توركیا له‌ چاوه‌ڕوانی چاره‌نووسی ڤه‌نزوێلادا

داڕمانی لیره‌.. جه‌نگێكی ئابوریی قورس به‌رامبه‌ر ئەردۆغان

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.12.01 05:45 PM
1225 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.ئارام كۆكۆیی

بە دریژایی 3 ساڵی رابردوو سەرۆککۆماری تورکیا وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکی ڕەفتار دەکات و چەند جارێکیش پارێزگاری ئەم بانکەی گۆڕیوە بە کەسانی نزیک و هاوبیری خۆی. لە کاتیکدا ئەم دەزگایە دەبێت سەربەخۆ و دوور لە هەر دەستێوەردانێکی سیاسی دەرەوە بێت. ئەو کەوتووەتە جەنگێک دژ بە بەرزبوونەوەی رێژەی سوود(سعرى فائده). کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە سیاسەتە لە سەر ئابووری تورکیا نەرێییە و قەیران خولقێنەریە، بە ئەندازەیەک رۆژ بە رۆژ و سات بە سات بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار کەمتر دەبێتەوە (100$ =1350 لیرە بە کاتژمیر 11 هەولێر).

ئەم هەڵوێستەی ئەردۆغان و پێداگری کردن لە سەر هێشتنەوەی رێژەی سوود لە 15% و کەمتر لە کاتێکدا یە رێژەی هەڵئاوسان لە تورکیا لە سەروو 20% و بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانە، پێچەوانەی هەموو رێسا و یاسایەکی ئابوورییە، بەڵام خوودی خۆی وای پێناسەی دەکات کە دژ بەو جەنگە ئابوورییەیە کە نەیارەکانی تورکیا بەرامبەر تورکیا بەرپایان کردووە!!!

سیاسه‌تی ئابوریی ئه‌ردۆغان به‌رده‌وام نرخی خۆراك و شتومه‌ك گرانتر ده‌كات


هەنووکە ئابووری تورکیا بووەتە تاقیگەیەک بۆ تاقیکردنەوەی پێچەوانەی ئەو یاسا ئابوورییەی کە کە هەموو بانکە ناوەندیەکان پەیڕەوی دەکەن، ئەویش بەرزکردنەوەی رێژەی سوودە لە کاتێکدا کە ئابووری ووڵات تووشی هەڵئاوسان دەبیتەوە بۆ ڕاگرتنی بازاڕ. هەندی لەوانەی چاودیری ئابووری تورکیا دەکەن پێیانوایە ئەم هەڵوێستەی ئەردۆغان لە پێناو پاراستی بەرژەوەندی کەسە نزیکەکانیەتی کە قەرزێکی وەبەرهێنانی زۆریان لە بانکەکانی تورکیا بە لیرە ڕاکێشاوە. بەڵام خەڵکی ئاسایی تورکیا باجەکەی دەدات چونکە رۆژ بە رۆژ رێژەی هەڵئاوسان زیاد دەکات بە جۆریک نرخی نان لە 1.5 لیرەوە بۆ 4 لیرە بەرزبووەتەوە، و داو و دەرمان و پێداویستی پزیشکی بە هۆی ئەوەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن یان کەمبووەتەوە یان گرانترە و لە ئاست توانای کڕینی هاوڵاتیاندا نیە. ئەگەری ئەوەش هەیە بە هەمان شێوەی ڤەنزوێلا خواردەمەنیە سەرەتاییەکانی وەک شەکر و ڕۆن... هتد کەمبێتەوە و بکرێت بە سەڕە.
بەردەوامبوون لەم سیاسەتە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی یەدەکی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی تورکیا و ئیدی ئەگەری ئەوە هەیە کە بانکی ناوەندی بکەویتە داوی سیولە liquidity trap و نەتوانێت بەهایی لیرە لە بازاڕدا ڕاگرێت. هەر ئەم ترسەشە وای لە هاوڵاتیانی تورکیا کردووە هەڵپە بکەن بۆ گۆڕینی لیرەکانیان بە دۆلار کە یارمەتی دۆخەکە نادات بەڵکو بەهای لیرە زیاتر دادەبەزێنێت، چونکە خواست لە سەر دۆلار لەوی ڕوو لە هەڵکشانە.

ئێستا توركیا نزیكه‌ی 900 ملیار دۆلار قه‌رزاره‌


کەمبوونەوەی یەدەکی دراوی بیانی و بێبەها بوونی لیرە، ئابووری تورکیا زیاتر لاواز دەکات چونکە زۆربەی قەرزە دەرەکیەکانی بە دۆلارە کە خۆی لە نزیکەی 900 ملیار دۆلار دەدات بە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتییەوە. ئەم لاواز بوونە کاریگەری راستەوخۆی لە سەر ئەو بانکە نێودەولەتیانەش کردووە کە قەرزیان داوەتە تورکیا لەوانە بانکی BBV ئیسپانی کە لە هەفتەی رابردووەوە پشکەکانی لە بازاردا دابەزیووە.
پیشەسازی لە تورکیا پشت بە مادەی خاوی دەرەکی دەبەستیت کە بە دۆلارە لە کاتێدا فرۆشی ئەم پیشەسازییانە بە لیرەیە. بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتە یان ئەو پیشەسازییانە هەڵدەشکێنێت یان تووشی قەیرانی قەرزیان دەکات.
40% کەرتی وزەی تورکی پشت بە هاوردە دەبەستیت و بەرزی نرخی نەوتیش بارگرانیەکی کەیە بۆ ئابووریەکەی.
جێگەی ئاماژە پێدانە ئەوە تەنها تورکیا نییە کە کەوتووەتە قەیرانەوە بە هۆی ئەم سیاسەتە هەڵە ئابوورییەوە بەلکو ئەو ئابووریانەش کە پەیوەستن بە لیرەی تورکیەوە بە تایبەت ئەو ناوچانەی ئەدلیب کە لە ژێر دەستەڵاتی گروپی تەحریری شامدان مامەڵە بە لیری تورکی دەکەن. 
لە ئیستادا تەنها دەرەچەی تورکیا یان برەودانە بە کەرتی گەشتیاری کە کۆڤید و زستان رێگرە لە گەشەسەندنی، یان گۆڕینی سیاسەتی رێژەی سوودەکەیەتی و گۆڕانکاریش لەم سیاسەتەدا پەیوەستە بەوەی ئەردۆغان تا چەند قوربانی دەدات بە ئابووری تورکیا لە پێناو ئامانجە سیاسیەکانی خۆی.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ