بەربەستە سیاسییەکانی پێش هەڵبژاردن

هەڵبژاردنی پێشوەختە.. لە نێوان چەکوشی دواخستن و سندانی بایکۆتکردندا

لاوان عوسمان عه‌لی 2021.01.25 04:43 PM
279 جار خوێندراوەتەوە

لاوان عوسمان عه‌لی

نوسه‌ر
خوێندکاری بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ـ زانکۆی سلێمانی

هەموو لە بییرمانە کاتێک سەرۆک وەزیران موستەفا کازمیی لە کۆتاییەکانی مانگی ٧ی ساڵی٢٠٢٠ دا، هاتە سەر شاشە و ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ی وەکوو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیارییکرد، ئەمە سەرباری ئەوەی کەوا ئەو بڕیارە لەدەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی ئەودایە وەکوو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەپشت بەستن بەم راستییە دەستووریی و یاساییە ئیدی ئەو دیارییکردنە بەرگی (بەڵێنێکی سیاسیی) هاوتای بەڵێنە زۆروزەبەندەکانی تری بەبەردا بڕا وەک لەوەی بەرگی ئیلتیزامێکی یاسایی بەبەردا ببڕێت. ئەو بەڵێنە جووڵەیەکی زیرەکانە و چاوبەستێک بوو کە موستەفا کازمیی لە دژبەرەکانی کرد کە ئەوکات هەموو کۆبووبوونەوە و کۆک بون لەسەر لەسەرکار لابردنی، هەروەها ئەو بەڵێنە وەکوو بەلەمێک وابوو کە سەرۆک وەزیران و کورسییەکەی گەیاندە کەنارێکی ئارام دوور لە شەپۆلی ترسناکی لابردن و دوورخستنەوە. ئەم ڕاگەیاندنەی کازمیی بەیاننامەیەکی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بەدوادا هات کە لە ژێر ناوی ( پلانی ڕێگە - خارطه‌ طریق) ی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ٣/٨/٢٠٢٠ دا بڵاویکردەوە. ئیدیی ئەوە بوو زۆرێک لە حیزب و کەسایەتییەکان بەهەڵەداوان پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەم بەیاننامە و کات دیارییکردنە دەربڕیی، بەجۆرێک کە حاڵ بەوەگەیشت کەوا لەلایەن هەندێک رووخسار و کەسایەتیی سیاسیی دیار و کاریگەرەوە تەنانەت داوای پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەش بکرێت. هەموو ئەمانەش لەژێر ناوی
 ( جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەراندا جێبەجێکران). بەڵام کات سەلماندی کەوا هیچکەس هەڵبژاردنی پێشوەختەی ناوێت هەموو ئەو لێدوانانەش کەوا لەوبارەیەوە دران هەموو هیچ نەبوون بێجگە لە بەڵێنگەلی ناڕاست نەبێت.
بەربەستە سیاسییەکانی پێش « هەڵبژاردنی پێشوەختە»
ئەوە بۆ زۆرێکمان ئاشکرایە کەوا؛ قسەی کۆتایی لە عێراقدا هەمیشە و بەردەوام قسەی ئەو رۆحی تەوافوقییەیە کە هەر لەیەکەم رۆژی هاتنەسەر تەختی دەسەڵاتیانەوە ئەم چینە سیاسییە لە عێراقدا کاریان پێکردووە تا ئەوەی کە بەتێپەربوونی کات بووە بە عورفێکی سیاسیی گرنگتر و کاریگەرتر لە زۆرێک لە ئیعتیباراتە دەستووریی و یاساییەکان. شایەنی باسە کە گرنگتریین ئامرازی ناو ئەو ئامرازانەی کە پێویستن لەبابەتی سازاندنی زەمیینەیەکدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بریتییە لە بوونی تەوافوق، بەبێ ئەویش ئامرازەکانی دیکە هەموو پێکەوە هێندەی تاڵە موویەک پرۆسەکە نە دوادەخەن نە پێش.
هەموو پێدراوەکان پێمان دەڵێن کەوا ویستێک هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ کاتی ئاسایی خۆی کە ( بەهاری٢٠٢٢) دەکات، لەجیاتی ئەنجامدانی لە حوزەیران يان یان ئۆكتۆبه‌ری ئەمساڵدا، ئەمە چونکە وادیارە کە هەموو حیزب و لایەنەکان بەبەش و قورسایی خۆیان رازیین و هەڵبژاردنێکیان ناوێت کە زیان لە بەرژەوەندییەکانیان بدات. لەلایەکی تریشەوە بە هیچ جۆرێک ئەندامانی پەرلەمان ئامادە نین کە دەست لە پۆست و ئیمتیازات و مووچەی زەبەلاحی خۆیان هەڵگرن ئەمە چونکە کەسیان دڵنیا نین لەوەی کە بتوانن دووبارە بگەنەوە ئەو شوێنە. ئەمە سەرەرای ئەوەی کە ئاشکرایە؛ بێجگە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە ٦٠ رۆژ بەر لە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە هیچ ڕێگەیەکی تری دەستووریی نییە بمانگەیەنێتە هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڵام تا ئێستا لە هیچ لایەنێکەوە هەنگاوگەلی وەها روون و ئاشکرا و گرنگمان نەدیوە کە وامان لێبکات هەست بە جدییەتی بابەتەکە بکەین لای لایەنە سیاسییەکان.

دیاریكردنى واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن چاوبه‌ستێكی كازمی بوو له‌ ڕكابه‌ره‌كانى

بەربەستی دووەم کە هەر لە سەرەتاوە و تا ئێستاش لەپێش هەڵبژاردنی پێشوەختەدا وەستاوە بریتییە لە جەدەلیەتی” یاسای هەڵبژاردن” ئەو یاسایەی کە لە ناوەندە سیاسیی و میللییەکاندا هەرای زۆری نایەوە، شەقامی ڕاپەڕییو داوای داڕشتنی یاسایەکیان دەکرد کەوا مافی حیزبە بچووک و مامناوەندییەکانی تێدا پارێزراو بێت و کەسانی سەربەخۆش هانبدات بۆ ئەوەی بچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە، بەڵام حیزبە گەورە و بەهێز و دەسەڵاتدارەکان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیاندا یاسای لەو جۆرەیان تەواو ڕەتدەکردەوە، ئەوەبوو لە ئەنجامی ئەم کێشمەکێشمەدا یاسایەک هاتە بەرهەم کە وادیارە لەئاست هیوا چاوەروانییەکانی شەقامی ڕاپەڕییودا نییە، چونکە ئەوان وەکوو یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی داوای یاسایەکیان دەکرد کە لەسەر بنەمای بازنەی بچووک و فرە وەستابێت لێ ئەو یاسایەی کە داڕێژرا لەسەر بنەمای بازنەگەلی ( مامناوەندیی)ە، ئەمە بێئەوەی کە یاساکە هیچ تەفسیر و سنورکێشانێکی بۆ وشەی ( مامناوەندیی) تێدابێت، ئا ئەم خاڵە لەناو یاسای هەڵبژاردنەکاندا لەلایەن چاودێرانەوە بە « بۆمبی تەوقیتکراو- اللغم الموقوت» ناودەبرێت.
کێشەیەکی دیکە کە دەستدەدات بۆ ئەوەی بە بەربەست ناوی بهێنین لە پێش هەڵبژاردنی پێشوەختدا بریتییە لە ئەو بۆشاییەی کە لەناو ( دادگای ئیتیحادیی) دا، هەیە و دادگاکەی لە جووڵە خستووە، ئەمە لە کاتێکدا کە دادگای ئیتیحادیی ئەو دامەزراوەیەیە کە دەسەڵاتی داننان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی لە دەستدایە. ئەو بۆشاییەی کە باسمانکرد هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خانەنشینبوونی یەکێک و مردنی یەکێکی تر لە ٩ دادوەرەکەی دادگا، لێ سەری کێشەکە بریتییە لە ناکۆکیی نێوان سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی و سەرۆکی دادگای ئیتیحادیی کە ئەم ناکۆکییە تا ئێستا رێگرە لە پێش پڕکردنەوەی شوێنی دوو دادوەرەکەی پێشوو لە رێگەی خستنەسەرکاری دووانی نوێوە. هەموو ئەمە لەکاتێکدایە کە دادگا بۆخۆی لەلایەکی ترەوە بەهۆی دەنگنەدان و تێنەپەڕاندنی یاسای نوێی دادگای ئیتیحادیی لەلایەن پەرلەمانەوە دەناڵێنێت!

یاساى هه‌ڵبژاردن لەسەر بنەمای فره‌ بازنه‌یی دارێژراوه‌ ئه‌مه‌ش بە « بۆمبی تەوقیتکراو- اللغم الموقوت» ناودەبرێت


کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن-ەکانیش وەک دامەزراوەی بەرپرس لە کاروبارە تەکنیکییەکانی هەڵبژاردن پێویستیی بە پشتیوانیی پێویست هەیە بۆ ئەوەی بە باشتریین شێوە ئەرکەکانی خۆی ڕابپەڕێنێت، بەڵام بۆ خراپیی بەخت و بەداخەوە ئەویش بە دۆخێکی قەیراناوییدا تێدەپەڕێت بەوەدا کە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان « لەبەریەک هەڵیوەشاندووەتەوە» دوای ئەوەی کە بووە هۆی لەکارلادانی زیاد لە ٢٥ بەڕێوبەری گشتیی لە ناو کۆمیسیۆندا. ئەمە بێجگە لەوەی کە کۆمیسیۆن لەلایەکی دیکەوە بە هۆی تەرخاننەکردنی بوودجەی تایبەت بۆی لەلایەن پەرلەمانەوە دەناڵێنێت. کۆمیسیۆن وا ٢ ساڵیشە بەهۆی -خلل الوڤیفیی - ەوە دەناڵێنێت و ئەو خەلەلەش وایلێکردووە کە نەتوانێت ئەرکەکانی خۆی راپەرێنێت و تەنانەت لەتازەکردنەوەی کارتی بایۆمیترییشدا کە هەموو لایەنەکان جەخت لەسەر گرنگیی تازەکردنەوەی دەکەنەوە، تووشی سستیی کردووە.

بەشدارییکردن و بەشداریینەکردن و مەترسییەکانی هەردووکیان
دووبارەبوونەوەی موسەلسەلی ساختەکاریی لەهەموو پرۆسەکانی هەڵبژاردنی ژێر سایەی ئەم رژێمەی دوای ٢٠٠٣ دا وای لە هاوڵاتییان کردووە کە متمانەیان بە هەڵبژاردن نەمێنێت وەک ئامرازێک بۆ گۆرانکاریی و ببێتە جێی گاڵتەجاڕیی توێژگەلی دیار لە ناو کۆمەڵگەی عێراقییدا ئەمە لەکاتێکدا کە بۆخۆی لە بنەرەتدا هەڵبژاردن مافێکە لە مافە گرنگەکانی هاوڵاتییان، ئەمە چونکە ساختەکاریی جیا لەوەی کە بریتییە لە بەناحەق قۆرخکردنی دەنگی هاوڵاتییان لە هەمانکاتیشدا هۆکاری سەرەکیی پشت ئەو هەموو شکستە قەتماغە بەستووەیە کە ساڵ دوای ساڵ و خول دوای خول کەڵەکە بوون، شکستی باسکراو بۆ خۆی یەکێکیش بوو لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە پاڵی بەخەڵکەوە نا بۆ هاتنە سەرشەقام و بەرزکردنەوەی داواکاریی گۆڕیینی ڕیشەیی ڕژێم. ڕاپەڕیینی تشرین کاری لەسەر هەڵگرتنی ڕەوایەتیی - الشرعیه‌ لەسەر ئەم رژێمە کرد و لەو پێناوەشدا بۆ ماوەی ساڵێک و بەبێ وەستان چەندیین قوربانیی گەورەی دا، جا بەرمەبنای ئەوە ئەوان ترسیان هەیە دەربارەی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەترسن بەبەشدارییکردنیان دووبارە رەوایەتیی بدەنەوە بەم رژێمە، بۆیە زۆر گوێمان لێدەبێت کە زۆرێکیان دەڵێن: ئێمە لەچوارچێوەی رەوت و گرووپ و حیزبی سیاسییدا خۆمان رێکدەخەین بەمەبەستی سەرپێخستنی پرۆسەی گۆرانکاریی لەناوەوەی وڵاتدا، بەڵام گەرەنتیی بەشدارییکردن لە هەڵبژاردندا نادەین ئەمە نەک لەبەرئەوەی کە لە بردنەوەی گەورە و شایستەی حیزبە سیاسییەکانی تر کە بە « حرس القدیم»یان ناو دەبەن بترسن و سڵ لەو دەنگۆیانە بکەنەوە کەوا زوو زوو بڵاوی دەکەنەوە تێیدا جەخت لەسەر ئیکتیساحی دەنگەکان دەکەنەوە، بەڵکوو ترسیان لە گەیشتن بە هەمان چارەنووسی هەڵبژاردنەکانی ترهەیە. من لێرەدا مەبەستم لە بەکارهێنانی دەستەواژەی «چارەنووس» بریتییە لە ساختەکاریی و ئەو شکست و نوشستییانەی کە بەدوایدا دێن. ئەمە مانای ئەوە نییە کە ترسی شەقامی ڕاپەڕییو لەم ئاستەدا بوەستێت، بەڵکوو ئەوان ئێستا لە سۆنگەی هۆشیارییانەوە خەریکی لێکدانەوە و تەفسیرکردنی هەندێک گریمانەی ترن کە دیارتریینی ئەو گریمانانە بریتییە لە: گریمانەی چۆڵبوونی مەیدانی ململانێ و ئیکتیساحکردنی دەنگەکان لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە ئەگەر بێت و ئەمان لەسەر بژاردەی بایکۆتکردن ڕێکبکەون. بوونی ئەم گریمانە و لێکدانەوەیەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە ڕاپەڕییوان و ناڕەزایان چاک دەزانن کەوا نە نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەکەشیان لە عێراقدا ناکرێت پشتیان پێببەسترێت ئەگەر هات و ساختەکاریی یان رێژەیەکی بەرزی بایکۆتکردن تۆمار کرا، چونکە لە پێشوودا کاڵوکرچیی بێتوانایی خۆیان لەو بابەتەدا سەلماندووە! بۆ ئەمەش ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ دەشێت باشتریین نموونە بێت.

خۆپیشانده‌رانی عێراق چاوه‌روانی هه‌ڵبژاردنێكن ئه‌م كاسته‌ سیاسییه‌ی ئێستا له‌ حوكمرانیی دووربخاته‌وه‌

هەر لە سەرەتاوە خۆپیشاندەران جەختیان لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکردەوە لێ ئەوان هەڵبژاردنی لەو شێوەیان بەپێی چەند مەرجێک قەبوڵ بوو، لە دیارتریین ئەو مەرجانەش دەشێت مەرجی بوونی « سەرپەرشتیی نێودەوڵەتیی بوو لە باتی چاودێریی نێودەوڵەتیی» “هەرکەس لە ئەلف و بێی هەڵبژاردن تێگەشتبێت لە جیاوازیی ئەو دوو چەمکە دەگات” جا ئەم مەرج و داواکارییە هەندێک بەوپەڕی رەزامەندییەوە قەبووڵیان کرد و هەندێکیش بەتەواوی رەتیانکردەوە، بیانووی گرووپی پشتیوانکار لەو داواکارییە ئەوەیە کەوا ئەم ڕێکارە دەشێت بە رێژەیەکی زۆر بەر بە ساختەکاریی بگرێت، لێ هەرچی بەرەی پێچەوانەشە بیانوویان بۆ رەتکردنەوەی وەها داواکاریی و مەرجێک بریتییە لەوەی گوایە؛ مەرجی لەو جۆرە بەمانای پێشێلکردنی سەروەریی عێراق دێت و پێیشیان دەستێوەردانێکی دەرەکیی روون و ئاشکراشە.
لایەنێکی دیکەی باسەکە کە لە گرنگییدا هیچی لەوانی دیکە کەمتر نییە بریتییە لە « لایەنی ئەمنیی» زۆرێک هەن کە هەڵبژاردن لە سایەی بوونی « چەکی ناڕێکخراو - السلاح المنفلت»دا تا رادەی گاڵتەپێکردن ڕەتدەکەنەوە و هەمیشە دەڵێن: هەڵبژاردن و چەکی ناڕێکخراو کۆنابنەوە. زۆرجاریش کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم جۆرە لە چەک بەراورد دەکەن بە کاریگەرییەکانی ئەو  « پارە بە ناڕەوا پەیداکراوە- مال السُحت»ەی کە پێش هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن دەخرێتە خزمەتی دەوامەی کڕیینی دەنگی دەنگدەران، ئەمەش بەسادەیی چونکە ئەوان باش دەرکیان بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم جۆرە لە چەک کردووە باش دەزانن کە لە توانایدایە هەموو هاوسەنگیی و هاوکێشەکان هەڵبگێڕێتەوە.
هاوڵاتییانی عێراق ئەبێت چاوەرێی چ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بن لە کاتێکدا کە ئەوان ئێستا بەکارەساتێکی دڵتەزێنی وەک رووداوە خۆکوژییەکانی چەند رۆژی لەمەوبەردا تێدەپەڕن؟ ئەویش کاتێک لە دوو رووداوی خۆکۆژییدا چەند ناوچەیەکی شەعبیی بەغدای پایتەخت کرانە ئامانج و تێیدا زیاد لە سەدان بریندار دەیانی تر تێیدا شەهید بوون کە هەموو ئەو قوربانییانە لە چینی هەژار و کەمدەرامەتان بوون. ئەمەش ڕاماندەکێشێت بۆ پرسیارێکی واقیعیی و مەنتیقیی کە ئەویش بەمجۆرەیە: دەبێت هەڵبژاردن لە سایەی ئەم ناسەقامگیرییەدا کە هەموو وڵات پێیەوە دەناڵێنێت چی بەرهەم بهێنێت؟


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ