
سبەی (سێشەممە) ڕێکەوتی (3)ی نۆڤەمبەری (2020) بە ڕۆژێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت، ئەویش بە هۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا، کە وەک هەڵبژاردنی سەرۆکی جیهان وێنا دەکرێت، بەڵام بە میکانیزمێکی ئاڵۆز و سیستەمێکی جیاواز لە هەموو وڵاتانی جیهان، چونکە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا سەرۆک یان ڕاستەوخۆ لەناو خەڵک هەڵدەبژێردرێت، یاخود ناڕاستەوخۆ لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە ئەمریکادا هیچکام لەم ڕێگایانە بەکار ناهێنرێن.
لە کاتی نوسینەوەی دەستوری ئەمریکا لە ساڵی (1787) نوێنەرانی هەر (13) ولایەتەکە دوو پلانیان هەبوو بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا:
یەکەم/ پلانی ڤێرجینیا:
ئەم پلانە لەلایەن (ولایەتە گەورەکان) پێشنیاز کرا، لەم پلانەدا داوایان دەکرد کە سەرۆک لە ڕێگای ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێت، چونکە ئەم (ولایەتە گەورانە) ڕێژەی دانیشتوانیان زۆر بوو، بەم هۆیەوە ژمارەی نوێنەرەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەرز بوو، بۆیە داواکار بوون ئەوان ڕۆڵ و کاریگەر زیاتریان هەبێت لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدی دڵخوازی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پێک هاتووە لە (435) ئەندام، کە بەپێی ڕێژەی دانیشتوان دابەشکراون، بۆیە ولایەتە گەوەرکان ئەندامەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران زیاترە لە ولایەتە بچوکەکان.
دووەم/پلانی نیوجرسی:
ئەم پلانە لەلایەن ولایەتە بچوکەکان پێشنیاز کرا، لەم پلانەدا داوایان دەکرد کە سەرۆک لە ڕێگای ئەنجومەنی پیرانەوە هەڵبژێردرێت، چونکە لە ئەنجومەنی پیران (سێنات) ژمارەی ئەندامەکان بە یەکسانی دابەشکراوە لە نێوان ولایەتە گەورە و بچوکەکان، واتە هەر ولایەتێک (2) ئەندامی لە ئەنجومەنی پیران هەیە، بەبێ ڕەچاوکردنی ژمارەی دانیشتوان، بۆیە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران (100) ئەندامە کە نوێنەرایەتی (50) ولایەت دەکەن.
لە دوای مشتومڕێکی زۆر، باوکانی دامەزرێنەر گەیشتنە ڕێکەوتنێک کە بە (ڕێکەوتنە گەورەکە) ناسرا، ئەویش بریتی بوو لە بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان (ولایەتە گەورە و بچوکەکان) لە ڕیگای تێکەڵکردنی هەردوو پلانەکەی سەرەوە، بۆ ئەم مەبەستەش میکانیزمێکیان داهێنا بەناوی (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج) کە بریتیە لە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک بە شێوازیکی ناڕاستەوخۆ، چونکە خەڵک دەنگ بە (دەستەیەک یان کۆمەڵەیەک) دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج)، ژمارەی ئەندامەکانی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیران (هاوس و سێنات)ە لەگەڵ سێ ئەندام بۆ (واشنتن D.C)ی پایتەخت، واتە ژمارەی ئەم دەستەیە [538] ئەندامن، (435+100+3=538)، هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی بتوانێت (نیوە+١) ئەم ژمارەیە واتە (270) دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بێنێت، ئەوا ئەو کاندیدە دەبێتە سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئهمهریكا.
گەورەیی عەقڵی (باوکانی دامەزرێنەر) هۆکار بوو بۆ چەسپاندنی دادپەروەی لە نێوان دەنگی (ولایەتە گەورە و بچوکەکان) ئەویش لە ڕێگای داهێنانی ئەم میکانیزمە (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بە شێوەیەک کە پێویست دەکات لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتی، بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا، گرنگی بە دەنگی هەموو ولایەتە (گەورە و بچوکەکان) بدات، ئەمەش لە مادەی (2)ی دەستوری ئەمریکادا ڕەنگ ڕێژ کرا، بە گوێرەی ئەم مادەیە پێویستە هەموو چوار ساڵ جارێک (سەرۆک و جێگری سەرۆک) هەڵبژێردرێن لەلایەن دەستەیەکی هەڵبژێردراو کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بە جۆرێک نابێت (سەرۆک و جێگری سەرۆک) خەڵکی هەمان ولایەت بن، ئەمەش بەگوێرەی هەموواری ژمارە (12)ی دەستوری ئەمریکا، کەواتە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن، بەم شێوەیەی خوارەوە:
لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا، خەڵکی ئەمریکا دەنگ بە کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراو دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج)، ئەم کۆمەڵەیەش لە ڕۆژی دوشەممەی یەکەمی دوای چوارشەمەی دووەمی مانگی دیسەمبەر (ناوڕاستی مانگی 12) هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک.
داهێنانی ئەم میکانیزمە لە لەلایەن باوکانی دامەزرێنەروە (Founding Fathers) لەبەر ئەوە بوو، لەو کاتەدا زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەمریکا نەخوێندەوار بوون و رێگەیان پێ نەدەدرا دەنگ بدەن، بەتایبەت دوو پێکهاتەی گەورەی کۆمەڵگای ئەمریکا، لەو سەردەمەدا مافی دەنگدانیان نەبوو ئەوانیش (ئەفریقیە ئەمریکیە ڕەش پێستەکان کە لەو سەردەمەدا کۆیلە بوون هەروەها ئافرەتانیش مافی دەنگدانیان نەبوو) تەنها ئەوەی مافی دەنگدانی هەبوو، کەمینەیەک بوون لە ( پیاوی سپی پێست و خاوەن موڵک) ئەو کەمینەیەش بۆیان ئاسان نەبوو بزانن کێ بەربژێرە و بۆ دەبێت دەنگ بەو کەسە بدەن؟
بێبەشبوونی چینی ئافرەتان و ڕەش پێستەکان زیاتر لە سەدەیەکی خایاند، پاشان کۆیلایەتی لەسەر دەستی سەرۆکی ژمارە (16)هەم (ئەبراهام ڵینکن) هەڵوەشێنرایەوە، ئینجا لە ڕێگای هەمواری دەستوری ژمارە (15) لە ساڵی (1870) مافی دەنگدان بە ڕەشپیستەکان بەخشرا، هەروەها دواتر بە گوێرەی هەمواری دەستوری ژمارە (19) لە ساڵی (1920) مافی دەنگدان بە ئافرەتانیش بەخشرا.لە مێژووی ئەمریکا یهكهمجار لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1918 خەڵک بە ماسکەوە دەنگیاندا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزای ئیسپانی
چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە ژمارەیەکی پێوانەیی مێژووی تۆمار بکات لە ڕێژەی دەنگدان و بەشداریکردنی خەڵک لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، چونکە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا زیاتر بێت لەو ڕێژە پێوانەییەی کە لە ساڵی (1908) تۆمار کرابوو، کە برێتی بوو لە (65%) خەڵکی ئەمریکا.
لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵدا (214) ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی مافی دەنگدانیان هەیە، تاکو نوسینی ئەم وتارە نزیکەی (100) ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی لە پڕۆسەی (دەنگدانی پێشوەختە)دا دەنگیان داوە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە مێژووی دەنگدانی پێشوەختەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا تاکە وڵاتی دیموکراسیە لە هەموو دونیادا، کە دوای ئەوەی کاندیدی سەرۆک بە زۆرینەی دەنگی هاوڵاتیان هەڵبژاردنەکان دەباتەوە، بەڵام هێشتا ناتوانێت ببێت بە سەرۆکی ئەمریکا، چونکە سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگای دەنگی (ئیلیتکۆڕەڵ کۆڵیج)ەوە هەڵدەبژێردرێت نەک دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک، ئەم حاڵەتەش (5) جار لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا دووبارەبۆتەوە، دواترینیان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی (2016) بوو لە نێوان (دۆناڵد تڕمەمپ و هیلاری کلنتن) ئەگەرچی (هیلاری کلنتن) توانی نزیکەی (3) ملیۆن دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت لە (دەنگدانی گشتی)دا بەڵام لە کۆتاییدا (دۆناڵد تڕەمپ) توانی زیاتر لە (304) دەنگ لە (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بەدەست بێنێت لە بەرامبەردا هیلاری تەنها (227) دەنگی بە دەست هێنا، بۆیە (تڕەمپ) بوو بە سەرۆکی ژمارە (45)ی ئەمریکا.
دەتوانین بڵێین لە هەڵبژادنەکانی ئەم خولەدا، لە کۆی (50) ولایەت، (40) ولایەت دابەشبوون بەسەر ڕەنگی سور و شیندا، واتە دەنگی خۆیان یەکلاکردۆتەوە بۆ کۆماریەکان و دیموکراتەکان، بەڵام تەنها (10) ولایەت دەنگەکانیان بە خۆڵەمێشی ماوەنەتەوە، ئەم (10) ولایەتەش پێیان دەگوترێت (Swing State) چونکە تا کۆتای پڕۆسەکە دیار نیە دەنگ بە کام کاندید دەدەن، بۆیە کاندیدەکان هەر لە سەرەتای هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا فۆکەسی خۆیان خستۆتە سەر ئەم (ولایەتە خۆلەمێشیانە)ْ ئەمەش بەهۆی گرنگی ئەم ولایەتانە لە یەکلاکردنەوەی ململانێی ماراسۆنی گەیشتن بە کورسی کۆشکی سپی، ئەم ولایەتانەش بریتین لە (پێنسلڤانیا، ئۆهایۆ، ویسکنسن، کارۆلینای باکور، ئەریزۆنا، جۆرجیا، فلۆریدا، مینیسۆتا، ئایوا، نیڤادا)
لە مێژووی ئەمریکادا دوو جار خەڵک بە ماسکەوە چونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، یەکەم جار لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (1918)ە خەڵک بە ماسکەوە دەنگیاندا، ئەویش بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای (ئەنفلەوەنزای ئیسپانی) کە لە کۆی (1) ملیاری ژمارەی دانیشتوانی ئەو سەردەمەدا، ئەم پەتایە نزیکەی (50) ملیۆن کەسی کوشت، لەم هەڵبژاردنەشدا خەڵکی ئەمریکا بە ماسکەوە دەنگ دەدەن، ئەویش بە هۆی بڵاو بونەوەی پەتای (کۆڕۆنا)وە، کە ئەمریکا ڕێژەی پێوانەیی تۆمار کردووە لە ژمارەی توشبووان و ژمارەی مردوان.
دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکان تەواو دەبن، سەرۆکی هەڵبژێردراو نزیکەی (دوو مانگ و نیو)ی لەبەر دەست دەبێت تاکو کابینەکەی پێکبهێنێت، دواتر بە گوێرەی دەستور پێویستە سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە ڕۆژی (2021/1/20) لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا سوێندی یاسایی بخوات، ئەم ڕۆژەش بە (Inauguration Day) ناسراوە.