"هه‌موو دانوستانه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا‌ به‌ شكست كۆتایى دێت‌"

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید: هه‌رێم متمانه‌ی نه‌ماوه‌ و به‌غدا پێیوایه‌ هیچ ڕێكه‌وتنێك جێبه‌جێ ناكات

كۆژین سدیق 2020.06.26 12:32 AM
1109 جار خوێندراوەتەوە

كۆژین سدیق

رۆژنامه‌نووس

سازدانی کۆژین سدیق
لەم دیدارەدا لەگەڵ سایتی پۆلەتیک ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی په‌رله‌مانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی باس لە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا و ھۆکارەکانی ڕێکنەکەوتنیان دەکات، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لە نێوان ھەردوولادا بێ متمانەیی ھەیە و ھەندێ لە ھێزەعێراقییەکان گومانیان وایە کە نرخی نەوت بەرز بێتەوە ھەرێمی کوردستان پابەندی ڕێکەوتنەکان نابێت.

پۆلەتیک: لە ئێستادا پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغداد لە چ ئاستێکدایە و ڕێکەوتنی نێوانیان گەیشتۆتە چ قۆناعێک؟
ئەحمەدی حاجی رەشید: پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغداد تائێستا لە شوێنی خۆیان وەستاون جۆرێک لە جمود ڕووی تێکردوە، بەھۆی ئەو بارودۆخەی کە ھاتووە بەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدا لەلایەک، لە لایەکی دیکە ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ ھەموانی سەرقاڵکردووە بە خۆیەوە، بۆیە ھەرکەس لە خەمی خۆیایەتی نایپەرژێتەسەر بەرامبەرەکەی، خاڵێکی تر ئەوەی کە گرفتەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە بریتیە لەو نامتمانەیی کە لە چەند ساڵی پێشوودا ھەردوولا دروستیانکردووە بەرامبەر بە یەک چ ھەرێم لە ئەنجامی ئەوەی کۆمەڵێک ڕێکەوتنی کردووە پابەندنە بووە پێوەی، چ لە ئەنجامی ئەوەی عێراق کۆمەڵێک بەڵێنی داوە و پێوەی پابەند نەبووە، بۆیە وایکردووە ئەم دوو لایەنە بەھیچ شێوەیەک متمانەیان بەیەکتر نەبێ، بنەڕەتی ھەموو ڕێکەوتنێکیش سەرەتا لە متمانەوە دەستپێدەکات دوای دەچێتە چوارچێوەی پەیماننامە و جێبەجێکردنی  چونکە گومان لە ھەردوولا ھەیە.

پۆلەتیک: ئێوە وەک پەرلەمانتارە کوردەکان ھەمیشە گلەی ئەوە دەکەن کە ئەو شاندانەی دێنە بەغدا لەگەڵ ئێوە کۆنابنەوە و گفتوگۆ ناکەن، لە ئێستادا لە گفتوگۆکانی ئەمجارەی ھەرێم و بەغدا تا چەند ئاگادارن؟
ئەحمەدی حاجی رەشید:
ئەوە گلەیی ھەموو خولەکان بووە، بۆیە ئێمە بەشێوەیەک لە شێوەکان ھەمیشە پشتڕاستکردۆتەوە کە ئێمە ئاگادار نەبووین، وە نەک ئێمە بەڵکو فراکسیۆنەکانی خۆیان ئاگاداری ئەوە نین، بۆیە ئەو وەفدانەی کە دێنە بەغدا زیاتر ئاگایان لە دانوستانەکانی خۆیانە، له‌به‌رئه‌وه‌ ھەمیشە ئەنجامەکەی بە شکست کۆتایی دێت و ئێمە لەئێستاشدا بە ھیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەوە نین، چونکە پێشتر بەڵێنیان دابوو کە ئاگاداربین، له‌ سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمیش یەکێتی و پارتی بەتایبەت  پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خۆی گفتۆگۆی كرد و ئەوەندە داکۆکی دەکات لە پشکە وەزارییەکانی ئەوەندە داکۆکی ناکات لە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان .

ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید به‌ سندوقه‌ ره‌شه‌كه‌ی دۆسیه‌ی دارایی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ناسراوه‌


پۆلەتیک: لە ماوەی ساڵانی ڕابردووش چەند جارێک لە نێوان ھەرێم و بەغدا ڕێکەوتن کراوە بەڵام جێبەجێ نەکراوە، گرەنتی چیە ئەم جارەش وەک ڕێکەوتنەکانی پێشوو نەبێ؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: لە ٢٠١٢ ڕێکەوتنکراوە جێبەجێ نەبووە لە ٢٠١٥ ڕێکەوتنێکراوە جێبەجێ نەبووە، لە سەرەتای ٢٠١٩ش جۆرێک لە ڕێکەوتنکرا نەگەیشتنە دەرئەنجام، بۆیە لە ئێستادا ھەردوولا گومان لە یەکتری دەکەن  ھێزە عێراقییەکان گومانیان ھەیە، ھەرئەوەندەی نرخی نەوت بەرزبێتەوە ھەرێمی کوردستان دیسان لە پابەندیەکانی پاشگەز دەبێتەوە، ھەرێمی کوردستانیش باوەڕی وایە عێراق تاچەند بەھێز بێت ھیچ ڕێکەوتنێک جێبەجێ ناکات، ھیچ گرەنتیەک لە ڕاستیدا لەو بابەتە نییە.

پۆلەتیک: وەک ئاگادارین لە ماوەی ڕابردوو لە ناوچە کێشە لەسەرەکان چەند جوتیارێکی کورد شەھید کران و دەغڵودانی جوتیارانی کورد سوتێنران، وەک پەرلەمانتارانی کورد بۆ چیتان کردوە لە بەغدا؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید:
ئێمە ئەو کاتانەی کە لە پەرلەمان بووین دەمانتوانی جۆرێک لە گفتوگۆ بکەین لەگەڵ ھێزەکان، کاتی خۆیشی پێشمەرگە لەو ناوچانە بەشدار بووە، بەڵام بەھۆی نابەرپرسیاری ھەندێک لە ھێزە کوردییەکان ئەو کارەیان والێکرد کە ئێستا کورد لەو ناوچانە نەمێنێ، وە پێشمەرگە لەو ناوچانە نەمێنێ و لە ئێستاشدا لەبەرئەوەی ئێمە لە پەرلەمان نین تەنھا لەڕێگەی بەیاننامەوە ئەتوانرێ ئەو بابەتە بکرێ ئیتر بەیاننامەش ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە.

پۆلەتیک: لەسەر بابەتی کابینەکەی مستەفا کازمی لەماوەی ڕابردوو کە سێ وەزارەتی بۆ کورد دیاریکردبوو، کە بەڕای چاودێران زۆر کەمترە لە چاو وەزارەتەکانی سوننە و شیعە ھۆکاری ئەم پشتگوێخستنەی کورد بۆچی دەگێڕیتەوە؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: ھۆکاری پشتگوێخستنەکە ئەوەیە کە کورد پێش ئەوەی ھیچ گفتوگۆیەک بکەن، بە ھەموو شێوەیەک پشتگیریان لە مستەفا کازمی کرد، کاتی خۆی ئێمە لەو بارەوە قسەمان کرد و داکۆکیمان کرد لەسەر ئەوەی نابێ ئەو بابەتە ھەروا بڕوات، بەڵام بەداخەوە گوێ نەگیرا و پشتگیریەکی بێ قەید و شەرتیان کرد لە مستەفا کازمی .

ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید دوو خوله‌ له‌ په‌رله‌مان شه‌ڕی مافه‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات


پۆلەتیک: له‌ كاتی دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ته‌كان  به‌ تایبه‌ت داد، كێشه‌ ڕوویدا له‌ نێوان پارتی یه‌كێتی هۆكاری ئه‌مانه‌ چییه‌ ؟
ئەحمەدی حاجی رەشید: ئەو پۆستانە کۆدەنگی کوردی لەسەر نییە، ئەو دوو ھێزە سیاسییە تەنھا خۆیان لەو بابەتەوە قسە دەکەن، ئه‌وان ھەمیشە لەسەر بابەتی پۆستەکان بە جیا مامەڵە لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی تردا دەكه‌ن.

پۆلەتیک: حکومەتی هەرێم موچه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌، ئایا ئەو پارەیە لە به‌غداوه‌ دێت بۆ مووچە، حکومەتی ھەرێم دەتوانی ھەڵسوکەوتی پێوەبکات بەتایبەت دوای ئەوەی کە بەغدا 400 ملیاری خستەسەر ھەژماری بانکی ھەرێم و دەنگۆی ئەوە ھەیە کە حکومەتی ھەرێم ئەو پارەیە دەداتەوە قەرز؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: لە ڕاستیدا ئەوە بودجەی پێداچونەوەیه‌ دوای دەبێ پێشکەش بکرێ بە عێراق، بۆیە دەستکاریکردنی ئەو پارەیە وا دەکات ئەو تۆزە متمانەیەش کە ھەیە لەدەست بدرێت، مانگەکانی داھاتوو ئەگەر مووچە نەھات بەھۆی ئەو نامتمانەیەوە ئەوا بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان بەرپرس دەبن لەو بارودۆخەی کە دێتە پێشەوە بەھۆی ئەو بابەتەوە .

پۆلەتیک: ئێوە وەک ئەندامانی پەڕلەمانی عێراق هەڵوێستتان چی دەبێت ئەگەر بەم شێوازە بڕوات؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: لەکاتی خۆیدا ھەڵوێستی گونجاومان لەسەر ئەو بابەتانە دەبێت. 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ