڕه‌كه به‌چاوى خۆى بینیونى( 39).
شه‌ڕ له ده‌ستاڕه‌كه‌وه ده‌ستپێده‌كات، له چه‌ند لایه‌كه‌وه ته‌قه له ڕاپه‌ڕیوان ده‌كرا‌و وه‌ڵام ده‌درانه‌وه، كێشه‌ى جه‌ماوه‌رى ڕاپه‌ڕیو و شانه چه‌كداره‌كان، كه‌مى چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نى بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كرا هه‌ر ماڵێكى جه‌یشى شه‌عبی‌و سه‌رۆك جاشێك شك ببرایه ده‌چوونه سه‌رى‌و داواى فیشه‌ك‌و چه‌كیان لێده‌كرد، هه‌ندێكیان هاوكاریان ده‌كرد و هه‌ندێكیان به‌ده‌م داواكارى ڕاپه‌ڕیوانه‌وه نه‌ده‌چوون ( 40). دواى ئه‌وه‌ى خه‌ڵك په‌لامارى ماڵى جاش و سه‌رۆك جاشه‌كانى دا بۆ ده‌ستكه‌وتنى چه‌ك، چه‌كێكى زۆر كه‌وته ده‌ست جه‌ماوه‌ر‌و په‌لاماردانى دام‌و ده‌زگاكانى حكومه‌تى به‌عس ده‌ستى پێكرد( 41)، به‌و شێوه‌یه یه‌كه‌مین شوێن كه ئازادكرا بنكه‌ى پۆلیسى سه‌ركارێز بوو( 42)، جێى ئاماژه‌یه له هه‌ندێك بنكه‌و باره‌گاى حكومه‌تى به‌عس به‌رگرى نه‌كرا‌و به‌بێ شه‌ڕ خۆیاندا به‌ده‌ست جه‌ماوه‌رى ڕاپه‌ڕیوه‌وه، له‌وانه:- ( بنكه‌ى پۆلیسى سه‌ر شه‌قام، بنكه‌ى پۆلیسى سه‌هۆڵه‌كه، بنكه‌ى پۆلیسى ئازادى) (43 ).
به‌ڵام ئه‌مه به ماناى ئه‌وه نایه‌ت كه حكومه‌تى به‌عس ده‌سته‌وه‌ستان بووه‌و هیچ هێرشێكى بۆ سه‌ر جه‌ماوه‌ر ئه‌نجام نه‌داوه، به‌ڵكو هه‌ر له كاتژمێر 7 ى به‌یانییه‌وه له چوار قۆڵه‌وه هێرشى بۆسه‌ر جه‌ماوه‌رى ڕاپه‌ڕیو ده‌ستپێكرد، له‌سه‌ر كارێزه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ى خه‌بات‌و له دواناوه‌ندى كوردستانه‌وه به‌ره‌و فولكه‌ى ده‌ستاڕه‌كه‌و له فولكه‌ى خانه‌قاوه به‌ره‌و سه‌رشه‌قام‌و له فلكه‌ى نێرگزه‌كه‌وه به‌ره‌و ده‌ستاڕه‌كه، هێرشه‌كه به چه‌كى قورس‌و زرێپۆش‌و دۆشكه‌و سه‌دان سه‌رباز‌و پیاوى ڕ‌ژێمى به‌عس به‌ڕێوه‌چوو، شه‌ڕه‌كه بۆ ماوه‌ى (2) كاتژمێر به‌رده‌وام بوو، له‌و شه‌ڕه‌دا (ڕائد عه‌دنان) لێپرسراوى هێزه‌كانى فریاكه‌وتن‌و (13) چه‌كدارى تر‌ى ڕژێم كوژران‌و به‌عس پاشه‌كشه‌یان كرد( 44). له هه‌مان كاتدا له ناوچه‌كانى دیكه‌وه له هه‌موو گه‌ڕه‌گه‌كانى شارى سلێمانى جه‌ماوه‌ر‌و ڕێكخستنه‌كان‌و شانه چه‌كداره‌كان ڕاپه‌ڕین، له گه‌ڕه‌كه‌كانى هه‌واره به‌رزه‌و توى مه‌لیك بۆ خواره‌وه، له ئازادى‌و برایم پاشا بۆ ناو بازاڕ، له سه‌رچنار‌و به‌ختیارییه‌وه بۆ قوڵایى شار، له ڕزگارییه‌وه بۆ پارێزگا( 45)، له زه‌رگه‌ته‌شه‌وه بۆ به‌ختیارى‌و مه‌عسكه‌ر ساردا‌و كارێزه‌وشك( 46). له خه‌باتیشه‌وه بۆ زێڕینۆك‌و قڕگه‌و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى سلێمانى( 47)، به‌وشێوه‌یه له ماوه‌یه‌كى كه‌مدا ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌وتنه ده‌ست جه‌ماوه‌ر‌و كۆنتڕۆڵكران، بریتى بوون له (بنكه‌ى پۆلیسى سه‌ركارێز، ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى تاوان، پۆلیسى ئیسكان، ته‌جنید، دیفاعى مه‌ده‌نى، به‌ندینخانه، سه‌را‌و پۆلیسخانه)، ئه‌مانه پێشنیوه‌ڕۆ كۆنتڕۆڵكران، دواى نیوه‌ڕۆش (حامیه(پاركى ئازادى ئێستا)و نه‌خۆشخانه‌ى سه‌ربازى) ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا، هه‌تا نزیك عه‌سر ئه‌و شوێنانه‌ى كه به‌رگریان ده‌كرد (بیناى حه‌سیب ساڵح-له‌سه‌ر شه‌قامى سالم، شعبه‌ى ئه‌نفالى حزبى به‌عس-له گه‌ڕه‌كى به‌ختیارى، شعبه‌ى حگین-له‌سه‌ر شه‌قامى سالم(شوێنى مه‌ڵبه‌ند (1)ى یه‌كێتى ئیستا) له‌گه‌ڵ (دائیره‌ى ئه‌منى سلێمانى)، به‌ڵام ئه‌وانیش تا دواى عه‌سر كۆنتڕۆڵكران(48 ).
جگه له ناو شارى سلێمانى پلان بۆ ناوچه‌كانى به‌كره‌جۆ‌و قادسیه (ڕاپه‌ڕین) دانرابو، ئه‌ركه‌كه‌ش به شانه چه‌كداره‌كانى (شه‌هید شوكر)ى سه‌ر به ڕێكخستنه‌كانى (ى. ن. ك) سپێردرابوو، ئه‌وانیش به پلانێكى تۆكمه‌و دواى ئازادكردنى گه‌ڕه‌كى زه‌رگه‌ته‌و (قوتابخانه‌ى سه‌ركرده‌ى سه‌ره‌تایی تێكه‌ڵ) كه بنكه‌ى جه‌یشى شه‌عبى لێ‌بوو، ڕویان له ناوچه‌كانى به‌كره‌جۆ‌و قادسیه (ڕاپه‌ڕین) كرد‌و له ماوه‌یه‌كى كه‌مدا كۆنتڕۆڵكرا، ئه‌م شانه‌یه له‌لایه‌ن (قادرى حاجى كه‌ریم) سه‌رپه‌رشتى ده‌كرا( 49)، له هه‌مان كاتدا سه‌رچناریش دواى به‌رگرییه‌كى كه‌م ئازادكرا، دوا شوێن له سه‌رچنار ئوتێل ئه‌بو سه‌نا بو، كه له‌وێوه ته‌قه له جه‌ماوه‌رى ڕاپه‌ڕیو ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌ویش له كاتژمێر (10:30) سه‌رله‌به‌یانى ئازادكرا( 50).
به‌مشێوه‌یه، ته‌واوى شارى سلێمانى ئازادكرا‌و ته‌نها شوێن كه مابۆوه (ئه‌منه سوره‌كه) بو، له 8/3/1991 هێرش بۆسه‌ر ئه‌منه سوره‌كه ده‌ستى پێكرد، هه‌رچى ئه‌من‌و ئیستیخبارات‌و پیاوى به‌عس‌و لێپرسراوه گه‌وره‌كانى حكومه‌ت‌و حزبى به‌عس له ئه‌منه سوره‌كه كۆببونه‌وه، له ناویاندا به‌ڕێوبه‌رى ئه‌منى سلێمانى (عه‌قید خلف عبد احمد الحدیپی)و پارێزگارى سلێمانى بوون، بۆیه به‌رگرییه‌كى قورس‌و شه‌ڕى مان‌و نه‌مانیان ده‌كرد( 51)، ڕادیۆى ده‌نگى گه‌لى كوردستانیش داواى له جه‌ماوه‌ر ده‌كرد كه به‌رگرى بكه‌ن هه‌تا به تالیۆنى (7) ده‌گه‌نه لاتان(52 )، پاش گه‌یشتنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى (ى. ن. ك)و (حسك)و (پ. د. ك)و (حشع)و به هاوكارى جه‌ماوه‌رى ڕاپه‌ڕیو و شانه چه‌كداره‌كان و ڕێكخستن، توانرا تا نزیك ئێواره ئه‌منه سوره‌كه ئازاد بكرێت( 53). به‌شدارى و ڕۆڵى جه‌ماوه‌رى شارى سلێمانى پشكى شێریان به‌رده‌كه‌وێت له ئازادكردنى ته‌واوى شاره‌كه‌دا، به جۆرێك سه‌رتاپاى دانیشتوانى شار له ڕۆژه‌دا ڕژابونه سه‌رشه‌قام و په‌لامارى بنكه و باره‌گاكانى ڕ‌ژێمى به‌عسیان ده‌دا، هه‌ندێك له ماڵه‌كان خۆبه‌خشانه كرابون به بنكه‌ى چاره‌سه‌رى برینداران، بۆ نمونه ماڵى(د. فوئاد بابان)، كه له پشت بیناى ئه‌منه سوره‌كه‌بوو، چه‌ندین بریندار له‌وێدا چاره‌سه‌رى سه‌ره‌تاییان بۆ ئه‌نجامدراوه پێش ئه‌وه‌ى ڕه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه بكرێن( 54).
له گرتنى ئه‌منه سوره‌كه‌دا، نزیكه‌ى (310) كه‌س له پیاوانى ڕ‌ژێمى به‌عس كوژران(55 )، كه پارێزگارى سلێمانى و به‌ڕێوبه‌رى ئه‌منى سلێمانى و لێپرسراوانى دیكه‌ى حزبى به‌عس له نێو كوژراوه‌كاندا بون( 56)، به ئازادكردنى ئه‌منه سوره‌كه سه‌رجه‌م ئه‌و زیندانیانه‌ى كه له نێویدا زیندانى بون، ئازادكران كه زیاد له (130) زیندانى بون( 57). جێى ئاماژه‌یه له ئازادكردنى شارى سلێمانیدا نزیكه‌ى (55) كه‌س له هاوڵاتیانى شاره‌كه كوژراو، زیاد له (500) كه‌سیش بریندار بون( 58).
ئازادكردنى شارى سلێمانى گرنگییه‌كى ستراتیژى گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌به‌رئه‌وه‌ى:
1.پڕۆسه‌ى ڕاپه‌ڕینى له مه‌ترسى شكان‌و له باربردن دورخسته‌وه.
2.ڕه‌وتى ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ى له بازنه‌یه‌كى ته‌سكدا به‌زاند‌و به‌ره‌یه‌كى دیكه‌ى دژ به ڕژێم كرده‌وه.
3.هانى شاره‌كانى دیكه‌ى دا بۆ ڕاپه‌ڕین‌و وره‌ى جه‌ماوه‌رى به‌رزكرده‌وه.
4.ئازادكردنى شارى سلێمانى ڕ‌ژێمى به‌عسى بێ هیوا كرد‌و توشى سه‌رلێشێواوى بوو( 59).
به‌گشتى ڕاپه‌ڕینى شارى سلێمانى هه‌رچه‌نده ڕێكخستن‌و شانه چه‌كداره‌كانى حزب‌و لایه‌نه‌كان به‌شداربوون‌و ڕۆڵى به‌رچاویان تێدا هه‌بوو، به‌ڵام پشكى شێر له‌م ڕوداوه مێژووییه‌دا به‌ر جه‌ماوه‌ر‌و خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌وێت، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ورى جه‌ماوه‌ر واى له هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانى حزبه‌كان كردووه بڵێن:"ڕاپه‌ڕین به شێوه‌یه‌كى گشتى ڕاپه‌ڕینێكى خۆڕسكى جه‌ماوه‌رى دژى فاشى بوو"( 60).
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
( 1) عبدالعزيز
يوسف الاحمد: موسوعة حرب الكويت من الاحتلال للتحرير، كتاب و ثائقى، ط1، 1992، ص39؛ حامد محمود عيسى: الشكلة الكردية، مكتبة مدبولى-
مصر، 1992، ص272.
( 2) پیته‌ر گالبرێس: كۆتایی عێراق، و: سۆران عه‌لى محه‌مه‌د، چاپخانه‌ى كارۆ، سلێمانى، 2008، ل68.
(3 ) سه‌باره‌ت به زه‌ره‌رو زیانه‌كانى سوپاى عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كرێت كه له كۆى (500) هه‌زار سه‌رباز (150) هه‌زار به سه‌لامه‌تى ده‌رچوون، نزیكه‌ى (175) هه‌زار سه‌رباز به دیل گیران، (3500) زرێپۆش تێكشكێنرا، 2 هه‌زار تۆپى گه‌وره له ناوبرا، سوپاى عێراق 2500 سه‌رباز‌و (1000) زرێپۆشى مایه‌وه ، ڕه‌نگه ژماره‌كان زۆر ورد نه‌بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئاشكرایه سوپاى عێراقى توشى شكستێكى گه‌وره هات، (بڕوانه// الحزب الشیوعى العراقى: ازمه الخلیج و لاردن، الپقافه الجدیده، العدد (15)، السنه 38 اب، 1991، ص71).
( 4) لوقمان مه‌حۆ: دۆزى كورد له سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كاندا، ب1، چاپخانه‌ى شڤان، سلێمانى، 2012؛ سه‌مانسا پاوه‌ر: هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال، ل76.
( 5) بۆ ورده‌كارى زیاتر‌و هۆكاره ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كییه‌كانى ڕاپه‌ڕین بڕوانه// ئاراس عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا: س. پ، ل111-200.
( 6) ماجد الماجد: انتفاچه الشعب العراقی 1991، دار الوفا‌و، بیروت، 1991، ص107.
( 7) كه‌ریم یه‌ڵدز: كورد له عێراق، و: شاهۆ بورهان، چاپخانه‌ى كارۆ، سلێمانى، 2007، ل75.
( 8) ژیلوان عبدالله احمد: س. پ، ل149.
( 9) ئاراس عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا: س. پ، ل277.
( 10) ڕه‌شاد حسێن، د. ساجد، كاروان جه‌لال: سلێمانى سبه‌ینێ زه‌ماوه‌نده، 7/3 پانۆرامایه‌كى ڕۆژانى ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ى ئازارى 1991، (ب. ش. چ)، (ب. س. چ)، ل4.
( 11) محه‌مه‌د فه‌ریق حه‌سه‌ن: س. پ، ل161.
( 12) ڕه‌شاد حسێن‌و ئه‌وانى تر: س. پ، ل13.
( 13) مڤفر محه‌مه‌دى: بزوتنه‌وه‌ى شورایی له كوردستانى عێراق، چ1، له بڵاوكراوه‌كانى حزبى كۆمۆنستى كرێكارى عێراق، چاپخانه‌و ئۆفیسێتى سه‌فوه‌ت، تشرینى یه‌كه‌م 1998، ل9.
( )14 ڕه‌شاد حسێن‌و ئه‌وانى تر: س. پ، ل13.
( 15) عه‌بدولره‌زاق مه‌رزنگ: س. پ، ل109. ؛ ڕۆژنامه‌ى (سلێمانى نوێ)، ژماره (61)، یه‌ك شه‌ممه، 16/3/2003، ل4.
( 16) مڤفر محه‌مه‌دى: س. پ، ل9.
( 17) ئیزگه‌ى ده‌نگى گه‌لى كوردستان له ڕێگاى قاچاخچییه‌كى یوغسلاڤیه‌وه ده‌كڕێت‌و ده‌گه‌یه‌نرێته وڵاتى سوریا، دواتر له 2/10/1976 له‌لایه‌ن سه‌ید مرسل هه‌ولێرییه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ كوردستان، بۆ یه‌كه‌مجار له 21/3/1979 به‌رنامه‌كانى خۆى به‌ناوى (ئیزگه‌ى ده‌نگى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان) بڵاوكرده‌وه، ئه‌وانه‌ى ئه‌وكات كاریان تێدا ده‌كرد، هه‌ریه‌كه له مامۆستا جه‌عفه‌ر‌و پشكۆ سه‌عید ناكام‌و مامۆستا موحسین‌و فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌و هۆشیار عابد بون)، له 1/8/1980، به‌رنامه‌كانى به‌ناوى ده‌نگى شۆڕشى عێراق بڵاوده‌كرده‌وه، دواتر به‌ناوى (ده‌نگى گه‌لى عێراق)، له ساڵى 1985 له‌سه‌ر بڕیارى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌رنامه‌كانى به‌ناوى (ئیزگه‌ى ده‌نگى گه‌لى كوردستان) بڵاوكرده‌وه، له‌به‌ر بارودۆخى ناله‌بار ئه‌م ئیزگه‌یه چه‌ندین جار جێگاكه‌ى گۆڕاوه، وه‌ك گوندى نۆكان، توژه‌ڵه‌و دۆڵى جافایه‌تى، له دواى پاشه‌كشه‌ى هێزى پێشمه‌رگه بۆ سنورى ئێران له ماوه‌ى 1988-1991، له شارى سه‌قز له ئێران دانرا‌و به‌رده‌وام بووه. (بڕوانه، ئه‌رسه‌لان بایز: ڕاگه‌یاندنى شۆڕش‌و بزوتنه‌وه‌ى شیعرى كوردى، سلێمانى، 2001، ل128- 129. ؛ ئه‌میر نامیق عه‌بدوڵڵا: ڕادیۆ‌و ته‌له‌فزیۆنى گه‌لى كوردستان، له بڵاوكراوه‌كانى مه‌كته‌بى بیر‌و هۆشیارى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان، سلێمانى، 2005، ل29-41 ).
( 18) به‌رنامه‌ى ڕوداو و مێژوو: ئاماده‌كردن‌و پێشكه‌ش كردنى فه‌یسه‌ڵ محه‌مه‌د، كه‌ناڵى Nrt، له 6/3/2016، بڵاوكراوه‌ته‌وه.
( 19) ئاراس عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا: س. پ، ل306-307.
( 20) ئازاد چالاك: ڕۆڵى ئیستگه‌ى ده‌نگى گه‌لى كوردستان، ڕۆژنامه‌ى (كوردستانى نوێ)، ژماره (335)، 8/3/1993.
( 21) بارزان مه‌لا خالید: گوێزده‌ى ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان، ڕۆژنامه‌ى (برایه‌تى)، ژماره (1894)، ساڵى 1994.
( 22) سه‌ركه‌وت: دور اژاعه صوت شعب كردستان فی الانتفاچه، گۆڤارى (سه‌رهه‌ڵدان)، ژماره (2)، 1993، ل85 . ؛ شه‌وكه‌تى حاجى موشیر: چێوه‌ڕۆ. . . س. پ، ل11.
( 23) چاوپێكه‌وتنى كوردستانى نوێ (ڕۆژنامه) له‌گه‌ڵ باست حه‌مه غه‌ریب، ژماره (47)، پێنج شه‌ممه، 19/3/1992 . ؛ ڕۆژنامه‌ى كوردستانى نوێ، (1232)، 7/3/1991.
( 24) چاوپێكه‌وتنى توێژه‌ر له‌گه‌ڵ (ئاكۆ محمد وه‌هبى)، سلێمانى، 2/5/2017.
(25 ) بۆ زانیارى زیاتر له‌سه‌ر ناوه‌رۆكى ئه‌و په‌خشكراوانه‌ى كه ئاڕاسته‌ى رێكخستنه‌كان كراوه بڕوانه// پاشكۆى ژماره (23).
( 26) وه‌رگیراوه له ئاراس عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا: س. پ، ل308-309.
( 27) جه‌مال شێخ نورى: وێرانكارى. . . س. پ، ل156.
( 28 ) بۆ ناوه‌ڕۆكى ته‌واوى ئه‌و دوو نوسراوه‌ى شۆڕشگێڕان كه ئاڕاسته‌ى ڕێكخستنه‌كانى ناو شارى سلێمانى كراوه، بڕوانه پاشكۆى ژماره(24).
( 29)چاوپێكه‌وتنى توێژه‌ر له‌گه‌ڵ(ڕه‌وف حه‌سه‌ن مه‌مه‌ند)، سلێمانى، 26/4/2018. ناوبراو له ساڵى 1969 له سلێمانى له دایك بووه، خوێندى سه‌ره‌تایى و ئاماده‌ى له سلێمانى ته‌واوكردووه، ساڵى 1989 په‌یمانگاى پیشه‌ى به‌شى ئۆتۆمبێلى له موسڵ ته‌واو كردووه، له ساڵى هه‌شتاكانه‌وه په‌یوه‌ندى به (ى. ن. ك)ه‌وه كردووه له باڵى یه‌كێتى شۆڕشگێران كارى كردووه، چه‌ند پله‌یه‌كى حزبى بڕیوه، له ساڵى 2011-2015 كۆلێژى یاساى ته‌واو كردووه، ئیستا عه‌میدى ماڤپه‌روه‌ر و به‌ڕیوه‌به‌رى نوسینگه‌ى پاسپۆرتى یه‌كى سلێمانییه، دانیشتوى شارى سلێمانیه.
(30 ) چاوپێكه‌وتنى توێژه‌ر له‌گه‌ڵ(عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ڕه‌سوڵ) ناسراو به (عه‌بدوڵڵا سور)، سلێمانى، 27/4/2018. ناو براو له ساڵى 1947 له گوندى تۆربه له دایك بووه، له ته‌مه‌نى لاوێتیدا په‌یوه‌ندى به پارتى دیموكراته‌وه كردووه، له ساڵى 1977 ه‌وه په‌یوه‌ندى به (ى. ن. ك) باڵى شۆڕشگێڕانه‌وه كردووه، له ساڵى 1981 ه‌وه بووه به پێشمه‌رگه، له ساڵى 1989ه‌وه بۆكارى رێكخستن نێردراوه‌ته‌وه بۆ شارى سلێمانى ، له ڕاپه‌ڕیندا به‌شدارى كردووه.
(31) كه‌ناڵى گه‌لى كوردستان:به‌رنامه‌ى تایبه‌ت به یادى 25 ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕینى شارى سلێمانى، ئاماده‌كردنى، سامان حه‌مه غه‌ریب و هۆشمه‌ند قادر هه‌ورامانى، پێشكه‌شكردنى، سامان حه‌مه غه‌ریب و شنیار سه‌لام، وه‌رگیراوه له ئه‌رشیفى كه‌ناڵى گه‌لى كوردستان(پارێزراوه لاى توێژه‌ر).
( 32) محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: ڕۆژمێرى. . . س. پ، ل268.
(33 ) چاوپێكه‌وتن توێژه‌ر له‌گه‌ڵ (دلێر جه‌لال)، سلێمانى، 24/5/2017 . ؛ دلێر جه‌لال ئه‌حمه‌د: چه‌ند ڕاستیه‌ك له مێژووى ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ى 1991، ڕۆژنامه‌ى (كوردستانى نوێ)، ژماره (674)، ساڵى یه‌كه‌م، یه‌ك شه‌ممه، 1/5/1994، ل5.
(34 ) مڤفر محه‌مه‌دى: س. پ، ل8.
( 35) چاوپێكه‌وتن توێژه‌ر له‌گه‌ڵ (عه‌بدولره‌حمان سه‌نگاوى)، سلێمانى، 22/5/2017.
( 36) ڕۆژنامه‌ى (كوردستانى نوێ)، ژماره (37)، یه‌ك شه‌ممه، 8/3/1992
( 37) محه‌مه‌د فه‌ریق حه‌سه‌ن: س. پ، ل166-167.
( 38) ڕۆژنامه‌ى (كوردستانى نوێ)، ژماره (2396)، یه‌ك شه‌ممه، 8/3/2001؛ ڕه‌شاد حسێن‌و ئه‌وانى تر: س. پ، ل56.
( 39) ئه‌وانیش (یاسین ساله‌ى كه‌ریمان، وه‌هابه خڕه، به‌كرى قه‌ساب، دڵشاد شێخ كه‌مال"كه هه‌ر به‌یانییه‌كه‌ى شه‌هید بوو"، شوان فه‌ره‌ج ناسراو به شوانه ڕه‌ش، به‌كر ده‌روێش ناسراو به "به‌كره كه‌ڕ"، وه‌ستا نامیق، زاهیر حه‌جۆل، یاسین ڕه‌زا، لوقمان خانه‌قینى، وشیار حسن). (بروانه// جه‌مال شێخ نورى: وێرانكارى. . . . س. پ، ل156-157).
(40 ) جه‌مال شێخ نورى: وێرانكارى. . . . س. پ، ل156-157.
( 41) بێ ناوى نووسه‌ر: به‌ڵگه‌نامه له ڕاپه‌ڕینه‌كانى كوردستانه‌وه، گۆڤارى (یه‌كگرتن)، ژماره (13)، ساڵى 1992، ل34.
( 42) مه‌لا شاخى:ڕاپه‌ڕین‌وڕزگاركردنى كه‌ركوك (نوسین‌و بیره‌وه‌رى)، چ2، چاپخانه‌ى شه‌هید ئازاد هه‌ورامى، 2012، ل39.
( 43) هۆكارى خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانى ئه‌و بنكانه ئه‌وه بوو كه پێشتر ڕێكخستنه‌كان و هێزى پێشمه‌رگه په‌یوه‌ندیان به لێپرسراوه‌كانیانه‌وه كرد بوو، كه له‌كاتى ڕاپه‌ڕین بێ لایه‌ن بن‌و ته‌قه له ڕاپه‌ڕیوان نه‌كه‌ن، هه‌ندێكیشیان سه‌ر به ڕێكخستنه‌كان نه‌بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوكارى جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكى ڕاپه‌ریویان كرد، له‌وانه (مقدم نجم ا‌لدین شێخ قادر) كه به‌رپرسى بنكه‌ى پۆلیسى سه‌رشه‌قام بوو، (بۆ زانیارى زیاتر بڕوانه// جه‌مال شێخ نورى: وێرانكارى. . . س. پ، ل158-159).
( 44) ڕه‌شاد حسێن‌و ئه‌وانى تر: س. پ، ل57.
( 45) عه‌بدولڕه‌زاق مه‌رزنگ: س. پ، ل110.
(46 ) په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ (خه‌رمان محه‌مه‌د ڕه‌سوڵ)، ئه‌ڵمانیا ،10/8/2017.
(47 ) مه‌لا شاخى: س. پ، ل39.
(48 ) لاوك: چۆن باستیلى سلێمانى كۆتایی هات، ڕۆژنامه‌ى (كوردستانى نوێ)، ژماره (37)، ساڵى یه‌كه‌م، یه‌ك شه‌ممه، 8/3/1992.
( 49) قادر حاجى كه‌ریم قه‌ره‌داغى: یادێك له سایه‌ى خه‌باتدا، چ1، چاپخانه‌ى حه‌مدى، 2013، ل92-96.
( 50) هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌بجه‌یی: ڕاپه‌ڕین‌و ڕزگاركردنى هاوینه‌هه‌وارى سه‌رچنار، ڕۆژنامه‌ى (كوردستانى نوێ)، ژماره (41)، ساڵى یه‌كه‌م، پێنج شه‌ممه، 12/3/1992.
(51 ) عه‌بدولره‌زاق مه‌رزنگ: س. پ، ل110-111.
(52 ) محه‌مه‌د فه‌ریق حه‌سه‌ن: س. پ، ل164-165.
(53 ) شه‌وكه‌ت حاجى موشیر: س. پ، ل51؛ هۆشیار جاف‌و سامان مه‌حمود ده‌روێش: ڕاپه‌ڕین له ویژدانى پێشمه‌رگه‌دا، ڕاگه‌یاندنى لقى چوارى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، (ب. ش. چ)، 1993، ل14.
( 54 ) كه‌ناڵى گه‌لى كوردستان:س. پ.
( 55) كریس كۆچێرا: س. پ، ل106 . ؛ ( بۆ ناوى ته‌واوى ئه‌و به‌عسیانه‌ى كه له ڕۆژى 7و8/3/1991 له شارى سلێمانیدا كوژراون، بڕوانه: الوقائع العراقیه، العدد (3431)، 19/11/1992، لێره‌دا ئاماژه به ناوى سیانیان‌و پله‌ى حزبیان‌و كاتى كوژرانیان كراوه).
( 56) بۆ ناوى به‌رپرسه به‌عسییه‌كان( بڕوانه// شه‌وكه‌تى حاجى موشیر: س. پ، ل52. ؛ ڕۆژنامه‌ى (كوردستانى نوێ)، ژماره (334)، 7/3/1993).
( 57) ڕاپه‌ڕینى ئازارى مه‌زن له‌چاوى حه‌پسێكه‌وه له ئه‌منى سلێمانى، گۆڤارى (دیموكراسى)، ژماره (6)، ساڵى یه‌كه‌م، ئازارى 1992، ل15. ؛ كریس كۆچێرا: س. پ، ل106.
( 58) بۆ ناوى شه‌هیدانى شارى سلێمانى، بڕوانه// پاشكۆى ژماره (25). ؛ مه‌لا شاخى: س. پ، ل40.
( 59) ڕۆژنامه‌ى (كوردستانى نوێ)، ژماره (334)، 7/3/1993؛ عه‌بدولڕه‌زاق مه‌رزنگ: س. پ، ل112.
( )60 حیكمه‌ت محه‌مه‌د كه‌ریم (مه‌لا به‌ختیار): شۆڕشى كوردستان‌و گۆڕانكاریه‌كانى سه‌رده‌م، چاپخانه‌ى ڕ‌ۆشنبیرى هه‌ولێر، سوید، 1993، ل266.