دڵشاد مهجید
ڕۆژی چوارشەمە سەعات ١٠ی سەرلەبەیانی لە سلێمانی بۆ یەکەمجار لە ماڵەکەی خۆی بە دیداری یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆران و ھاوڕێی نزیکی نەوشیروان مستەفا و کەسایەتی کاریگەری بەرەی ناڕازیی ناو گۆران، قادری حاجی عەلی شاد بووم.
دوای باسکردنی پێشینە و باکگراوندی چۆنیەتی لە دایکبوونی بزوتنەوەی گۆران، ململانێکانی ناو گۆران تا کۆچی دوایی نەوشیروان و باڵا دەستی کوتلەی مەڵبەندی "ی.ن.ك" و تەقەلای زۆری یەكێتی لە ڕێگای هەندێك كەسی نزیكی كاك نەوشیروانەوە بۆ بە بنەماڵەكردنی بزوتنەوەكە و لێسەندنەوەی چەكی گرنگی گۆڕان كە دژایەتی بەبنەماڵەكردنی حیزب بوو.
لەوێوە کێشەکانی ناو بزوتنهوهی گۆران دەگاتە بنبەست..
ھەر لەوێوەوەش قادری حاجی عەلی بێ دەنگی و وازھێنان و چوونەوە ماڵەوە ھەڵدەبژێرێ..
بەڵام ئەم بێ دەنگییە و دانیشتنەی قادری حاجی عەلی، ترس دەخاتە نێو ھێزە نەیارەکانی قادر، لەوێوە بۆ ئستیفزازكردنی قادری حاجی عەلی، چەندین پەیچ و ئەکاونتی فەیك بۆ دژایەتی وشكاندنی دهخرێتەگەڕ، وە بەمدواییانەش چەند پەیج و ئەكاونتێك بە ناویەوە ئەكەنەوە و پروپاگەندە و مقۆمقۆی دامەزراندنی ڕەوتێك دەخەنە پاڵی.
ئەم مقۆمقۆیانە لەگەڵ گرژیی و ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر گەرمتر دەبێت..
لێرەوە ئەو پرسیارەم رووبەرووی قادری حاجی عەلی کردهوه.. ئایا ڕۆڵی جەنانبتات لە ناو ئهم ھاوکێشە نوێیە چییە ؟ ھەروەھا دواڕۆژی ئەو گرژیانە و نێوان پارتی و یەکێتی بەچی دەگات ؟
لەوەڵامدا.. قادری حاجی عەلی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە، کە به نیاز بێت ڕەوتێک یا لیستێک ئامادە بکات، ئەو زیاتر باس لەم چەند نەوە نوێیە دەكات كە پاش ڕاپەڕین هاتون و ئومێدی لەسەر ئەوانە كە خۆیان ڕێكبخەن و دوور لەم جۆرە سیاسەت و حیزبایەتیەی ئێستا هەیە، وە بەشێوەیەكی سەردەمیانە كاری سیاسەت و حوكمڕانی بكەن،
وە ئێمە و مانانیش كە بێزارین لەم جۆرە سیاسەتەی ئێستا پشتیوانیان بین بەو شێوەیەی كە دەتوانین .
ھەروەھا سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیش وتی: بە قەناعەتی من پارتی ترسی ھەیە، کە ئەم گروپە نوێیە گەنجەی سەرکردایەتی یەکێتی، ریسک و سەرکێشی گەورە بکەن.. بۆیە پارتی مەجبور دەبێ لە كۆتاییدا مامهڵ لەگەڵ ئەم سەركردایەتیەدا بكات، پشكی پارە و دەسەڵات و بەشدارییان لە بڕیاری سیاسیدا زیاد بكات، تا بارودۆخەكە خاو دەبێتەوە، بە ڕای من و ئەوەندەی پارتی بناسم دوای ئەم هەنگاوەی كە باسمكرد بەرنامەڕێژیی دەكات بۆ دەستخستنەوەی ناو یەكێتی و كڕینی لاوازەكانیان بۆ لاوازكردنەوەی یەكێتی.
لە کۆتایدا وای دەخوێنمەوە، کە قادری حاجی عەلی ھێشتا روئیایەکی روونی سەبارەت بە دوارۆژی دەسەڵات لە زۆنی سەوز بۆ روون نەبووهتەوە، نایەوێ بکەوێتە نێو ململانێیەک، ببێتە یاری دەستی ھێزەکان، وە ناچار نەکرێ خۆی لە بەرەیەک دژ بە بەرەیەکی تر تەوزیف بکرێ، ھەروەھا چاوەڕێ دەکات كە گۆڕانكارییەكان بەرەو كوێ دەڕوات، ئایا دەرفەتێك دروست دەبێت بۆ هەڵبژاردنی باشتر و پاكتر ؟ چونكە بە تەواوی بێئومێدە لەو هەڵبژاردنانەی كە سەرتاپا ساختەكارییە، خۆ ئەگەر گۆڕانكاریی ڕووبدات ئەوكاتە بە ئارامی و دوور لە سەرئێشه كاری سیاسیی بۆ پشتیوانی ڕەوتێك دەكات كە دورونزیك پەیوەندی بەم حیزبانەی ئێستاوە نەبێت بە گۆڕانیشەوە .
-------