حكومه‌تی هه‌ولێر زۆنى سلێمانی دادۆشیووه‌ ؟

سلێمانی.. لە گوندەوە بۆ گوند

رێبین عومه‌ر 2020.02.03 03:59 PM
1020 جار خوێندراوەتەوە

رێبین عومه‌ر

نوسه‌ر
به‌كالۆریۆس له‌ راگه‌یاندن ـ زانكۆی سلێمانی

ئەو كاتەی برایم پادشای بابان ئەم شارەی دروستكرد لە 1784ز ئەم ناوچەیە تەنها گوندێك بچووكی لێبوو بەناوی گوندی مەڵكەندی لەومێژووەتا ئەمڕۆ 236 ساڵ بەسەر دروستبوونی ئەم شارە تێدەپەڕێت، كەچی خەریكە ئاگامان لە خۆمان نامێنێ و ئەم شاری سلێمانییە بە رۆژی رووناك لێمان دەكەنەوە بەگوند و دووریەخەنەوە لەو خزمەتگوزاریانەی كە شار پێویستییەتی.
لەسەر حسابی سلێمانی دوو سەعات له ئەو لامانەوە دووبەی دروست دەكرێت و سلێمانیش پەڕووباڵی ئەكرێ و هیچ بەسەر هیچەوە نامێنێت.

شارێكی بێ نوزە
بەئەزموونی ئەو چەند ساڵەی حكومەت لە هەولێرە و حكومەت هەڵوەشایەوە لە سلێمانی دەركەت كە حكومەتی هەولێر كە بە بەردەوامی كەسێكی ماڵباتی بارزانی سەرۆكایەتی ئەكات توانای ئەوەی نییە كە خزمەت بە سلێمانی بكاو بەمەبەستیش رووبەڕووی وێرانبوونی ئەكاتەوە، حكومەت وێنەیەكی بەراورد كاری لە نێوان هەولێر و شارەكانی تر دروستكردووە، لەم رۆژانە باس و خواست بوو بەباسی شەقامی 150 مەتری هەولێر پارتی ویستی ئەوە بڵێت كە ئەوان ئەو شەقامەشیان تەواو كرد كەچی هەر سەرۆكی حكومەت بڕیاری راگرتنی پڕۆژەی 100 مەتری سلێمانی دا ئەگەرنا قەیوان كە كۆمپانیایەكی ئەم زۆنەیە بەرپرسیاری تەواو بوونی خستە ئەستۆی خۆی، ئەوە نەكرا تەنها لەبەر ئەوەی ببێتە دەستكەوت بۆ سەرۆكی حكومەت كە پارتییە.

كۆمپانیای قەیوان بەرپرسیاری تەواوبوونی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی خستە ئەستۆی خۆی به‌ڵام نه‌یانهێشت تەنها لەبەرئەوەی ببێتە دەستكەوت بۆ سەرۆكی حكومەت كە پارتییە

حكومەتی هەولێر زۆرتر كاری لەسەر دادۆشینی ئەم شارە كردووە و خێرو بێری سەرزەوی و بن زەوییەكەی بۆ خۆی بردووە و سەفەقاتی پەنجا ساڵەی پێ ئەنجام داوە.
لە غیابی خزمەتگوزاريی لەم شارەدا، پارتی سود لە كێشمەكێشی نێوان گۆڕان و یەكێتی دیوە و دەستەواژەی "تیرۆری فكری بەرامبەر بەم شارە بەكار هێناوە و وەك بێخاوەن سەیری ئەم شارەی كردووە" بەردەوام وای ویستووە كە ئەوە دەرخات كە یەكێتی لەم ناوچەیەدا لە ململانێی گۆڕان گلاوە و لە ئاستی ناوخۆی خۆشی خاوەن بڕیار نییەو بێسەرە، رەنگبێت پارتی هەندێ دەسەڵاتداری ناو یەكێتی بەپارە هەڵكێشابێت، هەرئەوانیش زوو زوو كۆتایی بەو نیگەرانیانە دەهێنن كەدژی سیاسەتی پارتی لەناو یەكێتی سەردەرئەكات.
پارتی بە رەهایی سودی لە جومگە هەستیارەكانی حكومەت وەرگرتووە و لەبەرژەوەندی خۆی بەكاری هێناوە، هێزی حكومەتی بۆ پلانەكانی خۆی بەگەڕخستووە هەندێ پڕۆژەی گرنگی لە سەرمایەدارە ناوخۆییەكانی ئەم زۆنە سەندۆتەوە و داویەتە سەرمایەدارەكانی خۆی، گرفتی گواستنەوە غاز كە لەم رۆژانە لە سنوری یەكێتی دروست بوو، پارتی لە رێگەی حكومەتەوە ئەو خێرەی داوەتە كۆمپانیاكانی خۆی و نەیویستووە كە خەڵكی تر سودمەندبێت لێی.

شاری سلێمانی له‌ سه‌رده‌می سیستمی پاشایه‌تی عێراقدا

 

پارتی لە سلێمانی چەند ساڵێكە لە رێگەی هەندێ خاوەن پارە خەریكی كڕینی موڵكە لەم شارەدا جگە لەوەش دوو مۆڵی گەورەی لەم شارە دروستكردووە و ماركێتینی خۆی تێدا دەكات، دانەیەكیان شەراكەتی نێچیرە و ئەویتر مەسرورە چونكە هەردوو مۆڵەكە بەهەمان ناو لە هەولێر هەن، بەشێك لە كارمەندەكانیشی خەڵكی خۆیانن و لە شاری دیوە هاتوو ئێرە.
زۆر بابەتی تر لە باج و رسوماتی حكومەت و دامەزراندن و كاروباری حكومەت لە هەموو كەرتەكان لەهەولێرن، تەنانەت فیزەش پارتی كۆمپانیای بۆداناوە و خەڵكی ئەم شارە بەناچاری بۆ وەرگرتنی ڤیزە یان كاروباری دەرەوە روو لە هەولێر دەكەن، پارتی بۆ یەك ئیمزا خەڵك دەهێنێتەوە هەولێر.
پارتی هیچ شتێكی لە سلێمانی نەهێشتووە و هەروەفدێكی بێگانەش دێتە هەرێم و نیەتیانبێت سەرمایەگوزاری لەم زۆنە بكەن پێیان دەڵێن سلێمانی ناوچەی سەیف نییە خۆتان لەقەرەی مەدەن.
ئەم شارە لە سێبەری حكومەتەكەی هەولێر جگە لە چاخانە و باڕو ریستۆرانت هیچی تیانەماوە.

یەكێتی دەبێت قسەی جدی هەبێت
كۆنگرەی یەكێتی كۆتایی بەزۆر شت هێنا لەوانە ئەو گروپەی نزیكن لە پارتی، رێبوار كەریم وەلی كە نوسەرێكی پارتی و نزیك نێچیرە نوسینەكانی رێبوار هەندێ كارتی پارتی دەخەن روو، لە تازە ترین وتاریدا بەناوی (لیستە رەشەكەی پارتی) باسی لەوە كردووە كە دوای نەمانی قاسم سلێمانی، ئیتر هەژموونی پارتی بەسەر یەكێتی زاڵ دەبێت، پارتی هەر ئەو نیەتەشی هەیە كە چۆن دەست لە كاروباری پارچەكانی تری كوردستان وەرئەدات ئاواش دەستوەردانی راستەوخۆی لەناو یەكێتی بكات .
پارتی مەبەستییەتی خواستی خۆی بەسەر یەكێتی بسەپێنێت، تەنانەت دەیەوێت سەرۆكی ئایندەی یەكێتی بەدڵی ئەوان بێت.
یەكێتی دەبێت بەر لە هەموو پارتەكانی تری ئەم زۆنە خۆی بە خاوەن بڕیار بزانێت چونكە ئیتر كاتییەتی پارتی ستۆپبكرێت بەتەواوەتی رابگیرێت.
لەكاتێكدا ئەگەر یەكێتی ئەوە نەكات ئەوا بەهەمان دەردی گۆڕان دەچێت و لەناو پارتی دەتوێتەوە، چونكە پارتی دەیەوێت لە هەڵبژاردن بەخەڵك بڵێت بۆ دەنگ بە حزبێك ئەدەن كە بەوەكالەت كار بۆ ئێمە دەكات فەرموون دەنگ بە خودی حزبەكە بدەن باشترە.

 پرۆژه‌ی شه‌قامی 150 مه‌تری هه‌ولێر له‌ ته‌واو بووندایه‌


پارتی لەم كابینەیەدا بەپۆست گۆڕانی خستە سەر ساجی عەلی و بڕیاری سەربەخۆی پێنەهێشتەوە تەنانەت نەهجی رەخنەگرتنیشی لێ قەدەغە كردوو و گۆڕانی كردۆتە پاكشۆی خۆی، بۆ یەكێتیش پارتی هەرئەو نیەتەی هەیە كە یەكێتییەكی ناكۆك و لاواز لە تەنیشتیەوە بێت، باشترە لەو یەكێتییەی بڕیاری خۆی لایە.

گروپی دژە پارتی ناو یەكێتی
كۆنگرەی چواری یەكێتی دەرفەتی زۆریدا بەو كارەكتەرە سیاسیانەی ناو یەكێتی كە پارتی دانوی لەگەڵیان ناكۆڵێت، هەرلەسەرەتاوە دڵتەنگی پارتی دەركەوت كە ڤیتۆی لەسەر هەندێ كەس هەبێت،
لەناو یەكێتیدا گروپێكی بەهێز هەن كە دژە پارتین و چاویان لەوە نییە كە كلیلی ماڵی خۆیان بدەنە دەست پارتی، ئەم گروپە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی ئێستا زۆرن، لەم قۆناغە دوور لە بەركەوتنی راستەوخۆ باشترە سیاسەتێكی هاوسەنگ پەیڕەو بكەن و دووركەونەوە لەدەمارگیری، دووبارە بەدەفتەری حساباتدا بچنەوە لەگەڵ پارتی و گۆڕانكاری جەوهەری لە سیاسەتی ئابوری ناوخۆی بكەن، چونكە سیاسەتی پێشووی ئابوری یەكێتی شكستی خواردووە و گەشەسەندنی ئابوری دروست نەكردووە.

سیاسەتی پێشووی ئابوری یەكێتی شكستی خواردووە و گەشەسەندنی ئابوری دروست نەكردووە.

كاتییەتی كە دوور لە ئابوری مۆنۆپۆڵی پارتی جوڵەی سەرمایەگوزاری لە ئاستی ناوخۆ زیاد بكرێت و گەشەسەندن لەم ناوچەیە بكرێت و رێگری لەو كۆمپانیایانە بكرێت كە ئەم زۆنە لوش ئەیەن و خێرەكەی بۆ خۆیان دەبەن و هیچ لەو ناوچەیە ئەنجام نادەن.
ئەم شارە قورگی گیراوە و خەریكە لە هەولێرەوە بەتەواوەتی نوزەی ئەبڕن، زۆرینەی داهاتی ئەم هەرێمە لە سنوری سلێمانییە كەچی وەك بەصرەمان لێهاتووە و نیقمەتەكەی بۆ ئێمەیەو خێرەكەی بۆ دوبەیی پارتی و پڕكردنی بانكەكانی جیهانە.

ئیتر كاتییەتی بۆ گەشەسەندنی ئەم گوندە قسەیەكی جدی بكرێت و چیتر ئەوەندەی تر شوێن سێبەرە گەورەكەی پارتی نەكەون و چارەنوسی خۆتانیان نەدەنە دەست.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ