عه‌لاویی به‌رامبه‌ر به‌ربه‌ستی كورد ـ سوننه‌

عه‌لاویی.. له‌ به‌رده‌م ته‌حه‌دای گۆرینی ئه‌زمونى حوكمرانیى دوای 2003

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.02.18 11:56 AM
174 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

کوردستان تایمز
سەركەوتنی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێڕاق محەمەد تۆفیق عەللاوی لە پێكهێنانی كابینەیەكی جێگرەوە بۆ کابینەی دەستلەكاركێشاوەی عادل عەبدولمەهدی ئەگەرێکی بەهێزە، لەگەڵ ئەوەشدا، میكانیزمەكانی پێكهێنانیی کابینەکەهەردو پێكهاتەی كورد و سوننە دەكات بە دو بەرەی جیاوازەوە و “قەیرانێكی كاتی”ی و شەڕێكی میدیایشی لە گۆڕەپانی سیاسییدا دروستكردوە.
عەللاوی، كە بەرهەمی لێكتێگەییشتنی هاوپەیمانێتیی فەتحی حەشدی شەعبیی و سائیرونی موقتەدا سەدرە، لەسەر شێوازی راسپاردنی کابینەکە، گفتی ئەوەی داوە لەم هەفتەیەدا بەراگەیاندنی كابینەكەی “دەستكەوتێكی مێژویی” تۆمار بكات.
ئەم كابینەیە كە لەناو دۆخێكی پڕ لە قەیران و بەردەوامیی خۆپیشاندانەكان لەدایكدەبێت بڕیارە دەوروبەری 22 وەزارەت بێت، بۆ هەڵبژاردنی وەزیرەكانیش عەلاوی پێداگرە لەسەر ئەوەی خەڵكانی دوبارە و ناسراوی ناو پرۆسەی سیاسیی نەبن و خۆی لەپێكهاتەكان بەربژێریان بكات، ئەمەش كێشەیەكی لەنێوان سەرۆك وەزیرانی نوێ و بەشێك لە لیستە سوننەكان و حیزبە دەسەڵاتدارە كوردییەكان دروستكردوە، بەتایبەت پارتیی دیموکراتیی کوردستان. لە بەرانبەردا، فراكسیۆنە كوردییەكانی گروپی 15 (بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوی ئیسلامیی و چەند کوردێکی دیکەی ئەندامی پارلەمان) كێشەی بەربژێری وەزیرەكانیان نییە لەسەر ئەو بنەمایەی لە كابینەی پێشوشدا بەشدار نەبون. هەروەها، گروپی ١٥هاوڕایە لەگەڵ شەقامی عێڕاقیی کە پێویستە کۆتایی بە حکومڕانیی لەسەر بنەمای پشکداریی ئێثنیکیی و طائیفیی بهێنرێت، کە ئەوەش یەکێکە لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی عێراق بەوپێیەی لەدوای ٢٠٠٣ەوە یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی حوکمڕانیی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پشکدارییە کە رێدەگرێت لە کەسانێکی لێهاتو بەشدار ببن لە بنیادنانەوەی وڵات ئەگەر سەر بە هێزێکی دەستەڵاتداری یەکێک لە پێکهاتەکان یان نزیکی مەرجەعییەت و گروپە دینیی و میلیشیاکان نەبن.  

سه‌رۆك كۆمار شانی عه‌لاویی خسته‌ ژێر بارێكی قورسه‌وه‌

عەللاوی بۆ هەر كابینەیەك 3 تا 5 بەربژێری داناوە، هەندێ لەو كاندیدانەش خەڵكانی قبوڵكراون لەڕوی جەماوەرییەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو هێز و گروپانەی کە بەربژێرەکانی رەتدەکەنەوە. بەڵام لە دیاریكردنی بەرپژێرەكانی كورد و سونە بۆ وەزارەتەكان، بەرەنگاری ناڕەزایی و لێدوانی رەتكردنەوەی دەستەڵاتدارانی هەولێر و هاوپەیمانێتیی هێزە عێراقییەكانی سوننە بوەتەوە كە زیاتر كەربولییەكان و سەرۆکی پارلەمانی عێڕاق محەمەد حەلبوسی نوێنەرایەتییان دەكەن.
ناڕازییەكان لە میكانیزمی پێكهێنانی كابینەی عەلاوی، پاساو بە پاراستنی باڵانسی پێكهاتەكان  هاوسەنگیی و نوێنەرایەتی نەتەوەیی و مەزهەبیی دەهێننەوە. باس لەوەش دەكەن خودی عەلاوی بەربژێرێكی شیعییە و لەناو كابینە چاوەڕوانكراوەكەشی كەسایەتیی سیاسیی شیعیی هەن، بەڵام لە نۆرەی ئەماندا سەربەخۆیی و تەكنۆكرات كراوەتە پێوەر و بنەما. ئەوەی لەو تێڕوانینەی بەرپرسانی سونە و کورددا گرفتئامێزە، ئەوەیە کە ئەوان پێیان وایە هەر بەربژێرێک لە پێکهاتەی کورد و سونەدا ئەگەر خۆیان بەربژێری نەکەن، نوێنەرایەتیی ئەو دو پێکهاتەیە ناکات، لە کاتێکدا عەلاوی راستە بەربژێرێکی شیعەیە و پەیوەندیی سیاسیی و توندوتۆڵیشی لەگەڵ لایەنە شیعییەکان هەیە، لەناویشیاندا حیزبوڵای لوبنانییش، بەڵام کەسێکە تا رادەیەک سەربەخۆیی خۆی پاراستوە و تەکنۆکراتیشە. هەرچەندە ستافی عەللاوی تا ئێستا بەفەرمی هیچ وەڵامێكی ئەم دیدەیان نەداوەتەوە كە بەیاننامەكانی حەلبوسی- مەسعود بارزانی و حەلبوسی-لاهور شێخ جەنگی ناڕاستەوخۆ جەختی لێكردۆتەوە، بەڵام هەر لەناو كورد و سوننەدا لیستەكانی تر باس لەوە دەكەن ئەو شەڕەی بە ناوی پێكهاتەوە دەكرێت بۆ دەستكەوت و بەوەزیركردنی بەربژێری حیزبییە و “شینەكە بۆ هەریسەکەیە” نەك مافی پێكهاتەكان.  

ستافی عەللاوی تا ئێستا هیچ وەڵامێكی ئەو دیدەیان نەداوەتەوە كە بەیاننامەكانی حەلبوسی- مەسعود بارزانی و حەلبوسی-لاهور شێخ جەنگی ناڕاستەوخۆ جەختی لێكردۆتەوە

كابینەی عەللاوی 11 وەزارەتی بۆ شیعەكان دەبێت، 6 بۆ هێزە سوننەكان، 5 بۆهێزە كوردییەكان، 1 وەزارەتیش بۆ نەتەوە و ئاینزاکانی تر، بەڵام ئەگەر ناجۆرییەكان بەردەوام بن ئەوە ئەگەرەكان كراوە دەبن لەنێوان متمانە وەرگرتنی حكومەت دور لە رەزامەندیی پارتیی و یەكێتیی و هاوپەیمانێتیی بەشێک لە هێزە سوننەكان یان بەجێهێشتنی پۆستە وەزارییەكانیان بەبەتاڵی تا ئەوكاتەی دەگەنە رێككەوتن لەبارەیەوە. ئەمەش ئەگەرێكی تاڕادەیەك دورە چونكە لە سەردەمی عەبدولمەهدیدا بۆ ماوەی ساڵێکیش نەتوانرا هەندێ پۆستی وەزاری پڕ بكرێتەوە، لەوانەش ناوخۆ و بەرگری و پەروەردە.
محەمەد تۆفیق عەللاوی پشت ئەستورە بە پاڵپشتییەكی سیاسیی بەهێزی شیعیی كە لە دو بەرەوە سەرچاوە دەگرێت، یەكێك لەوانە كۆنتاكتی بەردەوامی محەمەد كەوسەرانی سەركردەی حیزبوڵڵای لوبنانە لەگەڵ هێزە شیعییەكان وەك جێگرەوەی رۆڵی قاسم سلێمانی “بەكاتیی”، ئەویتریش پاڵپشتی لیستی سائیرونی سەدر و هێزی جەماوەریی موقتەدایە كە دەتوانێت شیعەكان ئیحراج بكات ئەگەر لەمپەر بۆ عەللاوی دروستبكەن و كابینەكەی رەتبكەنەوە.

هێشتا ئاپۆرایه‌كی به‌ربڵاوی شه‌قام عه‌لاویی ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌


هەرچەندە لە ئێستا شەڕێكی گەرمی میدیایی سێبەر و لابەلا لەنێوان بەرەی لایەنگری هەنگاوەكانی محەمەد تۆفیق عەللاوی و نەیارانی پلانەكەیدا لە سۆشیال میدیا و تەنانەت بەیاننامە و لێدوانە فەرمییەكانیشدا هەیە و سایتی پارلەمانی عێراقیش لە لایەن حەلبوسییەوە كراوەتە مینبەرێك بۆ ئەو شەڕە، بەڵام بە دور نازانرێت هەردولا بگەنە لێكتێگەییشتن بۆ دانانی چەند وەزیرێك كە سەر بە حیزبە كوردیی و سوننە دەستڕۆییشتوەكان بن و لە هەمان كاتدا باكگراوەندێكی گونجاویان هەبێ لەگەڵ دروشمەكانی كابینەی نوێ كە پسپۆڕی و شارەزایییە لە كاروباری وەزارەت.
لە دەرەوەی بەربژێرەكانیش بەشێكی گەورەی ناكۆكییەكان پەیوەندیدارن بە كارنامەی كابینەی نوێ لەبارەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ لەناوبردنی داعش، بە جۆرێك شیعە رادیكاڵەكان پێداگرن لەسەر ئەوەی بەڕونی باسی چونە دەرەوەی هێزە بیانییەكان بكات، لە كاتێكدا كوردەكان و سوننەكان مانەوەیان بە گرنگ دەزانن بۆ ئاساییشی خۆیان بەڵام بەناوی “مەترسیی تیرۆر” بەرگریی لە مانەوەیان دەكەن.
هەرچەندە خۆشبینیی زۆر لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ و وادەكەی هەیە، بەڵام دۆخی ئاساییش و ئابوریی عێراق بە قەیران و ئاستەنگی قورسدا گوزەر دەكات و ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراق راستەوخۆ کاریگەریی کردۆتە سەر ئابوریی و دارایی عێراق. لەكاتێكدا باس لە كورتهێنانی گەورەی دارایی گەرمە بەهۆی قەیران و نەبونی بودجە و زیادبونی خەرجییەكانەوە، بەم دواییانەش ناوبەناو موشەکبارانی ناوچەی سەوز تارماییەكەی گەورەی بۆ پەیوەندیی عێراق و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دروستكردوە كە بنكە و بارەگایان لە ناوچەی بەغدایە، ئەمە جگە لە كێشەی چەكی میلیشیاكان و گرژی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە چەكدارەكان كە هێشتا بەچارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.
ئەگەر عەلاوی لە پێکهێنانی کابینەکەشی بە ویستی خۆی سەرکەوتو بێت، ئەوا ئەرکێکی زۆر قوڕسی دەکەوێتە سەر بۆ راستکردنەوەی باری لاری عێراق دوای شەڕی ئازادکردنی عێراق، ململانێی طائیفیی و شەڕی تیرۆر و قەیرانی دارایی و ناڕەزایەتییەکان. سەرەڕای هەمو نەهامەتییەکانی عێڕاق لەدوای ٢٠٠٣ەوە بە هۆی نوخبەی سیاسیی ئەو وڵاتەوە، هێشتاش هیوا بەتەواوی لای عێڕاقییەکان نەمردوە بەتایبەت کە خۆپیشاندانەکان توانیان حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیی ناچار بکەن دەستلەکاربکێشێتەوە و داوای نیشتیمانە دزراوەکەیان دەکەنەوە. خۆپیشاندەرانی عێراق دەیانەوێت سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو کۆتایی بە ئەزمونی حوکمڕانیی دوای ٢٠٠٣ بێنێت، ئەگەریش عەللاوی سەرکەوتو بێت، ئەوا دەکرێت بە یەکەم هەنگاوی چاکسازیی لە سیستەمی حوکمڕانیی عێراقییدا دابنرێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ