شه‌ڕی هاوسێ دوژمنه‌كانی له‌ دووره‌وه‌ ده‌كات

قه‌ته‌ر.. وڵاتێكی قه‌زه‌م و هه‌ژموونێكی زه‌به‌لاح له‌ قه‌یرانی لیبیا

ره‌نج نه‌وزاد 2020.05.16 12:47 PM
765 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

به‌شی (6)
قەتەر..
یەکێک لە سیاسەتە ئاڵۆز وقوورسەکان بۆ تێگەیشتن، بریتییە لە سیاسەتی دەرەوەی قەتەر. وڵاتێک ڕووبەرەکەی لە پارێزگای هەولێر بچوکترە، دانیشتوانەکەی دوو ملیون و نیو دەبن، بەڵام کەمتر لە نیو ملیۆنی قەتەرین، زۆرینەی بیانین. بەڵام لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێکی گەورەی هەیە و کێشەی گەورەی درووست کردوە و دەکات.
هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە، لەهەمان کات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران باش و ئاساییە، لەگەڵ تورکیا و ئیخوانیەکان پەیوەندییەکی زۆر باش و دۆستانەی هەیە، لەوانەیە تاکە دەوڵەت بێت کە لەگەڵ گروپە توندڕەوەکانی وەک تاڵیبان و ئەلقاعیدە و داعش پەیوەندییەکی دۆستانە و باش وبەردەوامی هەبێت. کەچی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کە لە ڕووی جوگرافی و ئاینی و مەزهەبی و کولتوری و شێوازی سیستەمی سیاسیەوە لە خۆیەوە زۆر نزیکن، پەیوەندییەکانی خەراپە و پڕە لە ململانێ.
سیاسەتی قەتەر سێ بنەمای گرنگی هەیە، ئەوانیش: گازی سروشتی، کەناڵی الجزیره‌، پشتگیری لە ئیخوان و گروپە ئیسلامیەکان لە هەر کوێ بن. ئەمەش لە پێناو ئەوەی ببێتە وڵاتێکی کاریگەر لە ناوچەکە، لە دەرەوەی سیاسەتی سعودیە و وڵاتانی تری کەنداو، سیاسەتێکی سەربەخۆی هەبێت. کۆی ئەمانەش بە پشت بەستن بە هاوپەیمانیە قووڵەکەی لەگەڵ ئەمریکا.
دوای هاتنی ئەمیر (حه‌مد) بۆ سەر حوکم لە ئەنجامی کودەتایەکی سپی بەسەر باوکیدا لە ساڵی ١٩٩٥، قەتەر بە تەواوی دەستی کرد بە دانانی بناغەیەکی پتەو بۆ دەرچوون لە هەژموونی سعوودیە و بوون بە خاوەنی سیاسەتێکی سەربەخۆ و کاریگەر لە ناوچەکەدا، بە هاتنی ئەمیر (ته‌میم) کە دیسانەوە بە کودەتایەکی سپی بەسەر باوکیدا لە ٢٠١٣ دەسەڵاتی گرتە دەست، زیاتر گەشەی بەو سیاسەتە دا.
هەر لە درووستبوونی قەتەرەوە کێشەیەکی سەرەکی ئەم وڵاتە بریتی بووە لە سعودیە، سعوودیە هەژموونی هەبووە بەسەر قەتەر و چەندین جار ململانێ و کێشەیان هەبووە لەسەر سنور، قەتەر تەنیا یەک سنووری وشکانی هەیە، ئەویش بە سعودیەوەیە، بە پێی تێڕوانینێکی سعوودیش، قەتەر هەر سەر بە خاکی سعوودییە بووە، بۆیە دەبێت قەتەر لە چوارچێوەی سیاسەتی سعوودیە رەفتار بکات، ئەمەش قەتەری هەمیشە نیگەران کردوە و هەوڵیداوە لەو هەژموونەی سعودیە ڕزگاری بێت. چونکە قەتەر لەگەڵ ئەوەی وڵاتێکی بچووکە، بەڵام خەونەکانی زۆر گەورەن بە هۆی ئەو داهاتە زۆرەی کە هەیەتی.
دەتوانین بڵێین دڵی قەتەر، بریتییە لە گازی سروشتی. قەتەر سێهەم یەدەگی گازی سروشتی هەیە لە جیهاندا لە دوای رووسیا و ئێران، هەروەها گەورەترین کێلگەی گازی سروشتی لە جیهاندا لە قەتەرە، کە کێلگەی باکورە. بڕبڕەی پشتی ئابووری قەتەر کە سیاسەتەکەی پشتی پێ دەبەستێت، بریتییە لەو گێڵگەی گازی باکوورە، شایەنی باسە ئەم کێڵگەیە لە ساڵی ١٩٧١ دۆزراوەتەوە، وڵاتی قەتەریش هەر لە ساڵی ١٩٧١ سەربەخۆ دەبێت، واتە قەتەر و کێلگەی باکوور لە یەک ساڵدا لە دایک بوونە! بۆیە قەتەر بێ کێڵگەی گازی باکور، هەرگیز نەدەبووە ئەم قەتەرەی ئەمرۆ.
بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیایی گۆڕینی گازی سروشتی لە دۆخی گازییەوە بۆ دۆخی شلی پاشان دوبارە بۆ دۆخی گازی، هۆکارێکی سەرەکی بەهێزبوونی قەتەر بوو، چونکە گازی سروشتی لە دۆخی گازیدا بۆ ئەوەی بفرۆشرێت و بگوازرێتەوە، ئەوا دەبێت بە هێڵی بۆری بێت، چونکە گواستنەوەی بە کەشتی ئەستەمە، لە دۆخی گازیدا قەبارەی زۆر گەورەیە. واتە بۆ قەتەر، گازی سروشتیەکەی سودی زۆر نەبوو، چونکە گواستنەوەی گازی سروشتی بۆ هەموو جیهان لە ڕێگەی بۆریەوە مومکین نییە. 
هەر بۆیە کاتێک تەکنەلۆژیای گۆڕینی گاز بۆ دۆخی شلی بڵاوبووەوە و گەیشتە قەتەر، ئەو کات قەتەر گازەکەی بووە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دەوڵەمەندی و سەربەخۆیی لە سیاسەتدا. 
لە ساڵی ١٩٩٦ لە قەتەر فرۆشتنی گاز بە شێوەی شلی گەشەی کرد و ئیتر بە کەشتی گازی سروشتی قەتەر دەگەیشتە زۆربەی شوێنەکانی جیهان، لەمەوە قەتەر ئیتر بووە هێزێک کە بتوانێت بەو بچوکیەیی خۆیەوە، کاریگەری گەورەی هەبێت لە ناوچەکە. 

ساڵی ١٩٩٦ جگە لەوەی بە ساڵی گەشەکردنی فرۆشتنی گازی قەتەری دادەنرێت، هەر لە هەمان ساڵدا ئەمریکا یەکێک لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی خۆی لە قەتەر دەکاتەوە و لەهەمان ساڵدا کەناڵی الجزیرە دەکرێتەوە. بێ گومان ئەو تەکنەلۆژیایی گۆڕینی گازە بۆ دۆخی شلی، قەتەر خۆی دروستی نەکردوە، لە ئەمریکا داهێنراوە، بەڵام سودێکی زۆر گەورەی گەیاندە قەتەر.
لە ئێستادا قەتەر یەکەم فڕۆشیاری ئەو جۆرە گازەیە لە جیهاندا، ئەمەش داهاتێکی زۆر گەورە دەگەڕێنێتەوە بۆ قەتەر، لە کاتێکدا قەتەر ژمارەی دانیشتوانی زۆر کەمە، بۆیە ئەو داهاتە گەورەیە بۆ ئەو ژمارە کەمەی دانیشتوان، قەتەری کردوە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی جیهان. 
بازرگانی بە گازی سروشتیەوە بەردەوام لە گەشەکردنە، چونکە لە نەوت زیاتر دەمێنێتەوە لە ئایندە، هەروەها ژینگە کەمتر پیس دەکات و نرخەکەشی گونجاوترە.
گازی سروشتی جگە لەوەی قەتەری زۆر دەوڵەمەند و بەهێز کرد، تا ڕادەیەکی زۆریش ئازادی کرد لە هەژموونی سعودییە، چونکە ئەگەر قەتەر پشتی بە نەوت ببەستایە، ئەوا بازاری نەوت بە تایبەت نەوتی کەنداو، لە ژێر کۆنترۆڵی سعودیەیە، بەڵام گاز لە ژێر کۆنترۆڵی سعودییە نییە، بەڵکو قەتەر لە سعودیە زیاتر گاز بەرهەم دەهێنێت، دوای سزاکانی سەر ئێران، لە ئیستادا قەتەر یەکەم وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە بەرهەمهێنانی گاز، ئەمەش ئازاد تری کردوە، چونکە سعودییە ناتوانێت بازاری گاز کۆنترۆڵ بکات. هەر بۆیە قەتەر کەم بایەخ بە نەوت دەدات، بە پێچەوانەی وڵاتانی کەنداو، ئەمەش هۆکارێکە کە سیاسەتی قەتەر پێچەوانەی سیاسەتی وڵاتانی کەنداوە، هەر بۆیە ساڵی ٢٠١٧ سعوودیە و ئیمارات و بەحرین لەگەڵ میسر، گەمارۆ و سزایان خستە سەر قەتەر تا ئەمرۆ بەردەوامە.
پەیوەندی قەتەر و ئێران زۆر کات مایەیی پرسیارە، قەتەر کە گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکای لێیە وهاوکاری زۆربەی گروپە توندڕەوە ئیسلامیە سوونەکان دەکات، بۆچی لەگەڵ ئێران پەیوەندیەکی باش یاخود بێ کێشەی هەیە؟
کێڵگەی باکوری قەتەر، کە بە بڕبڕەی پشتی قەتەر دادەنرێت، لەو کێلگەیەدا قەتەر و ئێران هاوبەشن، چونکە کێلگەکە دەکەوێتە کەنداوی عەرەبی، نێوان ئێران و قەتەر، هەر بۆیە نزیکەی ٢٥٪ی ئەو کێڵگەیە هی ئێرانە.
جگە لەوەش، قەتەر بۆ ئەوەی بگاتە جیهان، بۆ ئەوەی گازەکەی بە کەشتی بگەیەنێتە بازارەکانی جیهان، پێویستە بە کەنداوی عەرەبی و بە گەرووی هورمز تێپەرێت، ئاشکراشە ئێران هەژموونی زۆرە بەسەر گەرووی هورمز و کەنداوی عەرەبی. بۆیە قەتەر هەمیشە هەوڵدەدات لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی باشی هەبێت، لایەنی کەم، ململانێ و کێشە نەبێت لە نێوانیان، چونکە ئێران دەتوانێت کێشە بۆ سەرچاوەی سەرەکی ژیانی قەتەر درووست بکات. 
قەتەر بۆ ئەوەی بگات بە دەریایی سوور، دەبێت لە ڕێگەی سعودیەوە بگات، ئەمەش قەتەر دەگەرێنێتەوە بۆ ژێر هەژموونی سعوودیە، بۆ ئەوەی بگاتە عومان کە دەوڵەتێکی بێ لایەنە، لەوێشەوە بۆ دەریای عەرەب یا کەنداوی عومان و پاشان بۆ گەرووی باب المندب، دیسانەوە دەبێت بە ئیماراتدا تێپەرێت، کە لە سعوودیە زیاتر دژی قەتەرە. 
جگە لەوەی ئەگەر ئەو هێڵە گازیانە دروستیش بکرێن و بەوڵاتانەدا بگاتە دەرەوە و بێ تێپەرین بە گەرووی هورمز، ئەوا تێچوونەکەی زۆر بەرز دەبێت. بۆیە قەتەر جگە لە کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمز، دەرگای تری نیە بۆ چوونە ناو جیهان و ناردنی کەشتیەکانی بۆ فرۆشتنی گاز.

ده‌وحه‌ شارێكی گه‌شه‌سه‌ندوو له‌ خۆرئاوای ئاسیادا


ئەم نزیکایەتیە لەگەڵ ئێران، هۆکارێکی ترە بۆ ململانێی نێوان قەتەر و  وڵاتانی تری کەنداو بە تایبەت سعودیە و ئیمارات، ئەمریکاش چاوپۆشی لەم پەیوەندییە دەکات، چونکە دەزانێت قەتەر ناتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئێران تێک بدات. ئێرانیش نایەوێت پەیوەندی لەگەڵ قەتەر تێک بدات کە پەیوەندییەکەی پتەوی هەیە بە ئەمریکا و گروپە سوونیەکان، چونکە بۆ ئێران شتێکی باشە لەناو کەنداو و دەوڵەتانی سوونە، دەوڵەتێک هەبێت دژایەتی ئێران نەکات و دژی سعوودیەش بێت. بۆیە ئێرانیش چاوپۆشی لە هەندێ سیاسەتی قەتەر دەکات.
پشتگیری قەتەر بۆ گروپە ئیسلامیەکان، دیسانەوە خاڵێکی سەرنج ڕاکێشە. لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، بە پێچەوانەی دەوڵەتانی عەرەبی و دەوڵەتانی کەنداو، قەتەر دەستی کرد بە پشتگیری خۆپێشاندەران و بە تایبەت ئیخوانیەکان.
بۆ دەوڵەتێکی وەک قەتەر کە سیستەمێکی نا دیموکراسی هەیە هاوشێوەی سعودیە و ئیمارات و وڵاتانی تری عەرەبی، بۆچی پشتگیری خۆپێشاندەران دەکات و لەوە ناترسێت کە ئەو تەوژمە بگاتە ناو قەتەر و حکومەتەکەی بڕوخێنێت؟
قەتەر هەر زوو لەگەڵ سەرەتای بەهاری عەرەبی لە ڕێگەی کەناڵی الجزیره‌ بوو بە نوێنەری خۆپێشاندەران و دەنگیانی دەگەیاندە جیهان، ئەمەش وای کرد کەناڵی الجزیره‌ ببێتە خۆشەویسترین کەناڵ لای خۆپێشاندەران. قەتەر وای دانابوو، کە ئایندەی دەوڵەتانی عەرەبی، بۆ ئیخوانییەکانە، ئیخوانیەکانیش کاتێک پەیوەندیەکی زۆر باشیان هەیە لەگەڵ قەتەر و قەتەر هەمیشە هاوکاری کردوون، ئەوا حکومەتە تازەکانی ئەو وڵاتانە دەبنە دۆستی قەتەر، بەمەش قەتەر هەژموونێکی گەورە پەیدا دەکات لە کەنداو و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
هەروەها کاتێک ئیخوانیەکان قەرزاری قەتەرن، حکومەتی قەتەر دەپارێزن و نەک بیروخێنن، چونکە گروپە ئیسلامیەکان و ئیخوانیەکان بە تایبەت، هیچ حکومەتێک نییە هاوکارییان بکات بە ئەندازەی قەتەر، تەنانەت تورکیای ئوردوگانیش وەک قەتەر ناتوانێت هاوکاری ئیخوانیەکان بکات. بە تایبەت الجزیره‌ سەردەمانێکی زۆرە بووەتە کەناڵێکی گەورە بۆ گەیاندنی پەیام و فکری گروپە ئیسلامیەکان بە جیهان و بە ناوچەکە، تەنانەت ئوسامە بن لادن، لە ڕێگەی الجزیرەوە دەنگی دەگەیاندە جەماوەر.
قەتەر بەم هاوکاریەیی چەن ئامانجێک دەپێکێت، گروپە ئیسلامیەکان وەک فشار بەکار دەهێنێت لە ناو زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، هەروەها ئیخوانیەکان و گرووپە ئیسلامیەکان لەبەرئەوەی بنکەیەکی جەماوەری گەورەیان هەیە لە زۆربەی وڵاتە ئیسلامیەکان، چاوەڕوان دەکرێت بێنە حوکم، ئەو کاتیش ئەو دەوڵەتانە، قەتەر وەک دۆست و هاوکارێکی گەورە دەزانن. لە رێگەی ئەو هاوکاریانەوە، قەتەر خۆی پاراستووە و دەپارێزێت لە تەوژمی ئیسلامی و ئیخوانیەکان، چونکە ئیخوانیەکان دەزانن ئەگەر حکومەتی قەتەر نەمێنێت، ئەوە گەورەترین هاوکار لە دەستت دەدەن، بۆیە هیچ نەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ، قەتەر خۆی دەپارێزت لە گروپە ئیسلامیەکان لە ناو قەتەر. 

شێخ ته‌میم دوای ئه‌ردۆغان نزیكترین و به‌هێزترین پشتیوانی سه‌راجه‌ دژی حه‌فته‌ر


واتە قەتەر ترسی نییە لە ئیسلامیەکان چونکە کۆنترۆڵی کردوون، هەروەها وەک کارتێکی بەهێزیش بەکاریان دەهێنێت لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان. جگە لەوەی دانیشتوانی قەتەر زۆر بچوکە، زۆر دەوڵەمەندیشن، زۆر گونجاو نییە بۆ دروستبوونی بزوتنەوەی ئیسلامی ڕادیکال لە کۆمەڵگەی وادا، بە تایبەت کە ئیسلامیەکانی ناوچەکەش حکومەتی قەتەر دەپارێزن و نایانەوێت کێشەی بۆ درووست بکەن. 
ئینجا قەتەر لە رێگەی هاوکاری گروپە ئیسلامیەکان و ئیخوانیەکان، جیاوازیەکی گەورەی داوە بە سیاسەتی خۆی و سەربەخۆی کردوە لە سیاسەتە باوەکەی کەنداو و دەوڵەتانی تری عەرەبی. بە کورتی ئەو ئیخوانەی کە زۆربەی حکومەتەکانی وڵاتانی عەرەب بە هەڕەشەی دەزانن بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان، قەتەر ئەو هەڕەشەیە بەکاردەهێنێت بۆ زیادکردنی هێز وهەژموونی خۆی.

قەتەر زۆر پشت بە نەرمە هێز دەبەستێت، بۆ نموونە کەناڵی الجزیره‌، قەتەر وڵاتێکی بچوکە و لە ڕووی سەربازییەوە هێزێکی ئەوتۆی نییە، کەناڵی الجزیره‌ بووەتە هێزێکی سەرەکی قەتەر، تا ئەو ڕادەیەیی لە کاتی بەهاری عەرەبی حکومەتەکانی میسر و سوریا... پێیان وابوو کەناڵی الجزیره‌ هۆکارێکی سەرەکیە لە پشت خۆپێشاندانەکانەوە، زۆرکات کە باس لە دەست ورۆڵی قەتەر دەکرێت لە وڵاتانی تر، ئەوا کەناڵی الجزیره‌ نموونەی ئەو ڕۆڵەی قەتەرە. لە کاتی بەهاری عەرەبی لە زۆربەی وڵاتەکان ئەو کەناڵە قەدەغە کرا و ئۆفیسەکانی داخران، یەکێ لە مەرجەکانی وڵاتانی کەنداو و میسر بۆ لابردنی گەمارۆ وسزاکانی سەر قەتەر بریتییە لە داخستنی کەناڵی الجزیره‌.

ئایا ئەمریکا بۆچی چاوپۆشی لەو پەیوەندیە زۆری نێوان قەتەر و گروپە ئیسلامیەکان دەکات؟ قەتەر کەناڵێکی سەرەکیە لە نێوان گروپە ئیسلامیەکان و ئەمریکا، لەوانەیە ئەمریکا لە ڕێگەی قەتەرەوە بتوانێت ئەو گروپە ئیسلامیانە بەکاربێنێت، یا زانیاریان لەسەر پەیدا بکات، یا مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، بۆ نموونە دانوستانی ئەم دواییانەی ئەمریکا و بزوتنەوەی تاڵیبان، قەتەر ڕۆڵیکی زۆری تیادا بینی، چونکە زۆرێک لەو گروپە ئیسلامیانە نوێنەرایەتی و نووسینگەیان لە ناو قەتەر هەیە، ئەمریکا لە ڕێگەی قەتەرەوە دەتوانێت نزیک بێت لەو گروپە ئیسلامیانە و بەکاریان بێنێت و مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و قەتەر لە ئاستێکدایە، دەکرێت ئەمریکا چاوپۆشی لە زۆر هەڵەی قەتەر بکات.

كه‌ناڵی جه‌زیره‌ چه‌كه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ی قه‌ته‌ر دژی نه‌یاره‌كانى


قەتەر کە وڵاتێکی بچوکە و خاوەن هێزێکی سەربازی گەورە نییە، بۆ ئەوەی بەو شێوەیە سەربەخۆ بێت لە سیاسەت و ململانێ بکات لەگەڵ چەندین دەوڵەتی ناوچەکە، لە پێش هەموویانەوە سعودیە و ئیمارات، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت پارێزراو بێت، لە ساڵی ١٩٩٦ ئەمریکای ڕازی کرد کە یەکێک لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی خۆی (العدید) لە ناو قەتەر بکاتەوە، کە یانزە هەزار سەربازی ئەمریکی تێدایە، ئەمه‌ش بوەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی قەتەر ئازادانە سیاسەت بکات و ترسی ئەوەی نەبێت سعودیە و ئیمارات داگیری بکەن یا هێزی سەربازی دژ بەکاربێنن، چونکە سعودیە ئەگەر ئەو بنکە سەربازیەیی ئەمریکا نەبێت، ئەوا دەتوانێت لە چەن رۆژێکدا هەموو قەتەر داگیر بکات، گوایە بە نیاز بووە لە ساڵی٢٠١٧ قەتەر داگیر بکات، بەڵام ئەمریکا ڕێی لێ گرت.
قەتەر هەر لەسەرەتاوە بەشدار بوو لە هاوپەیمانی دژ بە قەزافی، لە ئیستاشدا هاوشانی تورکیا لە لیبیادا چالاكی زۆرە و پشتگیری بەرەی سەراج دەکات.
لیبیا بۆ قەتەر گرنگە چونکە بەرەی سەراج ئەگەر سەربکەوێت ئەوا دووبارە خاڵی دەستپێکردنەوەی هەژموونی ئیخوانەکان دەبێت، لەوێشەوە دەتوانرێت کاریگەری دروست بکرێت لەسەر میسر کە شوێنی سەرەکی ئیخوانەکانە، میسریش یەکێکە لەو چوار دەوڵەتەی کە سزا و گەمارۆی قەته‌ری داوە، ئەگەر ئیخوانەکان لە لیبیا سەرکەوتوو بن، ئەوا دەکرێت سازش بە میسر بکرێت بەرامبەر قەتەر و سزاکانی لابات لەسەر قەتەر، هەروەها دەکرێت ئیخوانەکانی میسریش بکەونە جوڵە وهەوڵی گەیشتن بە حوکم بدەن. 
لە لایەکی ترەوە، قەتەر لە لیبیا، شەڕی هەردوو نەیارە سەرەکی و مێژووییەکەی خۆی دەکات، کە سعوددیە و ئیماراتن و هاوکاری حەفتەر دەکەن، دەیەوێت لە ناو لیبیا سەربکەوێت بەسەر ئەو دوو وڵاتە و هەوڵبدات ناچاری سازشیان بکات و گەمارۆ و سزاکانی سەر قەتەر لابدەن.

جگە لەوانەش، لیبیا خاوەنی بەندەری دەریایی گرنگە، قەتەریش ساڵانێکە لە ململانێی بەندەرەکانە لەگەڵ ئیمارات، ئیماراتیش لە لیبیا دەیەوێت بەندەرەکانی ئەوێ بەدەست بێنێت، ئەمەش زیاتر قەتەر و بەندەرەکانی گەمارۆ دەدات، بۆیە قەتەر دەیەوێت هەژموونی هەبێت بەسەر بەندەرەکانی لیبیا، لەوەشەوە هەژموونێکی دەبێت بەسەر دەریایی ناوەڕاست و ململانێیەکه‌ش لە ئیمارات دەباتەوە. 
ئەمانەش کاتێک بەدی دێن کە سەراج سەرکەوتن بەدەست بێنێت. سەرکەوتنی سەراج واتە شکستی ئیمارات و سعودیە و میسر، ئەمەش بۆ قەتەر سەرکەوتنێکی مێژویی و گەورە دەبێت.

سه‌ركه‌وتنی  به‌ره‌ی ئیخوان له‌ لیبیا زه‌برێكی قورسه‌ له‌ نه‌یاره‌كانی قه‌ته‌ر


قەتەر بە گشتی دەیەوێت هاوپەیمانیەکانی و سەرچاوەی هێزی فرە و هەمەلایەن بن و لە چەندین شوێنەوە بن، بۆ نموونە لە هاوپەیمانیەکی گەورەیە لەگەڵ تورکیا، لەگەڵ ئێرانیش پەیوەندیەکانی باشە، لەگەڵ ئەمریکا گرنگترین پەیوەندی هەیە، لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندییەکانی باشە و لەهەمان کاتیشدا پەیوەندی پتەوی بە حەماسی فەله‌ستینەوە هەیە، لەگەڵ ئیخوانەکاندا لە پەیوەندییەکی بەهێزە، بەمەش پاڵپشتی و سۆزی هێزێکی گەورەی کۆمەڵگە ئیسلامیەکانی بە دەست هێناوە... قەتەر لەوانەیە پێی وابێت تەنها پشت بەستن بە یەک هاوپەیمان لە هەموو کات، سوودی نەبێت بە بەردەوامی. بۆ نموونە قەتەر باش دەزانێت، کاتێک سەدام کوەێتی داگیر و کاول کرد، نە کەنداو نە ئەمریکا نەیانتوانی ڕێگری لێ بکەن، هەر بۆیە قەتەر دەیەوێت جگە لە ئەمریکا، هاوپەیمانی تریشی هەبێت، بۆ نموونە لە کاتی گەمارۆ و سزاکانی چوار دەوڵەتە عەرەبیەکە، ئەمریکا ڕێگری لێ نەکردن و تەنانەت لەو کاتەدا بوو ترەمپ وتی قەتەر هاوکارێکی گەورەی تیرۆرە، بەڵام لەو کاتەدا ئێران و تورکیا فریای کەوتن وه اوکاریان کرد.
بۆیە قەتەر دەیەوێت لەسەر چەندین هێل یاری بکات و سیاسەت بکات، چەندین دۆستی دژ بە یەکی هەبێت لە یەک کاتدا، ئەم پارادۆکسە لە سیاسەت سوودی زۆر پێگەیاندوە، بەڵام لە هەمان کاتیش زیانی پێگەیاندوە، ئەو سیاسەتە بوەتە هۆکاری ئەوەی کە قەتەر وا سێ ساڵە لە گەمارۆدانێکی قوورسە لە لایەن دراوسێکانیەوە، لە ئێستادا هیچ ڕێگەیەکی ووشکانی نییە بۆ دەرەوە، بەندەرەکانی زیانی بەرکەوتووە... لە هەمان کاتدا، بەشێوەیەکی باش بەرگەی گرتوە ولە ئیستاشدا دەیەوێت تەواو زاڵ بێت بەسەر ئەو سزا و گەمارۆیە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ