ململانێی چین و ڕوسیا و ئەمریکا

کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.. جەمسەری باکور، ئابوریی بەفر و سەهۆڵبەندان

ره‌نج نه‌وزاد 2020.10.06 09:24 PM
2135 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

دوای ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەم چەن (دەیە)یەیی دوایی بەسەر کەش وهەوادا هاتووە، بووتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر گۆی زەوی، ئەمەش وایکردوە تەنانەت جەمسەری باکور کە دەکەوێتە باکووری گۆی زەوی وئۆقیانووسی بەستووی باکور لە خۆ دەگرێت، دەستبکات بە توانەوە لە هەندێ کاتی هاویندا. وا چاوەڕوانیش دەکرێت، ئەگەر کەش وهەوا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا لە ئایندەیەکی نزیک ئۆقیانووسی بەستووی باکور بە درێژایی چەن مانگێکی هاوین و لەوانەیە زیاتریش، گونجاو بێت بۆ هاتووچۆی کەشتی بازرگانی ودەرهێنانی سامانی سروشتی. ئەمەش گرنگیەکی گەورەی هەیە بۆ هاوکێشە جیوپۆلەتیکیەکانی جیهان، بە تایبەت بۆ دەوڵەتانی وەک چین و ڕووسیا وئەمریکا.

گرنگیەکەی بۆ چین:

بایەخی چین بۆ جەمسەری باکور دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو، بەڵام ئەو بایەخە زیاتر لە چوارچێوەی زانیستی وتوێژینەوە بوو، لە سەدەی ٢١ وبەتایبەت دوای ساڵی ٢٠١٠ بایەخی چین بۆ ئەو ناوچەیە زۆر زیاتر بوو، بودجەی زەبەلاحی تەرخان کردوە بۆ ئەو ناوچەیە. بە پێی هەندێ توێژینەوەی چینی، وا چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ٢٠٣٠ جەمسەری باکوور لە زۆربەی کاتەکانی هاوین، گونجاو بێت بۆ هاتووچۆ ودەریاوانی. بۆ ئەمەش چەندین ڕێکەوتنامە ولەیەکتێگەیشتنی ئەنجامداوە لەگەڵ ڕووسیاو ئێسلەندا وگرین لاند، تا ڕازیان بکات بەوەی کە لە جەمسەری باکور چین بتوانێت بە ئاسانی وەربەرهێنان بکات ولە ئایندەدا بیکاتە ڕێگەیەکی سەرەکی خۆی بۆ هاتوچۆی کەشتیەکانی. بۆچی جەمسەری باکوور گرنگە بۆ چین؟

١-تا ئێستا هەژموون وهێزی سەرەکی چین پشتی بەستووە بە ئابووری (پێشەسازی وبازرگانی) ئەمەش پێویستی بە کەرەستەی خاوە (وزە؛ نەوت وگازی سروشتی) بۆ دروستکردنی شمەک، هەر وەها پێویستی بە بازاڕە بۆ فڕۆشتی شمەکەکانی. هەردوو پرۆسەکە پێویستی بە ڕێگا وئامرازی گواستنەوەیە. ئامرازی سەرەکی گۆاستنەوەی چین، تا ئێستا، بریتییە لە دەریاکان، واتە کەشتی. چین زۆربەی ئەو (وزە)یەیی کە پێویستیەتی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئەفریقیاوە بەدەستی دەهێنیت، ئەوەش زیاتر بە کەشتی پێیدەگات، بە تێپەڕبوون بە زەریایی هیندی پاشان ئارام. بۆ هەناردەکردنی شمەکی چینی بۆ جیهان، دیسانەوە بە شێوەیەکی سەرەکی دەبێت پشت بە زەریایی هیندی ببەستێت. واتە هەناردە وهاوردەی چینی، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بەم ڕێگانە دەبەستێت: دەریایی چین، گەروو وڕێڕەوی ئاوی مەلەکە وهورمز وباب المندب وسوێس رأس الرجا‌و الصالح هەموو ئەو ڕێگایانەش یا کێشەی تیایە، یا دەکەوێتە ژێر هەژموونی ئەمریکا وهاوپەیمانیەکانی ئەمریکا. چین ئەو ڕێگایانە بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وهیندستان وئەفریقیا وئەوروپا وئەمریکا. بە گشتی بەم ڕێگانە دەڵێن ڕێگاکانی باشور. ئەگەر چین بتوانێت ڕێگای جەمسەری باکور بەکاربهێنێت، ئەوا دەتوانێت بە شێوەیەکی گەورە کەمتر پشت بەو ڕێگایانە ببەستێت کە پێشتر ئاماژەی پێدرا، کە زیاتر لەژێر چاودێری وهەژموونی ئەمریکان. ئۆقیانووسی بەستووی باکور، هەردوو ئۆقیانووسی ئارام وئەتڵەسی دەگەیەنێت بە یەکتر، بە بێ تێپەڕبوون بە ئۆقیانووسی هیندی کە ئەمریکا کۆنتڕۆڵی کردوە.

چین چەن ساڵێکە چەمکی ئابووری بەفر بەکاردەهێنێت بۆ مەبەستی چۆنیەتی بەکارهێنانی جەمسەری باکور بۆ سوودی خۆی

 

٢-بە پێی هەندێ پێشبینی لەوانەیە ٣٠٪ی گازی سروشتی نەدۆزراوە و ١٠٪ی نەوتی نەدۆزراوە لە جیهاندا بکەوێتە ئەو ناوچەیە. ئەو کات چین سەرچاوەیەکی تری دەست دەکەوێت بۆ کڕینی وزە، لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی.

٣-بەکارهێنانی ڕێگای جەمسەری باکور، لە٤٠٪ کات دەگەڕێنێتەوە بۆ کەشتیەکانی چین بۆ ئەوروپا لەوێشەوە بۆ چین، ئەمەش وا دەکات شمەکی چینی هەرزانتر بێت، ئەو کات کڕیاری زیاتر لە ئەوروپا بۆ شمەکی چینی درووست دەبێت. جگە لەوەی ئەگەر چین لە جەمسەری باکورەوە وزە بهێنێت، ئەوا نرخی وزەکەش هەرزانتر دەبێت لەبەر کەمی کاتی گواستەنەوە. کۆی ئەوەش دەکاتە کەمی نرخی شمەکی چینی وزیادبوونی قازانج وزیاد بوونی توانای رکابەرێتی.

٤-ناوچەی جەمسەری باکور زیاتر لەژێر هەژموونی ڕووسیایە، چین ورووسیاش، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتی وتەنها لەبەر دووژمنێکی هاوبەشیش بێت، ئەوا هاوپەیمانن. واتە چین ئیتر دەتوانێت ڕێگایەک بەکاربهێنێت، کورتتر وهەرزانتر وباشتر، ڕێگاکەش هەژموونی ڕووسی زیاتر لەسەرە بە براورد بە هی ئەمریکا.

چین چەن ساڵێکە چەمکی ئابووری بەفر بەکاردەهێنێت بۆ مەبەستی چۆنیەتی بەکارهێنانی جەمسەری باکور بۆ سوودی خۆی. ئابووری بەفر، پلانێکی نوێی چینە، بۆ بەهێزکردنی ئابووری وهەژموونی خۆی لە جیهاندا، هەر وەها بۆ دوورکردنەوەی ئەو ئابووریە لە چاو و دەسەڵاتی ئەمریکا. لە ساڵی ٢٠١٣ چین ڕیگای ئاوریشمی جەمسەری باکوری ڕاگەیاند وخۆشی کرد بە ئەندامێکی چاودێر لە ئەنجوومەنی ئەو دەوڵەتانەی کە دەڕواننە سەر جەمسەری باکور، لە ئیستا خۆی بە دەوڵەتێکی نیمچە درواسێ لەگەڵ جەمسەری باکور دەناسێنێت، لە کاتێکدا چین هیچ سنوورێکی نییە بڕوانێتە سەر جەمسەری باکور، بەڵام جیوپۆلەتیک سنوری یاسایی وواقعی دەوڵەت تێدەپەڕێنێت.

گرنگی جەمسەری باکور بۆ ڕووسیا:
جەمسەری باکور وبەستەڵەک بەشێکە لە شووناس ومێژووی ڕووسەکان. ڕووسیا زۆرترین هێز وهەژموونی هەیە بەسەر ئەو ناوچەیەدا. هەروەها ڕووسیا پلانی هەیە سامانی سروشتی ئەو ناوچەیە بکاتە ئامرازێک بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر وزەی جیهانی، بە تایبەت گازی سروشتی. یەکێ لە کێشە گەورەکانی ڕووسیا بە درێژایی مێژوو ئەوە بووە کە ڕێگایەکی ڕاستەوخۆی نەبووە بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان، بۆ ئەوەی بگاتە دەریایی ناوەڕاست، ناچارە دەریایی ڕەش وگەرووەکانی تورکیا بەکاربهێنێت.

ئەگەر ئۆقیانووسی باکور بەرەو تووانەوەی زیاتر بڕوات ڕوسیا ڕێگایەکی دەریایی نوێی بۆ درووست دەبێت

 

ئەگەر ئۆقیانووسی باکور بەرەو تووانەوەی زیاتر بڕوات، ئەوا ڕووسیا ڕێگایەکی دەریایی نوێی بۆ درووست دەبێت. ئەمەش ڕووسیا ئازادتر وبە تواناتر دەکات. جگە لەوەی ئەگەر ئەو ڕێگایە ببێتە ڕێڕەوێکی دەریایی بۆ چین، ئەوا ڕووسیا لە ڕووی ئابووریەوە سوودێکی گەورەی پێدەگات، کە ناوچەیەکی بەفراوی و نا بازرگانی بۆ دەبێتە ڕێگایەکی سەرەکی بازرگانی نێوان چین وئەوروپا.

گرنگی ئەو ناوچەیە بۆ ئەمریکا:
ئەمریکا لە ڕێگەی ئەلاسکاوە سنووری هەیە بە جەمسەری باکوور. ئەمەش زیرەکی ودووربینی سیاسیەکانی ئەمریکا پێشاندەدات کە لە ساڵی ١٨٦٧ ناوچەی ئەلاسکا لە ڕووسیا دەکڕن بە ٧.٢ ملیۆن دۆلار، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا (ویلیام سیوارد) سەرپەرشتیاری ئەو مامەڵەییەیی کرد، ئەو کات بەشێک لە ئەمریکیەکان بەو مامەڵەیەیان دەوت (گەمژێتیەکەی سیوارد). ئێستا ئەمریکا لە ڕێگەی ئالاسکاوە، دەیەوێت چاودێری ئەو پلانەی چین وڕووسیا بکات لە جەمسەری باکور. بە براورد بە هێزی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکانی تری دنیا، هێزی سەربازییەکەی لە نزیک جەمسەری باکور لاوازە. چونکە ناوچەیەکی ئارام بووە وجموجۆڵی کەمی تیا بووە، لەبەر ئەوەی زۆربەی کاتەکانی ساڵ بەستوو بووە. بەڵام ئێستا کە چین وڕووسیا پلانیان هەیە سوود لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ئەو ناوچەیە وەربگرن، ئەوا ئەمریکاش بێ هەڵوێست نابێت، هەر بۆیە لە بەشە بودجەی ئەمساڵ کە تەرخانکراوە بۆ هێزی سەربازی ئەمریکا، بودجەیەکی تایبەت دانراوە بۆ درووستکردنی بەندەرێکی ئەمریکی لە ئالاسکا نزیک لە جەمسەری باکور بۆ زیادکردنی هێزی سەربازی ئەمریکا لەو ناوچەیە. داواکارییەکەی ترەمپ، پێش چەن ساڵێک، بۆ کڕینی دوورگەی گرین لاند لە دانیمارک کە دەکەوێتە جەمسەری باکور، هەر لە چوارچێوەی ستراتیژی ئەمریکایە بۆ زیاد کردنی هەژموونی خۆی لە جەمسەری باکور وڕێ گرتن وکێشە درووست کردن بۆ پلان وئامانجەکانی چین ورووسیا.

جەمسەری باکور بەرەو توانەوەی زیاتر بڕوات گۆڕانکارییەکی گەورەی جیوپۆلەتیکی و ئابوریی ڕوودەدات


لەبەر ئەوەی ڕووسیا خۆی بە خاوەنی ئەو ناوچەیە دەزانێت وبە بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینێت، دەکرێت لە ئایندەدا، تەماح وجموجۆڵەکانی چین لەو ناوچەیەدا، ببێتە مایەیی نیگەرانی ڕووسیا وتێکچوونی ئەو هاوپەیمانییە گوماناوی وناچارییەیی کە لە نێوان چین وڕووسیادا هەیە، بەڵام لە ئێستادا بۆ ئەوەی هەردوولا سوود لەو ڕێگا گرنگ ونوێیە ببینن و هەژموونی ئەمریکا لە خۆیان دوور بکەنەوە، ئەوا ناچارن بە یەکەوە هاوکاری بکەن. چونکە ڕووسیا بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایە بکاتە ڕێگایەکی بازرگانی، پێویستی بە سەرمایەیەکی زۆرە، لە ئێستادا نیەتی. چین لە ڕووی داهات وسەرمایەوە ئەرکەکە دەگرێتە ئەستۆ، لە بەرامبەردا ڕووسیا لە ڕووی سیاسی ویاساییە هاوکاری چین دەکات.

هەموو ئەم پلان وگەشبینی وترسەی چین وڕووسیا وئەمریکا پەیوەستە بە گۆڕانکارییەکانی کەش وهەوا، ئەگەر پلەی گەرما نزم بێتەوە لەسەر گۆی زەوی وجەمسەری باکور نەتوێتەوە، ئەوا ئەو پلان وئامانجانە لەناودەچن. بەڵام ئەگەر جەمسەری باکور، وەک ئەوەی چین چاوەڕێی دەکات، بەرەو تووانەوەی زیاتر بڕوات، ئەوا گۆڕانکارییەکی گەورەی جیوپۆلەتیکی وئابووری وبازرگانی لە جیهاندا ڕوودەدات وکاریگەری گەورە درووست دەکات لەسەر سیستەمی جیهانی، هەروەها جەمسەرەکانی گۆی زەویش دەبنە گۆڕەپانی ململانێ.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ