پارتی بێمنه‌ت و سارده‌ به‌رامبه‌ر یه‌كێتى

پارتی و یه‌كێتى.. هه‌وڵێكی تری كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ بێ ئه‌نجام بوو

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر 2020.11.01 10:59 AM
1166 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

لە 17ی مانگی رابردوو، هەوڵێكی نوێ لە لایەن چەند كەسێكی یەكێتیی و پارتی بە دیاریكراوی (قوباد تاڵەبانیی و مەسرور بارزانیی) هەبوو بۆ راگرتنی شەڕی راگەیاندن و هاوكات زەمینەخۆشكردن بۆ گفتوگۆو دیدارێك لە نێوان بڕیاربەدەستانی یەكێتیی و پارتیی.
واتە دیدارێك لە نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی و قوباد تاڵەبانیی لە یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لە لایەك و بڕیاربەدەستانی پارتی (نێچیرڤان و مەسرور)ی ئامۆزای وەك پارتی لە لایەكی دیكە.
ئێستا رایەڵەی بەهێزی پەیوەندی نێوان یەكێتیی و پارتی، لە ڕێگای ئۆرگانیی و رەسمیی نییە، بەڵكو پەیوەندی تایبەتی هەریەكە لە (قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانیی) لەگەڵ خانەوادەی بارزانیی و نێچیرڤان بارزانییە لە ناو پارتی. واتە رایەڵەی رەسمیی بۆ پەیوەندی نێوان هەردوولا لاوازە و پەیوەندییەكی ئەوتۆ نییە.
لە ماوەی رابردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نامەیەكی دیاریكراوی بۆ پارتی سەبارەت بە گرفت و كێشە چارەسەرنەكراوەكان و خواستی یەكێتیی بۆ بەردەوامبوون لەم حكومڕانییە ناردبوو. 

وه‌ڵامی پارتی بۆ یەكێتی لەم چەند رۆژەی رابردوو (بەپێی زانیاریی) گەرموگوڕو ئەرێنی نییە، وه‌ڵامێكی ساردە و شتێكی نوێی تێدانییە. لە وه‌ڵامی بەرپرسێكی رادیكاڵی پارتی دەچێت لەسەر شاشەی تەله‌فزیۆن یان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی. 
واتە كەمێك بێمنەتی پێوەدیارە و هەمان وه‌ڵامی پێشوویانە بۆ چارەسەری كێشە چارەسەرنەكراوەكان، تەنانەت هەبوونی ڤیتۆشیان دوپاتكردۆتەوە لەسەر كاندیدێكی یەكێتیی بۆ وەرگرتنی دەستەی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان.

هێشتا یه‌كێتی به‌رده‌وامه‌ له‌ مانه‌وه‌ و پشتیوانی حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی

ئەو وه‌ڵامەی پارتی بۆ یەكێتیی، هاندەر نییە بۆ سەركەوتنی هەوڵی دیداری لوتكەی یەكێتیی و پارتی. من نازانم ئەو هەوڵانە سەركەوتوو دەبێت یان نا بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە، بەڵام ئەوەی روونە، كوردستان روو لەتونێلێكی تاریك و تروكە و دەرەنجامەكانی بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا، ئەوەندەی دیكە خەڵكی هەژارو موچەخۆرانی كوردستان رەجاربڕاو بارگرانتر دەكات.
هەوڵی دیداری نێوان هەردوولا لە كاتێكدایە كە كوردستان بە دۆخێكی ئێجگار خراپدا تێدەپەڕێت. باری ئابوریی و ژیانی خەڵك لە خراپ بەرەو خراپتر دەچێت. دامەزراوەكانی حكومڕانی هیچ قیمەتێكیان نەماوە. دابەشبونێكی روون هەیە لە ناو حكومەت و تێگەیشتنێكی پۆلیسی هەیە بۆ حكومڕانی.
دامودەزگاكانی ئاسایش بە تەواوی بوونەتە دامودەزگای حزبیی و هەڵدەكوتنە سەر ماڵان و رۆژنامەنوس و چالاكوانان دەستگیر دەكەن. 
پەرلەمان كە پێویست بوو نوێنەرایەتی خەڵك بكات بەڵام هیچ بەهایەكی نەماوە و جگە لە لێدوانی چەند پەرلەمانتارێك كە زیاتر موزایەدەی سیاسی پێوەدیارە هیچی دیكە نەماوە. لە سەرووی هەموو ئەمانەوە، ئەو گرژیی و ئاڵۆزییە چاوەڕوانكراوانەی بادینان لە نێوان پارتی و پەكەكە گەیشتۆتە بەر دەرگا و لەوانەیە ئەوەندەی دیكە باری دەروونی خەڵك ئاڵۆز بكات.

ده‌بێت پارتی و یەكێتی لەوە تێبگەن بەبێ‌ یەكتر  حكومڕانیی كوردستان ناكرێت

ئەوەی زۆر گرنگە، هەردولا (پارتی و یەكێتیی) لەوە تێبگەن كە بەبێ‌ یەكتر مومكین نییە حكومڕانیی. پارتی لەوە بگات بەردەوامبوون بەم ریتمەی ئێستا لە حكومڕانی، دۆخی ناوخۆی خۆی و گوزەرانی خەڵكیش خراپتر دەكات. ئەم تێگەیشتنە بۆ یەكێتیش راستە. دەبێت یەكێتی لەوە بگات بە دۆخی نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت بەردەوام بێت. یان دەبێ‌ دەسەڵات بێت و بەرنامەی خۆی بەروونی بخاتە روو، یان نابێت قاچێكی لەحكومەت بێت و دیفاع لە حكومەت بكات، قاچێكی دیكەشی لە دەرەوەو ئۆپۆزسیۆن بێت.
ئەوەی گرنگە، ژیان بژێوی خەڵكی هەژارو كەم دەرامەتە، كە بەهۆی خراپی حكومڕانیی و سیاسەتی چەوتی چەند ساڵەی حكومڕانان و دۆخی ناوخۆی پارتی و یەكێتیی ناخۆش و ئاڵۆز بووە. 
ئەو لەویەت بۆ هاوڵاتیانی كوردستان، دابینكردنی ئاسایش و گوزەرانێكی شایستەو موچەی بەردەوامە. ئەوەی هەیە دەرهاویشتەی ململانێی سیاسیە كە هاوڵاتیان بەشێك نین تێیدا، بەڵكو خواستی حزبیی و شەخسیی كوردستانی دوچاری ئەم دۆخەی ئێستا كردووە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ