شوناسێكی نوێ بۆ توركیا

ئایاسۆفیا.. ململانێی ئەتاتورک و ئەردۆغان

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.07.11 12:04 PM
1786 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.شێركۆ كرمانج
ئایاسۆفیا کڵێسایەکی کرستیانەکان بوو، کە ئیمراتۆری ڕۆم جۆستینیان لە ٥٣٧ ز دروستی کردووە، لە ١٤٥٣ دوای ئەوەی کە محەمەدی غازی (فاتیح)، سوڵتانی عوسمانی قونستەنتینیە داگیر دەکات، دەیکات بە مزگەوت.
لە دوای ڕوخانی عوسمانییەکان ‌و دروستبوونی دەوڵەتی تورکیای نوێ، مستەفا کەمال، ناسراو بە ئەتاتورک، لە ١٩٣٥ دەیکات بە مۆزخانە.
لەوکاتەوە هەمیشە وەک کردەیەک ‌و سیمبولێکی بە سێکولارکردنی تورکیا وێناکراوە و ناسێنراوە، دوێنێ سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، کردیەوە بە مزگەوت.
من لە ئۆکتۆبەری ٢٠١١ بۆ بەشداریی لە کۆنفرانسێک لەسەر پرسی کورد چووم بۆ ئەستەمبۆڵ، بابەتەکەم لەسەر ئەگەرەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بوو، لەوێ لێیان پرسیم تۆ چۆنە لە ئەستەمبۆڵ باس لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکەیت، منیش گوتم، ئەستەمبۆل لیبرالترین شاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەستەمبۆل وەک شار زۆرترین کورد لێی نیشتەجێن، هاوکات، ئەستەمبۆل ئەو شارەیە کە ناسیونالیزمی کوردیی کە هەمیشە دوا ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی بووە تێیدا سەریهەڵداوە.

ئه‌ردۆغان و هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ ناو مزگه‌وتی ئایاسۆفیا ـ ئه‌سته‌نبوڵ

 

دوای کۆنفرانسەکە هەلی ئەوەم بۆ ڕەخسا لەگەڵ خەدیجەی هاوسەرم بچم سەردانی ئایاسۆفیا بکەین. بەڕاستی ئایاسۆفیا ئایکۆنێکی جوانی میعمارییە لە ئاستی ئایکۆنە هەر بەرزەکانی جیهان کە سەدان ساڵە وەک خۆی ماوەتەوە و هەر ئەوەی لێدێ مۆزەخانە بێت ‌و وەک مۆزەخانە بمێنێتەوە و هەموو خەڵکی دنیا، دیندار و بێدین، موسڵمان ‌و کرسیتیان، بوزی ‌و هیندی، یارسان ‌و ئێزیدی بچن سەردانی بکەن.
دڵنیام لەم ڕۆژانە زۆر شت دەنوسرێن لەسەر هۆکارەکانی بە مزگەوتکردنی ئایاسۆفیا لەلایەن ئەردۆگان، بەڵام من وای دەبینم کە هۆکاری هەرە سەرەکی ململانێی نێوان ئەردۆگان ‌و ئەتاتورکە نەک هەر ئەوەی خۆی لە ململانێی نێوان سێکولارەکان ‌و ئیسلامییەکان دەبینێتەوە، بەڵکو لە نێوان ئەوەی کە کامیان باڵادەستترن، ئەتاتورک یان ئەردۆگان، لەسەر دیاریکردنی ئەوەی کە تورکیا چییە و دەبێت چی بێت؟

ئایاسۆفیا له‌ نوێژخوێنان جمه‌ی دێت ـ 1880


لەوەش گرنگتر کێ نوێنەری ناسیونالیزمی تورکییە، ئەتاتورکی سێکولار یان ئەردۆگانی ئیسلامی.
ئەردۆگان دەیەوێت شوناسێکی نوێ بۆ تورکیا دروستبکات کە خۆی تێیدا میعماری ئەو شوناسە بێت‌ و تێکەڵەیەک بێت لە شوناسی ئیسلامی‌-عوسمانی‌ و ناسیونالیستی-تورکی-ئەتاتورکی، بەڵام بەناوی خۆیەوە بێت نەک ئەتاتورک یان محەمەدی غازی. 
بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت خۆی‌ و کردار و سیمبوڵەکانی لە ئاست کردار و سیمبولەکانی ئەتاتورک‌ و محەمەدی غازی بەرزتر بێت نزمتر نەبێت، بە مزگەوتکردنی ئایاسۆفیا بۆ ئەردۆگان خزمەت بەو پڕۆژەیەی دەکات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ