دەمێکە مێژونوسان لە دەوری دوو بۆچون دەربارەی کەسە گرنگەکانی ناو مێژو دەخوڵێنەوە، کە ئایا ئەوانە دەرکەوتەیەکی دەگمەنن (استثنا) یاخود زەقترین دەرکەوتەی تەوژم و ئاڕاستەی کۆمەڵایەتی و سیاسی سەردەمی خۆیانن.
نمونەی زۆربەی ئەو کەسایەتیانەی کە جێگەی دەستیان بەسەر مێژوی گەلانی خۆیان و جیهان بە شێوەیەک لە شێوەکان دیارە، ئەوە دەسەلمێنن کە نە هیچ کەسێک دەتوانێت بەبێ بونی زەمینە و پێشمەرجەکانی تەوژمێکی تازە، ببێتە پێشڕەو، نە هیچ ئاراستەیەکی سیاسی و کۆمەڵایتی بێ پێشڕەویی کەسێک، کە کۆی مەرجەکانی ئەم ئاڕاستەیە بە باشترین شێوە بەرجەستە دەکات، توانیویەتی لە گۆڕانکاری بنەڕەتی یاخود دانانی کاریگەری لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرکەوتو بێت.
بۆیە ئەوەی لە ئەمریکاش رودەدات، تەنها ترەمپ بە تەنها نییە، بەڵکو تەوژمێکی تێکەڵە لە هەمو ئەو کەسانەی کە هەست دەکەن، پێگە و بەرژەوەندیان بە هۆی گۆرانکاریە دێموگرافیەکانی ئەمریکا و پێگەی ئەمریکا لە هاوکێشە جیهانیەکان لەژێر مەترسیدایە.
پێکهاتەیەکی سەرەکەی ئەم تەوژمەش، سپی پێستە بە رەچەڵەک ئەوروپیەکانن، کە خۆیان بە دامەزرێنەری ئەمریکا دەزانن و پێیان وایە، ئەمریکا بەهۆی کۆچ و پێگەیشتنی نەوەی دوەم و سێیەمی کۆچبەرە غەیرە ئەوروپیەکان، ئەو ئەمریکایە نەماوە کە دایک و باوانی ئەوان دروستیان کردوە.
بێگومان ئەم بوچونە رەها نییە و رێژەییە، چونکە هەم لەناو دیموکراتەکانیش کەسانێکی زۆری سپی پێست هەن کە بروایان بە پێکەوەژیان هەیە و دەنگیان دژی ترەمپ داوە، هەمیش لە بەرەی ترەمپ کەسانێکی رەش پێست و چینی و لاتینی و رۆژهەڵاتی ناوەراست هەن، کە دەنگیان بۆ ترەمپ داوە، بەڵام ئەوەی ئاشکرا و زەقە، بەرەی ترەمپ بە ئاشکرا کار بۆ سەرداری سپی پێستەکان بەسەر سیاسەت و ئابوری ئەمریکا دەکات، لە کاتێکدا دیموکراتەکان زیاتر کار بۆ پێکەوەژیانی هەمو رەنگەکانی ئەمەریکا دەکەن.
بۆیە دەکرێت بڵێین، دەگمەنی ترەمپ لەوەدایە کە زەقترین دەرکەوتەی ئەم تەوژم و ئاڕاستە کۆمەڵایەتی و سیاسیەی ئەمەریکایە و مەرجەکانی ئەم تەوژمەش بە باشترین شێوە بەرجەستە دەکات.
تێبینی: هۆکاری تری زۆری ئابوری و کۆمەڵایتی و سیاسی بۆ تەوژمی ترەمپیزم هەیە کە چاودێران باسی دەکەن، بەڵام من تەنها باسی یەک هۆکارم کردوە.
ئاراس مهسیفى