بایدین بیباتەوە ئەگەری زۆرە ماکگۆرک پۆستێکی باڵا وەربگرێت

ترەمپ یان بایدن.. کێ باشە و کێ دەیباتەوە ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.11.02 09:41 PM
522 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.شێركۆ كرمانج

سبەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکایە، هەموو چاودێران پێیانوایە کە ئەم هەڵبژاردەنە مێژوویی‌و چارەنوسسازە. چارەنوسسازییەکەی لەلای من بۆ زۆر شت دەگەڕێتەوە بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ململانێی ئەمجارە شەڕێکە لە نێوان دوو بەرە، بەرەی عەقڵانی‌و ئەخلاقی‌و پێکەوەژیان‌و یەکسانیی کە بایدن بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە نوێنەرایەتی دەکات لەبەرابەر بەرەی گەمژەویی‌و بێئەخلاقی‌و جنێوفرۆشی‌و شۆڤینی‌‌و درۆو ساختەکاریی کە ترەمپ نوێنەرایەتی دەکات. بردنەوەی بایدن پێناچێت دنیا بکاتە شامی شەریف بەڵام لانیکەم لەوانەیە وەک خۆی لێبکاتەوە، واتە وەک ئەوەی پێش ئەوەی ترەمپ کاولی بکات.
بۆ کورد هەر چۆنێک بێت بایدن باشترە لەبەر زۆر هۆکار بەڵام من تەنیا دوو هۆکار دەخەمەوەڕوو. زۆر کەس دەڵێن ئەمریکا دەوڵەتی دامەزراوەییەو بە گۆڕانی کەسەکان هیچ لە پرسە گرنگەکان ناگۆڕێت، من هەرچەندە ئەو دیدە لە بنەڕەت ڕەتناکەمەوە بەڵام پێموایە کورتهێنە. دامەزراوەکان لە کەسەکان پێکهاتون، ئەوە کەسەکانن دامەزراوەکان بەڕێوەدەبەن‌و سیاسەتەکان دادەڕێژن. دامەزراوەیی زیاتر بۆ دابەشکردنی کارەکان‌و دەسەڵاتەکانە نەک بۆ بڕیاردان، بڕیار کەسەکان دەیدەن لە ناو دامەزراوەکان. بەهەرحاڵ ئەمە باسی ئەم کورتە بابەتە نیە.
یەکەم، بایدین بەخۆی کەسێکی نزیکە لە کوردو پەیوەندییەکی چاکی لەگەڵ زۆر لە سەرکردەکانی باشور هەیەو دیدی بۆ بەفێدڕاڵکردنی یان بەکۆنفێدراڵکردنی عێراق زۆر لە دیدی کورد نزیکە، ئەمە هۆکاری یەکەم. 
دووەم، بایدین بیباتەوە ئەگەری زۆرە کە برێت ماکگۆرک پۆستێکی باڵا لە ئیدارەی بایدن وەربگرێت. ماکگۆرک بەوە ناسراوە کە لەگەڵ کوردانی ڕۆژاڤا پەیوەندییەکی دۆستانەی هەیە، ئەمەش بۆ ڕۆژاڤا دوای ئەو خیانەتەی کە ترەمپ لێیکردن زۆر گرنگە. ماکگۆرک ئەگەر نەشتوانێت بارەکە وەک خۆی لێبکاتەوە ئەوە لەوانەیە نەهێڵێت لەوە خراپتر بێت‌و هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ مانەوەی ڕۆژاڤا وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ.

بایدن هاوسۆزی دۆزی كورده‌ و په‌یوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌یه‌

 

پرسیار ئەوەیە کێ دەیباتەوە؟ من هەوڵدەدەم زۆر بە کورتی وەڵامی ئەم پرسیارە بە بنەما لەسەر کۆمەڵێک فاکتی مێژوویی و ڤاریەبڵ (شتە گۆڕاوەکان) بدەمەوە.
یەکەم، لە مێژوویی ئەمریکا بەگشتیی کاندیدی بەرامبەر بە سەرۆک ئەگەر کەسێکی نوێ بێت ‌و لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان هاتبێت ئەگەری بردنەوەی هەیە، وەک چۆن ئۆباماو بیل کلینتن بردیانەوە. ئەگەر کاندیدەکە لەناو دامەزراوەکانەوە هاتبێت بەگشتیی دۆڕاو دەبن، وەک چۆن ئەلگۆر و هیلاری کلینتن دۆڕاندیان. ئەگەر ئەم فاکتە مێژووییە بە بنەما وەربگرین ئەوە بایدن دەیدۆڕێنێ چونکە بایدن جێگری سەرۆکی ئەمریکایە، واتە وەک ئەلگۆر یان هیلاری کە وەزیری دەرەوە بوو.
دووەم، هەڵبژاردنی سەرۆک لە ئەمریکا وەک هیچ وڵاتێکی دیکە نیە، من بەخۆم زۆر بە زەحمەت تێیگەیشتم، بۆیە ئێستا کاتی ئەوە نیە کە ڕونی بکەمەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە سیستەمی ئیلێکترۆڵ کۆلێج کە بەکاردێت. بەگشتیی لەو هەڵبژاردنانەی کە دوو کاندیدەکە لە ڕاپرسییەکان دەنگیان لێک نزیکە ئەوە کاندیدی کۆمارییەکان دەیباتەوە. هیلاری سێ ملیۆن دەنگی زیاتر لە ترەمپ هێنا کەچی ترەمپ ژمارەی ئیلێکترۆڵ کۆلێجەکانی گەیشتە ٢٧٠ و ئەو بردیەوە.
ئەمجارە سەرەڕای ئەوەی کە بایدین زۆر لە پێشترە بەڵام هێشتان ترس هەیە کە ترەمپ بیباتەوە چونکە سیستەمەکە وەک گوتم لە قازانجی کۆمارییەکانە.

سێیەم، مێژووی ئەمریکا پێمان دەڵێت کە ئەو سەرۆکەی لە حوکمە هەمیشە شانسی لە ڕکابەرەکەی زیاترە. لە مێژووی سی ساڵی ڕابردوی ئەمریکا تەنیا جیمی کارتەر لەبەرابەر ڕۆناڵد ڕێگن دۆڕاوە دەنا ئەو سەرۆکەی لەسەر حوکمە هەمیشە ئەگەری بردنەوەی زیاترە. ئەگەر ئەم فاکتە مێژووییە بکەینە بنەما دیسان ترەمپ دەیباتەوە.
چوارەم، ئەمریکییەکان بەگشتیی ئەو حیزبەی کە تازە هاتۆتە سەر حوکم ناگۆڕن. کۆمارییەکان، ئەوە ئەگەر ترەمپ وەک کۆماریی بژمێرین چونکە خۆی زۆرجار دەڵێ من سیاسەتوان نیم، ئەوە چوار ساڵە لەسەر حوکمن. ئەوەش مانای ئەوەیە ئەگەر ئەم فاکتە مێژووییە وەک بنەما وەربگرین ئەوە هەمیسان ترەمپ ئەگەری بردنەوەی زیاترە.

هه‌میشه‌ سەرۆک ئەگەری بردنەوەی زیاترە چونكه‌ لە 30 سی ساڵی پێشوو تەنها کارتەر بەرابەر ڕێگانن دۆڕاوە

 

پێنجەم، چاودێران‌و توێژەران بەگشتیی پێیانوایە دەنگدەری ئەمریکی باری ئابوری وڵات‌و GDP و ڕێژەی بێکاریی لە هەموو فاکتەرێک زیاتر بەهەند وەردەگرێت. بەو مانایەی ئابوری لە گەشەدابێت ‌و ڕێژەی بێکاریی نزم بێت ئەوە سەرۆکی لەسەر کار شانسی مانەوەی ئێجگار زۆرە. 
ئەم فاکتە ئەمجارە زۆر ئاڵۆزە چونکە باری ئابوری پێش ترەمپ گەشەی بێ وێنەی بە خۆوە دیبوو، لەسەردەمی ترەمپ، پێش هاتنی کۆڕۆنا، ئێجگار باش بوو. ڕێژەی گەشەی ئابوری لەم چەند ساڵەی دوایی لە دەوروبەری ٣٪ بوو، ڕێژەی بێکارییش لە دەوروبەری ٣٪ بوو. لە دوای کۆڕۆنا ڕێژەی گەشە لەژێر سفرەو ڕێژەی بێکاری لە ناوەڕاستی ئەمساڵ گەیشتە ١٤٪ و ئێستا لە دەوروبەری ٨٪ یە. ئەگەر ئەم فاکتەرە وەک بنەما وەربگرین ئەوە ئەگەری بردنەوەی ترەمپ زۆر کەمە. لەگەڵ ئەوەش زۆر کەس پێیانوایە کە ترەمپ هۆکار نەبووە بەڵکو کۆڕۆنا ئەم قەیرانەی دروستکردوەو لەگەڵ ڕۆیشتنی کۆڕۆنا ترەمپ باشترە بۆ ئابوری. هاوکات، زۆر کەس پێیانوایە کە ترەمپ خراپ ئیدارەی کۆڕۆنای داوە بۆیە دۆخەکە یەکجار ئاوا خراپە. ئەگەر ئەم تێگەیشتنە زاڵ بێت ئەوە بایدن شانسی بردنەوەی هەیە.
شەشەم، ئەمریکییەکان تیورییەکیان هەیە کە پێی دەڵێن right track vs. wrong track، واتە ئاراستەی وڵات بەرەو باشی دەڕوا یان بەرەو هەڵدێر. ئاشکرایە کە ئاراستەی ئەمریکا بەرەو هەڵدێرە. کۆمەڵگای ئەمریکی لە هەموو ئانوساتێک زیاتر دابەش‌و دژبەیەکە، ئابوری لە قەیراندایە، دامەزراوەکان لەلایەن ترەمپ بنکۆڵکراون، کۆڕۆنا تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە، ئەمانەو سەدان گرژی‌و قەیرانی دیکە. ئەگەر ئەم فاکتەرە وەک بنەما وەربگرین ئەوە بایدن براوەو ترەمپ دۆڕاو دەبێت چونکە خەڵک نیگەرانن لە ئاراستەی وڵاتەکەیان.

بایدن نوێنه‌رایه‌تی بەرەی عەقڵانی ‌و ئەخلاقی‌ دەکات بەرامبەر تره‌مپ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی به‌ره‌ی گەمژەویی ‌و بێئەخلاقی ‌و جنێوفرۆشی‌ ده‌كات

 

حەوتەم، ڕاپرسی نەرێتێکی کۆنە لە ئەمریکا بۆ پێشبینیکردنی براوە لە هەڵبژاردنەکان. ڕاپرسییەکانیش بە گەڕانەوە بۆ زۆر پرسیارو بیرۆکە ئەنجامدەدرێن بەڵام لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە کە پێیدەڵێن presidential approval، کە دەکرێت بڵێین ڕازیبوونی خەڵکە لە ئەدای سەرۆک یان کاندیدەکەی سەرۆک. بەگشتیی لە ڕاپرسییەکان لەسەر ئەم خاڵە بایدن زۆر لە پێشترە لە ترەمپ. 
ترەمپ لەو تاکە سەرۆکانەیە کە هیچ کاتێک ڕازیبوون لە ئەدای نەگەیشتۆتە سەروی ٥٠٪. ئەگەر ئەمە وەک بنەما وەربگرین ئەوە بایدن دەیباتەوە.
دیارە فاکتەری دیکە زۆرن بەڵام لەوانەیە ئەمانە گرنگترینیان بن. هەر چۆنێک بێت سبەی ئاراستەی نەک هەر ئەمریکا بەڵکو جیهان تاڕادەیەک دیاری دەکرێت. بردنەوەی ترەمپ بەرەی گەمژەو دیکتاتۆرەکان لە دنیا بەهێزو بەرەی دیموکراسی‌و ژینگەدۆستی‌و یەکسانخوازی لاواز دەکات. با چاوەڕێ بین.



دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ