دۆڕانێكی زه‌لیلانه‌ به‌رامبه‌ر به‌غدا

سیاسەتى قوماربازیی بە نەوتی کوردستانەوە

هونەر تۆفیق 2020.06.27 03:00 PM
1188 جار خوێندراوەتەوە

سەدام حسێن بەهۆی سەرکێشیەکانی بە نەوتەوە، تا ئەو ڕۆژەی لە دەستەڵاتیان خست بەهۆی قومارەکانی بەسیاسەتی نەوتەوە، عێراقی خستبووە ناو جەنگێکی بەردەوامەوە، تا وای لێهات بە دنیایەک پاڕانەوە، نەوتیان لێدەسەند بەرامبەر پێدانی خۆراک بە میللەتەکەی.
هەمان سیاسەتی نەوت بەرامبەر بە خۆراکەکەی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە ناوی نەوت بەرامبەر بە موچە دووبارە دەکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو سیاسەتە قوماربازییەی حکومەتی هەرێم بە نەوتی کوردستانەوە کردی.
تکا و ڕجای زۆر لە سەرانی کوردایەتی کرا، پێیانوترا نەوت پێشەسازیی سیاسەتە و یارییەکی گاڵتەبازاڕیی نییە، ئەمەی ئێوە دەیکەن لەبری قازانج، مایەی ماڵوێرانییە بۆ خەڵکی هەرێم!
بەم ئامۆژگاریانە قەڵس دەبوون، پێیانوابوو ئاشتی هەورامی شێخ زاهید ئال نهه‌یانی کوردە و بەهۆی نەوتەوە هەرێمیان بۆ دەکات بە دوبەی!!

پێیانوابوو ئاشتی هه‌ورامی كوردستانیان بۆ ده‌كات به‌ دوبه‌ی

قەبارەی ئەو کارەساتەی بەسەر ئابوریی هەرێمدا هێنایان زۆر گەورەترە لە قەبارەی زیانە ئابورییەکانی ئەنفالەکان، چونکە کێشەکە هەر ئەوە نییە نەوت نەدەیت پارەی موچەکەت پێنادەن !! بەڵکو دوو خاڵی ترسناکتر لە پشت سیاسەتی نەوت لە بەرامبەر موچەدایە:
یەکەمیان/
بەهیچ جۆرێک کورد ئەو مافەی نەما، باسی کەرکوک و داهاتی نەوتی کەرکوک بکات، چونکە ئەگەر ئەو مافەی هەبایە وەک چۆن ئەوان داوای نەوت بەرامبەر پێدانی موچەت لێدەکەن، کوردیش وەک بەشێک لە خاوەنداری کەرکوک بۆی هەبوو داوای بەشە داهاتی کەرکوک بکات! بەڵام دۆڕاندنەکانی کورد ئەوەندە زەلیلانەیە، ناتوانێت داوای ئەو مافە بکات.

سیاسه‌تی نه‌وتی سه‌ركردایه‌تی كورد به‌ شكست و نه‌هامه‌تی بۆ خه‌ڵك كۆتاییهات

دووەمیان/
گریمان پارێزگایەک، یان دوان لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەیدا نەوت نییە و سامانی سروشتی لە سنوورەکەیدا دەست ناکەوێت! ئایا خەڵکی ئەو پارێزگایە وەک پارێزگاکانی ڕومادی، سەماوە، کەربەلا، کە نەوتیان نییە، مافی بەشە بودجەیان لە داهاتی گشتی عێراقدا نییە ؟ دەبێت بەغدا پێیان بڵێت بڕۆن ئەوەندە بەرمیل نەوت پەیدا بکەن بۆئەوەی موچەی فەرمانبەرەکانتان پێبدەین ؟
لێرەوە دەزانین، ئەو عەقڵە سیاسییەی ناوی کوردایەتییە و جڵەوی حکومەتی کردووە  ئەم میللەتەی لە چ کارەساتێکدا گیرکردووە ؟ چۆن گیرۆدەی قەیرانێکی کردووە کە خۆشیان سەری لەبەر دەرناکەن !!


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ