مامۆستای زانکۆی راپەرین
ماستەر لە لێكۆڵینهوهی ستراتیژیی
دکتۆرا لە پەیوەندییه نێودەوڵەتییهكان
بەڕیوەبەری سەنتەری بوار بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیژیی
سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا نیکۆل پاشینیان ڕایگەیاند "وڵاتەکەی ئەندامێتی خۆی لە ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بەکۆمەڵ بە ڕێبەرایەتی ڕوسیا هەڵدەپەسێرێت"، هۆکاری ئەمەش درککردنی ئەرمینیایە بە خیانەتی ڕوسیا لە ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بەکۆمەڵ (CSTO)، بەتایبەت لە ماوەی چەندین ساڵی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئازەربایجاندا.
باشینیان وتیشی " پەیماننامەی ئاسایشی بەکۆمەڵ ئامانجەکانی لەبارەی ئەرمینیاوە بەدەست نەهێناوە، بەتایبەتی لە ساڵانی 2021 و 2022" ، لەم نێوەندەشدا ئەوەی رایگەیاند" ناتوانین ڕێگە بدەین ئەوە بەبێ تێبینی بڕوات، ئەوەی دواتر دێت، دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین".
ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ
ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بەکۆمەڵ (بە ئینگلیزی: Collective Security Treaty Organization) ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی هەرێمییە, ئامانجە ڕاگەیەنراوەکانی بریتیین لە: برەودان بە ئاشتی نێودەوڵەتی و هەرێمی، پاراستنی سەربەخۆیی یەکپارچەیی خاک و سەروەری دەوڵەتە ئەندامەکان، پێدانی ئەولەویەت بە ئامرازە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
ڕێکخراوەکە لە ئێستادا 6 وڵات لەخۆ دەگرێت: ئەرمینیا، بیلاڕوس، کازاخستان، قرغیزستان، ڕووسیا و تاجیکستان.
دامەزراندنی ڕێکخراوەکە لە ۱۵ی ئایاری 1992 ڕاگەیەندرا، بە واژۆکردنی پەیماننامەی ئاسایشی بەکۆمەڵ لە تاشکەندی ئۆزبەکستان،. بەرزترین دەستەی ڕێکخراوەکە، ئەنجومەنی ئاسایشی بەکۆمەڵە کە سکرتێری گشتی ڕێکخراوەکە دەستنیشان دەکات، کۆی دانیشتوانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوەکە نزیکە 194 ملیۆن کەسە بە پێی سەرژمێری ساڵی (2021)، هەروەها ژمارەی هێزەکانی ئاشتی پارێز لە ڕێکخراوەکەدا 3600 کەسە بەپێی داتاکانی ساڵی 2022.
لەسەر بنەمای ئەمانەی سەرەوە، وڵاتانی ئەندام لە CSTO پابەندن بە بەرگریکردن لە هەر وڵاتێکی ئەندام لە حاڵەتی مەترسی ناوخۆیی یان دەرەکی یان هێرش، وەک ئەوەی لە کازاخستان ڕوویدا کاتێک وڵاتانی CSTO دەستێوەردانیان کرد بۆ لەناوبردنی شۆڕشی ناوخۆیی ئەم وڵاتە، ئەمەش پێویستی بەوە هەبوو کە ڕوسیا و وڵاتانی دیکەی پەیماننامەکە پەلە بکەن لە پشتیوانیکردنی ئەرمینیا لە ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئازەربایجان، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا.
بۆچی ڕێکخراوەکە پشتیوانی لە ئەرمینیا نەکرد؟
بەپێی ئەو باکگراوندە تیۆرییەی خۆم ، کە لە ڕێگەی تێبینیکردی ڕووداوەکانەوە بنیاتم ناوە، هۆکاری شکستی ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بەکۆمەڵ بە ڕێبەرایەتی ڕوسیا لە چوونی ڕاستەوخۆی بۆ ناو ناکۆکییەکە بەرەنجامی دوو هۆکارە:
یەکەم: لە ساڵی 2006، کاتێک ڕیفراندۆمێک لە ناکۆرنۆ و کاراباخ ئەنجامدرا، تیایدا سەربەخۆیی هەرێمەکە لە ئازەربایجان ڕاگەیاندرا، هەرێمەکەیان بە کۆمارێکی سەربەخۆ وێناکرد، لەم نێوەندەدا ڕوسیا و ئەرمینیا هەموو پشتیوانییان پێشکەش بە هەرێمەکە کرد بۆ تەواوکردنی بنیاتنان و دامەزراندنی دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکان.
ئەمەش بەو مانایە لێکدرایەوەکە ناوچەکە بووەتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، هیچ پەیوەندییەکی بە ئەرمینیاوە نییە، هەروەها ناوچەکە ئەندامی ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بەکۆمەڵ نییە، بۆیە نە ڕوسیا و نە ڕێکخراوی ئاسایشی بەکۆمەڵ، هیچ بەرپرسیارێتییەکیان بەرامبەر ئەو ڕێککەوتنە نییە کە پێویستی بە دەستێوەردان لە شەڕەکەدا هەبێت لەگەڵ ئازەرباینجان.
دووەم: ڕوسیا بەرژەوەندییەکانی لەم چوارچێوە دیار دەکات، بۆئەوەی بتوانێت هاوپەیمانێکی تەکتیکی لەگەڵ تورکیا بونیات بنێت، لەلایەکی تر هەر پشتیوانییەک لەلایەن ڕوسیاوە بۆ ئەرمەنییەکان لە ناوچەی ناکۆرنۆ و کاراباخ، هاورێک نییە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تورکیا، بۆیە ڕوسیا هەوڵدەدات بێلایەن بمێنێتەوە لەم دۆسیەیەدا.
کاریگەرییەکانی ئەم هەڵوێستە لەسەر ڕووسیا؟
هەڵوێستی ڕوسیا سەبارەت بە قەیرانی ناکۆرنۆ و کاراباخ ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە تەواوی ئەندامانی ڕێکخراوەکە متمانە بە ڕوسیا لە دەست بدەن، و شەپۆلێکی گەورەی کشانەوە هاوشێوەی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا هەتا کۆتایی ڕێکخراوەکە بێتە ئارا، لەو نێوەندەشدا هەندێک دەوڵەت دەتوانن سوود لەم بۆشاییە وەردەگرن بۆ ئەوەی پێی خۆیان لە ناوچەکەدا دابنێن و ڕۆڵی تێدا بگێڕن.
بۆ نمونە لە ماوەی جەنگەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە ناوچەی ناکۆرنۆ و کاراباخ فەرەنسا لە ڕووی سیاسی، دارایی، سەربازییەوە پاڵپشتی ئەرمینیای کردووە و پاڵپشتێکی بەهێزی ئەرمەنەکانە لە قوڵکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ئەرمینیا و یەکێتی ئەوروپا.
هاوشێوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا یاریکەرێکی گرنگی ناوچەی قەوقازە، لە تازەترین راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا دا هاتووە" شاندەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ئەڵمانیا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەڵمانیا ڕۆڵی لە ناوچەی قەوقازدا هەیە. بەجۆرێک ئەم ڕۆڵەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە ناوچەی قەوقاز ، کە باخچەی پشتەوەی ڕووسییەکانە، لە بەرژەوەندی ڕوسیادا نییە و لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی ڕێکخراوی هاریکاری ئاسایشی بەکۆمەڵ.
دەرئەنجامەکان؛
یەکەم: ڕوسیا ڕۆڵی خۆی بەرامبەر ئەرمەنییەکان پشتگوێ دەخات و متمانە و پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ ئەنقەرە دەپارێزێت.
دووەم: ئەم فەرامۆشکردنەی ڕوسیا بەرامبەر ئەرمینیا لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بەکاردەهێنرێت بەتایبەت فەڕەنسا و ئەڵمانیا، بەجۆرێک دەیانەوێت بۆشایی ڕوسیا لەناوچەمە پڕبکەنەوە، ئەمەش لەڕێگەی دابینکردنی هاوکاری لە هەموو ئاستەکاندا.
سێیەم: ڕازیبوونی ڕوسیا لەم دۆسیەیەدا ئەگەری هەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی وڵاتانی ناو رێکخراوەکە بە ڕوسیا.