بۆچی کەوتينە ئەم دۆخەوە ؟

ده‌ستی ده‌ره‌كی.. ڕقوكینه‌ی به‌رامبه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم و پارتی و یه‌كێتى چاندووه

ره‌نج نه‌وزاد 2021.02.10 11:03 PM
1023 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

وەک دیارە قەوارەی هەرێمی کوردستان کە لە دۆخێکی قورس وئاڵۆزدایە، گەمارۆ دراوە لە هەموو لایەکەوە، بەڵام تا ئێستا، لاوازە وتوانای بەرچەکردارێکی کاریگەری نییە، خەریکە دەیخنکێنن بەڵام جوڵەیەکی لێوە نایەت ودەستەوەستانە. هۆکار زۆرە بۆ ئەم دۆخە، بەڵام لێردەدا بە چەن خاڵێکی کورت ئاماژە بە هەندێک لە هۆکارە ناوخۆییەکان دەکەین:
١-بێ ئاگاییەکی قووڵ لە جیهان، لە سیاسەتی نێودەوڵەتی وئیقلیمی، لە ئابووری وزانست، لە سیستەمی جیهانی، لەوەی دەوڵەتان چۆن بیر دەکەنەوە وچۆن ڕەفتار دەکەن وبۆچی وا دەکەن... لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سیاسی، رۆشنبیر، وڕای گشتی ومیدیا ودەزگا مەعریفیەکان...  ئەو بێ ئاگاییە بە زەقی دیارە. کورتکردنەوەی سیاسەت ودەسەڵات بۆ ململانێیەکی بچوک وناشرینی پارتی ویەکێتی وگۆڕان، لەم ١٠ ساڵەی کۆتایی، کە بە سیاسی ومیدیا ورۆشنبیر وخەڵکەوە مەشغولی ئەوە بوونە. بێ ئاگا لەوەی تورکیا وئێران چی دەکەن، هاوکێشە ئیقلیمیەکان چۆن لەگەڵ هاوکێشە نێودەوڵەتیەکاندا لە پەیوەندیدان. 
لە هەرێمی کوردستان، ماوەیەکی زۆرە، وا دەزانین سیاسەت واتە پارتی ویەکێتی، سیاسەتمان دابڕی لە پرۆسە ناوچەیی وجیهانیەکە. لە کاتێکدا ئێمە خەریکی جنێودان بە یەکتر، ودرۆکردن وتۆمەت درووست کردن بۆ یەکتر بووین، لە میدیا وفەیس بوک، حیزبەکانیش خەریکی مل شکاندنی یەکتر.. لەو کاتەدا تورکیا وئێران بیریان لەوە دەکردوە چۆن لەسەر ئێمە کار بکەن ولاوازمان بکەن وزەلیلمان بکەن وەک ئێستا. رۆشنبیرمان هەیە، ماوەی ١٠ ساڵە نووسینە سیاسی وفکرییەکانی لەسەر بارزانی بووە، بێ ئەوەی خوێندنەوەیەک بۆ سیاسەتی ناوچەیی ونێودەوڵەتی بکات، بێ ئەوەی خوێنەر ئاشنا بکات بەوەی لە جیهاندا چی ڕوودەدات، کە هەرێمی کوردستان بەشێکە، بەشێکی بچوکیشە لەو سیستەمە ئیقلیمی وجیهانیەیی کە هەیە. ئەم دابڕانە لەگەڵ جیهان، هەموو نوخبە کوردییەکانی باشوری گرتوەتەوە.

ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن و نوخبه‌ و نوسه‌ر خه‌ریكی ملشكاندنی یه‌كترن

٢-گەشەکردن وباوەڕهێنان بەوەی کە هەرێمی کوردستان دووژمنی نییە لە پارتی زیاتر، یا لە یەکێتی یا لە گۆڕان وئۆپۆزسیون زیاتر... پارتیەکان وا دەزانن حیزبەکانی تر دووژمنی کوردستانن، یەکێتی و گۆرانیش هەمان تێڕوانینیان هەیە. تا کار گەیشتە ئەوەی، کاتێک ئێران کورد دەکوژێت، گلەییەکان وتووڕەییەکان ئاڕاستە یەکێتی دەکرێت، کاتێک تورکیا کورد دەکووژێت گلەیی وتوڕەییەکان ئاڕاستە پارتی دەکرێت. کار گەیشتە ئەوەی هەندێ لە کورد تورکیا بە نەیار دەزانن، لەبەر ئەوەی نزیکە لە پارتی، نەک لەبەر ئەوەی کورد قەدەغە دەکات، هەندێکی تر ئێران بە نەیار دەزانن چونکە لە یەکێتیەوە نزیکە. هەندێک عیراقچێتی دەکەن لە دژی دەسەڵاتی سیاسی کوردی  ودەیانەوێت کوردستان بکەنەوە ژێر عیراق. 
ئەم تێگەیشتنە مەترسیدارە، دۆخێکی درووست کردوە، نازانرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە لە باشور کەلە ڕەقی ونەزانی سیمایەکی دیاری تاکە، لە سیاسی ورۆشنبیر وهونەرمەندەوە تا دەگاتە گەنجێکی ئاسایی، مێشکی هەموو گفتوگۆیەکی لۆژیکی وزانستی ڕەت دەکاتەوە، لە دەرەوەی جنێو ودرۆ وتۆمەت درووستکردن، ناتوانێت گوێ بگرێت وقسە بکات وبنووسێت.
٣- بەشێک لە میدیاکان، ئۆپۆزسیۆن، بەشێکی زۆری رۆشنبیر ومیدیاکارەکان، بە تەواوی ئەوەیان لە مێشکی بەشێکی دیاری خەڵکی دەرهێنا کە کورد وەک نەتەوە، کوردستان وەک نیشتیمان، دووژمنی زۆرە، دەستی دەرەکی بەردەوام هەوڵی تێکدانی ئەم قەوارەیە دەدات، دووژمنی کورد لە تورکیاو ئێران وعیراق وسوریاوە، گۆڕا  بۆ گروپێکی کورد کە بارزانی وتاڵەبانیەکانن، یاخود حکومەتی هەرێم.

ئەم دۆخەی ئێستا هەیە لەوانەیە بە خەونیش تورک و فارس و عەرەب پێشبینی ئەوەیان نەکردایە کە بتوانن کورد بەو شێوەیە پەرتەوازە و بێ توانا بکەن

٤-هەردوو حیزب (پارتی ویەکێتی) لەبەر بەرژەوەندییە ئابووری وسیاسیەکانیان، دیسانەوە وەک رۆشنبیرەکان ڕەفتاریان کرد، تورکیا وئێرانیان لە دووژمنەوە گۆڕی بۆ تەنها دراوسێ وهاوپەیمان. وەک دیارە، پارتی ویەکێی هەوڵی داپۆشین وشاردنەوەی داگیرکارییەکانی تورکیا وئێران دەدەن بۆ سەر خاکی کوردستان. سیاسیەکان لەو خیانەتەدا، بەرژەوەندی ئابووری وسیاسیان هەیە، بەڵام رۆشنبیرو نووسەر ومیدیاکارەکان چی؟! بۆیە سیاسی کورد چەن نابەپرس وگەندەڵە، نوخبەکانی تری کورد، زیاتر. هەردووکیشیان وەک یەک نەزان وبێ ئاگان. لە کاتی قەیرانێکی وادا، کە کار گەیشتوەتە سەر باسکردنی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان، کە سەیری زۆرێک لە میدیا ونووسین وگوتاری سیاسی پەرلەمانتاران ونوخبەکانی تر دەکەیت، هەست دەکەیت، زۆربەی هەرە زۆری بۆ میت وئیتلاعات وعێراق کار دەکەن، لە کاتێکدا، زۆربەشیان وا نین، بەڵکو لە ئەنجامی نەزانی ونوقم بوونی لە ڕقی ململانێی حیزبەکان، وا ڕەفتار دەکات کە ۆەک دووژمنی کورد دەربکەوێت.
٥- فەرامۆشکردنی لایەنی پەروەردەیی، کە ئەمە گرنگترین خاڵە. هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا، شکستە گەورەکەی لە میتۆد وشێوازی خوێندنی قوتابخانەکان وسیستەمی پەروەردەدایە. حکومەتی باشور، تا ئەندازەیەکی زۆر، سیستەمی پەروەردەکەی نەیتوانیوە مرۆڤێکی هاوچەرخ، نیشتیمانی، لایەنی کەم، توانای ئەوەی هەبێت گوێ بگرێت بێ ئەوەی جنێو بدات، درووستبکات.  نەوەکانی کورد، تادێت، نا بەرپرسیارتر دەبن وگاڵتەیان بە پرسە نیشتیمانی ونەتەوەییەکان دێت. ئەمەش حکومەتی هەرێم بەرپرسیاری هەڵدەگرێت، پارتی و یەکێتی وگۆڕان توانیان ئەندامانیان وا لێ بکەن، جنێو بارانی کەسێک بکەن کە دژی حیزبەکەیان بێت، بەڵام بێ دەنگ دەبن بەرامبەر ئەو کەسەی کە دژایەتی نیشتیمان ونەتەوەکەی دەکات، بەڵکو هەندێ کات، لە ڕقی حیزبە نەیارەکەی، پشگیری دوژمن دەکات. وەک بانگەشەی لامەرکەزی بۆ سلێمانی وهەڵوەشاندنەوەی هەرێم وبانگ کردنی کازمی وعەبادی ومالکی بۆ داگیرکردنی کوردستان بردنەوەی سلێمانی بۆ ژێر بەغدا...

به‌ره‌یه‌كی ڕۆشنبیر ١٠ ساڵە نوسینە سیاسی و فکرییەکانی لەسەر بارزانی بووە بێ ئەوەی خوێندنەوەیەک بۆ سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بکه‌ن

٦-کورتکردنەوەی سیاسەت بۆ دزینی پارەی نەوت لە لایەن هەردوو حیزبی سەرەکیەوە، بەشدار بووە لەو تێڕوانینەی کە لە ناو بەشێکی زۆری خەڵکدایە، کە حکومەت یەکسان بووە بە نەوت دز. ئەوەی کەمترین شارەزایی هەبێت لەو ئەدەبیاتەی لەسەر سیستەمە سیاسیەکان هەیە، خاڵکی سەرەکی بەهێزی سیستەمی سیاسی، بریتییە لە پشتگیری ناوخۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری ناوخۆی لەدەستداوە، تەنانەت بەشێکی زۆری لایەنگران وئەندامانی یەکێتی وگۆڕان کە پێکهاتەی سەرەکی حکومەتن، دژی حکومەتن! بەڵام کێشەکە ئەوەیە، وەک باسکرا لەسەرەوە، لەبەر ئەوەی نەزانی وبێ ئاگایی هەموو چینەکانی گرتوەتەوە، لە باشور، حکومەت وحیزب وکورد وکوردستان وئاڵای کوردستان ونیشتیمان نەوەکانی ئایندەمان... هەمووی تێکەڵ کراوە، بۆیە لە ئێستادا بەرگری کردن لە کوردستان وقەوارەی هەرێمی کوردستان، زۆربەی کات تۆمەتبارت دەکات بەوەی کە پارتی وپاراستنی! 
ئەم دۆخەی ئێستا هەیە، لەوانەیە بە خەونیش تورک وفارس وعەرەب پێشبینی ئەوەیان نەکردایە کە بتوانن کورد بەو شێوەیە پەرتەوازە وبێ توانا بکەن. بێ گومان چەندین هۆکاری تر هەیە بۆ ئەم دۆخە، خودی ئەو خاڵانەی سەرەوەش، دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری مێژوویی وکولتوری و جوگرافین..، بەڵام ئەوە بەشێک بوو لە هۆکارە ناوخۆییەکان کە لە ئێستادا رۆژانە بەری دەکەوین، کە بە کۆی گشتی هەمووی لە یەکەوە نزیکن ولەیەک دەچن، هەمووی بە یەکەوە کوردی دیل وزەلیل کردوە وتوانای جوڵەی نەماوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ