به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ماڵپه‌ری پۆله‌تیك دوێنى سێشه‌ممه، دوور له چاوی كامێرا‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌ره باڵا پارتی و یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگیان له پیرمام ئه‌نجامداوه و به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایش له‌سه‌ر چه‌ند بڕیارێك رێكه‌وتوون، كۆبوونه‌وه‌كه چوار قۆڵی بووه له نێوان مه‌سعود بارزانی و مه‌سرور بارزانی له پارتی، بافڵ تاڵه‌بانی و ئاراس شێخ جه‌نگی له یه‌كێتی.
كۆبوونه‌وه‌كه له‌و باڵه‌خانه‌یه به‌رێوه‌چووه كه ئێستا مه‌سعود بارزانی وه‌ك ئۆفیسی سه‌ره‌كی خۆی به‌كاریده‌هێنێ و به "باره‌گای بارزانی" ناسراوه و پێشتر هی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بوو.
به‌پێی زانیارییه‌كانی پۆله‌تیك، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سعود بارزانی داوای له یه‌كێتی كردووه موراعاتى دۆخی حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی كوڕی بكه‌ن و وازبهێنن له سیاسه‌تی دژایه‌تیی و هه‌ڵمه‌تی فشارخستنه سه‌ر حكومه‌ت، كه یه‌كێتی له ماوه‌ی ڕابردوودا به چه‌ند شێوه‌یه‌ك ئه‌نجامیداوه.
باسی لێدوانی به‌رپرسانی یه‌كێتی كردووه ده‌رباره‌ی كشانه‌وه‌ی له حكومه‌ت و په‌رله‌مان و پرسی لامه‌ركه‌زیی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و به‌ستنه‌وه‌ی موچه به به‌غدا، مه‌سعود بارزانی ئه‌وه‌ی وه‌ك دژایه‌تیكردنی پارتی و خودی مه‌سرور بارزانی باس كردووه، كه خزمه‌ت به بارودۆخی ئێستای كورد ناكات له عێراقدا و و كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی قوڵتر ده‌كاته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا، وه‌فدی یه‌كێتی گله‌ییان له سیاسه‌تی پارتی كردووه به‌رامبه‌ر سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی، به‌وه‌ی كه ئه‌وان هێشتا ئه‌مری واقیع قبوڵ ناكه‌ن و ئه‌و یه‌كێتییه‌ی له كۆنگره‌ی چواره‌مه‌وه دروست بوو ئیعترافیان پێنه‌كردووه.
هه‌ربه‌پێی زانیارییه‌كان، بارزانی كوڕ و باوك ئاماده‌ییان ده‌ربریووه بۆ كردنه‌وه‌ی په‌ره‌یه‌كی تازه له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی ئێستای یه‌كێتی و به‌ڵینیانداوه به زوورترین كات كۆبوونه‌وه‌ی باڵای وه‌فدی مه‌كته‌بی سیاسیی هه‌ردوولا بكرێت و هیچ لاریشیان له‌وه نه‌بووه لاهور شێخ جه‌نگی سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدی باڵای یه‌كێتی بكات. كه ئێستا ئایكۆنی بڕیاردانى یه‌كێتییه به‌وپێیه‌ی زۆرترین ده‌نگی كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌ی هێناوه و دوای وه‌فاتی مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فاش وه‌ك مه‌رجه‌عی زۆنى سه‌وز هاتووه‌ته پێشه‌وه.
ئاراس شێخ جه‌نگی له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌ك نوێنه‌ری لاهور شێخ جه‌نگی بووه، له موناقه‌شه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو بارزانییه‌كه‌دا، قسه‌ی دڵی لاهوری برای كردووه. كه پارتی تائێستا زۆرترین حه‌ساسیه‌تی به‌رامبه‌ری هه‌بووه و له میدیاكانییه‌وه زۆرترین دژایه‌تی كردووه.
واته كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئیجابى بووه و هه‌ردوولا رێكه‌وتوون له‌سه‌ر خاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌شه‌نوجاته‌ی ئێستا له نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌یه و به گشتی دۆخێكی خوازراو دروست بكه‌ن به ئاراسته‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئابوریی و سیاسیی و رێكه‌وتنیش له‌گه‌ڵ به‌غدا.
بافڵ تاڵه‌بانى و ئاراس شێخ جه‌نگی له‌گه‌ڵ بارزانی باوك و كوڕ، هه‌رچواریان هاوڕابوون له‌سه‌ر پاراستنی ده‌سكه‌وت و قه‌واره‌ی سیاسیی و ئیداریی و عه‌سكه‌ریی هه‌رێمی كوردستان و به‌هێڵی سور ناویان بردووه، هه‌روه‌ك هاوڕابوون له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له پێناو ده‌رچوونی هه‌رێم له‌و دۆخه داراییه‌ی تێیكه‌وتووه به تایبه‌ت موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.
هه‌روه‌ك له كۆبوونه‌وه‌كه باسی ئه‌وه كراوه كه موئامه‌ره‌یه‌كی ناوچه‌یی دژی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و ده‌بێت هه‌موولایه‌ك له‌م بارودۆخه‌دا ته‌حه‌مولی مه‌سئولیه‌ت بكه‌ن، چونكه زیاتر له هه‌ركاتێكی تر پێویستیان به یه‌كڕیزیی هه‌یه له به‌ینی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان.