14 ساڵه‌ كێشه‌ی كه‌م ئاوی هه‌یه‌

دانیشتوانى هه‌ولێر له‌ به‌رده‌م مه‌ترسی تینوێتی دا

سه‌رتیپ وه‌یسی كه‌ریم (سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی) 2021.07.04 02:34 PM
521 جار خوێندراوەتەوە

كه‌م ئاوى بۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى جدى له‌سه‌ر به‌شێك له‌ دانیشتوانى ( رۆژهه‌ڵات، رۆژئاوا، باشوورى) هه‌ولێر، له‌ كاتێكدا به‌ درێژایى كابینه‌كانى رابردوو، له‌ نێوشیان له‌ماوه‌ى 14 ساڵى حكومه‌تى خۆجێى نه‌وزاد هادى ( كه‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك بودجه‌یه‌كى باشى په‌ره‌پێدانى پارێزگاكانى له‌به‌رداستدابو)، نه‌توانرا ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.
له‌ ماوه‌ى ده‌ ساڵدا، زیاتر له‌ 110 ملیار دۆلار له‌ به‌غداوه‌ هاته‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌و رێژه‌یه‌ش ته‌نها له‌سه‌دا 60ى بۆ موچه‌ رۆیشت، له‌ سه‌دا 40 كه‌ى دیكه‌ بۆ پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان و به‌كاربردن بوو، به‌ڵام كێ ده‌توانى ناوى 10 پڕۆژه‌ى ستراتیژى گه‌وره‌ له‌ بوارى كاره‌با و ئاو و سیسته‌مى رێگاو بان و گواستنه‌وه‌م  پێ بڵێت ؟ 
پشت به‌ستن به‌ ئاوى ژێرى زه‌وى و هه‌وڵنه‌دان بۆ ئه‌نجامدانى دانانى پڕۆژه‌ی زیاتر و گه‌وره‌ترى ستراتیژى ئاوى خواردنه‌وه‌، له‌سه‌ر هه‌ردوو زێى گه‌وره‌ و بچووك، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌؛ كه‌ هه‌موو وه‌رزێكى هاوین كێشه‌ى كه‌م ئاوى رووبه‌رى هاووڵاتیان ده‌بێته‌وه‌ !

ماوه‌ی 14 ساڵ نه‌توانرا كێشه‌ی كه‌م ئاوی هه‌ولێر چاره‌سه‌ر بكرێت

ئه‌و پڕۆژانه‌ى ئه‌مساڵ له‌ چوارچێوه‌ى بودجه‌ى په‌ره‌پێدان و بودجه‌ى شاره‌وانی ( زیاتر خۆی له‌ 135 پڕۆژه‌یه‌ ده‌بینێته‌وه‌)، هه‌موویان خۆیان له‌ پڕۆژه‌ى بچووكى خزمه‌تگوزارى ده‌بینه‌وه‌، هى ئه‌وه‌ نییه‌ بدرێته‌ راگه‌یاندن و شایه‌نى ئاماژه‌پێكردن و خۆهه‌ڵكێشانیش نییه‌، به‌ڵكو كارى به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانى پارێزگایه‌، هیچ پێویست ناكات پارێزگار و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان بچن به‌ردى بناغه‌ى بۆ دابنێن. 
پڕۆژه‌كانى ئیفراز له‌سه‌ر زێى گه‌وره‌ توانیویه‌تى كێشه‌ى كه‌م ئاوى له‌ به‌شێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى هه‌ولێر چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌توانرا سوود له‌ ئاوى زێى بچووك ( نزیكه‌ی 42 كیلۆمه‌تر له‌ شارى هه‌ولێره‌وه‌ دووره‌)  هیچ پڕۆژه‌یه‌كى  ئاوى خواردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر دروستبكرێت، به‌ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كه‌م ئاوى له‌ قه‌زا و ناحیه‌ و گه‌ڕه‌كانى باشوور و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوى هه‌ولێر.

پارێزگار: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌م ئاویی هه‌ولێر له‌ توانی ئێمه‌دا نییه‌

به‌داخه‌وه‌ هاوشێوه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، پۆسته‌ حكومییه‌كانیش پڕبوه‌ له‌ كه‌سانى پسپۆڕ له‌ بوارى یاسا و ڕاگه‌یاندن و پسپۆرى جیاواز و دوور له‌ خه‌ڵكى پسپۆر و تایبه‌مه‌ند له‌ بوارى ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌ و خزمه‌تگوزارى به‌ تایبه‌ت له‌ بوارى ئه‌ندازیاریى. 
خه‌ڵكى به‌ توانا و حوكمڕانى له‌ نێو دامه‌زراوه‌كانى حكومى رۆڵیان پێنادرێت و ئه‌وانه‌شى له‌ سه‌ره‌وه‌ن و به‌رپرسیاریه‌تیان هه‌یه‌ عه‌قڵیان به‌ زۆر شت ناشێت و خه‌ریكى ململانێن له‌گه‌ڵ باشه‌كانى خواره‌وه‌.
جگه‌ له‌وه‌ى له‌ ماوه‌ى 30 ساڵى حكومڕانیدا، تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى ئاو و كاره‌با به‌ ته‌واوى بۆ خه‌ڵك دابین بكرێت، له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكیشدا كێشه‌ى سیسته‌مى گواستنه‌وه‌ و هاتووچۆ ( خنكاندنى شه‌قامه‌كان)  یه‌كێك ده‌بێت له‌و گرفتانه‌ى رووبه‌رى سه‌نته‌رى شاره‌كان ده‌بێته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌رپرسانى حكومى هه‌ست به‌و مه‌ترسییه‌ جدیانه‌ بكه‌ن  !!


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ