موعجیزه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌رزشیی له‌ شارێكی بچوكدا

تیمی کاراتی خورماڵ.. له‌ نێوان ناوبانگی جیهانیى و ده‌ستێوه‌ردانی حزبدا

ڕەزوان یاڵانپێی 2021.12.20 09:04 PM
1544 جار خوێندراوەتەوە

ڕەزوان یاڵانپێی

نوسه‌ر و توێژه‌ر
مامۆستای زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌
ماسته‌ر له‌ مێژووی نوێ و هاوچه‌رخ

خوێندكاری دكتۆرا ـ مێژوو

مێژو و شانازی:
تیمی کاراتی خورماڵ لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستەوە بە دیاری کراوی لە ساڵی 1993ەوە بەردی بناغەی لە لایەن چەند گەنجێکی بەهرەمەندەوە دانراوە و بەردەوام یاریزانی بەرهەم هێناوە تا ساڵی 2000 وەک قۆناغی یەکەم، لە قۆناغی دوەمدا و لە ساڵی 2001ەوە بە پلانێکی وردتر و بەرنامەیەکی ناوازەتردا بە ڕاهێنەرایەتی ڕاهێنەری بە توانا لە سەر ئاستی عێراق و کوردستان و ناوچەکە (سۆران  زاهیر) و هاوڕێکانی دەرکەوتن و تا ئێستاش بەردەوامن. 
لەم ماوە کەمەدا ئەم تیمە بێ خاوەنە، بێ یانەیە توانیویەتی بەشداری چەندین بگوڵەی ناوخۆیی و جیهانی بکەن، لە هەموو پاڵەوانیەتیەکاندا پشکی شێریان بەرکەوتوە و توانیویانە خۆیان بسەلمێنن و ببنە جێی شانازی عێراق و کوردستان و بە تایبەت شاری خورماڵ. بەشداری کردنی ئەم یاریزانانە لە پاڵەوانیەتیەکاندا بە زۆری لە ڕووی مادیەوە لە سەر خودی یاریزانان و ڕاهێنەرانی ئەم تیمە بووە. بە واتایەکی تر هیچ پارتێک و کەسایەتیەک و یانەیەک نەیانتوانیوە پشتگیری ئەم تیمە بکەن.

زیاد لە حەفتا جار بەشداری پاڵەوانیەتیە ناوخۆیی و جیهانیەکانیان کردوە بە تایبەت بەشداربون لەم وڵاتانەی خوارەوە:
(حەوت جار لە ئێران، سێ جار لە تورکیا، میصر، تونس، مالیزیا، کوێت، ئیمارات و چەند وڵاتێکی عەرەبی دیکە)، لە نێو ئەم بەشداری کردنانە توانیویانە پەنجا جار ببنە پاڵەوان ( ئاستی یەکەم و دوەم و سێیەم). بەدەر لەوەی چەندین جار لە سەر ئاستی ناوخۆ توانیویانە زۆربەی نازناوەکان بۆ خۆیان بەرنەوە.

حەوت یاریزانی تیمی کاراتی خورماڵ یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقن ئەمە گرنگترین دەستکەوتە، کە لە لایەن ئەم چەند ڕاهێنەر و یاریزانە دڵسۆزانەوە لە خورماڵ دەرکەوتون. گرنگتر لەمە چەند ڕۆژی داهاتوش شانزە یاریزانیکی دیکەی ئەم تیمە بەشداری پاڵاوتن (تصفیات) لە شاری بەغداد دەکەن بۆ ئەوەی ببنە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق.
ئەم دەستکەوتانە گەوهەرن، مەدالیان دەبێت وەک ملوانکە لە ملی هەموو کەسێکی ئەم ناوچەیەدابن، لە شارێکی بچوکی بێ خزمەتدا خاوەنی ئەم سەرمایە گرنگانە بیت، حەق وایە پەیکەریان بۆ ساز بکرێت، پەیکەرتاش وێنەیان بۆ بتاشێ و لە چەقی شاردا دایانبنێت.

ئەم تیمە تیمی یانەیەکی ئەوروپی بوایە سەرمایەدار و ملیاردێرە عەرەبەکان لە بری یانەکانی نیوکاستڵ و پاریس سان جێرمان دەیانکڕی، لە ماوەی یەک ساڵیشدا بڕی تێچونی کڕینی یانەکەیان دەستەبەر دەکردەوە، چونکە لە هەر بەشداری کردنێکیان بە نازناوی شایستەوە دەگەڕانەوە، قوتابخانەیەکی گرنگی بەرهەم هێنانی یاریزانیشە، ساڵانە دەیتوانی بە موچەیەکی خەیاڵاوی یاریزان بفرۆشیت بە یانەکانی دیکەی ئەوروپا.

ڕەمزی شار:
لیۆناردۆ دافێنشی و هێنری مۆرۆ لە ژیاندابان، بێ گومان سەری کوچە و خیابانەکانی شاریان بە پەیکەری کاراتی دەڕازاندەوە، پەیکەری وەهایان دەنەخشاند گەشتیاری دنیا بۆ بینینیان سەفەریان دەکرد، پەیکەرتاشەکان ڕەمزی شکۆ و ڕەمزی شانازیان دەبەخشیە خورماڵ، دوەم کاری دافینشی دوای پەیکەری مۆنالیزا پەیکەرتاشی ڕاهێنەر و یاریزانانی کاراتی خورماڵ دەبوو.

دەمانەوێت لە پاڵ ڕەمزی منارەی مزگەوتی گەورە، خورماڵ بە ڕەمزی کاراتی بناسرێتەوە، چون ناوبانگی ئەم شارەیان گەیاندۆتە جیهان، بونەتە ڕەمزی ئازایەتی و شکۆیی، تەعریفی ئەم شارە بێ ناز و ئەم شارە بێ خاوەن و ئەم شارە بێ خزمەتەی ئێمەیان کردوە. هێندە یاریزانی ئاست بەرزیان تێدایە هەموو یانە نایاب و پلە یەکەکانی کوردستان و عێراق بە خەرج کردنی شایستەی دارایی زۆر مەمنون دەبن ببنە بەشێک لە یانەکانیان جگە لە یانەی وەرزشی خورماڵ.

لە یانەی وەرزشی خورماڵ چ باسە:
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ هەڵبژاردن بۆ ستافی نوێی یانەی وەرزشی خورماڵ ئەنجام درا، لە هەڵبژاردنێکی تەم و مژاویی و بە دەست تێوەردانی ڕاستەوخۆی حزب ئەندامانی حزبی دەسەڵاتدار بونە ئەندام و کاندیدانی تیمی کاراتیان خستە لاوە، بەشی تۆپی پێ کە ئەندام و دۆستی ئەو حزبەن بونە باڵادەست تەنها لەبەر ئەوەی سەر بەدەسەڵاتن، لە کاتێکدا:

بەشی تۆپی پێ بەشداریان لە هیچ پاڵەوانیەتیەکی جیهانیدا نەکردوە، تەنانەت لە  مێژوشدا نەیانتوانیوە بگەنە ئاستی نایاب و پلە یەکەکانی کوردستان، ئەم بەشە تەنها یەک جار شەرەفی ئەوەی پێ بەخشراوە لە پلە دوەکانی کوردستاندا بەشدار بکات وەک سەرجەم یانەکانی کوردستان، لەو پاڵەوانیەتیەشدا بێ ئەنجام مانەوە.
بەڵام تیمی کاراتی بەشداریان لە چەندەها پاڵەوانیەتی جیهانی و هەرێمی و عێراقی و کورستانیدا کردوە و زیاد لە پەنجا جار بونەتە پاڵەوان، جیا لەوەش هیچ یاریزانێکی تۆپی پێ بۆ هیچ یانەیەکی ئاسیایی و عێراقی سەرنەکەوتوە، لە کاتێکدا حەوت یاریزانی ئێستا یاریزانی خورماڵ یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقن و هەفتەی داهاتوش چەندین یاریزانی دیکەیان سەردەخرێن.

بە سەرنج دان لەم ئەنجامانە ڕون دەبێتەوە کە حزبی دەسەڵاتدار نایەوێت کەسانی شیاو و لێهاتوو لە دەرەوەی حزبی خۆی دەرکەون، ململانێیەکی ناشەریفانە دەکات، ناتوانێت هاوسەنگی یانەکەی بپارێزێت، لە کاتێکدا دەیتوانی بە جوانترین پلان و بە باشترین شێوە لەڕێی تیمی کاراتیەوە دەستکەوتی گەورە بۆ خۆی و بۆ یانەکەی فەراهم بکات. نابێت بە تەسکبینی حزبیەوە بڕوانیتە کایە وەرزشیەکان، دەبێت کەسی شیاو لە شوێنی خۆیدا دابنرێن بۆ ئەوەی زۆرترین نازناو بەدەست بهێنیت، ئەو کات هەم شەرەفێکی گەورە بۆ خۆت دروست دەکەیت هەمیش بۆ یانەکە و لە کۆتایشدا هەموان بە یەکەوە قازانج و سود وەردەگرین.

دەنگدەران کێ بوون؟
لە بەشی تۆپی پێ بەشێکی زۆری ئەوانەی ئەندام و دۆستی حزبی دەسەڵاتدار نەبون بێ بەش کرابوون لەو هەڵبژاردنە، لە کاتێکدا تەواوی ژیانیان لە وەرزشدا بە سەربردوە و خاوەنی چەند تیپێکی میللین و توانیویانە چەندین وەرزشکار ڕابهێنن و دروست بکەن، نەیانهێشت دەنگی خۆیان بدەن، چونکە کاندیدانی حزب ترس لە دەرچونیان هەبوو ئەمە لەلایەک، لە لایەکی دیکە بونی چەند دەنگدەرێک بوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان نە یاریان کردوە و نە خاوەنی تیپ بون و نە توانیویانە یاریزان بەرهەم بهێنن، تەنها لەبەرئەوەی بتوانن کاندیدانی حزب سەرخەن بەشداریان پێ کراوە.


تیمی کاراتی چی بکەن؟
لەم ململانێ و کێبڕکێ حزبیە دەبێت ڕێگای دروست بۆ خۆی بدۆزێتەوە، ڕێگا دروستەکەش ئەوەیە وردە وردە هەنگاوی وەرزشی بۆ خۆی بنێت تا دەگات بە حەقیقەت، حەقیقەتەکەش ئەوەیە دەبێت خەڵکی شار فشار لە حکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەرزش و لاوان بکەن کە یانەیەکی سەربەخۆیان بۆ دابنێن و وەک زۆربەی شارەکانی تر خورماڵ با خاوەنی دو یانەی وەرزشی بێت ئەمە یەکەم، دوەم یاخود بچنە ناو یانەیەکی بەهێزی نایاب و پلەیەکی کوردستانەوە و نازناوەکان بۆ ئەو یانەیە بەدەست بهێنن، چونکە یانەی ورزشی خورماڵ ڕێگا بە درەوشانەوەی ئەم هێزە پۆڵاینە نادەن.
بۆ زانیاری وەرزشکاران تیمی کاراتی خورماڵ خاوەن 200 یاریزانە و لەسەر ئاستی عێراقیش خاوەنی سێ ڕاهێنەر و ئەوانەشی کە مەشق و ڕاهێنان دەکەن پێنج ڕاهێنەرن.
ڕەزوان یاڵانپێی


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ