ڕه‌دوكه‌وتنی ئه‌ردۆغان ئیخوانه‌كانی ڕووخاند

ئەردۆغان.. فریوده‌ری ئیخوان و دۆستی كوده‌تاچییه‌كان

ئاسۆ عه‌بدولله‌تیف 2021.07.28 11:57 PM
1510 جار خوێندراوەتەوە

ئاسۆ عه‌بدولله‌تیف

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

ئەوەی ئەردوگان و ئاکەپە لە چەند ساڵی رابردوو دەستیان بۆ برد مانۆڕێکی سیاسیی بوو کە لە ڕووی سیاسیی و پەروەردەیی و ستراتیژییەوە بە زیان شکایەوە بۆ بزاڤی ئیسلامیی و بەتایبەت رەوتی گەشەسەندووی ئەزموونی حوکمڕانی ئیخوانەکان، دواتریش ئەردوگان جگە لە لێدوانی میدیایی خۆی لێ نەبان و بێ ئاگا کرد و بەو ڕادەیە نەگەیشتە فریادیان.
 ئەردوگان کەوتە لاسایی کردنەوە و شوێنپێ هەڵگرتنی دەوڵەتێکی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵام بە ڤێرژنێکی سوننی. وەلانانی بیرو ئایدۆلۆژیای کەمالیزم و خۆ ئامادەکردن بۆ دۆخی ئەتاتورکیزمی دینی و سواربوون لەسەر شەپۆل و ھەستی سوننەگەرای دینی و سەلەفیەتی عەرەبی بەرەو خەلافەتێکی سوننی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بە تەفرەدانی ئاین و بەکارھێنانی شەعیرە و سەمبولەکانی، بە یارمەتیدانی خەتی ئیخوانی و ختوکەدانی هەستی ئاینی و پۆپۆلیزمی خەڵکیی. 
ئەوانە بەشێک بوو لەخەون و پاکێجی ئەردوغان و سوڵتانیزمەکەی کە هەموو دەوڵەتە بەناو ئیسلامیەکان پشتگیرییان دەکرد، بەڵام بە پێچەوانەوە زیانی کوشندەی لە دۆستەکانیدا و دوو دەوڵەتی دوای بەهاری عەرەبی ئیخوانیی کردە قوربانی بۆی، ئەردوگان دەیویست هەموو هالەی سوننە ئیخوانییەکان بخاتە ژێر باڵەکانی خۆی و بەکاریان بهێنێت و بگرە بەکاریشی هێنان تا لە دواجاردا بە زیان شکایەوە وەک ئەوەی بینیمان لە میسر و تونس.

ئه‌ردۆغان هیچی بۆ مورسی نه‌كرد و ئێستاش دۆستی عه‌بدولفه‌تاح سیسی یه‌

 تورکیا و ئاکەپە کە هەرگیز ناتوانن ئیخوانی بن بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی بەرھەمھێنانی ڕق و شۆڤێنیەت و مۆدێلی توندرەویی ئاینی بوون، سەیر بوو ئیخوانەکان بەو میتۆد و گوتارە تۆلێرانس و میانڕەوەی خۆیانەوە بە تۆپزیی کەوتبوونە پشتگیریی ئەم خەلیفە فاشیستەوە بە تایبەتی چەندین ساڵە کورد لەژێر جەبری ئەو ستەمکاریانەی خەلیفە و پرۆسەی سڕینەوە و ئایسیمیلاسیۆن و شەرعیەتی دیموکراسیدا گەمە بە چارەنوسیان دەکرێت و هەزارانیان توند دەکرێن لە زیندانەکانداو ئیخوانەکانیش بێدەنگن! 

پێدەچێت هاوکێشەکان دوای کۆدەتاکەی تونس بەسەر شەرعیەتی پەرلەمان و نەهزەدا گۆڕانی قوڵ بەخۆوە بگرن و چیتر تورکیا ئەو ڕۆڵە میحوەرییەی نەمێنێت لە ناوچەکە

 دیدی خورافە و زیندوکردنەوەی خەلافەتێکی سوننی لەلایەن ھەندێک تایپی دینی و دەوڵەتی کلاسیکیی ناوچەکەوە بۆ ئەردوغان قەڵغان بوو دواتریش کە کۆدەتا ڕویئەدا خەلیفە بێدەنگی لێدەکرد تا بارانەکە خۆشی دەکردەوە و پەیوەندیەکانی چاک ئەکردەوە لەگەڵ کۆدەتاچیان وەک ئەوەی کردی لەگەڵ ئیسرائیل و شازادە محمد بن سەلمان و فەتاح سیسی و ئێستاش قەیس سەعید، دەبوو ئیخوان بەو میتۆدەی خۆیان هەرزوو گەمە و موغازەلەیان ڕاگرتایە لەگەڵ ئەم پیاوەی کە تەواوی مێژووی ئیخوانی بەکارهێنا بۆ دەسەڵاتگەریی خۆی.

له‌ كۆتاییدا ئه‌ردۆغان ڕاشید غه‌نوشیش به‌ ده‌ردی مورسی ده‌بات

 

توركیا پێشتر هه‌نارده‌ی هێزه‌كانی خۆی كرد بۆ جه‌نگی (ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا) و گرتنی هه‌رێمی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخ و چه‌ندین جاریش هاتووه‌ بۆ قوڵایی خاكی سووریا و سەرێکانی و عەفرین و كه‌ناراوه‌كانی میسر و یەمەن و پاکستان و قەتەر و چه‌ند وڵاتێكیتر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست.
له‌كاتێكدا  ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخ له‌ ساڵی 1994ـه‌وه‌ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كی وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی وڵاتی ئه‌رمینیادا مایه‌وه‌ تاوەکو ساڵی 2020 و به‌ پشتگیریی توركیا و ئازه‌ربایجان دیسان خرایه‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی ئازه‌ربایجانی هاوپه‌یمانی توركیا و ئه‌مه‌ش بۆ ئێران ره‌نگه‌ جوڵه‌ و قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌كی مه‌ترسیدار بووبێت. 
دوای ئه‌وه‌ لێدوان و به‌یته‌ شیعرییه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان له‌ نمایشێكی سه‌ربازیی له‌ باكۆی پایته‌ختی ئازه‌ربایجان له‌ مانگی 12-2020 له‌ هه‌مبه‌ر بردنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌، كه‌ باسی سنووره‌كانی توركیای گه‌وره ‌و سه‌ربه‌خۆیی رووباری ئاراسی كرد له‌نێوان ئێران و ئازه‌ربایجان، دۆخه‌كه‌ی به‌ته‌واوی گه‌یانده‌ لووتكه ‌و ئێرانی باش توڕه‌كرد و به‌ ده‌ستوه‌ردانی زانی له‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی فارسه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته‌ی خسته‌ حاڵه‌تی نائاساییه‌وه‌، تا گه‌یشته‌ جه‌نگی بانگهێشتكاریی و لێپرسینه‌وه‌ی باڵیۆزانی هه‌ردوولا له‌ ئه‌نقه‌ره‌و تاران و لێدوانی تووندی دژبه‌یه‌ك بەتایبەتی ئێران ئیتر لەو گەمەیەی ئەردوگان و ئیخوان تێگەشت کە باڵەکانیان کردبوویەوە تا ئەوپەڕی دنیا. 
بۆیە بە توندی دژی لەشکرکێشی و دەخالەتی تورکیا بۆ خاکی عێراق و  وڵاتانی سوننی هاتە دەنگ، پێدەچێت هاوکێشەکان دوای کۆدەتاکەی تونس بەسەر شەرعیەتی پەرلەمان و نەهزەدا گۆڕانی قوڵ بەخۆوە بگرن و چیتر تورکیا ئەو ڕۆڵە میحوەرییەی نەمێنێت لە ناوچەکە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ