ده‌رباره‌ی ژیانى سیاسى موجاهیده‌ ته‌كه‌تولچییه‌كه‌

ئارام قادر (ئه‌بو نوعێمه‌).. له‌ جیهادییه‌وه‌ بۆ سۆسیال دیموكرات

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.09.16 03:06 PM
1212 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ڕاپۆرتی تایبه‌ت ـ ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

ئارام قادر و گروپه‌كه‌ی له‌ هاوپه‌یمانی نیشتیمانی، له‌ حزبی ئیسلامی و جیهاده‌وه‌ دژی عه‌لمانیه‌كان ده‌ستیان پێكرد كه‌چی به‌ خشكه‌یی خۆیان كرد به‌ ناو یه‌كێتی سۆسیال دیموكرات، رۆژگارێك له‌ خورماڵه‌وه‌ ئارام قادر خۆی ناونابوو (ئه‌بو نوعێمه‌) له‌ كه‌ناڵی جه‌زیره‌ی قه‌ته‌رییه‌وه‌ داوای جیهاد و خۆراگریی ده‌كرد به‌رامبه‌ر یه‌كێتی نيشتيمانى كوردستان و ئه‌مریكا، پاش بۆردومانكردنی باره‌گاكانی كۆمه‌ڵ له‌ ئه‌حمه‌د ئاوا و زه‌ڵمی نزیك خورماڵ له‌ ئازاری 2003.
ئارام قادر خه‌ڵكی گوندی گه‌چێنه‌ی ناوچه‌ی هه‌ورامانه‌، له‌ سه‌ره‌تاكانی لاوییه‌وه‌ په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ ریزه‌كانی ئیخوان موسلیمینه‌وه‌، پاش راپه‌رینی 1991 له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ی ئیسلامی به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌لا سدیق عه‌بدولعه‌زیز، بووه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی هه‌موو ڕێكخستنه‌كانی ئه‌و حزبه‌ و تاراده‌یه‌كی زۆریش كه‌سێكی ده‌سترۆیشتوو بوو له‌ ناو نه‌هزه‌ی ئیسلامی.
له‌ ناو نه‌هزه‌دا، به‌ كه‌سێكی ته‌كه‌تولچی و سه‌ر به‌ ته‌فره‌قه‌ ناسرابوو، كه‌ زۆرجار ویستویه‌تی چاڵ بۆ مه‌لا سدیق هه‌ڵبكه‌نێ و خۆی ببێته‌ كه‌سی یه‌كه‌می نه‌هزه‌. به‌جۆرێك ده‌كرێت به‌ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ناو ئیسلامیه‌كان وه‌سف بكرێت له‌ تواناكانی بۆ ته‌كه‌تول و باڵباڵێن و ركابه‌ری هاورێكانی.
ساڵی 1998 بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ( رابه‌ری گشتی مه‌لا عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز) له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ یه‌كیان گرت و (بزوتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامی) یان راگه‌یاند، ئارام قادر له‌م حزبه‌ تازه‌یه‌شدا وه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی مایه‌وه‌.

مه‌لا عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز فێرگه‌یه‌كی سه‌ربازیی بزوتنه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

سه‌ره‌تاكانی ساڵى 2000 ورده‌ ورده‌ كێشه‌ و كوتله‌بازیی له‌ ناو یه‌كبوون ده‌ركه‌وت و گروپێك به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی باپیر، ده‌یانویست جڵه‌و رابه‌رایه‌تی یه‌كبوون له‌ ده‌ست بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز ده‌ربهێنن و خۆیان هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان كۆنترۆڵ بكه‌ن.
له‌ كۆنگره‌ی یه‌كه‌می بزوتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامی له‌ ساڵی 2000 كه‌ له‌ ته‌وێڵه‌ به‌سترا، كێشه‌ و ناته‌باییه‌كانی ناو بزوتنه‌وه‌ ته‌قیه‌وه‌، رۆژی 30ی5ی 2001 كۆمه‌ڵێك له‌ سه‌ركرده‌كانی بزوتنه‌وه‌ی یه‌كبوون به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی ناتوانن له‌گه‌ڵ حیزبی بنه‌ماڵه‌یی هه‌ڵ بكه‌ن ماڵیان جیاكرده‌وه‌ و كۆمه‌ڵی ئیسلامیان راگه‌یاند و باره‌گایان برده‌ خورماڵ، عه‌لی باپیریان كرده‌ ئه‌میری خۆیان كه‌ ئه‌وه‌ بۆ 20 ساڵه‌ له‌و پۆسته‌دایه‌، له‌ كاتێكدا هیچ كام له‌ رابه‌رانی گشتی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی 10 ساڵیش له‌ پۆسته‌كانیان نه‌مانه‌وه‌، كه‌چی عه‌لی باپیر و ئارام قادر و گروپه‌كه‌یان تۆمه‌تی بنه‌ماڵه‌چێتی یان ده‌دایه‌ پاڵیان،  ئارام قادر له‌ ناو كۆمه‌ڵیش بوه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی.

به‌ دروستكردنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه‌ ئارام قادر رۆڵی گه‌وره‌ی تێدا گێرا و به‌ یه‌كێك له‌ كوتله‌چیيه‌ گه‌وره‌كانی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می یه‌كبوون داده‌نرێت، گه‌وره‌ترین هێزی ئیسلامی و سێیه‌م هێزی كوردستانیان كه‌رتوپه‌رتكرد.

عه‌لی باپیر هه‌موو پلانه‌كانی ئارام قادری له‌ ناو كۆمه‌ڵ پوچه‌ڵكرده‌وه‌

راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵ ده‌رگای بۆ لێكترازانی تر كرده‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی هێزی دووی سۆرانی بزوتنه‌وه‌ی یه‌كبوون نه‌چوونه‌ ژێرباری په‌یوه‌ندیكردن به‌ كۆمه‌ڵه‌وه‌، به‌ڵكو وه‌ك گروپێك له‌ ناو بزوتنه‌وه‌دا كاریان ده‌كرد.
ڕۆژی 1-9-2001 هێزی دووی سۆران حزبێكی جیهادیان ڕاگه‌یاند به‌ ناوی جندولئیسلام له‌ هه‌ورامان، ئه‌بوعه‌بدوڵای شافیعی بوو به‌ ئه‌میریان، كه‌ دواتر ناوه‌كه‌ی گۆرا به‌ ئه‌نسارولئیسلام و مه‌لا كرێكار (نه‌جمه‌دین فه‌ره‌ج) بووه‌ ئه‌میریان. كه‌وتنه‌ شه‌ڕێكی قورس له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و تا بۆردومانكردنی باره‌گاكانیان له‌ لایه‌ن ئه‌مریكا وه‌ له‌ ئازاری 2003.
هه‌ر له‌وكاته‌دا باره‌گاكانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ ئه‌حمه‌دئاوا و زه‌ڵم و خورماڵ به‌ر بۆردومانه‌كانی ئه‌مریكا كه‌وتن و نزیكه‌ی 50 پێشمه‌رگه‌یان شه‌هید بوون، ئارام قادر به‌ ناوی (ئه‌بو نوعێمه‌وه‌) له‌ جه‌زیره‌ بانگه‌وازی بۆ نه‌فیرعام و جیهاد كرد دژی یه‌كێتی.
پاش ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ری هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، به‌شداری هه‌ڵبژاردانه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد، ئارام قادر بووه‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ له 2009 ـ 2013 و دواتر بووه‌ په‌رله‌مانتاری خانه‌نشین.

ئارام قادر خه‌ونی بوونه‌ كه‌سی یه‌كه‌می له‌ ناو حزبێكی لاوازی وه‌ك هاوپه‌یمانی هاته‌دی

دوای ساڵی 2013 دیسانه‌وه‌ گه‌رایه‌وه‌ بۆ پیشه‌ كۆنه‌كه‌ی و له‌ ناو كۆمه‌ڵ ده‌ستیكرد به‌ ته‌كه‌تول و ته‌فره‌قه‌ دژی عه‌لی باپیر، سه‌ره‌تا داوای گۆرینی ئه‌میری كرد و خۆشی وه‌ك شوێنگره‌وه‌ پێشنیاز كرد.
پاش ئه‌وه‌ی زانی قورسه‌ ببێته‌ ئه‌میر و عه‌لی باپیر لابدات، مانۆرێكی تری ته‌كه‌تولی ده‌ستپێكرد و داوای كرد كه‌ ده‌بێت جێگرێك بۆ عه‌لی باپیر دابنرێت، دیاره‌ مه‌به‌ستی خۆی بوو، دیسانه‌وه‌ ئه‌و پلانه‌شی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.
پاش بێئومێدبوونی له‌وه‌ی ببێـه‌ كه‌سی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵ، ساڵی 2014  وازی له‌ كۆمه‌ڵ هێنا و وه‌ك كه‌سایه‌تيیه‌كی سه‌ربه‌خۆ مایه‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار لێدوانی توندیشی دژی كۆمه‌ڵ ده‌دات، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ وتی كۆمه‌ڵ داعشێكی كاندید كردووه‌ بۆ په‌رله‌مانی عێراق، كه‌ مه‌به‌ستی مه‌لا سه‌لیم شوشكه‌یی بوو.
ساڵى 2018 كه‌ به‌رهه‌م ساڵح وازی له‌ یه‌كێتی هێنا و حزبی (هاوپه‌یمانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریی) راگه‌یاند، ئارام قادر به‌ په‌له‌پروزكێ خۆی كرد به‌ژێر باڵی به‌رهه‌م ساڵح و وه‌ك جێگری ئه‌و ده‌ركه‌وت.
هاوپه‌یمانی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق (12ی مایسی 2018) شكستیهێنا و به‌رهه‌م ساڵح رایكرده‌وه‌ بۆ ناو یه‌كێتی و بووه‌ سه‌رۆك كۆمار، حزبه‌كه‌ش بۆ ئارام قادر مایه‌وه‌.

ئارام قادر به‌یعه‌تی سیاسی خۆی دایه‌ بافڵ تاڵه‌بانی ـ ئه‌مڕۆ / ده‌باشان

پاش نه‌مانی به‌رهه‌م ساڵح، پایزی 2018 هاوپه‌یمانی به‌ سپۆنسه‌ری پارتی كۆنگره‌ی دووه‌می له‌ هه‌ولێر گرت و ئارام قادر بووه‌ سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی و ناوه‌كه‌ی گۆرا به‌ هاوپه‌یمانی نیشتیمانی، له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند جارێكیش چاوی كه‌وت به‌ مسعود بارزانى.
له‌وساوه‌ هاوپه‌یمانی زیاتر به‌ره‌و پوكانه‌وه‌ ده‌چێت و هیچ كاریگه‌ریه‌كی له‌ گۆره‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان نییه‌ و ئه‌ستێره‌ی به‌ختی سیاسی ئارام قادریش ئاوا بوو.
ئارام قادر هه‌فته‌ی پێشوو له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا پارتی و یه‌كێتی به‌ زاڵم و گه‌نده‌ڵ وه‌سفكرد و داوایكرد خه‌ڵك ده‌نگیان پێنه‌دات و بایكۆت بكات.
ئه‌مڕۆ (2021.9.16) ئارام قادر و گروپه‌كه‌ی چوونه‌ ده‌باشان و به‌یعه‌تیان دایه‌ بافڵ تاڵه‌بانی و به‌ڵێنیاندا هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ن بۆ سه‌رخستنی كاندیده‌كانی یه‌كێتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی عێراق له‌ رۆژی 10ی 10.
به‌مشێوه‌یه‌ دواین مه‌تافی كاری سیاسی ئارام قادر له‌ یه‌كێتییه‌وه‌ سه‌ریده‌رهێنا و نازانرێت له‌ ناو یه‌كێتیش ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌ كوتله‌كاریی كه‌ ئه‌مه‌ قورسه‌ بتوانی ئه‌نجامی بدات، یان پاش ماوه‌یه‌كی تریش یه‌كێتی جێده‌هێڵی و دوور نییه‌ بچێته‌ ریزه‌كانی پارتییه‌وه‌.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ