بۆچی پلانه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ و جێبه‌جێنه‌كرا..؟

پلانی تیرۆركردنی سێ سه‌ركرده‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆن له‌ ڕۆژانى 17ی شوبات چی بوو ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2024.02.18 01:37 AM
3957 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم و جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق و هه‌ردوو مه‌كته‌ب سیاسی پارتی و یه‌كێتی له‌ سه‌ره‌تاكانی ئه‌م مانگه‌دا بۆ كۆتایهێنان به‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ كوردستان و ڕێگریكردن له‌ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی، پلانی كوشتنی هه‌ر سێ سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزیسیۆن (نه‌وشیروان مسته‌فاـ سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی گۆران، سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ـ ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، عه‌لی باپیرـ ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان) تاوتوێ كراوه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان مه‌سعود بارزانی و تاڵه‌بانی و هه‌ردوو مه‌كته‌ب سیاسی پارتی یه‌كێتی ئاشكرایكرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی دوای نه‌ورۆزو سه‌ره‌تای مانگی نیسان هه‌ردوو مه‌كته‌ب سیاسی پارتی و یه‌كێتی و سه‌رانی ئه‌و دوو حیزبه‌ به‌جیا باس له‌ پلانی كوشتنی هه‌رسێ سه‌ركرده‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌ كراوه‌.
سه‌رچاوه‌كه‌ كه‌ به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌و داوای كرد ئاماژه‌ به‌ ناوه‌كه‌ی نه‌كرێت، باسی له‌وه‌ كرد پلانی كوشتنی هه‌ر سێ سه‌ركرده‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێ و شوێن و سیاریۆیانه‌ بووه‌، كه‌ پارتی و یه‌كێتی دایانڕشتووه‌ بۆ كۆتایهێنان به‌ خۆپیشاندانه‌كان و نه‌ته‌نینه‌وه‌ی هه‌ولێر و دهۆك به‌ خۆپیشاندانه‌كان.

كۆبوونه‌وه‌یه‌كی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی

هه‌روه‌ها وتی"له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا جگه‌ له‌ كوشتنی هه‌ر سێ سه‌ركرده‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌ باس له‌وه‌ش كراوه‌، كه‌ ده‌بێت هه‌ر رێ و شوێنێك پێویسته‌ و ده‌زانرێت كۆتایی به‌م خۆپیشاندانانه‌ ده‌هێنێت به‌كاربهێنرێت".
ئاشكراشیكرد"له‌ناو سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوو حیزبدا بۆچوونێك هه‌بوو، كه‌ هیچ كارو سیناریۆیه‌ك بۆ كۆتایهێنان به‌ خۆپیشاندانه‌كان جێبه‌جێنه‌كرێت، چونكه‌ هیچ شتێك سودی نییه‌ ئه‌وه‌ی سودی هه‌یه‌ به‌ ته‌نیا كوشتنی ئه‌و سێ سه‌ركرده‌یه‌ی ئۆپۆزیسیۆنه‌".
به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی یه‌كێتی له‌باره‌ی شوێن و لایه‌نی جێبه‌جێكاری ئه‌و پلانه‌ وتی"هه‌رشتێك كرابێت بۆ كۆتایهێنان به‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌دوای (17)ی شوبات زیاتر له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ جێیه‌جێكراوه‌، نه‌ك پارتی به‌و پێیه‌ی له‌ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتییه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌و به‌رده‌وامه‌.

سێ سه‌ركرده‌كه‌ی پۆپۆزیسیۆن له‌ ساڵى 2011

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ زیاتر ڕوونیكرده‌وه‌، كه‌ پارتی و یه‌كێتی و سه‌ركرده‌ باڵاكانیان به‌هاوبه‌شی پلانه‌كان داده‌نێن، به‌ڵام زیاتر یه‌كێتی جێبه‌جێیان ده‌كات، به‌وپێیه‌ی یه‌كێتی مه‌به‌ستێتی پارتی ڕازیبكات و رێكه‌وتنامه‌ی ستراتیژی وه‌ك خۆی بهێڵێته‌وه‌". هه‌روه‌ها هێمای بۆ شوێنی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ كرد، كه‌ كوردستان شوێنی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ ده‌بێت، به‌و پێیه‌ی ئه‌و سێ سه‌ركرده‌یه‌ هه‌ر له‌كوردستان ده‌مێننه‌وه‌ و سه‌فه‌ره‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان كه‌مه‌".
به‌پێی وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنی هه‌ندێك له‌ سیناریۆكان، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ تا ئێستا ئێران ڕه‌زامه‌ندی نه‌نواندووه‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك له‌و پلانانه‌ی پارتی و یه‌كێتی".
سه‌رچاوه‌كه‌ وتی"هه‌رچه‌نده‌ باسكردن له‌كوشتنی سه‌ركرده‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان له‌دوای گه‌رانه‌وه‌ی تاڵه‌بانی و نێچیرڤان بارزانی بووه‌ له‌ئێران بۆ كوردستان، به‌ڵام پێناچێت ئێران ڕازی بێت له‌سه‌ر كوشتنی ئه‌و سه‌ركرده‌ ئۆپۆزیسیۆنانه‌ به‌هۆی زیاتر ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی كوردستان".
لای خۆشیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ئۆپۆزیسیۆن له‌باره‌ی ده‌نگۆی تیرۆركردنی هه‌رسێ سه‌ركرده‌كه‌ به‌ لڤینی وت"هه‌ندێكمان وه‌ك تاك بیستومانه‌ هه‌واڵمان پێگه‌یشتووه‌".

به‌رده‌ركی سه‌را له‌ رۆژانی 17ی شوباتدا ـ  سلێمانى / 2011

ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی ئۆپۆزیسیۆن، كه‌ داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت، وتی"پارتی و یه‌كێتی بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان و ئاسایكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ و كۆتایهێنان به‌خۆپیشاندانه‌كان هه‌رچییان پێبكرێت ده‌یكه‌ن، ئه‌گه‌رچی كوشتنی سه‌ركرده‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانیش بێت".
سه‌رچاوه‌یه‌كی تری ئۆپۆزیسیۆن، كه‌ داوایكرد ناوی بپارێزرێت هه‌واڵی تیرۆركردنی سێ سه‌ركرده‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌ی له‌ئێستادا به‌ موفاجه‌ئه‌ بۆ ئۆپۆزیسیۆن ناوبردو وتی"وایبۆناچین وه‌ك لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان پارتی و یه‌كێتی بكه‌ونه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌و ده‌ست بۆ شتی وا ببه‌ن".

له‌باره‌ی كاردانه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن له‌حاڵه‌تی جێبه‌جێكردنی پلانی تیرۆركردنی سه‌ركرده‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی ئۆپۆزیسیۆن رایگه‌یاند"هه‌موو خیاره‌كان له‌به‌رده‌م ئۆپۆزیسیۆن بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ر رووداوێكی له‌وجۆره‌ كراوه‌ ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ركه‌سه‌و به‌پێی سروشتی و پێكهاته‌ و باكگراوندی فكری و مێژوویی و ئیشكردنیان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن".

له‌باره‌ی كاتی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی یه‌كێتی وتی"ئه‌گه‌رچی له‌كۆبوونه‌وه‌ باڵاكانی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌مێژه‌ باسكراوه‌ ئێستاش له‌رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كانیانه‌وه‌ هه‌رباس ده‌كرێت، به‌ڵام هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و پلانه‌ تائێستا بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌كاردانه‌وه‌ و ئه‌گه‌ره‌كانی دوای كوشتنی ئه‌و سێ سه‌ركرده‌یه‌".
سه‌رچاوه‌كه‌ زیاتر ڕوونیكرده‌وه‌"جۆرێك له‌ترس هه‌یه‌ له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه‌ له‌لایه‌ن پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌، به‌وپێیه‌ی كه‌ هیچ گرنتییه‌ك نییه‌ بتوانرێت بارودۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵبكرێت دوای ئه‌و رووداوه‌و ترسی كاردانه‌وه‌ی توندی لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانیان ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی خودی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات و هاوسۆزبوونی زیاتر خه‌ڵكی بۆ ئۆپۆزیسیۆن".
ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی یه‌كێتی، كه‌ به‌مه‌رجی ناونه‌هێنانی ورده‌كارییه‌كانی ئاشكراكرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد"یه‌كێكی تر له‌هۆكاره‌كانی تری جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و پلانه‌ له‌ئێستادا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌، كه‌ كوردستان به‌رووی جیهاندا كراوه‌ته‌وه‌و خودی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی ئێران و ئه‌مریكا له‌نزیكه‌وه‌ به‌وردی چاودێری بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن".
دووپاتیشیكرده‌وه‌"ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی بزانن به‌كارهێنانی ئه‌و هێزه‌ بۆ دامركاندنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان هیچ سودێكی نییه‌ و خۆپیشاندانه‌كان كۆتایی نایه‌ن دوای ئه‌م قۆناغه‌ ئه‌وا دوور نییه‌ په‌نا بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ نه‌به‌ن".

تێبینی:
ئه‌م ڕاپۆرته‌ له‌ (گۆڤاری لڤین ـ ژماره‌ 160) له‌ 2011.5.1 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ (سایتی پۆله‌تیك) به‌بێ ده‌ستكاری و وه‌ك خۆی دایناوه‌ته‌وه‌.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ