عومه‌ری خاوه‌ر كێ بوو ؟

عومه‌ری خاوه‌ر.. ئه‌و پیاوه‌ گه‌رمیانیه‌ی بووه‌ سیمبولی هه‌ڵه‌بجه‌

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2022.03.16 01:09 PM
2050 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

راپۆرتی كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا

20 دەقیقە پێشی ئەوەی یەكەم ناپاڵم بكەوێتە خوارەوە بەسەر هەڵەبجەدا (عومەری خاوەر) گوێی بۆ هەواڵ هەڵخستبوو لەڕێی رادیۆیەكی بچووكەوە، كەچی دوای نیوسەعات، مردنی خۆی‌ و منداڵەكەی باوەشی بوونە گرنگترین وێنە بۆ ئەوەی دنیا بزانێ لە شارەکەی چی روویداوە .

"من نەڕۆیشتم… بەڕاستی مامە گیان وتم با ئەگەر مردین گشتمان پێكەوە بمرین" دوایین قسەی عومەری خاوەر لەگەڵ برازایەكی خۆی لەپێشنیوەڕۆی 16/3/1988 رۆژە شومەكەی هەڵەبجە.
تازە رێكەوت وابوو، لەنێو هەزاران قوربانی هەڵەبجە، رەسمی عومەری خاوەر و كۆرپەكەی باوەشی، بوونە رەمزی كۆمەڵكوژكردنی شارەكە.

بەڵام لە ساڵانی گەنجێتی‌ و كامڵبوونی تەمەنیدا عومەر لەشارەكەیدا ناوێكی بەرچاو بووە و ئەكتەرێكی باشی شانۆ، هەڵپەڕكێزانێكی بەسەلیقە و خۆشڕوو، پیاوێكی كۆمەڵایەتی‌و گونجاو، كارزانێكی ئەو ئیشانە بووە که كردوونی هەموو ئەوانە بەسن بۆ ئەوەی لە شارێكی بچكۆلەی وەكو ئەوكاتی هەڵەبجەدا ناسراوبێت.

عومه‌ری خاوه‌ر

بۆ رۆژنامەوانانی شەڕ (سەعید سادقی‌ و هیدایەتی بەهبودیی) سیمای عومەری خاوەر و كۆرپەكەی "دیمەنی لەبیر نەچوونەوەن" ئەوان لەو یەكەمین رۆژنامەنووس‌ و فۆتۆگرافەرە ئێرانیانەن چوونە ناو شاری لەهەڵەبجە لە وەختی بۆمبارانكردنەكەیاندا، سادقی دەڵێت "كاتێ دەستمانكرد بە وێنەگرتن چووینە سەر عومەری خاوەر دەنگی نووسابوو نەیدەتوانی هاوار بكات ئێمە نەماندەزانی داوای چی دەكرد بەڵام تێگەیشتین داوای یارمەتی‌و هاوكاریی بوو".

عومەر حەمە ساڵح (عومەری خاوەر) ساڵی 1934 لەدایكبووە، بنەماڵەكەی بەئەسڵ خەڵكی ناوچەی گەرمیان بوون لە شارۆچكەی باوەنوور چوون بەرەو هەڵەبجە و لەوێ گیرسانەوە عومەر لە نێو براكانیدا تەنیا ئەو بەناوی دایكیەوە ناوی براوە.
لەژیانیدا دوو جار ژنی هێناوە ژنی یەكەمی نزیكەی چوار مانگ پێكەوە دەبن‌ و دواتر جیا دەبنەوە، لە ژنی دووەمی بەناوی (سامیە) 10 منداڵی دەبێت.

نەریتی ئەوكاتەی كوردەواریی وابووە زۆرتر كەیفخۆش بوون بەمنداڵی كوڕ، عومەری خاوەر لەوەدا شانسی نابێت، تا نزیكەی كۆتایی تەمەنی حەوت كچی بووە (گەرمیان، كوێستان، تارا، شیلان، جوانە، ژیان، بەیان) دوای ئەو حەوت كچە عومەر و سامیە دەبنە دایك‌ و باوكی كوڕێك‌ و لە خۆشیاندا ناوی دەنێن (حەمەشوان) سێ ساڵ حەمەشوان كوڕیان دەبێ بە نەخۆشیەك ژیان لەدەستدەدا، دەڵێن عومەری خاوەر تا مرد ئێشی ئەو كوڕەی لەدڵدا بووە.

ساڵێك دوای مردنی حەمەشوان، بەخت روو دەكاتە خێزانەكەی عومەر و سامیەی ژنی بە سكێ دوو كوڕی دەبێت، ئای لەو خۆشیە بۆ خێزانێكی چاوەڕوان، عومەر بێ سێ‌ و دوو ناویان دەنێت (ئەحمەد و محەمەد)، تا ئێستا روون نیيە عومەرێك كە هێندە هۆگری ناوی كورديى بووە، چۆنە كوڕەكانی بە كوردیی ناونەناون، بەڵام كچەكانی هەموویان بەكوردین، لەبەرئەوەی دوو كۆرپەكەی دوانەن تائێستا روون نیيە ئەو منداڵەی لە باوەشیدا پێكەوە مردوون ئەحمەدە یان محەمەد.

ئاشناو هاوڕێكانی دەڵێن پیاوێكی گونجاو بوو لەگەڵ دەوروبەرەكەی، دڵتەڕ و شیكپۆش بووە هەمیشە.
لەزۆربەی بۆنە نەتەوەییەكانی شارەكەیدا بەشدارییكردووە، بەوە ناسراو بووە هەڵپەڕكێی بەباشی زانیووە و ئەو ئاهەنگانەی ئەوی تیابووە چێژێكی زیاتری هەبووە، قەد و باڵا ناوەند جرپن‌ و هەڵەشە نەبووە، بەڵام خاوو خلیچكیش نەبوو، ئەوكاتەی شارەكەی بۆمبارانكرا عومەری خاوەر بەیانیان كاری نانەو‌ایی كردووە دوا نیوەڕوان پاسەوانی (باخچەی ساوایانی هەڵەبجە) بووە.

رۆژنامه‌نووسه‌كان له‌كاتی تۆماركردنی دیمه‌نی گیانله‌ده‌ستدانی عومه‌ری خاوه‌ر و كوره‌كه‌ی ـ هه‌ڵه‌بجه‌ ـ 1988.3.16

"ئەو دەرهێنەرانەی كاری شانۆییان دەكرد لە هەڵەبجە زۆر كەیف خۆش دەبوون وەختێ رۆڵێكیان دەدا بەعومەری خاوەر، چونكە ئەدای رۆڵەكەی زۆر بەجوانی دەكرد، دەیزانی دەرهێنەر چی دەوێ لەو شانۆگەرییەدا..، خۆشەویستی هەڵەبجەییەكان بوو بەگەنجی" حەكیمی مەلا ساڵح هاودەمی گەنجی عومەری خاوەر وا دەڵێت، كە ئێستا نیشتەجێی هەڵەبجەیە.

لەبارەی بەشداریی سیاسی لە خەباتی كوردایەتیدا، دەوترێت عومەر هیچ كاتێ پێشمەرگایەتیی نەكردووه،‌ بەڵام ئەندامی ئەو كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە تا ساڵی 1974، حەكیمی مەلا ساڵح هاودەم و هاوڕێی عومەر وتی «دوایینجار بینیم ساڵی 1982 بوو، هەواڵی چالاكیيە شانۆییەكانی لێپرسیم وتم من مەترسی گیرانم لەسەرەو دەمەوێ بچمە چیا تا ببمە پێشمەرگە، ئەو وتی سەد خۆزگەم بەخۆت كە دەچیتە چیا، خۆزیا منیش ببومایەتە پێشمەرگە، بەڵام چی بكەم لە ماڵ‌ و منداڵەكەم، عومەری خاوەر نیشتمانپەروەرێكی راستەقینە بوو سووتابوو بۆ كوردایەتی زۆر دەرسی فێركردین لەبارەی بەرگریی‌ و نیشتمانپەروەریی». بورهان غەریب برازای عومەری خاوەر دەڵێت پێكەوە لەگەڵ مامیدا ئێشكگری ئۆردوگایەك بوون.

ئه‌حمه‌د ناتقی، خاوه‌نی وێنه‌كه‌ی عومه‌ری خاوه‌ر

"مامە عومەر پێشمەرگایەتیی نەكردووە، بەڵام ماوەیەك لەسەرپێڵی زەهاو پێكەوەبووین ئێشكگری ئۆردوگایەك بووین، بەدارێكەوە پاسەوانی دەكرد تفەنگی هەڵنەدەگرت، مامە عومەرم كوردپەروەربوو زۆر خەونی بەئازادیی كوردەوە دەبینی".

بورهان تا دواین سەعاتەكانی ژیانی لەگەڵ مامی بووە، لە بارەی دواین قسەی لەگەڵ عومەری خاوەر وتی: "لەسەر جادە وەستابووین پێكەوە، رادیۆیەكی بەدەستەوه ‌بوو گوێی لە هەواڵ دەگرت، هەر ئەو جلانەی لەبەردا بوو ئێستا لەڕەسمەكەیدا هەیە هەمیشە دەتوت ئوتوكراون جلەكانی پاكوتەمیز بوو، وتی بورهان ماڵی باوكت گشتیان چوون بۆ سلێمانی لە ترسی تۆپباران، وتم ئەی تۆ چۆن نەچووی مامە؟ وتی بەڕاستی مامەگیان ئەگەر مردین با گشتمان پێكەوە بمرین بۆیە هەڵەبجەم جێنەهێشت، من بۆ پیاسەكردن رۆیشتم، هەر 20 دەقیقە چارەكێك دوای ئەوەی هەڵەبجە بۆمبارانكرا».

هێشتا بورهان سیمای مامەی لەبەرچاوە كە بۆ دواینجار بینی، لەو وێنانەی پێشتر دەردەكەون عومەری خاوەر سمێڵێكی رەشی پڕو دەموچاوێكی نەگۆشتن نە لاوازی هەیە، قەدو باڵایەكی مام ناوەند، رووخۆش‌و هێمن "سیفەتێكی زۆر بەرزی ئەو پیاوە لەگەڵ پیردا دەبوو بەكەسێكی پیرو لەگەڵ گەنج‌ و منداڵدا دەبووەو  منداڵ، ئەوانە سیفاتی ئینسانی خۆشەویستن لە نێو كۆمەڵگەدا، عومەر هەموو ئەوانەی تیابوو" حەكیمی مەلا ساڵح وایوت.

عومه‌ری خاوه‌ر و كوره‌كه‌ی ـ هه‌ڵه‌بجه‌ ـ 1988.3.16

 

 

"جلەكانی دایمە ئەتوت ئوتوكراون، دڵتەڕبوو پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانی زۆربوون، بەڵام لەو كاتەی شەهید بوو خەریك بوو پیریی پیایا دیاری دەدا، سمێلی مووی سپی تێكەوتبوو سەریشی سپی بوو بوو، بەڵام هێشتا دڵی تەڕ بوو بایەخی بەشیكپۆشی‌ و خۆرازاندنەوە دەدا، كاتێ لە نانەوایی دەگەڕایەوە بەجۆرێ خۆی دەگۆڕی هەر وەكو كاری نەكردبێ وابوو، دوانیوەڕوانیش دەچوو بۆ رەوزە و لەوێ پاسەوان بوو".

عومەر بەزیندوویی زۆربەی هەڵەبجەییەكان دەیانناسی، بەمردوویش هەڵەبجەییەكانی بەدنیا ناساند لەڕێی باوەشە پڕ سۆزەكەی بەیەكێك لەكوڕەكانی، تازە هەركە باسی هەڵەبجە كرا بێ سێ‌ و دوو تەرمی راكشاوی ئەو بەر لەهەمووشت دەكەوێتە بەر زەین.

تێبینی
ئه‌م راپۆرته‌ رۆژنامه‌ونووس (كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا) ساڵی 2012 ئاماده‌ی كردووه‌ و له‌ رۆژنامه‌وی (هاوڵاتی) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ