به‌سه‌رهاتی (2)
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌پێی بڕیاری پیلینیۆم (2013.10.10 له قه‌ڵاچۆلان ئه‌نجامدرا) ڕۆژی 2014.1.31ى بۆ به‌ستنی كۆنگره دیارییكرد، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌و رۆژه سه‌ركردایه‌تی بێ ئاماده‌بوونی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی كۆبوه‌وه و دواخستنی كۆنگره‌یان بۆ كاتێكی نادیار په‌سه‌ند كرد، ئه‌وكات ئه‌و دوو كه‌سه دژی دواخستنی كۆنگره بوون چونكه خۆیان واده‌بینی ده‌توانن كۆنترۆڵی كۆنگره و پاشان یه‌كێتی بكه‌ن له غیابی مام جه‌لالدا، راستیه‌كه‌شی به‌راورد به ئێستا ئه‌وكات ده‌سه‌ڵاتێكی زۆریان هه‌بوو به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان كۆنگره‌ی چواره‌م مۆمی كۆسره‌ت ره‌سوڵی كز كرد و هی به‌رهه‌م ساڵحیشی كوژانده‌وه، پاش ئه‌وه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی وه‌ك ژماره‌یه‌كی گه‌وره هاته پێشه‌وه و ده‌نگی یه‌كه‌می هێنا، بۆیه بریاری دواخستنی كۆنگره له‌وكاته‌دا كوده‌تای سپی بوو به‌سه‌ر كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵحدا.
رۆژێك پێش واده دیاریكراوهكهش بۆ به‌ستنی كۆنگره مه‌كته‌بی سیاسیی كۆبۆوه (كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح) ئاماده‌بوون، بڕیاریاندا جێگرانی سكرتێری گشتیی له‌گه‌ڵ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌سه‌ڵاتی سكرتێری گشتییان هه‌بێت و ناوه‌ندی باڵای بڕیاردانبن له‌نێو یه‌كێتیدا به‌ڵام هه‌رگیز جێبه‌جێ نه‌كرا.
به نه‌به‌ستنی كۆنگره، ناكۆكییه‌كانی نێو باڵه‌كانی یه‌كێتی گه‌وره‌تر بوو، بۆیه ئه‌وه نیگه‌رانیی لای ئێرانی دۆستی یه‌كێتی دروستكرد به تایبه‌ت كه یه‌كێتی به ئه‌نجامێكی خراپه‌وه له هه‌ڵبژاردن هاتبووه ده‌ره‌وه (هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان 2013.9.21).
پێشتر و به‌رله واده دیارییكراوهكهی به‌ستنی كۆنگره، تاران باڵه ناكۆكه‌كانی ئاگاداركرده‌وه یه‌كپارچه‌یی یه‌كێتی بپارێزن و مه‌ترسی كوت كوت بوونی یه‌كێتی دروست نه‌كه‌ن، له‌و سه‌روبه‌نده‌ی بگره‌وبه‌رده‌ی به‌ستنی كۆنگره، ڕۆژی (2014.1.12) كۆسره‌ت ڕه‌سول َو به‌رهه‌م ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د چوونه تاران، رۆژی دواتر بهنێوانگیریی ئێرانییه‌كان یان راستتره بڵێین قاسم سوله‌یمانى په‌یوه‌ست به دۆخی ناوخۆی حزبه‌كه‌یان له‌سه‌ر 3 خاڵ رێكه‌وتن، كه واباشه به "ڕێكه‌وتننامه‌ی تاران" ناوی ببه‌ین، له كاتی گفتوگۆكانی نێوان ئه‌و 4 كه‌سه‌دا حاجی ئاغا (قاسم سوله‌یمانى) پێیان ده‌ڵێت:" یه‌كێتی پێش ئه‌وه‌ی هی ئێوه بێت هی منه".
رۆژى 2014.1.13 به شاهیدی قاسم سوله‌یمانی، كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌م شێوه‌یه ڕێكه‌وتن:
یه‌كه‌م: ناوه‌ندی بڕیار له جێگرانی سكرتێری گشتیی (كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح) له‌گه‌ڵ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د پێكبێت، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سكرتێری گشتیی یه‌كێتی پێ بسپێردرێت، هه‌روه‌ها ئه‌م ناوه‌نده سه‌رپه‌رشتی گشتیی ده‌زگاكانی یه‌كێتی بكات.
دووه‌م: هه‌رسێكیان ده‌ستبه‌جێ گۆرانكاریی له به‌رپرسیاریه‌تی ده‌زگاى زانیاریی و مه‌كته‌به‌كانی: ڕێكخستن، هه‌ڵبژاردن، ڕاگه‌یاندن بكه‌ن، به‌جۆرێك ئه‌م ده‌زگا و مه‌كته‌بانه به كه‌سانی شاره‌زا و بێلایه‌نی له ململانێكانی یه‌كێتی بسپێردرێن.
سێیه‌م: ئه‌م ناوه‌نده مافی سهردانییكردنی جه‌نابی مامجه‌لالی ده‌بێت تاوه‌كو له نزیكه‌وه ئاگاداری باری ته‌ندروستیی مامجه‌لال بن ( له‌م كاته‌دا 2 ساڵ و مانگێك به‌سه‌ر نه‌خۆشكه‌وتنه‌كه‌ی مام جه‌لال تێپه‌ری بوو).
ده‌قی ئه‌م رێكه‌وتنه لای هه‌ر سێ كه‌سه‌كه پارێزراوه و ئیمزای هه‌ر سێكیانی به‌سه‌ره‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئیمزای حاجی قاسم وه‌ك شاهیدی رێكه‌وتنه‌كه.
چه‌ند ڕۆژێك دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له تاران، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه ئه‌وكات كه‌سی یه‌كه‌می باڵی ماڵی تاڵه‌بانی بوو، ئاماده نابێت رێكه‌وتنه‌كه له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح جێبه‌جێ بكات و پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه، به تایبه‌ت خاڵی یه‌كه‌م و دووه‌م، كه رۆحی رێكه‌وتنه‌كه بوو.
جێگرانی سكرتێری گشتیی نه‌یانتوانی مامجه‌لال ببینن هه‌تا ئه‌و كاته‌ی گه‌ڕایه‌وه سلێمانی و ئه‌وانیش وه‌ك خه‌ڵكانی تر چوونه گردی ده‌باشان بۆ بینیی، له‌كاتێكدا قه‌رار بوو له نه‌خۆشخانه‌ی شارێتهی به‌رلین چاویان پێی بكه‌وێت وه‌ك له خاڵی دووه‌مدا هاتبوو.
ته‌نها چه‌ند ڕۆژێك تێپه‌ڕی بوو به‌سه‌ر ڕێكه‌وتننامه‌كه‌دا، قاسم سوله‌یمانی له‌ڕێی چاوپێكهوتنێكهوه كه به‌شی تایبه‌تی ئاژانسی فارس‌نیوز بڵاویكرده‌وه (2014.1.16) مه‌یلی ئێرانیی بۆ پشتیوانیكردنی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌ربڕی بوو، بۆه قسه‌كانی كۆسره‌ت ڕه‌سول َو به‌رهه‌م ساڵحی نیگه‌ران و توڕه كرد.
قاسم سوله‌یمانی له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، ئاماژه‌ی به‌وه دابوو:"خانه‌واده‌ی تاڵه‌بانی له‌نێو یه‌كێتیدا بۆ ئێران هێڵی سورن، له هیچ ده‌سته و گروپێك قبوڵ ناكه‌ن ڕۆڵی ئه‌وان فه‌رامۆش بكه‌ن، ئه‌وان ده‌بێت له داهاتووی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا كاریگه‌ریی و جێده‌ستیان هه‌بێت".
له وه‌سفی مامجهلالیشدا ده‌ڵێت" كه‌سایه‌تی به‌ڕێز تاڵه‌بانیی له نێو كورد‌و عێراقیشدا دووباره نابێته‌وه، هه‌ركاتێكیش چاوم ده‌كه‌وێت به ئیمام خامنه‌یی، یه‌كه‌مجار هه‌واڵی ته‌ندروستى تاڵه‌بانیم لێ ده‌پرسێت".
تێبینی: ساڵی دواتر، له‌سه‌ر داوای جێگرانی سكرتێری گشتی و بۆ جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه، قاسم سوله‌یمانی دێته قه‌ڵاچوالان و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی 4 قۆڵی ده‌كه‌ن له به‌شی (3) یه‌مى ئه‌م زنجیره به‌سه‌رهاته‌دا به وورديی باسی ده‌كه‌ین.