سه‌رده‌می بوژانه‌وه‌ی شار

عومه‌ر عه‌لى.. موتەسەڕیفە تورکمانەکەی سلێمانی

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2023.01.03 02:22 PM
1559 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ساڵی 1954 حوکمەتی پاشایەتی عێراق، پیاوێکی عەسکەری توند و دڵڕەقی نارد بۆ سلێمانی وەکو موتەسەڕیف ... پارێزگاری ئەوسا.
ئەم پیاوە ناوی (عومەر عەلی بەیرەقدار) و تورکمانی لای کەرکوک بوو. کە دەینێرن بۆ سلێمانی ئەرکی سەرەکی ئەم پیاوە عەسکەرییە، سەرکوتکردنی رێخستنەکانی شیوعی و پارتییە کە ئەو کات لەم شارەدا زۆر بەهێزبوون و حکومەت چاری نەدەکردن.
یاخیبوونەکەی خولەپیزە، هەر لەسەردەستی عومەر عەلی موتەسەڕیفدا کۆتایی پێهێنرا.
بەڵام عومەر عەلی بەرلەوەی ئەرکە ئیدارییەکەی لە سلێمانی وەربگرێ، بە بەرپرسانی پاشایەتیی دەڵێ: بەو مەرجە دەچم، کە بەر لە بەکارهێنانی هێز شوێنی کار دابمەزرێنین بۆ خەڵکی ئەم شارە. چونکە بە تەنیا سەرکوت و ڕاونان بەس نییە بۆ کۆتاییهێنان بە یاخیبوون و یاساشکێنیی!
لەگەڵ دەسبەکاربوونی عومەر عەلی کە لە مێژووی سلێمانیدا ناسراوە بە قۆناغێکی توند و چاوپۆشی نەکردن لە هیچ کەس، بەشێکی زۆر لە ژنانی سلێمانی لەسەر کار دادەمەزرێن وەکو کاری بەرگدروو و هەندێ ئیشی تر. لە سەردەمی عومەر عەلیدا بۆ یەکەمجار ژنانی سلێمانی دەبنە خاوەن کار لە دەرەوەی ماڵ.

عومه‌ر عه‌لی به‌یره‌قدار 1910 ـ 1974

هەروەها پەیمانگەیەکی پیشەسازیی لە سلێمانی دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە نەیانتوانیوە خوێندنی قۆناغی ئامادەیی تەواو بکەن و چەندین کەس لەم پەیمانگەیەوە پێدەگەن و دەبنە سەرمایەدار و بازرگانی  ناودار.
عومەر عەلی لەگەڵ پیادەکردنی سیاسەتە توندەکانی بەسەر شیوعی و پارتییەکاندا، بەڵام (کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار و کارگەی جگەرە و پووختەکردنی تووتن)یش دەکاتەوە. خەڵک دەخاتە زیندانەوە بەڵام لەلایەکی ترەوە خەڵکێکی زۆریش دەخاتە سەر ئیشوکار!
عومەر عەلی لە یادەوەری نووسەر و سیاسەتوان و خەڵکە سادەکەی شاردا، یەکسانە بە پیاوێکی توندی زۆر بە دیسپلین و یاسا سەپێنەر. یەکسانە بە چاونەپۆشیکەر لە هیچ حزبێک و دڵڕەقانە نەیارانی دەوڵەتی سەرکوتکردووە. بەڵام هیچیان ناتوانن باسی ئەم لایەنەی نەکەن کە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا، سلێمانی ئارامیی بەخۆیەوە دیوەو خەڵک تاڕادەیەک زۆر ملکەچی یاسابوون.

عومه‌ر عه‌لى له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی عێراقی دوای رزگاركردنی شاری جنین له‌ ده‌ست ئیسرائیل ـ 1948

ژنان و پیاوانێکی زۆر بوون بەخاوەن کاری خۆیان و چەندین کارگە و شوێنی کار بەشێوازی مۆدێرن لە سلێمانیدا بنیاتنران. ئەمەیش دەبێتە جێی مەترسی بۆ پارتی و شیوعی کە بێجگە لە هەڵتەکاندنی رێخستنەکانیان، خەریکە خەڵکیان بەدەستەوە نامێنێ تا ببێتە ئەندامیان.
جا سەیرکەن... عومەر عەلی ئەگەر وەکو دوژمن حسابی بکەین، سێ جار دوژمنی کوردبووە جارێک وەکو تورکمانێکی دەمارگیر، جارێک وەکو موتەسەڕیفی وڵاتێکی سەردەستە و داگیرکەری کوردستان، جارێکیش وەکو پیاوێکی عەسکەری توندو بە دیسپلین کە دژی یاساشکێنی و ملهووڕییە، ئەمە فەلسەفە و ستراتیژەکەی بووە بۆ ئیدارەدان و کۆنترۆڵکردنی شارێکی بزێو و ملنەدەری وەکو سلێمانی.
کەچی ئیدارە و حوکمڕانی کوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە، هەموو هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵک، لە لق و مەڵبەند، کۆمیتە و ناوچەدا دەرفەتی ئیشان بۆ دەستەبەرکردوون!

سلێمانی له‌ كۆتایی ساڵی 2020 دا

ناوازەترین ئیبداعی دەسەڵاتی کوردی، دانانی فلتەری لق و مەڵبەند، کۆمیتە و ناوچەبووە تا بە فلتەری مقەڕدا دەرفەتی کار دابین بکەن. تەنانەت بۆ مۆدێرنترین دامەزراوەی حکومیی و بازرگانییش، خەڵک ناچارکراوە بەو فلتەرەدا بڕوات تا دابمەزرێ و ناویان نابوو " تەزکیەی حزبیی"
ئێستایش خەڵک کە داوای ئاساییترین و یاساییترین داواکارییان وەکو هاووڵاتییەک دەکەن، لە بری ئەوەی بچنەوە سەر فەلسەفەکەی عومەر عەلی تورکمان، دەچنەوە سەر رەفتاری ئەو سیاسییانەی عاشق و شەیدای چەک و توندوتیژین!
چارەسەرکردنی بێکاریی و قەیرانی دارایی، تەنیا پێویستی بە رێکاری ئەمنیی و هێنانە سەرجادەی چەکدار و سەرباز نییە وەکو سەرکردەکانی ئێستای پدک و ینک دەیکەن. بەڵکو پێویستیان بە گەڕانەوەیە بۆ فەلسەفە سەرکەوتووەکەی عومەر عەلی تورکمان!
کاوە شێخ عەبدوڵڵا


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ