گڵاویی خۆیان بە لیبڕاڵیزم دەردەکەن

ئه‌مریكا.. ئابورییەکەی ملهوڕ و ده‌ستێكی تێر لەسەر زکی برسییەکانی دونیا

ماجید خه‌لیل 2020.03.28 05:31 PM
1438 جار خوێندراوەتەوە

ماجید خه‌لیل

نوسه‌ر و توێژه‌ر
مامۆستای زانكۆ
ماسته‌ر له‌ مێژووی هاوچه‌رخ
خوێندكاری دكتۆرا

هانتنگتۆن، هێواش هێواش تیۆرەکانی تینیان بۆ هەژموونی دەستەپاچەی ئابوری ئەمەریکا هێناوە. هیچ پێشهاتێک هێندە راست نەگەڕا.
ئەوڕۆ ڤایرۆسێکی وەک زانایان دەڵێن جوانکیلە، بە دەستوپەنجەکانی تابلۆی تاڵعی ئەمەریکا ئەنەخشێنێ. ڤایرۆسێ لەسنگی ئابووری ئەمریکادا تەراتێن بە ئۆکسجینێ دەکات، کە خوێن دەنێرێ بۆ شادەمارەکانی جیهان.
وڵاتێ لە سەرچاوەو خەیاڵدانی ئەوانەوە هەڵتۆقی کەلە ئەوروپاوە دایان بەمل منداڵ و خێزان و بومییەکان ئەوێدا. وڵاتێ پەتی قەراری لە بێ مێژووییدا دەپچڕێنێ و لەتاو گرێی سایکۆلۆجی مێژووی زۆڵیدا، شەق لە رابردووی خۆی دەدات.
ئەوڕۆ جگە لە جوگرافیایەکی پڕ لە خەونی زڕو زەبەلاح هیچی دیکە نییە.
ئەوڕۆ ئومەتێکن راهێنان بە ماسولکەکانی جەستەیان دەکەن، لای ئەوان هێز لەملهوڕی و ملئەستوریدایە.
کەلتورێکی کلۆرو کەل، ژیانیان دەهاڕێت، شیرینی شەهوەت و پارە و پیتاکی جەنگەکان وەختە دایانڕزێنێت.
ئەمەریکا دوپشکێکە لەسەر پشتی پەلەقاژێی مەرگی هیندییە سورەکان هاتە دونیاوەو جگە لە پێوەدان و پینەوپەڕۆی بەژنی بەڕبەڕییەت شتێکی تری پێنییە.
راستە وڵاتی سوپرایزو سەمەرەو سیحری تەکنەلۆژیان، راستە وڵاتی خەون و خەندەی ملیۆنان مەردومی ئەمڕۆن، راستە قیبلەی مۆدێرنەو میزراحی خولاوەی خەیاڵدانی هەموو هێزێکی گەنج و جەوانی ئەمڕۆن.
بەڵام شککی تێدانییە کە شێرە بەفرینەن، کە شارستانییەتی شانازییان شوێنەواری نابێ و گرێی گومناوی مێژوویان حەتمییەتی کۆتایی مێژووە.

كه‌رتی ته‌ندروستی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر كۆرۆنا له‌ قه‌یراندایه‌

ئەوان چین؟ جگە لە بەرهەمی کاولکارییەکانی پاش جەنگی یەکەم و دووەم، پاش خۆخواردنەوەی شارستانییەتی ئەوروپا، تەرزی نوێیان دەرکردو کشان بەرەو ترافیکێ ئەوسەری دیار نەبێ.
ئێستا تاکی ئەمەریکا نمایندەی نەریتێکی زەبەلاح و زەخمەو زەرناقی لێدەخوڕێ.
تۆ تەماشای ترامپ. لە شوێنی خۆی ئۆقرە ناگرێ و ملی بەملاولادا دەسوڕێنێ، تۆ ترامپت دیوە هەمیشە چاوی بچووک دەکاتەوە، وەختێ سەیری ئەم و ئەو دەکات؟ ئەها نەختێ سەری دەهێنێتە پێشەوەو هەردوو برۆی لێکنێزیکدەکاتەوەو چاوێکی بەتەواوی دەنوقێنێ و سەرێک بۆ کابرای تەنیشتی دەسوڕێنێ بێئەوەی سەیری بکات.
هەموو ئەوەی لەبەرامبەرییەتی، هەموو ژیان بە بچوکی دەبینێ.
تۆ ترامپت دیوە چلۆن شان هەڵدەتەکێنێ و وەک ئەوەی لەشەوگارێکی تاریکا دەستوپل بهاوێ و بەدووی لاپاڵێکەوەبێ خۆی پێبگرێتەوە. دیوتانە چۆن قەسدییەتی قاقای هەرچی مرۆڤە بیدزێ و لەجیاتی هەموو مرۆڤایەتی پێبکەنێ و بەپشتدا بکەوێ.

مەگەر پاپا فرانسیس ناهەقی بوو وتی عەقڵ نایگرێ تره‌مپ مەسیحی بێت

دیوتانە چلۆن بۆنی پارەو پیتاک لە پیت بە پیتی پەیامەکانی دێ، دیوتانە چۆن رەنگی رەگەزپەرستی هەڵکێشراوە لەنوکی پێی تا تەوقی سەری، دیوتانە چۆن لە جاڕیدا قاڕەکەری مرۆڤایەتی بڕاوەتەوە، هەستناکەن هەرکات دەبینرێ، هەڵمی قڕقێنەیەکی نوێ لەزاریدا دێتە دەرێ.
مەگەر پاپا فرانسیس ناهەقی بوو وتی عەقڵ نایگرێ مەسیحی بێ؟
نا ئەو کوڕی کەلتورێکی دینییە. ئیفانجیلیکل، رێچکانە پرۆتستانییەکەی ئەوە. ئەمانە لەسەدەی هەژدەوە بوونە ئینجیلی و هەشتا لەسەدیان دەنگیان دایە ترامپ. کۆمەڵی ئەمەریکی سیهەم گەورەترین کۆمەڵی پرۆتستانییە لە جیهاندا، حەفتا لەسەدی ئەمریکا مەسیحین، کەمێک لەوان کاسۆلیکن. لە ئەمریکادا موسڵمان و جوو، بودایی و بێدین بونیان هەیە، بەڵام بەگشتی کۆمەڵێکی ئاینین. تەنانەت ترامپ نوێژو بۆنە ئاینییەکەی لە یەکشەماندا دەباتە ناو کۆشکی سپی.

ئەوی ملیاردلێری عەقاراتی نیویۆرک، ئەوی نوسەرو دەرهێنەری فلم و کۆمیدیا، ئەوی گەمەکەری سێرک و فۆبیای شەڕەقۆچ، ئەوی کوڕی ڤایکینگ و ڤامپایا، رێک لە خاکی وڵاتەکەی دروستکراوە.
ئەو نەوەی ئابورییەکی مڵهوڕەو ماکس ڤێبەر گوتەنی گڵاوی خۆیان بە لیبڕالیزم دەردەکەن.

تره‌مپ جگه‌ له‌ تۆمه‌تباركردنی چین به‌ دروستكه‌ری ڤایرۆسه‌كه‌ هیچتری پێناكرێت

ئابورییەکەی پەتا ئاسا دەتەنێتەوە، ئابورییەکەی ئێڵنجی لە هەر هێزێکی هیومانیستی دێ و دەستی تێری لەسەر زکی برسییەکانی دنیادایە.
ترامپ پێی خۆشە شاشەی گەورەی ریکلام شەقامەکان بتەنێ، پێی خۆشە وێنەکانی تەنها بەدراوی دۆلارەوەبن، پێی خۆشە بقڵیشێتەوەو لە پڕێدا دووان بە چەقۆ کەوڵی یەکتریی بکەن، چێژ لەوە دەبینێ بابای پێشی لەترێ لێدا ملی بشکێ، دڵی بەوە ئاو دەخواتەوە لەنیوەی گەمەی قوماردا، یەکێک قوتبێتەوەو تێکو پێکی بدات، هەر سەیریکە دەزانی لەشوێنی خۆیدا دەتڕێ و دەپژمێ و خۆی تێکنادا، هەر سەیریکە دەزانی ئەرزش و ئەسرار و ئیمانی ژن بەس لە جەستەو سێکسدا دەبینێت.
ئەو پەتای درۆو وەهمو گاڵتەجاڕییە. سوکو سەلیمانە دەبێتە درۆزنترین پیاوی ساڵ، خەمی گچکەیی ئەندامێکی دەبێتە بنێشتە خۆشەی زاری هەمویان و مەرگی میلەتێ رایانناچڵەکنێ.

کەئابەی عەسرانێکی کچۆڵەیەکی کارداشیانەکان ملیۆنان پەڕەی میدیای پێڕەشدەکرێتەوە، مردنی کیشوەرێکی وەک ئەفریقا قاڵێکیان لا دروستناکا.
کۆرۆنایەک کە ترامپ بە لاقرتێوە لای لێکردەوە، ئێستا وەک فرۆکەکانی سێپتەمبەر دەکێشێ بە کەمەری باڵەخانەکانیاندا.
تەماشا، ئێستا بە بیست پەنجە واژۆ بۆ ڤاکسینێکی چینی دەکات.



دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ