"تره‌مپ کورد بەکارده‌هێنێ دژی ده‌وڵه‌تان ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌"

بۆچى بردنه‌وه‌ی تره‌مپ باشترە بۆ کورد ؟

ره‌نج نه‌وزاد 2020.11.03 11:12 AM
841 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

سیاسەتی ترەمپ زیاتر بە فەوزا و ناجێگیری و بێ متمانەیی و چاوەڕواننەکراو ناسراوە. سیاسەتی سەرۆکی ئەمریکاش کاریگەری هەیە بۆ سەر جیهان. جێگیری وسەقامگیری سیستەمی جیهانی وپەیوەندی نێوان دەوڵەتەکان، زۆر کات دژی بەرژەوەندی کوردە. چونکە کورد بکەرێکی بێ دەوڵەتە، سیستەمی جیهانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانیش لەسەر دەوڵەتەکان بنیاتنراوە، کۆی سیستەمی جیهانی، کورد وەک کێشەیەک، سەرئێشەیەک تەماشا دەکات. چونکە کورد وا تەماشا دەکرێت کە سەر ئێشە بۆ دەوڵەتەکان درووست دەکات. کاتێک دەوڵەتەکان پەیوەندیان سەقامگیر وئارام بێت لەنێوان یەکتردا، ئەوە بە هەمویانەوە کورد پشتگوێ دەخەن لەبەر بەرژەوەندی هاوبەشی خۆیان.
بۆ نموونە کوردی باشوور سێ دەستکەوتی بەدەستهێناوە لەم سی ساڵەی دوایی، دوای ۹۱ بەعس دەرکرا و وەک دیفاکتۆ هەرێمێکی بەدەست هێنا، ئەوە لە ئەنجامی فەوزایەکی گەورە بوو لە ناوچەکە، کە عێراق پەلاماری کوێتی دا، پێش ئەوە جەنگی نێوان عێراق وئێران، لەو فەوزا و جەنگە گەورانەدا لە نێوان عێراق وئێران وکوێت وهاوپەیمانان، کورد سودێکی پێگەیشت. پاشان لە ۲۰۰۳ ئەو هەرێمە بە فەرمی ودەستووری کرا. ئەمەش دیسانەوە لە ئەنجامی ڕووخان وداگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە، واتە لە ئەنجامی فەوزا وناجێگیری وشەڕی نێوان دەوڵەتەکان. ۲۰۱۷ریفراندۆم وەک هەنگاوێکی مێژوویی لە پرسی سەربەخۆیی کورد، شەڕی داعش و وێران بوونی عێراق زەمینەی ڕەخساند بۆ ئەو دەستکەوتە. 
ڕۆژئاوای کوردستان نموونەیەکی ترە، ڕۆژئاوای کوردستان نەدەگەیشت بەم دەستکەوتانەی ئێستا، ئەگەر یەکێ لە گەورەترین فەوزا و وێرانیەکانی سەدەی ۲۱ ڕووینەدایە، کە جەنگی سووریایە. ئەگەر بۆ مێژووش بگەڕێینەوە ئەم ڕاستیانە دەبینین، بۆ نموونە کۆماری کوردستان لە مەهاباد، دەرئەنجامی جەنگ وفەوزا و نا سەقامگیری بوو. کوردانی ڕۆژهەڵات وباکور قورسە دەستکەوتێکی باش بەدەست بهێنن، ئەگەر فەوزا و نا سەقامگیری وشەڕ لە تورکیا وئێران ڕوونەدەن.

فەوزا و نا سەقامگیری لە سیستەمی جیهانی باشترە بۆ کورد و بردنەوەی ترەمپ بۆ کورد سوودبەخشترە


کەواتە، فەوزا و ناسەقامگیری و شەڕ و وێرانی بۆ دەوڵەتەکان زیانبەخشە، زۆر کاتیش ئەوەی زیانبەخش بێت بۆ دەوڵەتەکان، دەکرێت سوودبەخش بێت بۆ کورد و نەتەوە بێ دەوڵەتەکان. کوردی باشوور وڕۆژئاوا بۆیە هەندێ دەستکەوتیان بەدەست هێنا، چونکە عیراق وسووریا کاول کران.
دوبارە بردنەوەی ترەمپ دەکرێت ببێتە هۆکاری زیادبوونی فەوزا و نا سەقامگیری و بێ متمانەیی لە ناوچەکە و لە نێوان دەوڵەتان. ئەم هەڵبەز ودابەز و بۆشایی و درزانەی لەنێوان دەوڵەتان هەیە، دەکرێت بۆ کورد سوودی هەبێت. لایەنی کەم دەرەفەت دەدات کە کورد هیچ نەبێت وەک کارتێک بەکاربهێنرێت لە لایەن دەوڵەتانێکەوە دژ بە دەوڵەتانی تر. مێژووش پێمان دەڵێت، بەکارهێنانی کورد وەک کارت، چەنێ زیانی هەبووە، بەڵام سوودی گەورەشی هەبووە.
ئەگەر بەشار ئەسەد دژی ئەمریکا نەبووایە، ئەوا ئەمریکا هەر لە چوارچێوەی پەکەکە، هەسەدەی ڕۆژئاواشی دەخستە ناو لیستی تیرۆر. نا سەقامگیری لە پەیوەندی ئەمریکا و ئەوروپا لە لایەک بەرامبەر بە ڕووسیا وسووریا وئێران لە لایەکی تر، وای کرد ئەمریکا وەک کارتێک کوردانی ڕۆژئاوا بەکاربێنێت بۆ ئامادەیی خۆی لە سووریا دژ بە ڕووسیا. ئەگەر پەیوەندی ئەمریکا وتورکیاش درزی گەورەی تێبکەوێت، ئەوا ئەگەر هەیە ئەمریکا وەک کارتێک کورد بەکاربهێنیت تا سەربەخۆیی یا نزیک لەسەربەخۆیی هاوکاری کورد بکات دژ بە تورکیا وئێران وسوریا...

بایدن سیاسەتێکی ئارامتر و هاوسەنگتر پەیڕەو دەکات ئەمەش بۆ کورد زیانی زیاترە وەک لە سوود


ئەو ئارگۆمێنتانەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا بۆ پشتگیری لەوەی کە فەوزا و نا سەقامگیری لە سیستەمی جیهانی باشترە بۆ کورد و بردنەوەی ترەمپ بۆ کورد سوودبەخشترە، دەکرێت چەندین ئارگۆمێنتی تر هەبێت پشتگیری لە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە بکات. لێرەدا تەنیا ئەو ڕەهەندەم باس کرد کە دەکرێت سوودی هەبێت بۆ کورد.
هەر چەن بەپێی هەواڵ وزانیارییەکان ترەمپ دۆڕاو دەبێت و بایدن براوە، بەڵام من هیوادارم ترەمپ براوە بێت. بایدن بە به‌راورد بە ترەمپ، سیاسەتێکی ئارامتر و هاوسەنگتر پەیڕەو دەکات، کەمتر درز و کێشە دەخاتە نێوان دەوڵەتەکان و سیستەمی جیهانی و ناوچەکەی خۆمان. ئەمەش بۆ کورد زیانی زیاترە وەک لە سوود. بۆ دەوڵەتەکان سوودی زیاتر دەبێت.
پێویستە ڕۆشنبیر وسیاسی کورد وەک بێ دەوڵەتێک بیر بکەنەوە و بڕواننە ڕووداوەکان، نەک وەک خاوەن دەوڵەت وسەروەری. ئەوانەی بە زمانە ئەوروپی وئینگلیزی وعەرەبی وفارسی وتورکی... دەنووسن ودەڵێن لەسەر ڕووداوەکان ولەسەر هەڵبژاردنی ئەمریکا، خاوەن دەوڵەتەکانن، ئێمە نابێت تەنیا لە ڕێگەی ئەوانەوە خوێندنەوە بۆ ئەو ڕووداوانە بکەین وهەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، ئەوەی لای ئەوان باش یا خەراپە، بۆ ئێمە جیاوازترە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ