راگه‌یاندن و دیموكراته‌كانی تێكشكاند

تره‌مپ.. دیموکراتەکانی کرد به‌ ده‌واری شڕ

كاروخ خۆشناو 2020.02.06 11:32 AM
888 جار خوێندراوەتەوە

كاروخ خۆشناو

شاره‌زای كاروباریی ئه‌مریكا
سه‌رۆكی ئینیستیتوتى توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكیی ـ كوردیى

لە سەرتای هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی (۲۰۱٦)، ململانێیەکی توند کەوتە نێوان دۆناڵد تڕەمپ و دیموکراتەکان، ئەم حاڵەتەش لە پڕۆسەی دیموکراسی ئەمریکادا حاڵەتێکی ئاساییە، چونکە ئەگەر چاوێک بە مێژووی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکاندا بخشێنینەوە، دەبینین هەمیشە ململانێیەکی سیاسی توند و بەردەوام هەبووە لە نێوان هەردوو پارتە سەرەکیەکەی گۆڕەپانی سیاسی ئەمریکادا، بەڵام هیچ کات ململانێکان نەگەیشتوونەتە ئاستی سەردەمی دۆناڵد تڕەمپ.
دوای دەست بەکاربوونی تڕەمپ وەک سەرۆکی (٤٥)ی ئەمریکا، دیموکراتەکان کەوتنە دژایەتی کردنی و بە کەسایەتیەکی بێ ئەزموون و نەشارەزا لەقەڵەمیاندا، دیموکراتەکان لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە هەموو شێوەیەکی (دەستووری و یاسایی ڕێگەپێدراو)  دژایەتی تڕەمپیان کردووە و لە "بۆسە"دا بوونە بۆ تڕەمپ، تاکو لە (۲۰۱۹/۷/۲٥) تڕەمپ پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا (ڤلادیمێر زیلینسکی) لێ ئاشکرا بوو، زانیارییەکان کەوتنە دەست دیموکراتەکان، دیموکراتەکانیش وەک ئەوەی (هەنگوینیان لە دار) دۆزیبێتەوە هەڵسان بە پڕۆسەی دادگایکردنی تڕەمپ.

لە ماوەی پڕۆسەی دادگایکردنەکەدا، دۆناڵد تڕمپ لێبڕاوانە بەرەنگاری دیموکراتەکان بوویەوە و توانی سەرکەوتنێکی گەورەیان بەسەردا تۆمار بکات، بەجۆرێک هەر لە ئێستاوە زۆرینەی ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە دۆناڵد تڕمپ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکای بۆخۆی مسۆگەر کردووە (کە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت)

تره‌مپ یارییه‌كه‌ی له‌ پیلۆسی و دیموكراته‌كان برده‌وه‌



ئەگەرچی لە سەرەتای دادگایکردنی تڕه‌مپدا، دیموکراتەکان ئومێدیان هەبوو کە بتوانن شکست بە تڕەمپ بهێنن بەڵام دوای دەنگدانەکەی دوێنێی ئەنجومەنی پیران کە لە بەرژەوەندی تڕەمپ کۆتایی هات، دیموکراتەکان دوا کارتی فشاریان لە دەستدا.

لە کاتی وتاری ساڵانەشیدا تڕەمپ پشتی لە (نانسی پیلۆسی) کرد و تەوقەی لەگەڵ نەکرد، ئەمەش نانسی توڕە کرد و لە کۆتاییدا کۆپی وتارەکەی تڕەمپی دڕاند، ئەمەش بە کاردانەوەیەکی خراپ لەقەڵەم درا و دەنگدانەوەیەکی خراپی بۆ سەر دیموکراتەکان هەبوو.

بە کورتی ئەوەی تڕەمپ لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە دیموکراتەکانی کردووە، بــــــا بە دەواری شڕی نەکردووە

(دۆناڵد تڕەمپ) وەک کارەکتەرێکی بازرگان کە پێشتر هیچ پاشخانێکی سیاسی نەبووە، لە لایەک توانیویەتی زیرەکانە وەک سەرۆکێکی تازە و ناوازە سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات لە ئاست بەڕێوەبردنی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەکیدا، لە لایەکی تر توانیویەتی لێبڕاوانە بەرەنگاری دیموکراتەکان ببێتەوە هەروەها سەرکەوتوانەش توانیویەتی ڕووبەرووی ڕاگەیاندنە نەیارەکانی بێتەوە.
بە کورتی ئەوەی تڕەمپ لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە دیموکراتەکانی کردووە، بــــــا بە دەواری شڕی نەکردووە!!!


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ