زیاتر له‌ نیوه‌ی پاره‌ی موچه‌ بۆ موچه‌خۆرانی سه‌ربازیى ده‌ڕوات

سوپا زه‌به‌لاحه‌كه‌ى كوردستان.. ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ ژماره‌ی سوپای 102 وڵاتی جیهان زیاتره‌

سه‌رتیپ وه‌یسی كه‌ریم (سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی) 2020.10.12 12:25 PM
1762 جار خوێندراوەتەوە

به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانم، له‌ هه‌رێمى كوردستان زیاتر له‌ ده‌ هەزار كەس پلەی عەمید تا فەریق هه‌یه‌، له‌سه‌دا 50ى له‌و كه‌سانه‌ى پله‌یان به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ بە گوێره‌ى میلاكات پلەی سەربازی پله‌كه‌یان بەرز نه‌كراوه‌ته‌وه‌.
پۆل بریمەر، حاكمى مه‌ده‌نى عێراق لە كتێبەكەیدا، باس لەوە دەكات، كە لەناو سوپای ئەمریكادا (500-800) پلەی سەربازی لە نێوان پلەی عەمید هەتا فەریق هەیە، بەڵام ته‌نها لە وەزارتی پێشمەرگەى حكومه‌تى هه‌رێم پلەی عەمید تا فەریق 10هەزار كەس هه‌یه‌.
قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تیش له‌ دانیشتنى هه‌فته‌ى رابردووى په‌رله‌ماندا، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، ژماره‌ى پله‌دار و عه‌مید و لیواكانیان له‌ وڵاتى ئه‌مه‌ریكا و چین زیاتره‌.
به‌پێى ئاماره‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ پشتى به‌ستووه‌ به‌ سیسته‌مى بایۆمه‌ترى له‌ كۆى ( 751085 ) فه‌رمانبه‌رى فعلى شارستانى و سه‌ربازى ‌ (417) هه‌زاریان فه‌رمانبه‌رى سه‌ربازین، كه‌ ده‌كاته‌ له‌سه‌دا ٥٦ ى كۆى گشتیى فه‌رمانبه‌رانى فعلى كه‌ له ئه‌رك و‌ ده‌وامى فه‌رمیدان، جگه‌ له‌ خانه‌نشینان و وارسى شه‌هیدان و زیندانى سیاسى و چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى و خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت كه‌ ( 506366) موچه‌خۆرن.

به‌شێكى به‌هێزى مانه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتیى په‌یوه‌ندى به‌ هه‌بوونى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى هێزى چه‌كداره‌وه‌ هه‌یه‌

ئه‌وپاره‌یه‌شى له‌ مانگێكدا ده‌درێت به‌ فه‌رمانبه‌رانى سه‌ربازى به‌ (374 ) ملیار و ( 547) ملیۆن دینار له‌گه‌ڵ (75 ) ملیار و ( 630 ) ملیۆن دینارى خانه‌نشینى سه‌ربازى واته‌ موچەی مانگانەی ئەوانەی لە بواری سەربازیدا كاردەكەن به‌ خانه‌نشینى سه‌ربازیه‌وه‌ (450 ملیار و 177 ملیۆن ) دینارە، كه‌ ده‌كاته‌ دەكاتە له‌سه‌دا 50.3 ی كۆی موچەی موچەخۆران كە بۆ مانگێك (894 ملیار) دینارە به‌م شێوه‌یه‌ :
*وەزارەتی ناوخۆ : 178 ملیار و 489 ملیۆن دینار
*وەزارەتی پێشمەرگە: 133 ملیار و 61 ملیۆن دینار
*ئەنجومەنی ئاساییش و دەزگا: 62 ملیارو 997 ملیۆن دینار
*خانەنشینی سەربازی: 75ملیار و 630 ملیۆن دینار
*كۆی گشتی: (450 ) ملیارو ( 177) ملیۆن دینارە دەكاتە 50.3%ی كۆی موچەی موچەخۆران كە بۆ مانگێك (894 ملیار) دیناره‌.
ژماره‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌ سیسته‌مى بایۆمه‌ترى تۆماركراون، زیاتر له(‌ 237) هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌و 47 هه‌زار چه‌كداریش سه‌ر به‌ هێزه‌كانى ئاسایشن. 

جگه‌ له‌ هێزه‌كانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌ پۆلیس و پۆلسى هاتووچۆ و به‌رگرى شارستانى و فریاكه‌وتن، زیاتر لە 30 هەزار پاسەوان له‌ دامەزراوەكانی كوردستان بوونیان هه‌یه‌، كە هەر بەشێكیان سەر بە شوێنێكە، هەموو ئەو پاسەوانانە لە چوارچێوەیەی یەك یەكە بەناوی "یەكەی پاسەوانی ناوخۆ" كۆكراوه‌ته‌وه‌ هەمووشیان بە یەك لیست رێكخراون بۆ پاسەوانی دامەزراوەكانی حكومەت و حزبه‌كان.
به‌ پێى توێژینه‌وه‌و به‌ دواداچوونێكى ناوخۆیى كه‌ هێشتا بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، ژماره‌ى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى هه‌رێم ( پێشمه‌رگه‌) زیاتره‌ له‌ ژماره‌ى سوپاى ( 102) وڵاتى جیهانى و به‌راورد به‌ وڵاتانى عه‌ره‌بیش جگه‌ له‌ وڵاتانى (مصر و جه‌زائیر و سعودیه‌ )، هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ى سوپاكه‌ى زۆر زیاتره‌ له‌ زۆریه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بى، زۆرێك له‌ وڵاتانى ئاسیا و ئه‌وروپاش به‌راورد به‌ هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ى سوپاكه‌یان زۆر كه‌متره‌. بۆ نموونه‌ وڵاتێكى وه‌كو كڕواتیا ته‌نها (18) هه‌زار سه‌ربازى هه‌یه‌.

موچەی مانگانەی ئەوانەی لە بواری سەربازیدا كاردەكەن به‌ خانه‌نشینى سه‌ربازیه‌وه‌ (450 ملیار و 177 ملیۆن ) دینارە

 

به‌ گوێره‌ى یاساى چاكسازى ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیستی خانه‌نشینیی سه‌ربازی بكرێت و چاره‌سه‌ری سه‌رپێچییه‌ یاساییه‌كان بكرێت، به‌ڵام به‌ وته‌ى شاره‌زایانى سه‌ربازى نێو ده‌زگا سه‌ربازى و ئه‌منییه‌مان ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێبكرێت.
به‌پێى زانیارییه‌كان‌، له‌ ئێستادا زیاتر له‌( 237 ) هه‌زار پێشمه‌رگه‌و، 47 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانى ئاسایش و دژه‌ تیرۆر، ناوى خۆیان له‌ سیسته‌مى بایۆمه‌ترى تۆماركردووه‌، به‌شێكى ژماره‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌و ده‌زگاى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستانیش به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌ دابه‌شبوون :
* 14 لیوای هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی: 45 هه‌زار پێشمه‌رگه‌
* هێزی پاراستنی ئێزدیخان (حه‌یده‌ر شه‌شۆ): 4000 چه‌كدار ( له‌ دواى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌و چاره‌نووسیان نادیاره‌ )
* لیوای جه‌زیره‌ (عه‌ره‌به‌كانی ره‌بیعه‌ و زوممار): 2000 چه‌كدار ( له‌ دواى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌و چاره‌نووسیان نادیاره‌)
* فه‌رمانده‌یی شنگال (قاسم شه‌شۆ): 10 هه‌زار چه‌كدار.
* جگه‌ له‌ هێزه‌كانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌ پۆلیس و پۆلیسى هاتووچۆ و به‌رگرى شارستانى و فریاكه‌وتن و پۆلیسى نه‌وت و گاز و له‌گه‌ڵ پۆلیسى پاسه‌وانى كه‌ 30 هه‌زار كه‌سه‌ حساب نه‌كراوه‌.
ئه‌و هێزانه‌ی له‌سه‌ر پارتی حیسابن:
* یه‌كه‌ی 80 له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: 58 هه‌زار پێشمه‌رگه‌
* زێره‌ڤانی كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌: 51 هه‌زار چه‌كدار
* هێزی له‌شكری "رۆژ"ی سه‌ر به‌ زێره‌ڤانی: 8000 چه‌كدار

 

ئه‌و هێزانه‌ی له‌سه‌ر یه‌كێتی حیسابن:
* یه‌كه‌ی 70ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: 56 هه‌زار پێشمه‌رگه‌
* هێزی به‌رگریی فریاكه‌وتن: 10 هه‌زار چه‌كدار
* هێزه‌ ره‌شه‌كه‌، سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌ 2 هه‌زاركه‌س
* هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر زیاتر له‌ 2 هه‌زار كه‌سن
*هێزى سوات ژماره‌كانیان دیار نییه‌

-هێزه‌كانی ئاسایشى یه‌كێتی و دژه‌ تیرۆری سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی ئاسایشى پارتی ژماره‌یان 47 هه‌زار كه‌سه‌.
به‌شێكى به‌هێزى مانه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتیى په‌یوه‌ندى به‌ هه‌بوونى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى هێزى چه‌كداره‌وه‌ هه‌یه‌ و، بۆیه‌ تاوه‌كو چاكسازى له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌كان نه‌كرێت، ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت چاكسازى بكرێت و بارگرانى دارایى له‌سه‌ر داهات و خه‌رجى حكومه‌ت كه‌مبكرێته‌وه‌، یاخود هه‌ڵبژاردانێكى پاك و بێگه‌رد و بێ ساخته‌كارى ئه‌نجامبدرێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ