مه‌به‌ست له‌ سیناریۆی دیارنه‌مانى چى بوو؟

پاش 20 ساڵ.. بۆچى مه‌سعود ڕەجەوى دەرکەوتەوە ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.04.30 03:27 PM
34566 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ئەنوەر حسێن (بازگر)

مەسعود ڕەجەوى سەرۆکى ڕێکخراوى سازمانى مجاهیدینى خەڵقى ئێران، پاش دیار نەمان و ونبوونى بۆ ماوەى (20) ساڵ، لە تازەترین لێدوانى سەبارەت بە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڵبژاردنەکانى ئێران لێدوانیدا و تا ئێستاش (22) ڕاگەیاندنى داوە، کە دواترینیان ڕۆژى 9ى مارسی 2020 لە چواردە خاڵدا، داواى شۆڕش دەکات دژى کۆرۆنا و ویلایەتى فەقیهـ.
ئەوەى گرنگ و جێى باسە، ئایا بیست ساڵە مەسعود ڕەجەوى لە کوێ بوە؟ چۆن خۆى شاردۆتەوە؟ ئایا مەبەست لەم سیناریۆیە چى بوە؟
پێشتر زۆربەى لایەنەکان لەو باوەڕدا بوون، کە ڕەجەوى کوژراوە، یان تیرۆر کراوە، لە مبارەیەوە جگە لە کۆمارى ئیسلامى ئێران، تورکت فەیسەڵ سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى پێشووى عەرەبستانى سعودیە ڕۆژى 9/6/2016 لە کۆنگرەى ئازادى بۆ ئێران، کە ساڵانە لە فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت، وتى: "سڵاوم هەیە بۆ مەریەم ڕەجەوى هاوسەرى مەسعود ڕەجەوى خوالێخۆشبوو پشتیوانیانم".
ئەم قسانەى فەیسەڵ، دەنگدانەوەیەکى میدیایی گەورەى لێکەوتەوە و سەرزەنشتى کرا و دواتریش ڕوونکردنەوەیدا.

مەسعود ڕەجەوى و مریه‌م ره‌جه‌وی له‌ ناو چه‌كداره‌كانی رێكخراوه‌كه‌یاندا

مەسعود ڕەجەوى، وەکو یەکێک لە بونیادگوزارانى سازمانى موجاهیدنى خەڵق 1965 ئەم ڕێکخراوەیان دروستکرد، کە ئایدۆلۆژیایەکى ئیسلامیستە و پێیوایە ئیسلام بۆ خۆى ئایدۆلۆژیایەکى دیموکراتى خاوەن دینامیکایە.
ئەو لە دژى ڕژێمى شا، ڕۆڵى گەورەى هەبوو، دواتریش بوە هاوپەیمانى خومەینى، بەڵام هەر زوو پەیوەندییان تێکچوە و کەوتە پشتیوانى حەسەن بەنى سەدر و دواتر (ئەنجومەنى شوراى میللى مقاوەمەت)یان دروستکرد و ڕەجەوى بوە سەرۆکى، کە ئەوکات حزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران و قاسملۆش تێیدا ئەندامبوون، پاش ئەوەى ڕایانکردە پاریس، لە دەیەى هەشتاکاندا عێراق کەوتە پشتیوانیکردنیان و کردنەوەى بارەگا و پێدانى پارە، چەک و کەلوپەلى سەربازى و کەمپى (ئەشرەف) لە نزیک شارۆچکەى (خالص)ى عێراق بۆ کردنەوە.
بەوشێوەیە مجاهیدین تا دەهات بەهێزتر دەبوو، سازمانى مجاهیدینى خەڵق لە 1981 تەقینەوەیەکى تیرۆریستى کرد لە بارەگاى پارتى کۆمارى لە تاران، کە بوە هۆى کوشتنى (72) گەورە ئێرانى لە ناویاندا بەهەشتى و هەروەها لەسەرکوتى خەکى کوردستان لە ڕاپەرینى 1991 لەگەڵ هێزەکانى بەعس ڕۆڵى دوژمنکارانەى گێڕا و دەیان خەڵکى بێ دیفاعى کوردى تیرۆر کرد و دواتریش لە ساڵى 1997 ئەمەریکا موجاهیدینى خستە لیستى تیرۆرەوە و ساڵى (2003) دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس، ئەمەریکا موجاهیدینى لە لیستى تیرۆر سڕییەوە.

مەسعود ڕەجەوى و سه‌دام حسێن ـ به‌غداد

سازمانى مجاهیدینى خەڵقى ئێران پەرلەمانێکى لە مەنفا هەیە کە (550) ئەندامى هەیە، جگە لە سوپاى ڕزگارى نیشتمانى ئێران باڵى چەکدارى بزوتنەوەکەیە و ساڵى 1993 پەرلەمانى موجاهیدین مەریەم ڕەجەوى وەکو سەرۆکى ئێران لە مەنفا هەڵبژارد، بەڵام پاش ئەوەى دواین دەرکەوتنى مەسعود ڕەجەوى لەگەڵ سەدام حسێن لە ساڵى (2000)دا، لەوکاتەوە مەریەم ڕەجەوى هەموو کاروبارەکانى سازمان بەڕێوە دەبات و کەسی یەکەمى ڕێکخراوەکە بوە، لەوبارەیەوە قوربان عەلى حوسێنى نەژاد (غوڵام) یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى مجاهیدین پاش ئەوەى لەو سازمانە جیابۆوە لە ساڵى (2012) دەڵێت "سازمانى موجاهیدین بەشێک بوو لە دەزگاى هەواڵگرى عێراق و هەموو سوپاکەشی بەشێکبوو لە سوپاى سەدام حسێن و لە بەرامبەردا سەدام حسێن مانگانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتى دەدایە مەسعود ڕەجەوى، بۆیە پاش ونبوونى مەسعود ڕەجەوى لە ساڵى (2000) کۆى ئەو ملیاران دۆلارە مەریەم ڕەجەوى مامەڵەى پێوە دەکات"، وەکو قوربانى دەڵێت "مەریەم ڕەجەوى شاهانە دەژى، لە بابەتى خەرجى زۆر و زەوەندەى کۆشکەکەى لە پاریس، لە پۆشاک و جلوبەرگە مارکە جۆراوجۆرەکان و خەرجى نەشتەرگەرى جوانکارى بەردەوامى، خەرجکردنى ملیۆنان دۆلار بۆ کۆنفرانس و ئاهەنگەکانى ئەمەریکا و ئەوروپا، پارەیەکى زۆر بۆ بەرپرسانى ئەمەریکا و ئەوروپا و میدیاکان تا پشتیوانى لێبکەن".
سازمانى موجاهیدینى خەڵق سەرەڕاى ئەوانە وەکو ڕێکخراوێکى دینى، خاوەنى جەماوەرێکى زۆرە لە ئێران و ئێستاش جگە لەوەى ئەمەریکا، ئەوروپا، سعودیە و وڵاتانى کەنداو پشتیوانى لێدەکەن، ساڵى (2003) و دواى ڕووخانى بەعس و پاش دەرپەڕاندنیان لە عێراق لە لایەن هێزە میلیشیا شیعەکانى سەر بە ئێرانەوە، بە پشتیوانى ئەمەریکا و فەڕەنسا کامپێکى گەورەیان بەناوى ئەشرەف لە ئەلبانیا بۆ کردونەتەوە و بەردەوامیش پشتیوانیان دەکەن، سەرچاوەکانى زانیارى دەڵێن "کە سازمانى موجاهیدین ڕۆڵى زۆرى گێڕاوە لە ئاشکراکردنى بنکە ئەتۆمییەکانى ئێران لە (ناتانز و ئاراک) بە قازانجى ئەمەریکا و ئیسرائیل"، جیا لەوانە وەکو (مەریەم سەنجانى) یەکێک لە ژنە بەرپرسەکانى ڕێکخراوەکە پاش جیابوونەوەى دەڵێت "مەریەم و موجاهیدین پەیوەندى توند و تۆڵیان لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیە هەیە و گوایە هەردوو وڵات پشتیوانى ئابورى و ئەمنى و سەربازى سازمانى موجاهیدین دەکەن".

مریه‌م ره‌جه‌وی 20 ساڵه‌ رێكخراوه‌كه‌ به‌رێوه‌ده‌بات

ئێستا باسی گەرم ئەوەیە، ئایا مەسعود ڕەجەوى بیست ساڵە لە کوێیە؟ لە کوێ خۆى حەشارداوە؟ ئایا ئەمەریکا داڵدەى دابوو؟ یان وەکو دەیانوت لە ئوردونە؟ یان باسی ئەوە دەکرا، کە تیرۆر کراوە؟ یان ئیسرائیل بە نهێنى پارێزگارى لێدەکرد؟ یان لە پاریس بوو؟
پرسیارى گرنگ ئەوەبوو، مەسعود ڕەجەوى ئێستا لە کوێیە؟
(شاهێن قوبادى) وتەبێژى سازمانى موجاهیدینى خەڵق بەردەوام وتویەتى: مەسعود ڕەجەوى لە شوێنێکى نادیار و ئارام ژیان بەسەر دەبات...!
سازمانى موجاهیدینى خەڵق، بەردەوام خۆى وەکو ئەڵتەرناتیڤى ئێران ناساندوە و هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا دەستى لە هیچ نەپاراستوە، لە کوشتن، تیرۆر، تەقینەوە، پەیوەندى لەگەڵ وڵاتانى نەیارى ئێران و قەتڵ و عامى خەڵکى کوردستان لە 1991 و دژایەتى خەڵکى عێراق و پشتیوانى لە ڕژێمى بەعس، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین "تا ئێستا یەکێکە لەو سازمانانەى بەسەر پێوە وەستاوە"، سەنا بەرق زاهیدى سەرۆکى لیژنەى دادوەرى لە ئەنجومەنى نیشتمانى مقاوەمەتى ئێران دەڵێت "دواى (2016) توانیمان گشت موجاهیدینەکانى کامپى لیبرتى لە عێراق بگوازینەوە بۆ ئەلبانیا"، هەرچەندە پێشتر ناسر ڕەزەوى یەکێک لە بەرپرسانى دەزگاى ئیتلاعاتى ئێران وتبووى: "مەسعود ڕەجەوى ماوە و زیندوە و لە نێوان فەڕەنسا و وڵاتانى ئەوروپا هاتوچۆ دەکات"، بەڵام زۆر باوەڕى پێنەکرا.
ئێستا پاش بیست ساڵ و تۆمارى دەنگى و ڕاگەیاندنە ڕۆژانەییەکانى مەسعود ڕەجەوى، دەرکەوت مەسعود ڕەجەوى نەکوژراوە و لە ژیاندا ماوە ئەمەش گرنگە.
گرنگى لەوەدایە سازمانى موجاهیدنى خەڵق توانیویەتى بیست ساڵ سیناریۆى مردن و مانەوەى کەسی یەکەمى بزوتنەوەکە بشارێتەوە و بە نهێنى پارێزگارى لێبکات وەکو سیمبوڵ و ڕەمزێکى گەورەى حەرەکەتەکە سەیرى بکەن، کە کەم حاڵەتى وا ڕویداوە بزوتنەوەیەکى سیاسی بتوانێت بیست ساڵ ڕەهبەرەکەى بشارێتەوە، جا بە زیندوویی یان مردوویی.
ئێستا دەکرێت بڵێین "ونبوون و شاردنەوەى مەسعود ڕەجەوى بۆ ئەوە بووە کە موجاهیدین خۆى ئامادە کردوە بۆ ئەوەى مەسعود ڕەجەوى وەکو سیمبوڵێکى گەورەى شۆڕشگێر و مبارز، وەکو ئایەتوڵڵا خومەینى لە ئاڵوگۆڕێکى وەکو شۆڕشى خەڵکى ئێران 1979 بگەڕێتەوە ئێران و پەرجوو بێت بۆ خەڵکى ئێران و وەکو فریادڕەس سەیرى بکەن و جڵەوى داهاتووى ئێران هاوشێوەى خومەینى بگرێتە دەست.
مجاهیدین دەیویست مەسعود وەکو پێغەمبەرى ئاخر زەمان لە نمایشێکى یەک ملیۆنى بگەڕێتەوە تاران، ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەوە نەکرا و ڕووى نەدا؟ بۆچى خۆى دەرخستەوە؟


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ