بۆچى نرخی دۆلار لە بازاڕی سلێمانی بۆ ئێرانییەکان گرنگە ؟

دۆلاری سلێمانی چییە..؟‌

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2023.02.04 10:25 PM
1050 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ئەگەر بە زمانی فارسی وشەی دۆلاری سلێمانی ( دلار سلیمانییە) لە گوگڵ سێرچ بکەی، بە دەیان لینک و ماڵپەڕت دەست دەکەوێت کە رۆژانە هەواڵی نرخی دۆلار لە بازاڕی سلێمانی بڵاودەکەنەوە، ئێستا دۆلاری سلێمانی وشەیەکی باو و ناسراوە لەناو بازرگان و نووسینگەکانی گۆڕینەوەی دراوی ئێران، لەناو ماڵپەڕە فارسییەکاندا بە دەیان بابەت و راپۆرت بڵاوکراونەتەوە لەسەر دۆلاری سلێمانی، دیارە شانبەشانی دۆلاری سلێمانی باس لە دۆلاری شاری هەراتی ئەفغانستانیش دەکرێت.
دۆلاری سلێمانی چییە و بۆچی نرخی دۆلار لە بازاری سلێمانی بۆ بازرگانە ئێرانییەکان گرنگە؟
دەستەواژەی دۆلاری سلێمانی لە دوای ساڵی ٢٠١٠وە کەوتووەتە سەر زمانی ئێرانییەکان، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە لەلایەن ئەمریکا و ئەنجومەنی ئاسایشەوە سزایەکی قورسی بەسەردا سەپێنرا و ئەو وڵاتە چیتر وەک جاران نەیدەتوانی دۆلاری دەست بکەوێت، هەربۆیە بۆ دەستخستنی دۆلار پەنای بردە بەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەفغانستان و تورکیا و دوبەی.

نوسینگه‌یه‌كی دراو گۆرینه‌وه‌ ـ تاران


بازاڕەکانی عێراق و ئەفغانستان بۆ ئێران زۆر گونجاوبوون بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکەی بازرگانی گەورەی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا هەبوو و زۆرترین ئەو پەیوەندییەش لەڕێی هەناردەکردنی کاڵا و شتومەکەوە بۆ ئەو دوو بازاڕە بوو تا هاوردەکردن، ئەمەش یارمەتی ئێرانی دەدا لەڕێی هەناردەکردنی کاڵاوە بۆ ئەو دوو بازاڕە دۆلاری دەست بکەوێت، لەناو ئەو دوو بازاڕەشدا لە عێراق بازرگانەکانی سلێمانی و لە ئەفغانستانیش بازرگانەکانی هەرات زۆرترین پەیوەندیی بازرگانیان لەگەڵ ئێراندا هەبوو، بۆیە نرخی دۆلار لەو دوو بازاڕە بۆ بازرگانە ئێرانییەکان گرنگ بوو.
لەم دوایانەدا و بە تایبەتیش لە دوای دەستپێکردنەوەی سزا ئابورییەکانی سەر ئێران، دۆلاری سلێمانی بۆ بازرگانەکانی ئێران ئەوەندەی دیکە سەرنجڕاکێشتر بووە، لە ئێران پێشتر دۆلار دوو جۆر نرخی هەبوو، دۆلاری فەرمی یان دۆلاری حکومی، نرخی دۆلاری ئازاد.

بەشێک لەو بازرگانە ئێرانیانەی کە دۆلاری فەرمی لە حکومەت وەردەگرن ئەو دۆلارە دێنن و لە بازاڕی سلێمانی دەیگۆڕنەوە 

دۆلاری فەرمی بریتییە لەو دۆلارەی کە بانکی ناوەندەی نرخەکەی دیاری دەکات و نرخەکەی جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا، حکومەت دۆلاری فەرمی تەنیا بازرگانەکان و حاجییەکان و هەندێک کەسی تایبەت دەفرۆشێت، ئەگەر دۆلار لە بازاڕی تاراندا بۆ نمونە ١٠٠٠٠ تمەن بێت ئەوا دۆلاری فەرمی نرخەکەی بۆ نمونە ٤٢٠٠ تمەنە.
جگە لەم دوو جۆرە نرخەی دۆلار، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨وە حکومەتی ئێران شێوازێکی نوێی دیکەشی بۆ دیاریکردنی نرخی دۆلار دیاریکرد بە دۆلاری نیما بەناوبانگە، دۆلاری نیما جۆرێکی دیکەیە لە دۆلاری فەرمی بەڵام نرخەکەی بەرزترە، ئەم دۆلارەش هەر بۆ یارمەتیدانە بە بازرگانەکان، چونکە ناتوانێت بە شێوەی ساڵانی رابردوو دۆلاری فەرمی بە بازرگانەکان بفرۆشێت، بەڵام بۆ ئەوەی بازرگانەکان مایەپوچ نەبن ناچاربوو دۆلار بە نرخێکی زیاتر لە دۆلاری فەرمی و بە نرخێکی کەمتر لە دۆلاری ئازاد بە بازرگانەکان بفرۆشێت.

بازاری دۆلاره‌كه‌ له‌ سلێمانی


هاوکات لەگەڵ ئەم سێ نرخییەی دۆلار لە ئێران، لە بازاڕی سلێمانی نرخی دۆلار بە تمەن جیاوازییەکی کەمی هەیە لەگەڵ نرخی دۆلار بە تمەن لە بازاڕی ئێراندا، ئەم جیاوازییەش لە هەر دۆلارێک لەنێوان ١٠٠ تمەن بۆ ٤٠٠ تمەندایە، هەربۆیە بازرگانە ئێرانییەکان کە لەلایەکەوە دۆلار بە نرخی فەرمی یان نیما لە حکومەت دەکڕن و لەلایەکی دیکەشەوە لە سلێمانی نرخی دۆلار بە تمەن کەمترە لە نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران، ئەمەش بووەتە هاندەرێک بۆ ئەوەی بازرگانە ئێرانییەکان گرنگی بە دۆلاری سلێمانی بدەن، بە جۆرێک بەشێک لەو بازرگانە ئێرانیانەی کە دۆلاری فەرمی لە حکومەت وەردەگرن، ئەو دۆلارە دێنن و لە بازاڕی سلێمانی دەیگۆڕنەوە بە تمەن و بەو قازانجە زۆرەی کە دەستیان دەکەوێت قەرزەکانیان بە حکومەتی ئێران و کۆمپانیاکانی دیکە دەدەنەوە.
لە سلێمانیش نووسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو بۆ ئەوەی قازانجی باشیان دەست بکەوێت و وەکو هاندانێکیش بۆ ئەوەی بازرگانە ئێرانییەکان بەردەوام بن لە گۆڕینەوەی دۆلارەکانیان بە تمەن لە سلێمانی بە بەردەوامی خۆیان لەگەڵ نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران هەماهەنگ دەکەن.
لەم نێوانەدا هەم بازرگانە ئێرانییەکان قازانج دەکەن و هەم بازرگان و نووسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو لە سلێمانی، ئەوەی لەم نێوانەدا زیان دەکات حکومەتی ئێرانە کە دۆلار بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕ دەداتە بازرگانەکانی.

په‌یسه‌ر پرێس ـ 2018


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ