سیسى ستۆپ به‌ ئه‌ردۆغان ده‌كات

حساباتی هەڵەی ئەردۆغان لە لیبیا

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.06.27 08:24 PM
227 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

یادگار عەلی- قاھیرە

(ئەردۆگان) حیساباتێكی خراپ و هەڵەی بۆ هاوكێشەی لیبیا كردوە، واتێگەیشتوە بەڕەوانەكردنی چەك و چەتەی تیرۆریستی سوری لەڕێگەی ئاسمان و دەریا دەتوانێت ئامانجە سیاسی و ئابوری و ئایدۆلۆجیەكانی لەلیبیا بكات بەواقیع. ئامانجی سیاسی و ئابوری توركیا لەلیبیا كۆتایهێنان بەدەسەڵاتی سوپا و (خەلیفە حەفتەر)ـی دڵخواز و دۆستی میسر و دەستگەیشتن بەكێڵگەكانی گازی سروشتی لەسەر دەریاری ناوەڕاست و لەناوچەكانی سەرسنوری لیبیا لەگەڵ میسرە، ئامانجی ئایدۆلۆجیشی ئەوەیە دەسەڵاتی حكومەتی ویفاقی بەناونیشتیمانی لیبیا كەپێكهاتوە لەداعش، بەرەی نوسرە و گروپە چەكدارییە تیرۆریستی و تەكفیری و توندڕەوەكانی سوریا ببێت بەدەسەڵاتی كۆتایی لیبیا و بەوكارەش؛ بۆهەتایە حكومەتێكی تیرۆریستی ئایدۆلۆجی بكات بەدراوسێی میسر كەساڵانێكە قوربانی زۆری بەدەست گروپە ئیسلامیە توندرەوەكان لەسینا و سنورەكانی لەگەڵ لیبیا و ناوچەكانی تریش داوە.
بەرنامە و ئەجێندای ئەردۆگان لەلیبیا زوو لەلایەن میسر و وڵاتانی عەرەبی، ئەفریقی و ئەوروپیەوە ڕەتكرایەوە. (عەبدولفەتاح سیسی ـ سەرۆككۆماری میسر) لەكاتی خۆیدا؛ كارتی سووری بەڕووی ئەردۆگان بەرزكردەوە و هیڵی سوری بۆ پێشڕەوی تیرۆریستە هاوپەیمانەكانی لەناوخاكی لیبیا دیاریكرد، وتی: ئەگەر بەئاراستەی شارەكانی (سرت) و (جفرە) بێن، ئەوا؛ وەك ئەوەیە ڕووبەڕوی سوپای میسر ببنەوە و ئەوكات ئەركی ئێمە لەلیبیا دەستپێدەكات. ئەم قسەیەی سیسی زۆر ورد بو، چونكە ڕێگرتن لەپێشڕەوی بەرەو ئەو دووناوچەیە، مانای ڕێگرییە لەبەردەم ئامانجی ئابوری و سیاسی و ئایدۆلۆجی ئەردۆگان لەلیبیا و ئەو وڵاتە بەبێ‌ ئەو دوو ناوچەیە مانایەك نابەخشێت.

ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت لیبیا بكاته‌ موسته‌عمه‌ره‌یه‌كی توركی هاوشێوه‌ی قوبرس

(ئەردۆگان) دەبێت بزانێت لیبیا بەنیسبەت توركیاوە بریتی نیە لەقوبرس، سوریا و هەرێمی كوردستانی عێراق كە بەئاسانی لەئاسمان و لەزەوییەوە دەستی پێیاندەگات و توانای ئەنجامدانی هەر جموجوڵێكی سەربازی و زەمینی هەیە ئەگەر بیەوێت ئەنجامی بدات.. لەلیبیا هاوكێشەكە تەواو پێچەوانەیە بۆ توركیا. میسر دراوسێی نزیك و هاوسنوری لیبیایە و هەزاران كیلۆمەتر سنور لەنێوانیان هەیە، بەیەك لێدوانی سیسی، لەماوەیەكی ئێجگار كەمدا؛ بەدرێژایی سنوری هەردوو وڵات سوپای میسر بڵاوەی پێكراوە و لەئامادەیی تەواون بۆ جێبەجێكردنی هەر ئەركێك پێیان بسپێردرێت.. بۆیە ئەو شەڕە ئەگەر ڕووبدات توركیا ڕەنگبێت هەر فریای كۆكردنەوەی چەك و چەتەكانی بكەوێت بۆ هەڵهاتن لەلیبیا.. (ئەردۆگان) هەڵەی كرد لەوەی كەبەوردی مەزەندەی تواناكانی سوپای میسر و دامەزراوە سەربازییەكانی لەسەر ئاستی جیهان وەكخۆی نەكردبو..هەڵەی تری گەورەی توركیا حیسابنەكردن بۆ یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامە جیهانیەكانی تایبەت بەڕێزگرتن لەسنوری وڵاتان بو.
(ئەردۆگان) وردە وردە لەهەڵوێستی وڵاتانی جیهان بەرامبەر بەئاژاوەكانی لەلیبیا و هاوكێشە هەرێمایەتیەكان تێدەگات. بۆیە دەبینین لەدوای هۆشدارییەكەی سیسی ـیەوە لەلیبیا ستۆپی كردوە و هەڵەیەكی دیاری بەئاراستەی بەزاندنی هێڵەسورەكە نەكردوە.
لەئەگەری نواندنی شێتی لەلایەن (ئەردۆگان) بۆ پاوانخوازی ئابوری و ئایدۆلۆجی لەلیبیا.. دەوڵەتی میسر كۆمەڵێك بژاردەی لەبەردەستدایە و دەتوانێت دەستیان بۆ ببات.
بژاردەی یەكەم:

چارەسەری ئاشتییانە: ئەمە باشترین ڕێگاچارەیە بەنیسبەت دۆسیەی لیبیاوە، میسر هەر لەسەرەتای تەنگژەكانی ئەو وڵاتەوە دانیشتنی لایەنە ناكۆكەكانی لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان بەچارەسەر زانیوە. لە (بانگەوازی قاهیرە)ـش كە دەستپێشخەری (عەبدولەفەتاح سیسی) بو، جەخت لەسەر ئەم بژاردەیە كرایەوە. میسر بەهاوكاری و پشتیوانی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان دەتوانێت هەوڵبدات لایەنە ناكۆكەكانی لیبیا بەتایبەت (حكومەتی ویفاقی نیشتیمانی) و (لایەنی سوپا) لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی ناوەندی بەهێز كۆبكاتەوە. حكومەتێك كەتوانای پاراستنی تەواوی خاك و ئاسمانی لیبیای هەبێت و بوارێك بۆ جوڵە و تەراتێنی گروپە تیرۆریستی و چەتەكان لەڕێگەی دەریا و ئاسمان و وشكانی نەهێڵێتەوە. ئەم بژاردەیە بەهۆی گوێڕایەڵی توندی ویفاق بۆ ئەردۆگان تائێستا سەرینەگرتوە.

سیسی سوپای میسرى بۆ چوونه‌ ناو لیبیا ئاماده‌ كردووه‌

بژاردەی دووەم:

بەردەوامیدان بەهاوكاری و پاڵپشتیكردنی ئەو لایەنەی كە دۆستی میسرە لەلیبیا. لەڕێگەی ئەمكارەوە دەشێت پشتیوانی و نێودەوڵەتی بۆ (خەلیفە حەفتەر) بەدەستبهێنرێت و لەسەر ئاستی میسریش چەك و مەشق و ڕاهێنان بەهێزەكانی سوپای لیبیا پێشكەش بكرێت. تائەمكاتە میسر بەشێوەیەكی ئاشكرا پشتیوانی لە خەلیفە حەفتەر دەكات و سیسی بەڕوونی وتی: ئەگەر پێویستبكات ئەوان مەشق و چەكداركردنی هۆزە لیبیەكان دەگرنە ئەستۆ.
بژاردەی سێیەم: وەشاندنی گورزی سەربازی كاریگەر لەو شوێنانەی كە ناوچەی كۆبونەوەی گروپە چەتە و تیرۆریستیەكانن لەناو خاكی لیبیا و بەئامانجگرتنی كۆگای چەك و تەقەمەنیەكانیان و بەرپەرچدانەوەی هەر دوژمنكاریەك بۆسەر سنورەكانی میسر لەڕێگەی هێزەكانی پۆلیس و سوپا لەسەر سنور. ئەم بژاردەیە لەئێستادا كاتی هاتوە و تیرۆریستان لەهەموو كات و شوێنێك موعەرەزن بۆئەوەی بەر هێرشی ئاسمانی سوپای میسر بكەون.
بژاردەی چوارەم: لەحاڵەتی بەردەوامی دروستكردنی مەترسی بۆسەر ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی سوپا لەلایەن گروپە چەتە و تیرۆریستیەكان كەلەژێر ناوی حكومەتی ویفاق شەڕی بەدیهێنانی ئامانجەكانی (ئەردۆگان) لەلیبیا دەكەن، سوپای میسر هێرشی زەمینی بۆ سەر لیبیا دەستپێبكات و بەوكارە هاوسەنگی هێز بۆ لیبیا بگەڕێنێتەوە و بۆ پێدانی دەرفەتی تر بەهاوپەیمانەكانی میسر تازیاتر خۆیان ڕێكبخەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ شەڕ لەگەڵ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام بەدرێژایی سنوری لیبیا و میسر و لەناوخاكی لیبیا. ئەمەیان دوا بژاردەیە و ئەگەر پێویستبكات دەسەڵاتی میسر بۆیەك دەقەش سڵ لەئەنجامدانی ناكاتەوە، بەڵام هێشتا كاتی نەهاتوە، چونكە دوای هۆشداریەكەی سیسی هێزەكانی حكومەتی ویفاقی دۆستی توركیا و تیرۆریست و چەتە سوریە هاوكارەكانیشیان بوێری ئەنجامدانی جموجوڵ و چالاكیان بەئاراستەی ئەو هێڵە سورە نەكردوە كە سەرۆكی میسر دیاریكردوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ