بەکارهێنانی کورد بۆ هاوسەنگی ئەوانی تر

کورد و ئەمریکا.. ستراتیژیی گێسکەکەی هەیاسی خاس

د.سەردار عەزیز 2021.01.08 01:48 PM
829 جار خوێندراوەتەوە

د.سەردار عەزیز

نوسەر و توێژەر
مامۆستای زانکۆی کۆرک ـ ئیرلەندا


لەم نوسینەدا دەمەوێت ئارگومێنتی ئەوە دابمەزرێنم کە ئەمریکا کوردی وەک هاوسەنگەرێک بەکارهێناوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم بەکارهێنانە، دوو ئاستی هەیە: ئاستێک کە هاوسەنگکردنی کورد خۆیەتی بە هێشتنەوە لە دۆخێکی دیاریکراودا، گیسکەکەی هەیاس، لە هەمانکاتدا بەکارهێنانی کورد بۆ هاوسەنگی ئەوانیتر یان ڕەفتار گۆڕینی ئەوانیتر. ئەم پەیوەندییە، کە پەیوەندی هاوسەنگکەرە، بە گشتی پەیوەندییەکی ئامرازییە. پەیوەندی ئامرازی وەها دەردەکەوێت کە بەکاربەر خاوەن ئاگاییە و بەکاربراو تەنها ئامرازە. بەکاربراو لە کات و ساتی جیاواز بۆ ئامانجی جیاواز بەکاردەبرێت. بەڵام ئەم پەیوەندییە ئامرازییە، وەک گیسکەکەی هەیاس دەبێت لە قەبارەی خۆیدا بمێنێتەوە، کە وەک گیسکەکە دۆخێکی ناسروشتی و نا ئاساییە، پێویستی بە بونی هێز و ئاگایی تر هەیە. بۆیە، دەکرێت بپرسین، گەرچی مێژوی شەست ساڵەی پەیوەندی کوردی ئەمریکا، بە تایبەتی کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو لە سەردەمی کیسنجەردا، دادەڕێژرێت، پەیوەندییەکی ئامرازییە، بەڵام پەیوەندی ئامرازی ئاسان نیە، لە میانەی بەکارهێنانیدا تەنها بە ئامرازی بمێنێتەوە، بە تایبەتی کاتێک کە ئەو ئامرازە زیاتر لە جارێک بەکارهات. بۆیە لە میانەی بەکاربردندا ئەگەری ئەوە دروست دەبێت کە پەیوەندی نێوان بەکاربەر و بەکاربراو بەرەو ئاست و جۆری پەیوەندی زیاتر بڕوات، بە تایبەتی لە بەر سروشتی تایبەتی سیاسەتی ئەمریکی کە سیاسەتێکی کراوەی دیموکراسییە و لە ناوەوە تەنگەگژەی زۆر لە خۆی دەگرێت لە میانەی بەڕێوەچونیدا.
ئەفسانە وەک میتۆد
سەرەتا دەبێت قسەیەک لە سەر میتۆدلۆجی بکەین. میتۆدۆلۆجی ئەم پرسە، کە پەیوەندی ئەمریکا و کوردە، ئەفسانەیەکە، کە لەناو کوردان خۆیاندا بڵاوە، بە ئەفسانەی گیسکەکەی هەیاسی خاس ناسراوە. عەلائەدین سوجادی لە بەرگی هەشتەمی کتێبی ڕشتەی مرواریدا ئەم حیکایەتەی نوسیوەتەوە١.
عەلائەدین سجادی، ١٩٨٢ ڕشتەی مرواری 

ئەفسانە هەتا پێش هاتنی پۆستمۆدرێنەکان لە دۆخێکی خراپدا بوو.  ئەفسانە لای زۆربەی بیرمەندان وەها دەبینرا کە  ناعەقڵانییە، بۆیە شایستەی ئاماژەپێدان نیە. لێرەدا پەیوەندییەکی هەرەمیی لە نێوان ئەفسانە و عەقڵانی یان لۆگۆسدا دێتە ئاراوە. کاتێک هەر شتێک لە ژێر ناوی ئەفسانەدا پۆلێنکرا، ئەوا مانای ئەوەیە کە شایانی ئەوەنیە  ئاماژەی پێبدرێت.  لە دیدی دێرێداوە ئێمە لە بەردەم ستراکچەرێکداین، کە بە شێوەیەک دارێژراوە ڕێگا بە بوارێک بدات و بوارێکی تر ڕێ لێبگرێت. وەک هەموو ستراکتۆرێک لە هەناویدا نەفیکردن و پەراوێزخستن و نکوڵیکردن هەیە. بەڵام وەک فرۆید پێمان دەڵێت چەپێنراو هەر سەرهەڵئەداتەوە.
لێرەدا جەدەلێکی زۆر هەیە لە سەر پەیوەندی سەرەتا و وەدەرنراو و هاتنەوەی چەپێنراو و دروستبونەوەی پەیوەندی لە نێوان لۆگۆ-سەنتەریزم و دیکۆنسترەکشندا. دەتوانن ئانیاس سپیتزەر بخوێننەوە، بە ناوی درێدا و ئەفسانە و مەحاڵێتی فەلسەفە٢.

کیسنجەر داهێنەری ئەم سیستەمەیە کە کورد تیایدا دەبێت لە دۆخێکی تایبەتدا بن، کە خۆی ناوی دەنێت دۆخی برینی کولاوە

 

ئەفسانەی کوردی، کە دەرئەنجامی ئەزمونی ژیاری کوردییە، زیاتر وەک بوارێک بۆ تەنز و گاڵتە و خۆشی بەکاردەهێنرێت نەک بۆ داڕشتنی دونیابینی. بەڵام ئەفسانەی کوردی، وەک ئەفسانەی هەر گەلێکی تر، کانگایەکی دەوڵەمەندە بۆ تێگەیشتن لە دونیا. لێرەدا چیرۆکی گیسکەکەی هەیاسی خاس بەکاردەهێنم بۆ خوێندنەوەی پەیوەندی کورد و ئەمریکا لە باشوری کوردستان بە تایبەتی، بەڵام  لە هەموو کوردستاندا بە گشتی.
داستانی هەیاس دەربارەی دەسەڵات و مەعریفەیە. لە هەمانکاتدا دەربارەی پەیوەندەی سوڵتان و دارودەستەکەیەتی. بە کورتی: هەیاسی خاس لە سوڵتان مەحموود  دەتۆرێت. وەک تۆراوێک دەبێت جێگایەکی نوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە و  هەروەها دەبێت دڵنیابێت کە نادۆزرێتەوە. سوڵتان پاش گەڕان و نە دۆزینەوە، هەوڵدەدات لە ڕێگای تاقیکردنەوەیەکەوە هەوڵی دۆزینەوەی بدات. ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ ئێمە گرنگە. چونکە کرۆکی پەیوەندییەکە لەوێدایە.
لە پێناوی دۆزینەوەی سوڵتان بە قەڵەم رەوییەکەی خۆیدا جاڕیدا  کە هەر کەس مەڕدار و شوانکارەیە، وە هەرکەس پیاو ماقووڵ و کاربەدەستە، ئەبێ لە فڵانە ڕۆژدا هەموو لە بارەگای سوڵتان حازر بن و کەس دوا نەکەوێ. بۆ ئەو ڕۆژە ئەوانەی کە سوڵتان ئەمری دابوون هەموو حازر بوون. سوڵتان هێنای هەر یەکە گیسکێکی دانێ، وتی: ئەمەوێ هەر لە ئێستاوە تا چل ڕۆژی تر هەر یەکە کە گیسکی خۆی برد لە دوای چل ڕۆژە بیهێنێتەوە، ئەم گیسکە زیاد بکا ئەدەم لە سەری، کەم بکا هەر ئەدەم لە سەری!
یەکێک لەو کەسانە، کە لەناو ئەم حەشاماتەدا بوو ئەو کوێخایە بوو کە هەیاس لە لایەوە ببوو بە سەپان. عالەم هەر یەکە گیسکی خۆی وەرگرت و ڕۆیشت، کوێخای لای هەیاسیش یەکێک بوو لەوانە. ئەم عالەمە بە جارێ هەر یەکە لە ئاستی خۆی کەوتە ترس و لەرزەوە و ڕێی بەدیی ئەم ئیشەی بۆ نەکرا، گیسک ئەگەر شتی نادەیتێ مردار ئەبێتەوە، ئەگەر ئەیدەیتێ زیاد ئەکا، ئەگەر ژەم ژەم ئەیدەیتێ هەروەکوو خۆی نامێنێتەوە! ئەمەش ئەنجامەکەی سەرفەوتانی تێدایە!
کوێخای لای هەیاس لە هەموو کەس زیاتر کەوتە پەرۆشەوە، چونکە مەڕوماڵاتێکی زۆری هەیە و لە مەڕداریدا بە پسپۆڕ ناسراوە کە چی ئەنجامدا هیچی بۆ ناکرێ و ئەبێ سەری خۆشی تیا بدۆڕێنێ. هەر بە تەواوی کەوتە پەرۆشەوە، دنیای ڕووناکی لێ بوو بە شەوی تاریک! هەیاس پرسی: کوێخا ئەوە چییە وەها خواردن و خواردنەوەت لێ هەڵگیراوە؟ وتی: ڕۆڵە ئەمە کارەساتەکەیە. هەیاس وتی: ئەگەر ڕاستم لێ ناڵێیت من ئەم ئیشەت بۆ چار ئەکەم. وتی: کوڕم من ئەمە باعیسی سەرمە، تۆ ئەگەر ئەمەم بۆ بکەی سەرم ئەستێنیتەوە، چۆ ڕاستت لێ ئەڵێم؟! هەیاس وتی: هەرچەند بڕواش ناکەم، بەڵام نمەکم کردووی، ئەمەت هەر بۆ ئەکەم و ڕزگارت ئەکەم، بێنە بێچووە گورگێکم بۆ پەیداکە و ئیتر ئیشت نەبێ! کوێخا چوو بێچووە گورگێکی پەیدا کرد و هێنای دای بە هەیاس، ئەمجا هەیاس کەوتە ئیش.
جارێ هێنای پێش هەموو شتێک ددانەکانی پێچووە گورگی هەڵکەند و ئەمجا بەستییەوە. هێنای گیسکی گرتە جۆ و قەرسیل، تێری خوارد و قونەی ئەکرد، کە ئەکەوتە ئێوارە ئەیبرد بە لای بێچووە گورگەکەوە، گورگ کە چاوی پێ ئەکەوت پەلاماری ئەدا، بەڵام بەسترابۆوە هیچی پێ نەئەکرا، گیسکیش کە چاوی بە گورگ ئەکەوت هەناوی ئەکەوتە خوارەوە، ئەوی خواردبووی بە ترس دایئەنایەوە، ئەیبردەوە تێری ئەکردەوە، بۆ بەیانیش دیسان وای لێ ئەکردەوە، گیسکی بەستەزمان ئەوەی ئەیخوارد بە ترس دایئەنایەوە!
بەم شێوەیە گیسکەکە وەک خۆی مایەوە.
چیرۆکەکە هەتا ئێرە بۆ ئامانجەکەی ئێمە گرنگە. لەم ئەفسانەیەدا کۆمەڵێک ئەکتەرمان هەیە: ئەوەی بۆ ئامانجی ئێمە گرنگن پەیوەندی نێوان هەیاس و گورگ و گیسکەکەیە. ئارگومێنتی ئێمە ئەوەیە کە کورد گیسکەکەیە، دەبێت لە میانەی ئەندازیاری و نیزامی هەرێمی ناوچەکەدا بە هەمان دۆخ و قەبارەی خۆی بمێنێتەوە. وەک لە داستانەکەدا دەبینین کە گورگ ڕۆڵی هاوسەنگکەر دەبینێت. ئەو ئەکتەرەیە کە ئەوەی بە دەستهاتوە لێت  وەردەگرێتەوە. بەڵام بە جۆرێک سنوردارکراوە  کە نەتوانێت گیسکەکە بخوات. ئەمەش لە میانەی ئەندازیاری پەیوەندی کوردی ئەمریکیدا بە مانای ڕێگەگرتن لە  سڕینەوەی کورد. کەواتە کرۆکی ئەم پرۆسەیە هاوسەنگیکردنە.
ئەمریکا و کورد و هاوسنگییەکانی
بە پێی داستانەکە گیسکەکە نابێت قەڵەوبێت، لە هەمانکاتدا نابێت زۆر لاوازیش بێت. ئەگەر ئەم زمانە داستانییە ئاژەڵییە، وەربگێڕینە سەر زمانی سیاسی و پەیوەندی دەرەوە، ئەوا  قسە لە سەر دروستکردنی نیزامێک دەکەین کە تیادا کورد نابێت لاوازبێت و هەروەها نابێت قەڵەویش بێت، چونکە هەردوو لاوازیی و قەڵەویی کورد دەبێت مایەی ئەوەی کە نیزامەکە هاوسەنگی تێک بچێت. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوبدات گورگ پێویستە. گورک نەیارە، ئەو هیزەیە کە دەتوانێت ئەویتر بخوات، لە ناوببات، جینۆسایدی بکات. بەڵام ئەم گورگە دەبێت بە جۆڕێک مامەڵە بکات کە ئەویش نەبێتە مایەی تێکدانی سیستەمەکە. بەم پێیە لە هەناو سیستەمەکەدا نە گورگ، گورگە و نە گیسک گیسکە، بەڵکو هەردوو لە میانەی پەیوەندییەکی دەسەڵاتیدا دەبنە بەشێک لە سیستەمێکی هاوسەنگی، بەڵام پڕ لە هەڵبەز و دابەز. ئەوەی ئەمە بە ڕێوەدەبات و چاودێری دەکات و بڕیاری لە سەر دەدات هەیاسە، کە دەتوانین بە کەسی کیسنجەر بیچوێنین. کیسنجەر داهێنەری ئەم سیستەمەیە کە کورد تیایدا دەبێت لە دۆخێکی تایبەتدا بن، کە خۆی ناوی دەنێت دۆخی برینی کولاوە، یان برینی کراوە.

 دەمانەوێت کورد ئەوەندە تونایان هەبێت کە برینێکی کراوەبن لە عێراقدا

 

کیسنجەر لە گفتوگۆیەکی لە گەڵ باڵوێزی ئەمریکی لە ئێران ریتچارد هێڵمس و ستافێکی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکی لە ڕێککەوتی ٢٣ی تەموزی ساڵی ١٩٧٣ وەها باس لە ڕۆڵی کورد دەکات
دەمەوێت لە ئەوە دڵنیابم کە [ بە هۆی پرسی کوردەوە] سۆڤیەت وەها بیر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە کە جێگایەکی گرانە [ تێچونی زۆرە] بۆ یاریکردن. ئەوەی دەمەوێت کە مەکتەب سیاسی لە مۆسکۆ بگەنە ئەو باوەڕەی کە سەرکێشی زیاتر نەکەن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەوێت ئەوەیان لە ئاگاییدا بچەسپێت کە عێراق بوەتە چاڵێکی بێ بن. دەمەوێت وەهایان لێبێت هەرکەسێکی پرسی پێکردن بۆ دەستوەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست بەڕویەوە بنێن.  دەمەوێت شا هاوکارم بێت لەم  ستراتیژیەدا. ئێمە نامانەوێت سۆڤیەت بخەینە سوچەوە. هەروەها دەمەوێت عەرەبیش وەها بیربکاتەوە کە بە ئاسانی  بۆیان ناچێتە  سەر ئەگەر پەیوەندی بە سۆڤیەتەوە بکەن. دەمانەوێت کورد ئەوەندە تونایان هەبێت کە برینێکی کراوەبن لە عێراقدا. ٣
لێرەدا دەبینین کە زامی کراوە، ئەو زامەیە یان ئەو برینەیە کە ناهێڵرێت چاک بێتەوە یان سارێژبێت. بونی کورد لەم دۆخەدا پرسی کورد دەکاتە ئامرازێکی گەورەتر لە پرسی خۆی. کورد دەبێتە بەشێک لە ستراتیژەکانی شەڕی سارد بۆ فشار و هاوسەنگی و ترساندن و دوورخستنەوەی هێزە نەیارەکانی ئەمریکا. هاوسەنگی دوو ئاستی هەیە: ئاستی کوردی و ئاستی ئەویتر. لە ئاستی کوردیدا کاتێک ئەمریکا کێشەی هەیە لە گەڵ وڵاتانی دەروبەری کورد، ئەوا ڕێگەدەدات کە کورد قەڵەو یان بەهێز بێت، بەڵام لە هەمانکاتدا نایەوێت ئەم بەهێزبونە ببێتە هۆکاری ڕوخانی ئەویتر، بۆیە ئەگەر بەهێزبون ببێتە هۆکاری لاوازبون یان ڕەفتار گۆڕینی ئەویتر، ئەوا دەبێت کورد بگەڕێتەوە قەبارەی خۆی. ئەم یاری هاوسەنگییە پڕ لە هەڵبەز و دابەزە، پڕ لە قەڵەو بون و لاوازبونە. ژیانە لە سایەی گورگدا. ئەگەر چی ناهێڵن گورگەکە بتخوات بەڵام ڕێگەدەدەن بتتۆقێنێت.
ئەم سیاسەتی هاوسەنگییە هەموو هێزەکانی تری ناوچەکە دەگرێتەوە، تەنانەت ئیسرائیلیش. بەڵام هاوسەنگی بۆ کورد  کاریگەری  زیاترە چونکە، هەموو هێزەکانی تر لە کاتی هەڵبەز و دابەزینیاندا مەترسی سڕینەوەیان نیە. بەڵام بۆ کورد مەترسی تێکشکان و سڕینەوە مەترسییەکی جیدییە.
هاوسەنگی یانی چی؟ ئەم هاوسەنگییە جیاوازە لە پرینسیپی هاوسەنگی هێز کە لە سیاسەتی دەرەوەدا چ وەک چەمکێک و چ وەک پرینسیپێک زۆر باوە. ئەم هاوسەنگییەی ئەمریکا بۆ کورد، بە مانای ئەوەیە کە کورد دەتوانن فشار لە سەر نیزامی ناوچەکە بکەن، کاتێک نیزامی ناوچەکە بە لایەک یان ئاراستەیەکدا دەڕوات کە لە بەرژەوەندی ئەمریکا نەبێت. لە هەمانکاتدا ئەو دەستکەوتەی کە کورد لە ئەنجامی ئەمەدا بە دەستی دەهێنێت دەبێت نەگاتە ئەو ئاستەی کە ببێتە هۆی لاسەنگی یان تێکدانی نیزامەکە. ئەمە لە ئەنجامدا پرۆسەی پشتیوانی و پشتلێکردن دروست دەکات. کورد کاتێک پشتی لێدەکرێت بە خیانەتی ناو دەبات.
ئەم خیتابی خیانەتە جۆرێک لە سەرلێشێوانی بۆ کورد دروستکردوە. خیانەت دەربڕی دۆخێکە کاتێک کە دوو لایەن گرێبەستێک و پەیمانێک لە نێوانیاندایە، لایەک پشت لە بنەماکانی ئەو گرێبەستە یان پەیمانە دەکات دژ بە لایەنەکەی تر. هەتا ئێستا لە نێوان کورد و ئەمریکا گرێبەست و پەیمان بونی نیە. بەڵام خیانەت وەک خیتابێک کە دەبێت هەڵبوشێتەوە، سەرەتایەکی تری هەیە. سەرەتای ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاپۆرتی پایک.  بۆ ئەوەی لە ڕاپۆرتی پایک تێبگەین دەبێت کەمێک پاشخانەکەی هەڵدەینەوە. لە ٢٢ی مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٧٤ ڕۆژنامەنوسی ناسراو سایمۆر هێرش لە ڕۆژنامەی نیورک-تایمز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە سی ئای ئەی بەوە تاوانبار کرد کە  کاری سیخوری بە سەر کەسایەتییە دژ بە شەڕەکانەوە دەکات. لێرەدا مەبەست لە شەڕ شەڕی ڤێتنامە. ئەم ڕاپۆرتە بۆە هۆکاری ئەوەی کە چەندین لیژنە لە سەر سی ئای ئەی بگیرێت.  ئەنجومەنی پیران لیژنەیەکی پێکهێنا بە  ناوی لیژنەی چێرچ. لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٥ ئەنجومەنی نوێنەرانیش لیژنەیەکی پێکهێنا سەرەتا بە ناوی نیدژی بوو پاشان گوێزرایەوە بۆ سەرپەرشتی ئۆتۆس پایک. پایک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بوو لە ناوچەی لۆنگ ئایلاند لە نیویورک. وەک زۆر دیموکراتی تر دژ بە دەزگای سی ئای ئەی و ئیدارەی کۆمارییەکان بوو. بۆیە بەکاربردنی چەمکی خیانەت و تاوانبارکردنی کیسنجەر بە کەسێکی خوێنساردی خیانەتکار ئامانجی ناوخۆیی لە پشتەوەبوو، نەك هەڵسەنگاندنی دۆخەکە.
بۆ زانیاری زیاتر
ئەمە بە مانای ئەوەنیە کە ئەوەی کیسنجەر کردی کارێکی ڕەوا بوو. بەڵام چەمکی خیانەت وەک تاوانبارکردن  هاوکاری کورد ناکات بۆ تێگەیشتن لە ڕاستی پرسەکە.
دەرئەنجام
هاوسەنگکردنی کورد لە میانەی هاوسەنگکردنی ئەوانیتردایە. ئەم پەیوەندییە دۆخێکی ئاڵۆزی چەند ئاستیمان بۆ دروست دەکات. یەکەم، کورد کێشەی هەیە، ئەم کێشەیە بە هۆی بونی لە جێگایەکی جیوپۆلەتیکی  ستراتیژیدا، هەموو زلهێزەکان دەیانەوێت سودی لێببینن. دووەم، لە ئەنجامدا هێزی دەرەکی بوەتە بنەمایەکی سەرەکی سیاسەتی کوردی. سێیەم، ئەم هێزە دەرەکیانە چەند جۆرێکن، زلهێز و هیزی هەرێمی بە گشتی زاڵن. زلهێز لە پەیوەندی لە گەڵ هێزی هەرێمدا لە پرۆسەی پشێویدایە کە دۆستایەتی و دوژمنایەتی و یار و نەیاری تیایدا سەقامگیر نیە. سێیەم، پەیوەندی لە گەڵ کورددا بەکاردەبرێت بۆ هاوسەنگکردن و ڕەفتار گۆڕینی ئەم پەیوەندیانە لە نێوان زلهێزەکان و هێزە هەرێمیەکاندا. چوارهەم، لە ئەنجامدا پرسی کورد لە نێوان پشیتوانی و پشتلێکردندا جۆلانی دەکات.
ئەم ستراتیژییە کە دەکرێت بە ستراتیژی کیسنجەری ناوی بەرین، لە حەفتاکان بنەمای پەیوەندی کوردی ئەمریکی دادەڕێژێت. ئایا ئەمریکا دەتوانێت لە سەر ئەم پەیوەندییە ئامرازییە بەردەوام بێت. وەک ڕاپۆرتی پایک بۆما دەردەخات ئەمریکا وڵاتێکە کە جیاوازە لە وڵاتانی تری وەک سۆڤیەتی پێشوو یان چین و ڕوسیای ئەمڕۆ، وڵاتێکی کراوەی ڕوتە، هەموو قەیران و کێشەکانی بەدەرەوەیە. ئەمە بنەمای دیموکراسییە. بۆیە لە کاتێکدا ستراتیژی هاوسەنگی بنەمایەکی مێژویی بەهێزی هەیە بەڵام ئەستەمە بتوانرێت لە ئاستی ئامرازیدا بهێڵرێتەوە. چونکە وەک ڕامان لە حەفتاکان بۆمان ڕون دەکاتەوە دۆخی ئامرازی پێویستی بە ئەوەیە کە دەبێت پەیوەندییەکە نهێنی بێت، سنورداربێت، تەنانەت پارتی سیاسی دەرەوەی دەسەڵات ئاگای لێنەبێت. ئەمەش لە ئەمڕۆی ئەمریکادا ئەستەمە.
ئایا پرسی کورد لای ئەمریکا لە ئاستی ئامرازییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ئاستی ئەخلاقی و ئامانجی؟
عەلائەدین سجادی، ١٩٨٢ ڕشتەی مرواری  ١
٢ Spitzer, Anais. 2010 Derrida, myth, and the impossibility of philosophy / Anais Spitzer.
٣ Kissinger, FRUS, Memo 24, July 23, 1973,FOREIGN RELATIONS OF THE UNITED STATES, 1969–1976, VOLUME XXVII, IRAN; IRAQ, 1973–1976
https://history.state.gov/historicaldo.../frus1969-76v27/d24
٤ Gerald K. Haines 1976, the Pike Committee Investigations and the CIA: Looking for a Rogue Elephant, Village Voice, https://www.cia.gov/.../studies/winter98_99/art07.html
--


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ