ئه‌گه‌ری دووباره‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و داخستنه‌وه‌ی بازاڕه‌كان هه‌یه‌ ؟

كوردستان له‌ به‌رده‌م شه‌پۆلى دووه‌می كۆرۆنادا

كۆژین سدیق 2020.05.20 10:54 AM
1879 جار خوێندراوەتەوە

كۆژین سدیق

رۆژنامه‌نووس

ڕاپۆرتى كۆژین سدیق

دوای دوو مانگ له‌ کەرەنتینکردنی ھاوڵاتیان و داخستنی بازاڕ و ڕاگرتنی دەوامی فەرمانبەران، لەئێستادا و دوای ئاسایکردنەوەی ژیانی خەڵك و کردنەوەی بازاڕ و دەوامی فەرمانبەران،  وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بە چەند حاڵەتێکی نوێی توشبوونی ھاوڵاتیان کرد بە ڤایرۆسەکە لە شاری سلێمانی،  باسی لە مەترسی  دووبارە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە کرد، له‌به‌رئه‌وه‌ بۆ ڕۆژانی جەژن وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند.
دووبارە داخستنی بازاڕەکان و توندکردنەوەی ڕێوشوێنە تەندروستیەکان ئەگەرێکی بەھێزە، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان باسی دەکەن، هەرچەندە هاوڵاتیان بە گومانەوە لەم بڕیارەی حکومەت دەڕوانن، پێیانوایە مەترسی ڤایرۆسە کۆتایهاتووە و گرفتە ئابورییەکانی بەردەم حکومەت  هۆکارن بۆ ئەم بڕیارانە.
د.یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی، دەبارەی ئەوەی دەگوترێت شەپۆلی دووەمی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئارادایە، به‌ ماڵپه‌ری پۆله‌تیكی وت:"بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە کراوە ئەمە بە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا دانانرێت، چونکە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا، کاتێک دەبێت کە ماوەیەکی زۆر نەخۆشیی و  حاڵەتەکان نەمێنێت و ئێمە بەفەرمی بڵێین کۆرۆنا کۆتایھاتووە و جارێکی دیکە حاڵەتەکانی توشبوون ڕوو لە ھەڵکشان بێتەوە.
وتیشى:"ئەمەی ئێستا ھەیە بە شەپۆلی دووەم دانانرێتەوە، تەنھا ئەوە ھەیە کە درێژەپێدەری حاڵەتەکەیە کە لە سەرەتاوە بوونی ھەبووە".

د.یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی

وتەبێژەی تەندروستی سلێمانی ئه‌وه‌شی به‌ پۆله‌تیك راگه‌یاند:"نەمانوتوە کۆرۆنا کۆتایی ھاتووە، وتومانە بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە وە پێویستە ھاوڵاتیان پابەندبن، بوونی ئەم حاڵەتانەش ئەوەیە کە ئێمە بەردەوام پشکنینی ھەرەمەکی دەکەین، ئێمە  ئەو سەنتەرانەی کە تایبەتمان کردووە دامان نەخستووە و کۆتایی ھاتبێ، بەڵکو ڕۆژانە  سەردانیکەری هەبووە و خەڵک ھەبوو بە گومان بووە و نیشانەی ھەبووە خۆی سەردانی کردووە و پشکنینەکەی پۆزەتیڤ بووە".
لەبارەی دواین ئاماری توشبووانه‌وه‌ له‌ پارێزگای سلێمانى د. یاد نەقشبەندی وتی:"کۆی گشتی ژمارەی توشبووان 161 کەس بووە، لەو ژمارەیە 134 کەسیان چاک بوونەتەوە و چوار حاڵەتی گیان لەدەستدانیشمان ھەبووە".
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:"کۆی گشتی ئەوانەی ئێستا لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چاودێریدان تەنها 23 حاڵەتە، سەرچاوەی توشبوونی یەکەم حاڵەت کە تۆمارکراوە و پاشان ئەوانەی کە بەرکەوتەیان ھەبوو لەگەڵیدا ژمارەیەکی زۆر بووە، دەتوانین بڵێین سەرچاوەکەی نەزانراو بوو، لەبەرئەوە ئەم کەسە لە ماوەی پێشوودا  نە سەفه‌ری کردووە و نە بەرکەوتەی لەگەڵ کەسی توشبووشدا ھەبوو".

پارێزگاری سلێمانی: دووباره‌ داخستنه‌وه‌ی بازاڕه‌كان و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ئه‌گه‌رێكی كراوه‌ نییه‌

وته‌بێژی ته‌ندروستى سلێمانى ئه‌وه‌شی به‌ پۆله‌تیك ڕاگەیاند:" بارودۆخی حاڵەتەکانی ئێستا، تەندروستیان بەشێوەیەکی گشتی جێگیرە بەڵام ھەندێکیان ھەندی نیشانەیەن ھەیە، یەکێک لە حاڵەتەکان پێویستی بە ئۆکسجینە و بۆی دادەنرێت، بەڵام ئەمه‌ ئامێری ھەناسەدانی دەستکرد نییە بەڵکو ھەر ئۆکسجینی ئاساییە".

ده‌رباره‌ی ده‌نگۆی دووباره‌ ئەگەری داخستنی بازاڕەکان و توندکردنەوەی ڕێکارە تەندروستیەکان د.یاد نه‌قشبه‌ندى وتی:" نەخێر پێشبینی ناکەم جارێکی تر ڕێکارەکان بەو شێوازە توند بکرێتەوە کە لەسەرەتادا ھەبوو، بەڵام پێدەچێ گۆڕانکاریی لە ڕێنماییەکاندا بکرێت، کە ئەگەری زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە داھاتوودا، ئەمە بەڕاستی پێشنیازێکی ھەمە لایەنەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەیە، ھەر ڕێنمایەکیش کە دەرکرێت ئەبێت به‌ پله‌ی یه‌ك ده‌بێت بە لە بەرچاوگرتنی باری دارایی هاوڵاتیان بێت، چونکە ئێمە دەزانین کە ھاوڵاتیان لەژێر فشارێکی دارایی زۆر قورسدان و دەبێت ئێمە لەبەرچاوی بگرین".

پارێزگار له‌گه‌ل قایمقام و به‌رێوه‌به‌ری ته‌ندروستى سلێمانی له‌ كاتی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی به‌ ماڵپه‌ری پۆله‌تیكى راگه‌یاند:" بڕیاری لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی ئەوەیە، کە یەکەمیان مەرجی سەرەکی خۆپارێزی ھاوڵاتیانە، لەم قۆناغەدا دەبێ ھاوڵاتیان ڕۆڵێکی زۆر گرنگ بۆ خۆپارێزی خۆیان و پابه‌ندبوون بە ڕێنماییە تەندروستیەکان ببینن، دووەم ئەو توندکردنی ڕێکارەکانی ئێمەیە چ وەک تەندروستی چ وەک لایەنی کارگێڕی چ وەک لایەنی ئارامیی، ئەگەر ھاوڵاتیان بە ڕاستی لە ھەر شوێنێک قەرەباڵغی دروستبوو یاخود بەریەککەوتن دروستبوو یاخود تێکەڵاوبوون دروستبوو یاخود پابەندنەبوونبەڕێنماییە تەندروستیەکانەوە، ڕاستەوخۆ ڕێکاری یاسایی و تەندروستی پێویست دەگیرێتەبەر و چاوپۆشی لە ھیچ حاڵەتێک ناکرێت لەم بارودۆخەدا".
پارێزگاری سلێمانی ده‌شڵێت:"ئێمە وەک دەزگا تەندروستییەکان و فەرمانگەکانی دەوڵەت چاودێریی دۆخەکە بە وردی دەکەین، چاودێری سەرجەم چاکبووەکان و کەرەنتینەکان و ئەوانەشی دەگەڕێنەوە، پشکینین و وەرگرتنی سامپڵ بە بەردەوامی دەکەین، ڕۆژی واھەیە 500 بۆ 600 سامپڵ وەردەگرین بۆ ئەوەی لە دۆخەکە دڵنیابینەوە، له‌ ھەمانکاتیشدا وەک ڕابردوو خۆمان ئامادە کردووە و ده‌بێ بە ھەموومان وابکەین مەترسیەکانی ئەم پەتایە کەمبکەینەوە "
سەبارەت بە ئەگەری داخستنه‌وه‌ی بازاڕەکان و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر به‌ پۆله‌تیكی راگه‌یاند:" ئەم ئەگەرە لە ئێستادا کراوە نییە، بەڵام بۆ ڕۆژانی جەژن لە گفتوگۆکردنداین، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بۆ ڕۆژانی جەژن ڕێکاری پێویست لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بگیرێتەبەر". 
له‌ ئاستى ھەرێمی کوردستان، تائیست بەپێی بەیاننامە تەندروستییەکان (414 ) کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ