ئاسۆ عهبدولـلهتیف
چەندین ساڵە هەڵەبجەیان پەراوێز خستوەو لە گەشە و نمایان خستووە، چەندین بەڕێوەبەرایەتی گرنگ، لەم شارەی وەسمان پاشای جاف و عادیلە خانم و ئەحمەد موختاربەگی جاف و ناتیق و مەولەویی و گۆران و شێخانی تەریقەت، هێشتا نەکراونەتەوە و ناشهێڵن بکرێتەوە، ناهێڵن هەناسەی خۆی بدات و ئەنجومەنێکی سەربەخۆی هەبێت بۆ بڕیاردان و بچێتە کێبرکێی هەڵبژاردنەکان وەک بازنەیەکی سەربەخۆ، ڕازی نابن بڕیارو چارەنوس و ماستەرپلان و ئابوریی و مەرزیی سنوریی و گومرگ و تاپۆو بانک لەدەستی خۆیدابێت، کەچی دەخوازن بیخەنە ناو پڕۆژەیەکی بچوکی حیزبی و ئایدۆلۆژیی مەترسیدار بەناوی لامەرکەزیەتی ئیدارییەوە بۆ ئەوەی ئەوەندەی تر گیرۆدەی دەیان گرێ و گۆڵ و وابەستەگەریی بێتەوە بە سێنتراڵی سلێمانییەوە.
نەتانتوانی ئازادی و سەربەخۆیی کارگێڕیی و ئابووریی بدەن بە شارێک کە ڕەمزی قوربانیان و مەزڵومیەتی گەلی کوردە
تەنانەت نەتانهێشت کۆمسیۆنێکی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەبێت، باشە ئێوە چەندین ساڵە بە شێوەیەک کە بۆنی ڕاسیزم و شارچێتییەکی بێمانای لێدەهات، نەتانتوانی ئازادی و سەربەخۆیی کارگێڕیی و ئابووریی بدەن بە شارێک کە ڕەمزی قوربانیان و مەزڵومیەتی گەلی کوردە، چۆن و بە چ لۆژیک و یاساو ڕێسایەک داوای لامەرکەزیەتی بۆدەکەن؟
ئێوە کە داواکارییەکەتان بۆ لامەرکەزیی، تەنها زادەی دەرهاوێشتەو ململانێیەکی حیزبییە و قوڵایی ستراتیجی و دوڕاییەکی سیاسی نییە و بە چارەسەری موچە و بە جێبەجێکردنی باشترین پرۆژەو جادە و بەرزەپرد و تونێل تەنها بۆ سلێمانی کۆتایی دێت، بەڵام لە هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەرین، پرسیوتانە کوا نەفەق و خەستەخانە و بەرزەپردیی، کوا رەفاهیەت و خزمەتگوزاریی و شکۆی خەڵکەکەی، #ھەڵەبجە بەتایبەت پێویستی بەو لامەرکەزیەتە نییە، دەبێت بێتە دەرەوە لەو فەزا ئایدۆلۆژی و میللیگەراییەی بۆتان دروستکردوە.
هەڵەبجە فەزیلەتی تاک و خۆشگوزەرانی گشتی نییە، قوڵایی و رەھەندی ستراتیجی و ژێرخانی ئابوریی و دەریچەی بازرگانیی نییە، ئیرادەی لەژێر پرسیاری فەزای ئیداری و ئورستۆکراتی و سوڵتەویی شاری سلێمانیدایە، سلێمانیش بە ئارەزووی خۆی بچوکی دەکاتەوە تا ئاستی لێکردنەوەی دەشتی شارەزوریش لە جوگرافیاکەی وەک چۆن شارۆچکە خۆشەویستەکانی دەربەند و سەیدسادق و پێنجوێنی لێدابڕی.
شاری دروست بریتییە له كۆمهڵێك بڕیاری گرنگ، یەک لەو بڕیارانە ھێزی تەملیک و تاپۆکردن و وەبەرھێنان و پرۆژەی گەورەو كایهی سیاسی و ئیداری و دیدی جیاوازە بۆ حوكمرانی کە پارێزگای ھەڵەبجە بێبەشە لەمەو چیتر بەرگەی ململانێی حیزبیش ناگرێت بەناوی لامەرکەزیەتەوە.