مه‌ته‌ڵی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی زاواكان

ترەمپ دۆڕا.. بۆچى ماڵی ئه‌ردۆغان تەقەی تێکەوت ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.11.10 10:57 AM
1105 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ڕێبین ئه‌حمه‌د ڕه‌شید
پێش جیابوونەوەی میلانیا لە ترەمپ لە دوای دۆڕاندنی لە هەڵبژاردن وادیارە سوممەیەی کچی ئاردۆگان لە بەرات جیادەبێتەوە. لە واشینتۆن لافاو هەڵدەستێت و ماڵەکەی ئاردۆگان لە ئانکارا ئاو دەیبات. ئاسان نییە کەسێکی نا دیپلۆماسیی کە هاوتای سەرۆک نییە بکاتە ئۆڤاڵ ڕوومی کۆشکی سپی، ئەی باشە چۆن بەرات ئاڵبایراک گەیشتە ئەو ژوورە؟ دۆڕانی ترەمپ بەتەنها دۆڕانی کەسێتیی ترەمپ نەبوو، بەڵکو پێش ترەمپ کۆشنێری زاوای ترەمپ دۆڕاوی ئەم هەڵبژاردنە بوو کە بەتەنها لە ڕێگەی واتس ئاپەکەیەوە دەیان و بگرە سەدان سەفقەی لەگەڵ بەرات ئاڵبایراک و بیلال ئاردۆگانی زاوا و کوڕی ئاردۆگاندا ئەنجامدابوو. هەر لە پەلاماردانی عەفرینەوە بیگرە بۆ تاقیکردنەوەی سیستمی ئێس ٤۰۰ ی ڕووسیی و کشانەوی لەپڕی بێ بەرنامەی ئامریکا لە باکوری سوریا.
نیۆرک تایمز ساڵی ڕابردوو سەرەداوەکانی تیجارەتە ژێربەژێرەکانی بەرات ئاڵبایراک "زاوای ئاردۆگان" و کۆشنێر "زاوای ترەمپ"ی ئاشکرا کردبوو. لەگەڵ کرانەوەی ئەم گرێیە هەموو پەیوەندییە ژێربەژێرەکانی تری ترەمپ و ئاردۆگان دەکرێنەوە.

بانگهێشتكردنی زاواكه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ ئۆڤاڵ ڕووم له‌ لایه‌ن تره‌مپه‌وه‌ ـ كۆشكی سپى

بە بۆچوونی من گەورەترین موعەممای ئەم گرێیە ڕەزا زەڕڕاب و بابەکی زەنجانین. بڕی پارەی خەمڵێنراوی سپیکراوەی ئێران لە تورکیا لە ماوەی ساڵانی حوکمی مەحمودی ئەحمەدی نەژاد لەنێوان ٨۷ بۆ ۹٥ بیلیۆن یۆرۆدایە، کە بەشێکی زۆری پارەکە دەبێت بۆ ئاردۆگان بێت.
کردنەوەی تاوەرەکانی ترەمپ لە ناوچەی "ٚشیشلی"لە ئیستانبوڵ و داوەتکردنی ساڵانەی ئیڤانکا ترەمپ بۆ ئیستانبوڵ و پێدانی ساڵانەیەکی زیاتر لە ۲٥ ملیۆن دۆلار بە موبارەکەی زاوایەکی "ئایدن دۆغان" میلیاردێری پرۆ ئاردۆگان لە تورکیا بووە.

بە گوێرەی قسەکانی جۆن بۆڵتن کە لەکتێبەکەیدا نووسیونی ئاردۆگان لە ڕێگای زاواکەی و ئەمینە ئاردۆگانی ژنییەوە چەندین جار داوایان لە ترەمپ و میلانیای ژنی ترەمپ کردووە فشار لەسەر داواکاری گشتیی نیۆرک دروستبکەن بۆ ئازادکردنی ڕەزا زەڕڕاب کە ئاردۆگان بە پیاوێکی خێرۆمەن و باش وەسفی کردبوو، وادیارە لەسەردەمی کۆمارییەکان و سەرۆکایەتی بایدنێکی دژە ئاردۆگان هیچ دەرچەیەک بۆ ڕزگار بوونی زەڕاب و ئەحمەد ئاتیلای سەرۆکی هاڵک بانک نامێنێتەوە و سەرلەبەری ژێر بەڕە دێتە سەر بەڕە و خود بە خود ئاردۆگان بەرەو ئاوابوون دەبات یا لاوازبوون دەبات بەهەمان شێوەی سەددامی عێراق.

زاواكان له‌ ئه‌ردۆغان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌

 

لەوانەیە دەستلەکارکێشانەوەی بەرات ئاڵبایراکیش لەم تەوقیتەدا هەر ئەمەی لێ بخوێندرێتەوە" هیچ سەرچاوەیەکی فەرمیی پشتڕاستیان نەکردووەتەوە، بلووم بێرگ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نێو ئاکەپەوە هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە"، شیاوی باسە لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا بەرات هیچ سوپاس و پێزانینێکی بۆ ئاردۆگانی خەزووری دەرنەبڕیوە. پێشتریش دەڵاڵە ڕاستگۆکەی نێوان ترامپ و ئاردۆگان جەیمز جیفری لەگەڵ دۆڕاندنی ترەمپدا وازهێنانی خۆی لە پۆستی نوێنەری سەرۆک بۆ کاروباری سوریا هێنابوو، جیفری یەکێک بوو لەو دەڵاڵانەی خوێن کە وەک گاڕان گەلانی سوریای دەرکردە قوربانیی ویستە پاوانخوازییەکانی سەرۆک ئاردۆگان و بە ئەندازیاری کشانەوەی هێزەکانی ئه‌مریکا دادەنرێت لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ڕه‌زا زه‌ڕاب و بابه‌كی زه‌نجانى

بابەکی زەنجانیش پێشتر لە مەشهەدی ئێران دەستگیر کراو سزای لە سێدارەدانی بە تۆمەتی "ئیفساد فی الارض" بۆ دەرچوو بەڵام ئەو چوار ساڵە سزاکە جێبەجێ ناکرێ و دوا دەخرێ. دەوترێت لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا هاکان فیدان ڕاوێژکار و بەرپرسی یەکەمی میت زیاد لە پەنجا جار سەردانی عەلی خامینەئی و بەرپرسانی ئێرانیی کردووە. بابەک و ڕەزا بە ئەندازیاری شکاندنی گەمارۆی سەر ئێران دادەندرێن لە ژێر چەتری ئاردۆگاندا.
کورد دەبێت تێبگات، مەسەلەکە نە ڕۆژ ئاوایە نە پەکەکە و نە کۆبانی و نە سلێمانیی، هەموو مەسەلەکە دوو بەشە: بەشێکی دەستکەوتە شەخسییەکانی ئاردۆگان و بنەماڵەکەیەتی کە ئاردۆکان ئامادەیە هەموو سازشێکیان لە پێناودا بکات و بە قەولی خۆی "گەر پێویست بکات زووناری قەشەشی بۆ دەبەستێت" بەشێکی دیکەشی فاشیزمی تورکیایە وەک دەوڵەت کە لە ۱۹۲۳ ەوە دەستپێدەکات و لە ئاردۆگاندا دەگاتە لوتکە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ