لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە عێراق، سێ پاپا لە دوو دیداری جیاوازدا چاویان بەیەککەوت.
پاپای یەکەم: پاپای ڤاتیکان و کاسۆلیکەکانی جیهانە، سەرباری جیاوازی کڵێساکانی پرۆستانت و لۆسەری و ئەرسۆزکس و هتد.. کە بەپێی مەزهەبەکانی خۆیان، پاپای خۆیان هەیە و ڤاتیکان بە مەرجەع ناناسن بەڵام پاپا وەک نوێنەری مەسیحییەکان سەردانی عێراقی کرد و چاوی بە دوو پاپاکەی تر کەوت.
پاپای دووەم: ئایەتوڵا سیستانییە، سیستانی مەرجەعێکی باڵای شیعەی دوانزە ئیمامیە و لە نەجەفەوە سەرپەرشتی ئەو شیعانە دەکات کە بە نوێنەری خۆیانی دەزانن، هەرچەندە قوم - ئێران خۆی بە مەڵبەندی شیعەی جیهان دەزانێت و ڕابەرهکەشیان وەلی فەقیهـ ئایەتوڵا خامنهییه، بەشێکی زۆری شیعەکانی دنیا حەوزەی قوم سەرپەرشتیان دەکات، بەڵام سیستانی ناچێتە ژێرباری وەلی فەقیههوه، ولایەتی فەقیهـ خاڵی ناکۆکی و جیاوازی نێوانیانە.
پاپای سێیەم: پاپا مەسعود بارزانییە، لە لایەن هەوادارەکانیەوە بە مەرجەعی نەتەوەیی کوردی دەیناسێنن، هەرچەندە لە لایەن زۆرینەی کوردەوە ئەو پلەی مەرجەعیەتەی وەرنەگرتووە، بەڵام لەم دیدارەی نێوان پاپاکاندا لە نەجەف، دەستەڵاتدارانی هەرێمیش لە هەولێر بارزانیان وەک پاپا و مەرجەعێک وێنا کرد و لەگەڵ پاپای ڤاتیکاندا کۆیانکردنەوە.
جیاوازی نێوان پاپاکەی نەجەف و پاپاکەی هەولێر وەک مەرجەع دوو خاڵی دیار و بنەڕەتییە:
خاڵی یەکەم: پاپاکەی نەجەف سەرباری ئەوەی ماوەیەکی زۆرە ئامادەنییە هیچ سیاسیەک ببینێت و هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنە حکومییەکاندا بکات، بە مەرج پاپاکەی ڤاتیکانی بینیووە، مەرجەکەشی ئەوە بوو هیچ سیاسییەکی عێراقی و نا عێراقی لەگەڵ پاپا مەسیحییەکەدا نەبێت.
پاپاکەی هەرێمی كوردستان جگە لە سیاسیبوونی، لایەنگرێکی توندی حیزبیە و لە هەڵوێستەکانیدا بێلایەن نییە
بەڵام پاپاکەی ههولێر جگە لە سیاسیبوونی، لایەنگرێکی توندی حیزبیە و لە هەڵوێستەکانیدا بێلایەن نییە، چەند ڕۆژێک بەر لە دیداری پاپای ڤاتیکان، لەگەڵ داگیرکەرێکی نەیاری کورد نەسر حەریردا کۆبوونەوەی کرد لە دژی لایەنێکی سیاسی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان.
لە نێوان هەردوو پاپاکەی ڤاتیکان و نەجەفدا بەپێی هەڵوێستە سیاسیەکانیان توانیان بەیەکەوە پەیامێک بگەیەنن کە پشتیوانی بێت لە ئاشتی. ئەوەش مەبەستی سەرەکی دیدارەکەی نێوان ئەو دوو پاپایە بوو بەڵام کۆبوونەوەی پاپای ڤاتیکان و پاپاکەی کورد خاڵی بوو لە پەیام. هێندەی نمایش و ئیستعرازێکی سیاسی بوو بۆ نەیارە نێوخۆییەکانی هەرێم لە لایەن پاپاکەی کوردەوە، نەیتوانی وەک پاپاکەی نەجەف سەرکەوتووبێت، پەیام و ئاماژەی ئاشتی و ئاشتەوایی لە دیدارەکەیدا بگەیەنێت.