جیاوازی نێوانیان چییه‌ ؟

سۆفیگەریی.. دوو ته‌ریقه‌ته‌ گەورەکەی لە کوردستان

شاسوار هه‌رشه‌می 2020.07.12 08:48 PM
1577 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار هه‌رشه‌می

نوسه‌ر

مامۆستای ئاماده‌یى ـ ستۆكهۆڵم / سوید
خاوه‌نی چه‌ند كتێبێكی چاپكراو

سۆفیگەریی:
سۆفیگەریی، ھەروەھا سۆفیزم. بریتیە لە ڕێبازێکی بیرکردنەوە، کە پشت لە چێژ و خۆشیەکانی سەر دنیا دەکات و ڕوو لە ناخی مرۆڤ دەکات. هه‌روه‌ک بایەخی زۆر بە بەھا و دیاردە و بۆچوونە میتافیزیکیەکان دەدات، بۆ خۆ پەروەردە کردن.
لە سەرچاوە کوردیی، فارسیی و عارەبییەکان، وا لێکدراوەتەوە کە ناوی (سۆفی) لە وشەی (صوف)ی عارەبییەوە ھاتووە بە واتای خوری. گوایا سۆفیان بەوە دەناسرێنەوە کە جلک و بەرگی لە خوری دروست کراو یان (سوف)یان دەپۆشی. 
ئەمە لێکدانەوەیەکی بێ بنەمایە، چونکە تا دوای سەدەکانی ناوەڕاستیش، خوری سەرچاوەی سەرەکی جلک و بەرگی ھەموو کەس بووە، ھەر لە پاشاوە تا گەدا. پارچه‌ی ئاوریشم که‌م و نایاب بووه‌ و ده‌ست هه‌ر که‌سێکی پوڵداریش نه‌که‌وتووه‌، تا خوری و سوف پۆشین تایبەت بێت بە دەستەیەکی خاوە بیروباوەڕێکی جیاواز!.
بزووتنەوەی سۆفیزم لە خودی ئایینی ئیسلام زۆر کۆنترە و پێویستی بەوە نەکردووە چاوەڕێ بکات، تا زمانی عارەبیی پەرە بستێنێ، تاکو بتوانێت ناوێکی گونجاوی ئەو زمانە بۆ خۆی بدۆزێتەوە. وشەی سۆفی ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە سەر وشەی گرێکیی sophia، سۆفیە بە واتای (ژیریی) و زیرەکی. ناوەکە لە زمانە ئەوروپیەکان بۆتە ناوێکی ژنانە (سۆفیا) و لە کوردییش (سۆفی) جگە لەوەی کە نازناوە، وەکو ناوێکی پیاوانەش بەکار دێت.
سۆفیگەریی لە گرێکیی پێی گوتراوە sophistes، سۆفیستێس. لە لاتینییش پێی گوتراوە sophista، سۆفیستە، کە واتای پیاوی ژیر دەگەیەنێت. ناوەکە لە گرێکیی بە واتای (مامۆستا)ش بەکاردەھات، هه‌روه‌ک بە واتای ڕه‌وانبێژ. ژیری وڵات. ژیری جیھانیش لێکدراوەتەوە. وشه‌ی گرێکیی sophos، سۆفۆس واتا که‌سێکی زیره‌ک. ژیر. سه‌رده‌رکه‌ر له‌ کاروباری ڕۆژانه‌ی ژیان. خوێنده‌وار و زانا. هه‌ر له‌ گرێکیی sophistes، سۆفیستێس واتا وه‌ستای پیشه‌ی ده‌ستی. که‌سی زیره‌ک و به‌ئاگا. 
وشه‌که‌ له‌ sophizesthai، سۆفیزێسپای هاتووه‌ به‌ واتای زیره‌ک بوون. ژیر بوون. له‌ لاتینیی sophistes، سۆفیستێس هه‌مان. لە زمانی گرێکیی دره‌نگتردا، ناوەکە تەنیا بۆ گاڵتە پێ کردن بەکار هاتووە.
هەر بە هەمان شێوە، وشەی ناسراوی فەیلەسودف، لە لێکدانی دوو وشەی گرێکیی philosophia، فیلۆسۆفیا هاتووە، بە واتای دۆستی ژیری. وشەی گرێکیی fil، فیل واتا دۆست. یان خۆشەویستی. وشەی سۆفی ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە سەر وشەی گرێکیی sophia، سۆفیە بە واتای (ژیری) و زیرەکی.
هەروەک ناوی شاعیری ده‌قه‌ تراژیدیاکانی سه‌رده‌می ئه‌نتیکی گرێک Sophokles، سۆفۆکلێس، لە ساڵانی (496-406) پێش زایینی، له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ لێکدانی sophos+kles، سۆفۆس+کلێس هاتووه‌ به‌ واتای ژیری ناسراو.

 سۆفیزم بریتیە لە ڕێبازێکی بیرکردنەوە، کە پشت لە چێژ و خۆشیەکانی سەر دنیا دەکات


سۆفیزم ھەمان سۆفیە و پاشگری ناسراوی -یزمی خراوەتە سەر، کە ئاماژە بۆ بزووتنەوە و ئاراستەی بیری هه‌ڵگری ناوه‌که‌ دەکات. سۆفیزمی ڕۆژھەڵاتی، بەوە لەھاوتا گرێکییەکەی جیا دەکرێتەوە، کە پرەنسیپە بنەڕەتیەکانی ئیسلامیان، بە دید و فەلسەفەی هیندیی، بە تایبەت ھەردوو ئایینی ھیندۆسیی و بودایی، لەگەڵ گرێکیی موتوربە کردووە. بەمجۆرە سۆفیزم، ئاوێتە کردنی بیری بەناخی خۆدا شۆڕبوونەوەی بودایی و تێکەڵ بوونەوە لەگەڵ خودا و دەرباز بوون لە بازنەی لە دایک بوونەوەی بێھودەی گیانی ھیندۆسیی و فەلسەفەی گرێکیی بووە، دواتر بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ ئیسلام، بە پرەنسیپەکانی باوەڕی ئیسلام موتوربە کراوە.
ئەم ئاوێتە کردنە، بۆتە وەدیھاتنی زانستی لۆژیک، یان (مەنتیق) کە لە کوردستان و ئێران گەشەی کرد و ئینجا بە جیھانی ئیسلامدا تەشەنەی کرد. بەڵگەش بۆ ئەمە، ئەوەیە کە ئەو بزوتنەوە فەلسەفیەی کە لە سەدەی پێنجی پێش زاین لە یۆنان، بە ناوی sophiste، سۆفیستێ سەری ھەڵدا و لای وابوو، کە ئەو شتانەی مرۆڤ دەیانبینێ و ھەستیان پێ دەکات، بوونێکی بنەڕەتی شته‌کان نین، به‌ڵکو ته‌نیا بوونی ڕێژەیی شتە نادیارەکانن. زانایانی موسوڵمان بەوانەیان گوتووە (سەفستائیەکان) و ڕەخنەیان لە بۆچوونەکانیان گرتووە. خودی وشەی فەلسەفەش ھەر زادەی ناوی سۆفیە و واتا دۆستی ژیری.

سۆفیی:
سۆفیی، بریتیە لەو کەسەی کە سەر بە ڕێبازی سۆفییزمە. ئەو کەسەی کە لەلایەن (پیر، شێخ و خەلیفە)ەوە ڕابه‌ری دەکرێت، تا لە ڕێگای خواپەرستی و پشت لە دنیا کردن، لە خودا نزیک بێتەوە.
وشەی سۆفیی ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە سەر وشەی گرێکیی sophia، سۆفیە بە واتای (ژیری) و زیرەکی. وشه‌ی گرێکیی sophos، سۆفۆس واتا که‌سێکی زیره‌ک. ژیر. سه‌رده‌رکه‌ر له‌ کار وباری ڕۆژانه‌ی ژیان. خوێنده‌وار و زانا.
بەمجۆرە سۆفیی لە توێژینەوەی فەلسەفە و زانست چەکەرەی کردووە، تا بەمڕۆ گەیشتووە کە بۆتە پێناسەی کەسێکی سادە و نەخوێندەوار، کە لەلایەن شێخێکی قۆڵبڕەوە، خراپ دەڕەتێندرێت.
نالی دەڵێت: سۆفی کە گرانبارە، بێ مەغز و سەبوک بارە... سووف پۆشێ غەمی بارە، ئەو باری لەکن پەشمە.

دوو ڕێبازە گەورەکەی سۆفیگەریی لە کوردستان:-
کوردستان هه‌میشه‌ مه‌کۆی ڕێبازه‌کانی سۆفیگه‌ری بووه‌، که‌ کۆنترینیان، ڕه‌نگه‌ ڕێبازی بیرکردنه‌وه‌ی شه‌هابه‌ددین عومه‌ری سه‌هره‌وه‌ردی بووبێت، که‌ به‌ ڕێبازی (ئیشراق) ده‌ناسرا.
دوو ڕێبازی هه‌ره‌ باوی ئه‌مڕۆکه‌ی سۆفیگه‌ری له‌ کوردستان، بریتین له‌ قادری و نه‌قشبه‌ندی. دامه‌زرێنه‌ری ڕێبازی قادری، دەگەڕێته‌وه‌ سه‌ر شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی (470-561ی کۆچی)، که‌ له‌ ناو کورداندا، ڕێزی تایبه‌تی هه‌یه‌ و به‌ (غه‌وسی گه‌یلانی) ناوده‌برێت. گوایا خه‌ڵکی گه‌یلانی ناوچه‌ی کرماشانی کوردستان بووه‌. لە هەندێک سەرچاوەی دیش بە گیلەکیی داندراوە. ئه‌و له‌ یه‌ک کاتدا، خۆی به‌ شافیعی و حه‌نبه‌لیش داده‌نا. 

کوردستان هه‌میشه‌ مه‌کۆی ڕێبازه‌کانی سۆفیگه‌ری بووه‌


شێخ له‌ گه‌رمه‌ی ده‌سته‌ڵاتی خاچپه‌رستان به‌سه‌ر شارە که‌ناریه‌کانی شام، لە بەغدای نیوە وێران ژیاوه‌. نوسراوی زۆری له‌ پاش به‌جێماوه‌. یه‌کێک له‌ کوڕه‌کانی، به‌ ناوی عه‌بدولعه‌زیز، له‌ ساڵی 602ی کۆچی، له‌ شاری ئاکرێ مردووه‌. به‌ لایه‌نگرانی ڕێبازی قادریی ده‌گوترێت ده‌روێش. شوێنی کۆبوونه‌وه‌یان، ناوی ته‌کیه‌یه‌. ئه‌وان به‌ ده‌نگ و هه‌را و ڕێپێوان له‌ سه‌ر ڕیگا و بانان، هەروەها بە زه‌رگ و شمشێر لەخۆ دان، خۆیان ده‌رده‌خه‌ن. سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یوبی، له‌و که‌سایه‌تیانەی کۆنی کورده‌، که‌ له‌ ژێر کاریگه‌ری قادریی دابووه‌. شێخ مه‌حمودی حه‌فید و جه‌لال تاڵه‌بانیش، له‌ که‌سایه‌تی دره‌نگی کوردن، که‌ له‌ دوو بنه‌ماڵه‌ی ناسراوی قادری گه‌وره‌ بوون.
ڕێبازی دووه‌میش نه‌قشبه‌ندییه‌. ڕێبازەکە لە سەر دەستی مەولانا خالیدی شارەزووری (١١٩٣-١٢٤٢ کۆچی) بە کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبووەوە. ئەویش ئیرشادی لە شا غولامعەلی عەبدوللای دەھلەوی (١١٥٨-١٢٤٠) وەرگرتووە، کە بە شاھی نەقشبەندی دەناسرێت. 
مه‌ولانا خالید، له‌ سه‌رده‌می ده‌سته‌ڵاتی ئینگلیزه‌کان، ده‌چێته‌ ده‌لهی و لای شێخی ده‌هله‌وی ئیڕشاد وه‌رده‌گرێت. ئه‌و بیرێکی تازه‌ بڵاو ده‌کاته‌وه‌، که‌ به‌ (ڕابیته‌، الرابطه‌) ناسراوه‌. پێڕه‌وانی نه‌قشبه‌ندیی، له‌ خانه‌قا کۆده‌بنه‌وه‌. به‌وه‌ ده‌ناسرێن، که‌ زۆر به‌ بێده‌نگی خواپه‌رستی ده‌که‌ن، تا له‌ دڵه‌وه‌، ڕابیته‌ و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خودا دامه‌زرێنن. 
نه‌قشبه‌ندیی، له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی، که‌وته‌ ململانێیه‌کی توند له‌گه‌ڵ قادرییه‌کانی کوردستان. دواتریش، نەقشبەندییەکان، له‌ سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تی عوسمانیی، که‌وتنه‌ دژایه‌تی کردنی وه‌هابیه‌کانی نه‌جد، بۆیه‌ کاربه‌ده‌ستانی عوسمانی ئاسانکاریان بۆ کردن. ئه‌وان له‌ کۆتایی ده‌سته‌ڵاتی عوسمانییدا، ته‌نیا له ئه‌سته‌مبۆل، خاوه‌نی 65 خانه‌قا بوون. نه‌قشبه‌ندییان، پێڕه‌وی زۆریان له‌ کوردستان و ده‌ره‌وه‌ش هه‌یه‌، وه‌ک شام. عێڕاق. ئێران، ئازه‌ربێجان. ئەنگوشیا. چه‌چێنستان. داغستان. ئه‌فغانستان و تورکیا. نه‌قشبه‌ندیی به‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌، که‌ چه‌ندان ده‌سته‌ی لاربیری ئیسلامی سۆفیگه‌ری لێ جیا بۆته‌وه‌. وه‌ک هه‌قه‌کان. حەمەسورییەکان. خورشیدیه‌کان.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ