د.ئارام ڕهفعهت
٣ی نۆڤەمبەر، کەمتر لە ٤٨ کاتژمێری تر، ئەمریکییەکان بڕیار دەدەن دەروازەی کۆشکی سپی بەڕووی ترەمپدا واڵا بکەن یان بایدن. ئەم بڕیارەی ئەمریکییەکان چەندە بۆ ٤ ساڵی داهاتووی خۆیان گرنگە هێندەش بۆ گەلان و وڵاتانی جۆراوجۆری دونیا گرنگە.
ئەگەر بۆ ئەمریکییەک هەڵبژاردنی ترەمپ یان بایدن بەمانای لەدەستدان یان دەسکەوتنی هەلی کارێک، چەند سەد دۆلارێک زیاتر یان کەمتر، یان بیمەی تەندروستی باشتر یان خراپت بێت، ئەوا بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و بێ ستاتۆی وەکوو کورد و لە رۆژهەڵاتێکی ناوەراستی ناسەقامگیر و پڕ لە تەقەلوبات رەنگە زۆر لەوە بەوڵاوەتر بێت.
هەنگاوێک بۆ دواوە
٤ ساڵ لەمەوبەر، ترەمپ و هیلاری کلینتۆن لە پێشبڕکێی بردنەوەی دڵ و دەنگی ئەمریکییەکاندا بوون. دواجار بازەکە لەسەر شانی ترەمپ نیشتەوە. لەو ٤ ساڵەدا:
ـ لە نۆڤەمبەری ٢٠١٦دا دەوڵەتی تورک شەهبا و جەرابلوسی داگیرکرد و خەونی رۆژاڤایەکی یەکگرتووی لە گۆڕنا.
ـ لە ئاداری ٢٠١٨دا دەوڵەتی تورک عەفرینی داگیر کرد.
ـ لە ١٦ی ئۆکتۆبەر میلیشیاکانی حەشدی شیعە بە هاوکاری ئێران و گڵۆپی سەوزی ترەمپ لە شەنگالەوە تا خانەقین، بە کەرکوک و مەخمور و توزخورماتووەوە داگیرکرد.
ـ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لەسەر بانگهێشتی ترەمپ، دەوڵەتی تورک سەرێکانیێی داگیرکرد.
بێننە پێش چاوی خۆتان هیلاری کلینتۆن براوی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ بوایە، ئایا ئەم داگیرکاریی و میحنەتانەی لە سەردەمی ترەمپ بەسەر باشور و رۆژاڤادا هاتن بەو شێوەیە دەبوون؟
بە دڵنییایەوە نەخێر.
مەگەر موعجیزەیەک رووبدات، ئەگینا بەگوێرەی راپرسییەکان بایدن براوەی هەڵبژاردنەکانە
پرسیار ئەوەیە ئایا کورد هیچ ئامادەکارییەکی بۆ هەر کام لە دوو بژاردەکە کردووە؟
مانگێک لەمەوبەر گوتم مەگەر موعجیزەیەک رووبدات، ئەگینا بەگوێرەی راپرسییەکان بایدن براوەی هەڵبژاردنەکانە... نزیکەی ٤٨ کاتژمێری ماوە بۆ کردنەوەی وێسگەکانی هەڵبژاردن، شتێکی وا لە دۆخی بایدن و ترەمپ رووی نەداوە.
ئەگەر بایدن براوە بێت ئایا کورد تیمەکەی بایدن دەناسن؟ هیچ پەیوەندییەکی پێشوەختەیان هەیە؟ ئایا ستراتیژی بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ چوار وڵاتە داگیرکەرەکەی کوردستان و بۆ خودی کورد دەزانن؟ چەندە زەمینەسازییان کردووە بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ ستراتیژ و کارنامەکانی بایدن؟
بە پێچەوانەشەوە...
هێشتا ترەمپ بێ ئومێد نەبووە. ئایا بۆ حاڵەتی مانەوەی ترەمپ لە پۆستی سەرۆکایەتیدا، کورد هیچ ئامادەکارییەکی کردووە؟ چ پێشبینییەک خراوەتە سەر مێزی ئەوانەی چارەنووس و بڕیاری ئەم خەڵکەی باشور و رۆژاڤایان بەدەستە؟ ئایا لە ٤ ساڵی رابردوودا سەرانی کورد هێندە ئەزموونیان لەو تۆفان و نەهامەتییانە وەرگرتووە کە لەسایەی بێ مۆڕاڵی و بێ پرەنسیپی ترەمپ توشی هاتووە؟
یان ئاشی کورد لە خەیاڵێک دایە و ئاشەوانی ئەمریکاش لە خەیاڵێکی تردا؟