دیوى ناوه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان

هەرێمی کوردستان گه‌مارۆ دراوه‌.. بۆچی کەوتە ئەم دۆخە ؟

ره‌نج نه‌وزاد 2020.06.28 03:54 PM
2175 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

وەک دیارە قەوارەی هەرێمی کوردستان کە دۆخێکی قورس و ئاڵۆزدایە، گەمارۆ دراوە لە هەموو لایەکەوە، بەڵام تا ئێستا، لاوازە و توانای بەرچەکردارێکی کاریگەری نییە، خەریکە دەیخنکێنن بەڵام جوڵەیەکی لێوە نایەت و دەستەوەستانە.
هۆکار زۆرە بۆ ئەم دۆخە، بەڵام لێردەدا بە چەن خاڵێکی کورت ئاماژە بە هەندێک لە هۆکارە ناوخۆییەکان دەکەین:
١-بێ ئاگاییەکی قووڵ لە جیهان، لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، لە ئابووری و زانست، لە سیستەمی جیهانی، لەوەی دەوڵەتان چۆن بیر دەکەنەوە و چۆن ڕەفتار دەکەن و بۆچی وا دەکەن... لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سیاسی، رۆشنبیر، ڕای گشتی، ئەو بێ ئاگاییە بە زەقی دیارە. 
کورتکردنەوەی سیاسەت ودەسەڵات بۆ ململانێیەکی بچوک و ناشرینی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، لەم ١٠ ساڵەی کۆتایی، کە بە سیاسی و میدیا و رۆشنبیر و خەڵکەوە مەشغولی ئەوە بوونە. 
بێ ئاگا لەوەی تورکیا و ئێران چی دەکەن، هاوکێشە ئیقلیمیەکان چۆن لەگەڵ هاوکێشە نێودەوڵەتیەکاندا لە پەیوەندیدان. لە هەرێمی کوردستان، ماوەیەکی زۆرە، وا دەزانین سیاسەت واتە پارتی و یەکێتی، سیاسەتمان دابڕی لە پرۆسە ناوچەیی و جیهانیەکە.
لە کاتێکدا ئێمە خەریکی جنێودان بە یەکتر، و درۆکردن و تۆمەت درووست کردن بۆ یەکتر بووین، لە میدیا و فەیسبوک، حیزبەکانیش خەریکی مل شکاندنی یەکتر.. لەو کاتەدا تورکیا و ئێران بیریان لەوە دەکردوە چۆن لەسەر ئێمە کار بکەن و لاوازمان بکەن و زەلیلمان بکەن وەک ئێستا.
رۆشنبیرمان هەیە، ماوەی ١٠ ساڵە نووسینە سیاسی و فکرییەکان لەسەر بارزانی بووە، بێ ئەوەی خوێندنەوەیەک بۆ سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بکات، بێ ئەوەی خوێنەر ئاشنا بکات بەوەی لە جیهاندا چی ڕوودەدات، کە هەرێمی کوردستان بەشێکە، بەشێکی بچوکیشە لەو سیستەمە ئیقلیمی و جیهانیەیی کە هەیە. ئەم دابڕانە لەگەڵ جیهان، هەموو نوخبە کوردییەکانی باشوری گرتوەتەوە.

توركیا و ئێران به‌ هێواشی هه‌رێمی كوردستانیان بنكۆڵ كرد

٢-گەشەکردن و باوەڕهێنان بەوەی کە هەرێمی کوردستان دووژمنی نییە لە پارتی زیاتر، یا لە یەکێتی یا لە گۆڕان و ئۆپۆزسیون زیاتر... پارتییەکان وا دەزانن حیزبەکانی تر دوژمنی کوردستانن، یەکێتی و گۆرانیش هەمان تێڕوانینیان هەیە. تا کار گەیشتە ئەوەی، کاتێک ئێران کورد دەکوژێت، گلەییەکان و تووڕەییەکان ئاڕاستە یەکێتی دەکرێت، کاتێک تورکیا کورد دەکووژێت گلەیی و توڕەییەکان ئاڕاستە پارتی دەکرێت.
کار گەیشتە ئەوەی هەندێ لە کورد تورکیا بە نەیار دەزانن، لەبەرئەوەی نزیکە لە پارتی، نەک لەبەرئەوەی کورد قەدەغە دەکات، هەندێکی تر ئێران بە نەیار دەزانن چونکە لە یەکێتیەوە نزیکە. 
ئەم تێگەیشتنە مەترسیدارە، دۆخێکی درووست کردوە، نازانرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە لە باشور کەلەڕەقی و نەزانی سیمایەکی دیاری تاکە، لە سیاسی و رۆشنبیر و هونەرمەندەوە تا دەگاتە گەنجێکی ئاسایی، مێشکی هەموو گفتوگۆیەکی لۆژیکی و زانستی ڕەتدەکاتەوە، لە دەرەوەی جنێو و درۆ و تۆمەت دروستکردن، ناتوانێت گوێ بگرێت و قسە بکات و بنووسێت.
٣- بەشێک لە میدیاکان، ئۆپۆزسیۆن، بەشێکی زۆری رۆشنبیر و میدیاکارەکان، بە تەواوی ئەوەیان لە مێشکی بەشێکی دیاری خەڵکی دەرهێنا کە کورد وەک نەتەوە، کوردستان وەک نیشتیمان، دوژمنی زۆرە، دەستی دەرەکی بەردەوام هەوڵی تێکدانی ئەم قەوارەیە دەدات، دوژمنی کورد لە تورکیا و ئێران وعێراق و سوریاوە، گۆڕا بۆ گروپێکی کورد کە بارزانی و تاڵەبانییەکانن، یاخود حکومەتی هەرێم.
٤-هەردوو حیزب (پارتی و یەکێتی) لەبەر بەرژەوەندییە ئابووریی وسیاسیەکانیان، دیسانەوە وەک رۆشنبیرەکان ڕەفتاریان کرد، تورکیا و ئێرانیان لە دووژمنەوە گۆڕی بۆ تەنها دراوسێ و هاوپەیمان، وەک دیارە، پارتی و یەکێتی هەوڵی داپۆشین و شاردنەوەی داگیرکارییەکانی تورکیا و ئێران دەدەن بۆ سەر خاکی کوردستان. سیاسیەکان لەو خیانەتەدا، بەرژەوەندی ئابووری و سیاسیان هەیە، بەڵام رۆشنبیر و میدیاکارەکان چی؟! بۆیە سیاسی کورد چەن نابەپرس و گەندەڵە، رۆشنبیر و هونەرمەندی کورد، زیاتر. هەردووکیشیان وەک یەک نەزان وبێ ئاگان. 
لە کاتی قەیرانێکی وادا، کە کار گەیشتوەتە سەر باسکردنی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان، کە سەیری میدیا و نووسین و گوتاری سیاسی پەرلەمانتاران و نوخبەکانی تر دەکەیت، هەست دەکەیت، زۆربەی هەرە زۆری بۆ میت و ئیتلاعات و کازمی کار دەکەن، لە کاتێکدا، زۆربەشیان وا نین، بەڵکو لە ئەنجامی نەزانی و نوقمبوونی لە ڕقی ململانێی حیزبەکان، وا ڕەفتار دەکات کە دووژمنی کوردە.

پارتی و یەکێتی له‌ پێناو بەرژەوەندیی حزبیى تورکیا و ئێرانیان لە دوژمنەوە گۆڕی بۆ دراوسێ و هاوپەیمان

٥- فەرامۆشکردنی لایەنی پەروەردەیی، کە ئەمە گرنگترین خاڵە، هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا، شکستە گەورەکەی لە میتۆد و شێوازی خوێندنی قوتابخانەکان و سیستەمی پەروەردەدایە.
حکومەتی باشور، تا ئەندازەیەکی زۆر، سیستەمی پەروەردەکەی نەیتوانیوە مرۆڤێکی هاوچەرخ، نیشتیمانی، لایەنی کەم، توانای ئەوەی هەبێت گوێ بگرێت بێ ئەوەی جنێو بدات، درووستبکات. 
نەوەکانی کورد، تادێت، نا بەرپرسیارتر دەبن و گاڵتەیان بە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان دێت. ئەمەش حکومەتی هەرێم بەرپرسیاری هەڵدەگرێت، پارتی و یەکێتی و گۆڕان توانیان ئەندامانیان وا لێ بکەن، جنێوبارانی کەسێک بکەن کە دژی حیزبەکەیان بێت، بەڵام بێ دەنگ دەبن بەرامبەر ئەو کەسەی کە دژایەتی نیشتیمان و نەتەوەکەی دەکات، بەڵکو هەندێ کات، لە ڕقی حیزبە نەیارەکەی، پشگیری دوژمن دەکات. وەک بانگەشەی لامەرکەزی و هەڵوەشاندنەوەی هەرێم و بانگکردنی کازمی وعەبادی و مالیکی بۆ داگیرکردنی کوردستان.
٦-کورتکردنەوەی سیاسەت بۆ دزینی پارەی نەوت لە لایەن هەردوو حیزبی سەرەکییەوە، بەشدار بووە لەو تێڕوانینەی کە لە ناو بەشێکی زۆری خەڵکدایە، کە حکومەت یەکسان بووە بە نەوت دز.
ئەوەی کەمترین شارەزایی هەبێت لەو ئەدەبیاتەی لەسەر سیستەمە سیاسیەکان هەیە، خاڵکی سەرەکی بەهێزی سیستەمی سیاسی، بریتییە لە پشتگیری ناوخۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری ناوخۆی لەدەستداوە، تەنانەت بەشێکی زۆری لایەنگران و ئەندامانی یەکێتی و گۆڕان کە پێکهاتەی سەرەکی حکومەتن، دژی حکومەتن! بەڵام کێشەکە ئەوەیە، وەک باسکرا لەسەرەوە، لەبەرئەوەی نەزانی و بێئاگایی هەموو چینەکانی گرتوەتەوە، لە باشور، حکومەت و حیزب و کورد و کوردستان و ئاڵای کوردستان و نیشتیمان نەوەکانی ئایندەمان... هەمووی تێکەڵ کراوە، بۆیە لە ئێستادا بەرگری کردن لە کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان، زۆربەی کات تۆمەتبارت دەکات بەوەی کە پارتی و پاراستنی!
ئەم دۆخەی ئێستا هەیە، لەوانەیە بە خەونیش تورک و فارس و عەرەب پێشبینی ئەوەیان نەکردایە کە بتوانن کورد بەو شێوەیە پەرتەوازە و بێ توانا بکەن.
بێ گومان چەندین هۆکاری تر هەیە بۆ ئەم دۆخە، خود ئەو خاڵانەی سەرەوەش، دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری مێژووی و کولتوری وجوگرافین..، بەڵام ئەوە بەشێک بوو لە هۆکارە ناوخۆییەکان کە لە ئێستادا رۆژانە بەری دەکەوین، کە بە کۆی گشتی هەمووی لە یەکەوە نزیکن و لەیەک دەچن، هەمووی بە یەکەوە کوردی دیل و زەلیل کردوە و توانای جوڵەی نەماوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ