"نزیکەی سەدەیەکە مالۆری لە بەریتانیا و لای شاخەوانەکانی جیهان بێ ڕکابەرە"

جۆرج مالۆری.. ئەو شاخەوانەی دوای ٧٥ ساڵ تەرمەکەی دۆزرایەوە

به‌كر شوانی 2019.09.24 10:56 AM
849 جار خوێندراوەتەوە

به‌كر شوانی

نوسه‌ر

شاخەوانی ئینگلیز جۆرج هێربێرت مالۆری ساڵی ١٨٨٦ لە هەرێمی شیشەری بەریتانیا لە دایك بووە. ساڵی ١٩٢٤ لە هەوڵێکدا بۆ سەرکەوتن بەسەر چیای ئەڤەرێستدا بێ سەروشوێن بوو و ساڵی ١٩٩٩ تەرمەکەی دۆزرایەوە. نزیکەی سەدەیەکە مالۆری لە بەریتانیا و لای شاخەوانەکانی جیهان ئەفسانەی بێ ڕکابەری شاخەوانی و پێشەنگی شاخەوانانی جیهانە، بەتایبەتی ئەوانەی کە بەرەو خولیای سەرکەوتنی لوتکەی ئەڤەرێستیان لە سەردایە. بە هۆی ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا لە کوردستانیش وەرزشی شاخەوانی و هەڵکشان بە شاخدا سەری هەڵداوە، هەوڵێکی واتەدار دەبێت ئەگەر لێرەدا و بۆ یەکەمجار بە زمانی کوردی کورتەیەك دەربارەی ژیانی شاخەوانی ئەفسانەیی مالۆری بخرێتە بەردەستی خوێنەران و شاخەوانانی کوردستان.

هەمیشە چاوی لە لوتکە بوو
جۆرج مالۆری، براگەورەی مارشاڵی هەوایی ترافۆرد مالۆری بوو کە ساڵی ١٩٤٤ خۆی و هاوسەرەکەی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی لە فەرەنسا مرد. جۆرج مالۆری لە زانکۆی کامبریدج مێژووی خوێند و بوو بە مامۆستا. ئەو هەر لە منداڵییەوە شەیدای هەڵگژان بوو بە دار و دیوار و شاخدا. ساڵی ١٩١٤ پێش ئەوەی وەك خۆبەخش بچێتە شەڕی یەکەمی جیهانەوە، لەگەڵ رووس تێرنەری ئەڤینی گەورەی ژیانیدا زەماوەندی کرد و ژیانی هاوسەرێتیی پێکەوەنا و ساڵانی دواتر سێ منداڵیان بوو. ساڵی ١٩٢١ جۆرج مالۆری بانگهێشت کرا بۆ بەشداریکردن لە گەشتێکی زانستی بۆ لوتکەی ئەڤەرێست کە بەرزترین لوتکەی جیهانە لە زنجیرە چیای هیمالایا لەسەر سنووری وڵاتانی چین و نیپال و باکوری هندستان و نزیکەی ٩ کم لە ڕووی دەریاوە بەرزە. ئامانج لەو گەشتە کە لەلایەن کۆمەڵەی جوگرافیای شاهانەی بەریتانیاوە ڕێکخرابوو، پێوانی تایبەتمەندییەکانی ئەڤەرێست و دۆزینەوەی ڕێگەیەك بوو بۆ سەرکەوتن بەرەو لوتکە. لەو گەشتەدا لە باکوری نیپالەوە ڕێچکەیەك بەرەو لوتکە دۆزرایەوە و دەستنیشان کرا. جۆرج مالۆری ساڵی ١٩٢٢ لە گەشتی دووەمیشدا بەشدار بوو. ئەمجار پێویست بوو شاخەوانەکان هەوڵ بدەن بەرەو لوتکە سەربکەون. شاخەوانەکان لەو هەوڵەیاندا توانییان تا بەرزایی ٨٣٠٠ مەتر سەربکەون. هەرەسێکی گەورەی بەفر کە مردنی ٧ کۆڵبەری تیمی شاخەوانانی لێ کەوتەوە، بوو بە هۆی ئەوەی کۆتایی بەو هەوڵە بهێندرێت. ساڵی ١٩٢٤ لە خوولی ئۆڵۆمپیادی زستانە لە چامۆنیکس مەدالیای شاخەوانان بەخشرا بە جۆرج مالۆری و هەموو ئەو هاوڕێ شاخەوانانەی کە ٢ ساڵ پێشتر هەوڵیان دابوو بگەنە لوتکەی ئەڤەرێست.

جۆرج مالۆری شاخەوانی بەریتانی


هەمان ساڵ، ١٩٢٤، جۆرج مالۆری دیسان خۆی گەیاندەوە ئەڤەرێست. زانای جیۆلۆجی ئینگلیز نۆیل ئۆدێل بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ڕۆژی ٨ی حوزەیرانی ١٩٢٤ جۆرج مالۆری و ئەندرێ ئیرڤینی شاخەوانی هاوڕێی لە بەرزایی ٨٥٠٠ مەتری ئەڤەرێست بینیوە. دوای ئەوە لە تەم و مژدا ون بوون و سۆراخیان نەما. تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە داخۆ یەكێك لەو دووانە گەیشتوونەتە لوتکە یاخۆ نا؟

دۆزینەوەی تەرمی جۆرج مالۆری
شاخەوانی ئەمریکایی کۆنراد ئانکەر، دوای ٧٥ ساڵ، لە ١ ئاداری ١٩٩٩ لە بەرزایی ٨١٥٠ مەتر تەرمی وشکهەڵهاتووی جۆرج مالۆریی دۆزییەوە. تەرمەکە زۆر بە باشی مابووەوە. چاویلکەکەی لە گیرفانیدا بوو. بوتڵی ئۆکسجینەکەی دیار نەمابوو. باوەڕ دەکرێت گەیشتبێتە لوتکە و پاش ئەوەی بوتڵەکە خاڵی بووە، لەوێ بەجێی هێشتبێت. کاتێك لە ژیاندا بوو، بەردەوام وێنەیەکی "ڕووس"ی هاوسەری پێ بوو، بەڵام لە کاتی دۆزینەوەی تەرمەکەیدا لە گیرفانیدا نەمابوو. هەوادارانی جۆرج مالۆری بۆچوونیان وایە ناوبراو گەیشتبێتە لوتکە و وێنەکەی لەوێ دانابێت. کامێراکەیشی پێ نەمابوو. شوێنەواری دوو برینی کاریگەر بە تەرمەکەیەوە دیار بوو؛ ئێسکی ڕانی ڕاست و سەری شکابوون... وەڵامێکی زۆر بەناوبانگی جۆرج مالکۆنی هەیە؛ لێی دەپرسن بۆچی دەیەوێت سەربکەوێتە سەر لوتکەی ئەڤەرێست؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: “Because it is there.” (چونکە لەوێیە.)

تەرمی جۆرج مالۆری


دوای ونبوون، مردنی جۆرج مالۆری
- ڕووس تێرنەری هاوسەری، دەستی منداڵەکانی گرت و گەڕایەوە بۆ ماڵی باوکی. ساڵی ١٩٣٩ شووی کردەوە و ساڵی ١٩٤٢ بە نەخۆشیی شێرپەنجە مرد.
- نووسەری بەریتانی جێفری ئارچەر وەك یەکەم نووسەر ژیانی جۆرج مالۆری کرد بە ڕۆمانێك بەناوی "ڕێگەکانی نەمری". ڕۆمانەکە ساڵی ٢٠٠٩ کەوتە بازاڕەوە.
- فیلمی دۆکۆمێنتاری "کێویترین خەون" لە دەرهێنانی ئەنتۆنی گێفن کە یەکەم فیلمە لەسەر لووتکەی ئەڤەرێست دەرهێندراوە، باس لە دوایین بە شاخدا هەڵگژانی جۆرج مالۆری دەکات.
- جۆرج مالۆریی دووەمی کوڕەزای جۆرج مالۆری لە ١٥ ئایاری ١٩٩٥، واتە ٤ ساڵ بەر لە دۆزینەوەی تەرمی باپیری، سەرکەوتە سەر لوتکەی ئەڤەرێست.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ